ڕیفۆرم و ڕابون، ڕه‌گ و یه‌كێتی، هه‌ر یه‌کێتین
ڕیفۆرم و ڕابون، ڕه‌گ و یه‌كێتی، هه‌ر یه‌کێتین
عه‌بدوڵا مه‌حمود
ته‌نگژه‌و كێشمه‌كێشه ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌رده‌وامن و ئاسه‌واركێش بۆ خامۆشبونه‌وه‌یان نابینرێ. ماوه ماوه ده‌نگی جیاواز، ڕه‌وتی تر، ده‌سته‌و فراكسۆنی تر پێكدێن.
"ڕه‌گ" ره‌وتی گۆرینی دیموكراسیش، به‌م دوایانه له ڕێگای به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه بوونی خۆیان راگه‌یاند…. به‌ر له ڕه‌گیش ئاراسته‌ی ڕابون و كتله‌ی ریفۆم له‌ناوخۆی یه‌كیتی و ده‌ره‌وه‌ی یه‌كیتیدا پیكهاتن، ره‌وته رانه‌گه‌یه‌نراوه‌كانی ناو یه‌كیتیش به‌جیگای خۆی.
به‌م شێوه‌یه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌وێنه‌ی كارگه‌یه‌ك هه‌ر ماوه نا ماوه‌یه‌ك ره‌وت و ده‌سته‌و گروپێك به‌وینه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌خاته گۆره‌پانی سیاسی كۆمه‌ڵگای كوردستانه‌وه.
به‌ڵام به‌رهه‌می ئه‌م كارگه‌یه، دژی بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی یه‌كیتی نییه، دژی نه‌وعیه‌ت و مۆدیلیکارخانه که، نییه.
یه‌كیتی نیشتمانی له رۆژی پیكهاتنیه‌وه تا ئه‌مرۆ، هه‌ر ده‌سته‌و گروپیكی لێ جیابوبێته‌وه،سه‌رباری هه‌ر مزایه‌ده‌یه‌كی سیاسی و هه‌ر هه‌ڵچونێكی كاتی، هه‌ر بانگه‌شه‌یه‌كی ئارایشدراو…تاد، كت و مت یه‌كیتی بوون. كه‌س نه‌یتوانیووه جیاوازیه‌كی بنه‌ره‌تی ئه‌م ره‌وت و گروپ و ته‌كه‌تول و فراكسیۆنانه له‌گه‌ڵ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كان و ستراتیژ و نه‌خشه‌و به‌رنامه‌كانی یه‌كێتی بدۆزیته‌وه.
هۆكاری بناغه‌یی ئه‌م وێكچوونه بنه‌ڕه‌تیه‌شه وایكردووه ناكۆكیه لاوه‌كیه‌كان نه‌گه‌ن به‌هیچ شوێنێك و هیچ ڕاستیه‌كی نوی به‌یان نه‌كه‌ن.
كێشه‌و ته‌نگژه ناوخۆییه‌كانی یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان، ڕیشه‌یان له جیاوازی سونه‌تی سیاسی، به‌رنامه‌و په‌یام، ستراتیژ‌و ڕوانینان بۆ ڕووداوه‌كان، نه‌بووه.
سیمای سیاسی و ئایدۆلۆژی و ڕوانین و بیروباوه‌ڕی هه‌موو ته‌كه‌تول و ره‌وت و فراكسۆن و گروپه‌كانی ناو یه‌كیتی، به‌یه‌ك ناكۆك نیین. هه‌ر بۆیه‌شه ئه‌م ڕه‌وت و گروپ و ته‌كه‌تول و فراكسیۆنانه له‌ناو وه‌زعی شڵه‌ژاو‌ی یه‌كێتیدا، شانسیان نایگریت و ناتوانن ببنه به‌دیلی یه‌كیتی و ته‌نانه‌ت فراكسیۆنێكی گه‌وره‌و كاریگه‌ری درێژماوه. هه‌رئه‌مه‌ش وایكردووه سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر ڕه‌وت و فراکسۆنێک ئه‌گه‌ر ته‌كان و له‌رزه‌یه‌كی کورتماوه‌ی به‌ناو یه‌كیتیدا هێنابێت، به‌لام له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كیتیدا بۆ خه‌ڵكی جێگای بایه‌خێكی به‌رجه‌سته و درێژماوه نه‌بووه.
هه‌موو ئه‌م گروپ و ته‌كه‌تول و فراكسیۆنانه وه‌كو خۆیان ده‌ڵین هه‌ر یه‌كێتین و هه‌وڵه‌كانیشیان بۆ رزگاركردنی یه‌كیتی یه له گه‌نده‌ڵی، بۆگێڕانه‌وه‌ی پرانسیبه ریكخراوه‌یه‌كانه، بۆ چاككردنی ئه‌دای حزب و حكومه‌ته، بۆ چاكسازی و دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كان و چاره‌سه‌ری ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان و گێڕانه‌وه‌ی ناوچه كوردنشینه‌كانه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، بۆ گێرانه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی یه‌كیتی نیشتمانی و به‌رگرتنه‌یه‌تی به لێكترازان و …… ئه‌مانه بانگه‌شه‌ی هه‌موو فراكسیۆن و ته‌كه‌توله‌كانی ناو یه‌كێتییه، به‌ڵام ئه‌مانه به زیادتریشه‌وه بانگه‌شه‌ی هێڵی ڕه‌سمی یه‌كیتی نیشتمانی كوردستانه. له‌وه‌ش واوه‌تر ته‌نانه‌ت بانگه‌شه‌ی هه‌موو حزب و لایه‌نه سیاسیه قه‌ومی و دینیه‌كانی تری كوردستانه. له‌پارتیی و حیزبی شیوعیه‌وه بۆ زه‌حمه‌تكیشان و یه‌كگرتوی ئیسلامی …بۆیه له دنیای واقعیدا ناتوانرێت جیاوازیه‌ك له نێوان ره‌وته به‌ناو ریفۆرمخوازه‌كان و ته‌كه‌تول و گروپ و فراكسیۆنه‌كانی ناو یه‌كیتی و ده‌ره‌وه‌ی یه‌كیتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا بدۆزرێته‌وه. هه‌موویان هه‌ڵگری یه‌ك بانگه‌شه‌ن. كه‌واته پرسیار ئه‌وه‌یه كێشه‌ی ڕیشه‌یی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌فراكسیۆن و ته‌كه‌تول و بێ فراكسیۆن وته‌كه‌توله‌وه چییه؟ و له كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
چه‌مكی ئازادی و لای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له ناوپه‌یكه‌ره‌ی ریكخراوه‌یی و ده‌ره‌وه‌ی ته‌لاری رێكخراوه‌یدا
یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان،به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ڕۆژه‌و هه‌موو ساته‌ی بانگه‌شه‌كانی، بڕوای به‌چه‌مكی ئازادی چ له‌ناوخۆیدا و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا نییه. هه‌موو حزب و رێكخراوه‌یه‌كی مۆدیرن و شاری ئه‌م سه‌رده‌مه و سۆسیال-دیموکراسی، به جیا له‌وه‌ی پرانسیبی ریكخراوه‌یی و زه‌بت و ره‌بتی ناوخۆیی هه‌یه، به‌ڵام به‌شێك و لایه‌نێكی گرنگی ئه‌م پرانسیبه بواردانی ئازادانه‌یه به ده‌نگه مخالیفه‌كان و كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی ڕه‌سمییه تا لێیه‌وه بیرورا‌و بۆچونه‌كانی خۆیان، به‌رنامه‌و پلاتفۆریی خۆیان به ریزه‌كانی رێکخستن بگه‌یه‌نن و له‌كه‌مینه‌وه هه‌وڵبده‌ن ببنه زورینه‌و بریارو سیاسه‌ت و سونه‌ت و بۆچونه‌كانی خۆیان له‌ناو ئه‌و حزب و ڕێكخراوه‌دا بكه‌نه بریاری حزب و ریكخراوه‌كه‌یان و سیاسه‌تی ڕه‌سمی. هاوكات له‌گه‌ل ئه‌حزاب و لایه‌نی ده‌ره‌وه‌ی خۆشیان مامه‌ڵه‌كه دیسان به‌ره‌سمی ناسینی ئازادییه، ئازادی بێئه‌ملاولاوی سیاسی بێمه‌رج و ئه‌مماو ئه‌گه‌ر، ئازادی هه‌ڵسورانی سیاسی بۆ هه‌موو حزب و ریكخراوه سیاسی و ریكخراو كۆر‌و كۆمه‌ڵه پیشه‌یی و جه‌ماوه‌ریه‌كان… ئازادی میدیا‌و بیروباوه‌رو به‌یان و ره‌خنه‌گرتن و ده‌ستاوده‌ست پێكردنی ده‌سه‌لات و قبوڵكردنی ئۆپۆزیسیۆن و به‌ره‌سمی ناسینی مانگرتن وخۆپیشاندان و كۆبونه‌وه.
یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان به‌حه‌ق و له دنیای واقعیدا نه‌ك ئه‌مانه‌ی پێ هه‌زم ناكرێت، به‌ڵكه به‌كرده‌وه چ له‌ناوخۆی حزب و چ له‌ده‌ره‌وه‌یدا دژایه‌تییه‌کی سیستماتیكی و ئاگاهانه‌یان ده‌كات.
له‌ناوخۆی حزب و رێكخراودا یه‌كه‌م ئه‌م بواره نادات و دووه‌م له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م هه‌نگاوی به‌نه‌خشه‌دا سه‌ركوت و تڕۆكردن، زیندانیكردن و شكاندنی كه‌سایه‌تیه‌كانی، شوبهاندینیان به‌جێبه‌جێكردنی پلانی دوژمنان و ویناكردنیان به دژی ئه‌زمون و میژووی حزب و…تاد، به‌ده‌سته‌وه ده‌گریت. ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندی یه‌كێتیه به ریفۆرم و رابونه‌وه، به ده‌سته‌كانی ناو یه‌كیتی و ده‌ره‌وه‌ی.
ئه‌وانه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تای پێکهاتنی کۆمه‌ڵه و یه‌کێتییه‌وه سوكایه‌تیان به هه‌ڵگرانی بیری جیاواز ده‌كرد و به‌عیراقچی و بان چه‌پ و تۆمه‌تباریا‌ن ده‌كردن، ئێستاخۆیان هه‌ڵگری بانگه‌شه‌ی ترن. ئه‌وانه‌ی دوێنی جه‌لادی ده‌نگه نه‌یاره‌كان بوون ئه‌مرۆ خۆیان به نه‌یار نیشان ئه‌ده‌ن و قوربانین، ئه‌وانه‌ی دوێنی قوربانی بوون ئه‌مرۆ جه‌لادی فراكسیۆن و ته‌كه‌توله‌كانی ترن. ئه‌وانه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ئاڵای شورشدا هه‌رچی له‌ده‌ستیان هات كردیان، ئێستا خۆیان ده‌یانه‌وێ ئاڵای شۆرشی ئه‌م زه‌مه‌نه پێكبهێنن. ئه‌وانه‌ی قوربانی بوون به‌ده‌ست خه‌تی ڕه‌سمی یه‌كیتی یه‌وه ئێستا خۆیان ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان بێت و پێیان بكرێت له‌دژی باڵ و ته‌كه‌تولی مخالیف به‌یه‌كێتی ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ی ئێستا باسی ریفۆم ئه‌كه‌ن له سه‌ر دوای ریفۆرمخوازی خوێن رێژیان کردووه.
یه‌كێتی به فراكسۆن بێ فراكسیۆنه‌وه، به باڵ بێ باڵه‌وه، هه‌مان ره‌فتاری ناوخۆیی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌ی حزب له‌گه‌ل حزب و لایه‌نه سیاسی و كۆروكۆمه‌ڵه پیشه‌یی و جه‌ماوه‌ریه‌كاندا كردووه. ئه‌و حزب و لایه‌نه‌ی دژی سیاسه‌تی ره‌سمی یه‌كیتی گوشاری هێنابێت. خه‌ڵكی كوكردبێته‌وه خه‌ڵك به‌ده‌نگیه‌وه چووبێت، دژی سیاسه‌تیكی ره‌سمی به شێوه‌ی جدی و كاریگه‌ر هه‌ڵسوڕابێت، ره‌خنه‌ی ریشه‌یی و هه‌نگاوی عه‌مه‌لی له‌دژی نه‌خشه‌و پلاتفۆرم و سیاسه‌ت و پلانێكی یه‌كیتی نابێت، بێشك كه‌وتۆته به‌ر هه‌ره‌شه و پاشان به‌ر زه‌بری چه‌ك و سه‌ركوت.
تۆڵه به‌سه‌بره، ئه‌مما به‌زه‌بره، دروشمی یه‌كیتی بوو به هه‌موو باڵ و فراكسیۆنه‌كانه‌وه نه بۆ گرتنی ره‌بایه‌كانی به‌عس و نه‌بۆ به‌رگرتن به ملهوری سه‌ربازی توركیا‌و ئیران، وه نه‌بۆ بنه‌بڕكردنی تیرۆریزمی ئیسلامی و به‌ڵكو به‌دژی ئه‌و لایه‌نه سیاسیانه‌ی یه‌كیتی ئه‌دای ئه‌وكاته‌یانی به‌دڵ نه‌بوو، له‌گه‌روی ریفۆرمخوازه‌كانی ئیستاوه و له یه‌كی ئایاردا ماركس به‌شایه‌د ده‌گیرا بۆ كوشتاری و حزب و لایه‌نه سیاسیه ناكۆكه‌كان به یه‌كیتی ئه‌وكاته. ئه‌وه كوشتاری رۆژی روناك له بۆسه له پێشدا دارێژراوه‌كان و پیلانه‌كان له‌ولاوه بوه‌ستێت، كه تا ئێستا خوێنی قوربانیانی وشك نه‌بۆته‌وه. ئه‌مانه ره‌فتاری یه‌كێتییه له‌ناوخۆی و له‌گه‌ڵ هیزو لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی.
یه‌كیتی نیشتمانی خزمه‌تگوزاریه‌كان و مافه‌كانی هاولاتیان و یاسا
له‌م زه‌مینه‌یه‌شدا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به فراكسیۆن و باڵه‌كانیه‌وه تا بێ فراكسیۆن و باڵه‌كانی. خاوه‌نی مامه‌ڵه‌و هاوكات ته‌جروبه‌یه‌كی تایبه‌ته.
هه‌ر حزب و لایه‌نێكی سیاسی كه ده‌سه‌ڵات ده‌گرێت به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌كه‌ویته ئه‌ستۆ، به‌رپرسیاریه‌تی هه‌مه‌چه‌شن و هه‌مه‌جۆر، وه‌ڵامدانه‌وه به‌و پرسانه‌ی ڕووبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه له پێش هه‌موویاندا مه‌سه‌له‌ی دابینكردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی و خزمه‌تگوزاریه‌كانیان، هاوكات دابینكردنی مافه فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌كانیان و مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ هاولاتیان، رێزگرتن له‌یاسا و رێساكان، ناوه‌رۆكی ئه‌م حزبه‌و به‌رپرسیاربوونی نیشان ئه‌دات.
یه‌كیتی نیشتمانی تا ئه‌م ساته وه‌خته‌ش فه‌زای نیمچه ئاوه‌ڵای سیاسی كوردستان به‌هه‌موو ده‌ركه‌وته‌كانیه‌وه به خیرو سه‌ده‌قه ده‌زانیت كه به‌دیاری به‌خشیویه‌ته خه‌لكی كوردستان، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پێ‌نادرێت ئیراده‌و نه‌خشی خه‌لك و ناره‌زایه‌تیه‌كانی و خه‌باتی نه‌پساوه‌ی ڕیزی هه‌زاران ئینسانی تێكۆشه‌رو پێشكه‌وتنخوازه…، هه‌ربۆیه كاتێك باسی دابینكردنی خزمه‌تگوزاری ده‌كرێت، له‌جێگای هاوڵاتی بوون جاری لیستی حزب، كه‌سوكاری شه‌هیدانی حزب، پێشمه‌رگه دیرینه‌كانی حزب، كادران و ئه‌ندامانی حزب…. لیست ده‌كرین پاشان خه‌ڵكی تر به‌دواییدا مانای هه‌یه. ئه‌مه ئه‌گه‌ر بریار بێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به مه‌یلی خۆی خزمه‌تێك بكات، خۆ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكیش دوایكرد و یه‌خه‌ی گرتن و گوشاری جدی هێنا ئه‌وا هه‌موو هه‌ر هاوڵاتین و چ هه‌ڕه‌شه‌ی نابڕین و چاوسوركردنه‌وه‌و چ سه‌ركوتی توندوتیژی دیموكراسی گه‌ڕانی ناوێت و ئاماده‌یه. خزمه‌تگوزاری به‌داهاتی خه‌ڵكی كوردستان خۆی، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌نیوه‌ی ئه‌م داهاته بۆ حزب و ده‌زگا هه‌مه‌ڕه‌نگه بێخێره‌كانی ده‌برێت وبه ئاشكرا تاڵان ده‌كرێت، بۆ شێواندنی رای گشتیش به‌م دزی و تالانه ئاشكرایه‌و به‌م تیرۆری ئابوری كۆمه‌ڵگایه ئه‌ڵێن گه‌نده‌ڵی، دوای هه‌موو ئه‌مانه بڕێكی كه‌م له‌داهاتی خودی خه‌لكی كوردستان به‌خیرو سه‌ده‌قه ده‌زانن سه‌رفی بكه‌ن بۆ خزمه‌تگوزرای وه‌كو ریگاو بان سیسته‌می هاتوچۆ،ئاو كاره‌با، ئاوه‌دانكردنه‌وه و دابینكردنی پارك، كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌و باخچه‌ی ساوایان و خه‌سته‌خانه‌ی پیویست، هۆلی سه‌رگه‌رمی لاوان و تازه لاوان، خزمه‌تگوزاریه وه‌رزشی و ته‌فیهی و په‌روه‌رده‌یه‌كان،دانی بیمه‌ی بێكاری به بیكاران، كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌هیشتنی گرفتی نیشته‌جی بوون، دابینكردنی ژیانی خانه نشینان، زیادكردنی كرێی كریكاران و كارمه‌ندان، پاك ڕاگرتنی ژینگه….. دیاره ئه‌مانه باسی خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌تایین و به‌شێكی دانه‌بڕاون له ژیانی ساده‌ی شاری.
هه‌روه‌ها باسی مافه فه‌ردی و مه‌ده‌نییه‌كان له دیدگای یه‌كیتیدا به‌كرده‌وه نزیكه به‌سفر، یه‌كسانی ژن و پیاو،نه‌ک مه‌سه‌ی جدی نه‌بووه، به پیچه‌وانه‌وه به‌کرده‌وه شه‌ری خواسته‌کانی ژنان ، یه‌کسانی ژنان پیاوانی کردووه،" 27-10-2008 نموونه‌ی تازه که په‌رله‌مانه‌که‌یان!! ده‌نگیدا به فره ژنی"، جیاكردنه‌وه‌ی دین له‌ده‌وله‌ت وپه‌روه‌رده‌و فیركردن و یاسا‌و ریساكان، ریزگرتن له یاسا‌و ریساكان و به‌ده‌سته‌وه گرتینان به‌رامبه‌ر به‌هه‌موان وه‌ک و یه‌ک. ده‌سته‌به‌رداربوون له ده‌ستێوه‌ردان له ده‌سه‌لاتی دادوه‌ری و قه‌زایی…تاد.
بێده‌ربه‌ستی به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو ئه‌مانه‌یه كه قلشتی ده‌سه‌لات و خه‌لكی به‌م ئاسته‌ی ئێستا گه‌یاند‌وه‌و له‌هه‌ڵكشانیشدایه.
یه‌كیتی نیشتمانی و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئایینده‌ی سیاسی كوردستان
جگه له خزمه‌تگوزاری و ئازادیه‌كان و مافی به‌رابه‌ری هاوڵاتیان، مه‌سه‌له‌ی ئاینده‌ی سیاسی كوردستان و به‌هه‌ندگرتنی ئیراده‌ی و خواستی خه‌ڵكی كوردستان، یه‌كیكی تر له‌مه‌سه‌له چاره‌نووس سازه‌كانه. یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان به فراكسیۆن و ته‌كه‌تول و باڵ و بێ باڵ و فراكسیۆن و ته‌كه‌توله‌وه، مامه‌ڵه‌یه‌كی هه‌ڵه‌شه‌ئامیز و چه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كات.
نزیكه‌ی 18 ساڵه ده‌سه‌لاتی به‌عس له زوربه‌ی كوردستاندا نه‌ماوه‌و ده‌سه‌لات نیوه‌ی به‌ده‌ست یه‌كێتیه‌وه‌یه، پێنج ساڵیشه به‌عس گۆر به‌گۆڕ بووه، له‌و ماوه‌یه‌دا كه ماوه‌یه‌كی كورت نییه، یه‌كیتی له بازنه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵكدا، نێوه‌ندی كێشمه‌كێشی ئیقلیمی و جیهانی كردۆته مه‌بنای سیاسه‌ت و نه‌خشه‌كانی خۆی و تاراده‌یه‌كی یه‌كجار زۆر بۆته خۆشخزمه‌تچیه‌كی ناوازه‌ی سیاسه‌ت و نه‌خشه‌كانیان. تا ئێستاش له‌كه‌لێن و قڵشتی وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان و كێشمه‌كێشه‌كانیاندا ده‌یه‌وێت ئه‌سپی سیاسی خۆی تاو بدات، له عیراقیشدا ده‌یه‌وێت له ته‌وازن و سه‌نگ وسوكی هێزه‌كانه‌وه خیرو به‌ره‌كه‌ت برژێته ساحه‌ی سیاسی كوردستان و ئاینده‌ی كوردستانی به‌ستۆته‌وه به ئه‌داو روانین و ئاره‌زووی ئه‌وانه‌وه و ئه‌وه‌ی بۆی گرنگ نییه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕاو داوا‌و داخوازی خه‌ڵكی كوردستان.
یه‌كیتی تائیستا هه‌ڵپه‌ی به‌شداربوونمانه‌وه‌ی له‌ده‌سه‌لاتی مه‌ركه‌زیدا لا پله یه‌که‌و، هه‌موو هه‌ولێکیشی بۆ هیشتنه‌وه‌ی كوردستانه له‌عیراقدا. ئه‌مه به ڕێگایه‌كی كارساز ده‌زانیت بۆ ئاینده‌ی سیاسی خه‌لكی كوردستان. ئه‌مه له‌كاتیكدایه كه كارنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی قه‌ومی عه‌ره‌بی و ئیسلامی سیاسی، له‌گه‌ل ئازادی و مافه‌كانی ئینسان و خه‌ڵكی كوردستاندا باش ده‌زانیت. ئه‌مه له كاتیكدایه كه زۆر ئیمكانی ئه‌وه هه‌بووه و ئیستاش هه‌یه ریگای جیاكردنه‌وه‌ی كوردستان و پێكهێنانی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ بگرێته به‌ر، كه خواستی خه‌ڵكی كوردستان و به‌ره‌ی ئازادیخوازی كۆمه‌ڵگایه.
ئه‌مانه گرفتی بناغه‌یی یه‌كیتی نیشتمانییه به‌هه‌موو ته‌كه‌تول و باڵه‌كانیه‌وه، من ده‌پرسم كام یه‌ك له‌م باڵ و ته‌كه‌تولانه، چ ئه‌وانه‌ی قاچیكیان له‌ناو ته‌لاری حزبدایه‌و قاچێكیان له‌ده‌ره‌وه، چ ئه‌وانه‌ی بچكۆله‌ن و چ ئه‌وانه‌ی له‌داهاتی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌خۆن و ده‌ستیان ئاوه‌ڵایه، له‌سه‌ر هه‌ركام له‌و پرسانه چ هه‌وڵێكی جدیان داوه‌و هه‌یه؟ له‌كوی و به‌چ پێوانه‌یه‌ك جیاوازی خۆیان له‌گه‌ل ئه‌م پرسانه‌دا به‌یان كردووه‌و كاریان بۆكردووه؟ پلاتفۆرمی جیاوازیان بۆ ئازادی و مافه فه‌ردی و مه‌ده‌نی و خزمه‌تگوزاریه‌كان، بۆ یاسا و ریساكان، وه بۆ ئاینده‌ی سیاسی كوردستان کامه‌یه؟ بیگومان هیچ. هه‌موو نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن كه ده‌سه‌لاتی سكرتێری گشتی بێسنوره، داهات لای سه‌روكی حزبه، دیموكراسی ناوخۆیی ریعایه‌ت ناكرێت، ته‌كه‌تول چێتی هه‌یه!!،زوربه‌ی به‌رپرسه‌كان گه‌نده‌ڵن!، شه‌فافیه‌ت له داهاتی و سه‌رفیاتی یه‌كیتیدا نییه،…تاد. ئه‌مانه هه‌مویان هه‌ن به‌ڵام ئه‌مانه كێشه‌ی ڕیشه‌یی یه‌كیتی نیین. كێشه‌ی بنه‌ره‌تی یه‌كێتی نیشتمانی پرسی سیاسی وبه‌رنامه‌یی و بی ئاسۆییه بۆ ئاینده‌ی خۆی، دۆشدامانیه‌تی به‌رامبه‌ر پرسه که‌ڵه‌که‌بووه سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان و کاریگه‌ری نه‌خشه‌وپیلانی زلهێزه‌کانی دنیا‌و وڵاتانی ناوچه‌که. ئه‌مه هه‌مووان ده‌گریته‌وه رابون و ریفۆرم و ره‌گ و یه‌كیتیش به‌هه‌مویانه‌وه.
abdulla.mahmud@gmail.com