له بانێژه‌ی په‌رله‌مانه‌وه!…..مه‌هاباد قه‌ره‌داغی
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی
له بانێژه‌ی په‌رله‌مانه‌وه!
(ڕه‌خنه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به یاسای باری که‌سێتی و ڕووانینی په‌رله‌مانتاره‌کان)
ڕه‌خنه‌یه‌کی به‌جێ، واقیعی و له پێناوی چاکسازی و پاکسازیدا، ده‌شێ وشه‌کانی تامێکی تاڵیان هه‌بێ، چونکه ده‌مێکه گووتراوه که حه‌قیقه‌تیش هه‌مان چێژی هه‌یه.
که ڕه‌خنه‌گر ئامانجی به‌رزکردنه‌وه‌ی پله و پایه‌ی ڕه‌خنه‌لێگیراو بێت و له پێناوی گه‌شه‌دانی بێت به به‌ها مرۆییه‌کان، پێویسته ئه‌و ئارمانجه به پێوه‌ری ویژدان هه‌ڵبسه‌نگێندرێ و به‌رز بنرخێندرێت و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش نا، به‌ڵکه گوێی لێ بگیرێت.
له‌م بابه‌ته‌دا، به گشتی ڕه‌خنه له حیزبه‌کان ده‌گرم، پارتی و یه‌کێتی به تایبه‌تی، له‌سۆنگه‌ی هه‌ندێک له‌و که‌سانه‌ی که له ده‌زگایه‌کی هه‌ستیاری وه‌ک په‌رله‌مانی کوردستان، به نوێنه‌ری خۆیان و گه‌ل، دایانناون.
په‌رله‌مان ده‌زگایه‌کی پسپۆرانه‌ی هه‌ستیاره و ئه‌ندامه‌کانی پێویسته خاوه‌نی هۆشیارییه‌کی بڵند، زمانێکی پاراو، هه‌ستێکی پاک و ویژدانێکی زیندوو بن.
په‌رله‌مان واته ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل، وه‌لێ له نێو ئه‌و گه‌له‌شدا ئه‌و که‌سانه ده‌توانن نوێنه‌رایه‌تی چین و توێژ و ئاراسته‌کان بکه‌ن، که هه‌ڵگری هه‌ندێ به‌های زه‌مینی به‌رز و هه‌ندێ به‌های ئاسمانی پیرۆزن و، توانا و هێزی عه‌قڵییان له ئاستێکدایه بتوانن وه‌ک پێوه‌رێکی پاک و دادپه‌روه‌رانه، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی دیارده‌کان و ڕووداوه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه، بۆ شیکردنه‌وه و شه‌نوکه‌وی ڕووداوه‌کان به‌کاریان ببه‌ن.
له کوردستاندا، له‌م حه‌ڤده ساڵه‌ی ڕابردوودا که په‌رله‌مانی خۆماڵییمان هه‌بووه، گه‌ل ده‌نگی بۆ حیزبه‌کان داوه و حیزبه‌کانیش هه‌ندێ که‌سیان بۆ نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل، به پێوه‌ری خۆیان داناوه. سیستمه‌که به‌و شێوه‌یه بووه که ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ناڕاسته‌وخۆ نوێنه‌ری گه‌ل بوون، واته له نێو په‌رله‌ماندا ئه‌وان نوێنه‌ری حیزبه‌کان و حیزبه‌کانیش نوێنه‌ری گه‌ل بوون.
په‌رله‌مان چه‌ند ئه‌رکێکی هه‌ستیاری له ئه‌ستۆدایه و بۆ جێبه‌جێکردنیان، ژییری و توانا و ڕه‌وانبێژی ئامرازی کارکردنن. به‌ڵام ئاخۆ:
حیزبه‌کان ئه‌و پێوه‌رانه‌یان ڕه‌چاوکردووه له کاتی دانانی ئه‌ندام په‌رله‌مان؟
هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی په‌رله‌مان شایسته‌ی ئه‌و جێگایه‌ن که پڕیان کردووه‌ته‌وه؟
مرۆڤ تا له بانێژه‌ی هۆڵی کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا وه‌ک چاو‌دێر ئاماده نه‌بێت و ئاستی ڕۆشبیری و هۆشیاری ئه‌وان له میانه‌ی گفتوگۆکانه‌وه هه‌ڵنه‌سه‌نگێنێت، ده‌شێ نه‌زانێ به چ پێوه‌رێکی نادروست نزیکه‌ی نیوه‌ی ئه‌ندامه‌کانی په‌رله‌مان، له لایه‌ن هه‌موو حیزبه به‌شداره‌کانه‌وه، دانراون و به تایبه‌تییش پارتی و یه‌کێتی، که دوو حیزبی گه‌وره‌ی هاوبه‌شی حوکم و ده‌سه‌ڵاتن و زۆرترین ئه‌ندامیان له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا هه‌یه.
مرۆڤ ده‌توانێ به شانازییه‌وه ئاماژه بۆ ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بکات چ هی پارتی و چ هی یه‌کێتی و حیزبه‌کانی دی و بڵێت ئا ئه‌مانه ده‌توانن ئاوێنه‌ی گه‌ل بن، ده‌توانن گوێ و زمان و چاوی گه‌ل بن، وه‌لێ زۆرمه‌خابن که‌م نین ژماره‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌شی که شایسته‌ی ئه‌و جێگایه نین و کورسییه‌کانیان به زۆر پێ پڕ کراوه‌ته‌وه، که نه ده‌توانن نوێنه‌ری حیزبه‌کانیان بن و نه هی گه‌ل.
حیزبه‌کان ده‌توانن هه‌رچی شتێکی دیکه‌ی تره، له پاره و پوڵ، له ماڵ و حاڵ بیکه‌ن به دیاری و به لایه‌نگرانی خۆیانی بده‌ن، وه‌لێ پێدانی کورسییه‌ک له ماڵی گه‌ل که بڕیاری هه‌ستیار و گرنگ و چاره‌نووسسازی تێدا ده‌درێت، وه‌ک دیاری به هه‌ندێ له ئه‌ندامه ناشایسته‌کانی خۆیان، له هه‌ڵه سیاسییه زه‌قه‌کانه و مێژوویان له‌که‌دار ده‌کات. سه‌یره حیزبه‌کان حساب بۆ مێژووی خۆیان نه‌که‌ن!
له کاتی کۆبوونه‌وه گرنگ و چاره‌نووسسازه‌کاندا، وه‌ره و بنۆڕه کێ له په‌رله‌مان دانیشتووه و نوێنه‌رایه‌تیمان ده‌کات؟ له میانه‌ی دانیشتن و هه‌ستان و گفتوگۆکانه‌وه له ئاستی ڕۆشنبیری و پسپۆرێتییان ورد به‌ره‌وه و بزانه چه‌ند له سه‌دی ئه‌و خوشک و برایانه نوێنه‌رایه‌تی "هیچ" ده‌که‌ن، نه‌ک نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل! خوولی پێشووی په‌رله‌مان، چونکه ئه‌زمونێکی نوێ و یه‌که‌م جار بوو، له بارودۆخێکی سیاسی نائاساییدا ئه‌ندامه‌کانی دانران، ده‌شێ چاوپۆشی لێبکرێت، وه‌لێ له‌م خوولی دووه‌مه‌دا، که له بارودۆخێکی سیاسی ئاسایی‌دا دانرا، چ پاساوێک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکانی بێ‌توانا له‌وێ بن و بڕیار و یاسا و ڕێنوماییه‌کان سه‌قه‌ت بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر لای که‌م ده‌جار وه‌ک چاو‌دێر له دانیشتنه‌کانی په‌رله‌ماندا ئاماده بیت، ده‌بینیت نیوه‌ی جه‌سته‌ی په‌رله‌مان زیندووه و نیوه‌که‌ی دیکه‌ی وه‌کو مردووه. ئه‌ندامی وا له په‌رله‌مانی کوردستاندا هه‌یه له گه‌رمه‌ی گفتوگۆکاندا خه‌و یان خه‌یاڵ ده‌یباته‌وه. ئه‌مه سوکایه‌تیکردنه به گه‌ل، که ئه‌ندامی وا له په‌رله‌مانی کوردستاندا هه‌بێت.
له چه‌ند ڕۆژی هه‌فته‌ی پێشوودا که کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان سه‌باره‌ت به یاسای باری که‌سێتی له‌ئارادا بوو، ئێمه‌ش وه‌ک چاو‌دێر له بانێژه‌ی په‌رله‌ماندا دانیشتبووین و له‌بڵندایی چه‌ند مه‌ترێکه‌وه له نوێنه‌ره‌کانی حیزبه‌کانمان ده‌ڕوانی و گوێمان بۆ قسه‌کانیان هه‌ڵخستبوو. له‌م دانیشتنانه‌دا، ئه‌ندامه زیندووه‌کانی په‌رله‌مان سه‌لماندیان که شایسته‌ی جێگه‌ی باشتریشن له‌وه‌ی که ئێستا پێیان ڕه‌وا بینراوه، ئه‌ندامه نیوه‌مردووه‌کانی په‌رله‌مانیش جه‌ختیان کرده‌وه و سه‌لماندیان که نوێنه‌رایه‌تی هیچ ده‌که‌ن و کورسییه‌کانیان کردووه به سه‌راب.
ژنێکی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستان، که‌ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حیزبێکی ئیسلامییه، شه‌کرێکی سه‌یری شکاند! ئه‌و پێی وابوو نابێت بڕیاری جیابوونه‌وه به ده‌ستی ژن بێت، چونکه به قه‌ولی ئه‌و: ژن عاتیفی و زه‌عیفه و به دوو قسه هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێ و زوو بڕیاری نابه‌جێ ده‌دات! گه‌لۆ ئه‌م ژنه‌ی که خۆی هێنده به لاواز و بێئه‌رزش ده‌زانێ، چی ده‌کات له په‌رله‌مان؟ باوه‌جوو کێ به دوو قسه هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندووه و په‌لکێشی ناو په‌رله‌مانی کردووه؟ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر مێشکی ئه‌و خانمه‌وه بوو ته‌نها پارچه سه‌رپۆشێک نه‌بوو، به‌ڵکو چینێکی ئه‌ستووری تاریکییه ته‌واوی مێشکی ئه‌وی داپۆشیوه و ڕێگه‌ی نادات بیر بکاته‌وه.
هه‌ندێ له پیاوه‌کانی په‌رله‌مان و هه‌ندێکیش له نموونه‌ی ئه‌و ژنه خۆبه‌که‌مزانانه، پێیان وابوو فره‌ژنی باشه هه‌بێت، چونکه له کۆمه‌ڵگه‌دا بێوه‌ژن و قه‌یره‌کچ زۆرن! که‌سێ گێله‌ژن یان گێله‌پیاو نه‌بێت، بێوه‌ژن و قه‌یره‌کچ به که‌متر نازانێت له ژنێکی دی. که‌سێ عه‌قڵ و ویژدانی هه‌بێت و به‌کاریان به‌رێت، نرخی مرۆڤ به عومر و به ژنێتی و به پیاوێتی ناپێوێت. تاکه‌ی پێوه‌ری گا به گوونه‌وه ناسین له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ڕه‌واجی هه‌بێت؟ یه‌ک دووانێ له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هێنده بێ چاوو ڕوو بوون، پێشنیاری ئه‌وه‌یان کرد که یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی فره‌ژنی ئه‌وه بێت که پیاوه‌که بێوه‌ژنێک یان قه‌یره‌کچێک بکات به ژنی دووه‌می خۆی! ئه‌مه‌یان ڕێک له بڕیارێکی به‌عس ده‌چوو که له گه‌رمه‌ی قادسیه‌ی سه‌ددامدا ده‌ریکرد و حه‌وت هه‌زار دیناری ده‌دا به‌و پیاوه‌ی که ئه‌و بێوه‌ژنانه‌ی ده‌کرد به ژنی دووه‌م و سێیه‌می خۆی، که له شه‌ڕه‌کاندا به کوشتی دابوون. مرۆڤ جگه له یه‌ع کردن ناتوانێ هه‌ڵوێستێکی دیکه‌ی هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و پێشنیاره‌ی که یه‌کێک له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان کردی. ئه‌مه کام پێوه‌ره، ئاسمانی یان زه‌مینی، که نرخی ژنێک به مردنی مێرده‌که‌ی، یان به‌جیابوونه‌وه له مێرده‌که‌ی، که‌م بکاته‌وه؟! تۆ بڵێی خوودای مه‌زن و دلۆڤان نرخ و پایه‌ی هه‌زاران ژنی داگرتبێته خواره‌وه، له‌و چرکه‌یه‌وه که تیرۆریسته‌کان خوێنی هاوسه‌ره‌کانیان ده‌ڕێژن، ئه‌و ساته‌ی که تیایدا ده‌بن به بێوه‌ژن؟! یان ئه‌و ساته دژوارانه‌ی که مێژووی ئێمه‌یان تاساندووه و تیایاندا هه‌زاران ژنی ئه‌نفال و ژنی پێشمه‌رگه‌ی تێدا بوون به بێوه‌ژن؟! نه‌خێر، ئه‌مه پێوه‌ری خوودا نییه، پێوه‌ری ئه‌و ناکه‌سانه‌یه که نه ویژدانیان هه‌یه و نه خوودا! سه‌یره، ژنان خۆشیان ئه‌م پاساوه بێمانایه بهێننه‌وه و ڕێکخراوی وا هه‌بێت دروشمی نایه‌کسانی به‌رز بکاته‌وه و بێت ئه‌م دروشمه له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا به‌رز بکاته‌وه، که کردیان! ڕێک له‌بارامبه‌ر دورشمی ژنانی یه‌کسانخوازدا، که داواکانیان بریتبوو له یه‌کسانی نێرومێ له ئه‌رکه‌کان و مافه‌کان، ژنانێکی تاریکیپۆش دروشمه‌کانیان بریتی بوو له داواکردنی جیاوازی و نادادپه‌روه‌ری و بۆ پشتیوانیکردنی ژنانێکی ناوپه‌رله‌مان هاتبوون که خه‌بات بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن که تاریکی سه‌روه‌ر بێت.
به‌ڵێ له په‌رله‌ماندا نموونه‌ی ژنی واش هه‌یه که بێوه‌ژن و گه‌وره‌کچ به‌که‌م ده‌زانێ و ده‌یه‌وێ خێریان پێ‌بکات و بیانکات به خاوه‌نی نیوو پیاو، یان سێچاره‌که پیاو، یان چواریه‌کی پیاوێک، تا له سایه‌ی ئه‌و پارچه‌پیاوانه‌دا هه‌ست به ئاسایش بکه‌ن له ژیان! هایهوو، هایهوو.. چ کاره‌ساتێکه نه‌زانی! چه‌ند له‌وه‌ش کاره‌ساتتره عه‌قڵێ که خوودای گه‌وره پێی به‌خشیبیت به‌کاری نه‌هێنیت و نه‌ته‌وێت فێر ببیت! چ تاریکییه‌کی سه‌یره عه‌قڵی مرۆڤی له‌م جۆره‌ی داپۆشیووه! خوودایه، له ڕووناکی بێپایانی خۆت به‌شیان بده‌یت، وه‌ک به‌شی منت داوه، تا تێبگه‌ن دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی مانای چییه!
ڕوو له هه‌موو حیزبه‌کان ده‌که‌م و به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌کێتی که خاوه‌نی زۆرترین ژماره‌ی ئه‌ندامن له په‌رله‌مان و ده‌ڵێم: ڕاسته گه‌ل زیانی پێده‌گات که مردوو له جێی زیندوو له په‌رله‌ماندا هه‌بێت، وه‌لێ ئه‌ندامه‌کان ڕاسته‌وخۆ نوێنه‌ری ئێوه‌ن و ئینجا هی گه‌لن، بۆیه ئێوه زیاتر و زووتر زیانتان پێده‌گات که نیووه‌مردووه‌یه‌ک نوێنه‌رایه‌تیتان بکات، چونکه ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی که کورسییه‌کانیان کردووه به سه‌رابستان، ته‌نها و ته‌نها "هیچ" به‌رهه‌م ده‌هێنن بۆ ئێوه و بۆ کوردستان.
سه‌رۆکی پێشووی فراکسیۆنی سه‌وز، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێی وابوو ئێستا هه‌ر وه‌ختی گۆڕینی ئه‌و یاسایه نییه، "که په‌نجا ساڵ پێش ئێستا له عێراقدا دانراوه". ئه‌م بۆچوونه‌ی ئه‌ندامێکی حیزبێکی سۆسیالدیموکرات، ڕێک له بۆچوونی شێخێک ده‌چوو که له‌سه‌ر کورسییه‌کی دیکه‌ی په‌رله‌مان دانیشتووه. ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیستی سه‌وز، وه‌ک چه‌ندین پیاوی دیکه‌ی هه‌مان لیست، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌ندامه‌ژنه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی که داوای یه‌کسانییان ده‌کرد و بۆچوونی بوێرانه‌یان به‌یان ده‌کرد، ڕاو بۆچوون و ده‌نگیان ده‌دا، که ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت زۆر له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئه‌گه‌رچی به‌هۆی حیزبێکه‌وه دێنه نێو ئه‌و ناوه‌ندی بڕیاره، به‌ڵام ته‌نها نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌واوهه‌وه‌سه‌کانی خۆی ده‌کات، نه‌ک پرۆگرامی حیزبه‌که‌ی.
سه‌رۆکی فراکسیۆنی زه‌ردیش په‌یتا په‌یتا نومایشی بۆچوونی دواکه‌وتووانه‌ی ده‌کرد و هه‌وڵی ده‌دا ته‌نانه‌ت مه‌رجه‌کانی فره‌ژنییش ئه‌وه‌نده سووک بێت، پیاوان نیگه‌ران نه‌کات، له‌وه‌ی نه‌توانن له سه‌روه‌ختی په‌ره‌سه‌ندنی غه‌ریزه‌کانیان، ژنگه‌لێ بکه‌ن به کۆیله‌ی خۆیان! سه‌رۆکی فراکسیۆنی زه‌رد، هێنده به مێشکێکی ده‌مامکراوی نێرسالارییه‌وه ده‌ئاخڤی، بیری چووبووه‌وه که نوێنه‌رایه‌تی پارتێکی دیموکراتی ده‌کات و یه‌کسانییش یه‌کێک له‌و پایانه‌یه که دیموکراتی له‌سه‌ر ده‌چه‌سپێت. ئه‌م ئه‌ندامه زه‌رده هێنده‌ی نوێنه‌رایه‌تی غه‌ریزه‌کانی نێری ده‌کرد، چاره‌کێکی ئه‌وه نوێنه‌رایه‌تی پارتی نه‌ده‌کرد، ئه‌و بیری چووبووه‌وه که پرۆژه‌یاساکه له سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ته‌وه هاتووه و سه‌رۆکی حکومه‌تیش سه‌ربه حیزبه‌که‌ی ئه‌وه و وه‌ک یه‌کێک له سه‌رکرده مۆدێرنه‌کان ئاماژه‌ی پێده‌درێت، نه‌ک ته‌نها له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵکو له ته‌واوی جیهان. لێره‌دا پێویسته ستایشی ڕۆڵی جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان بکرێ، که ئه‌ویش سه‌ر به فراکسیۆنی زه‌رده، که چه‌ندین پێشنیاری بۆ دانانی مه‌رجی زۆرتر و قورس‌تر کرد بۆ بڕگه‌ی فره‌ژنی و بڕگه‌کانی تر، که له به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی شارستانی بوون.
هه‌ندێ ئه‌ندام هه‌بوون له گه‌رمه‌ی گفتوگۆ له باره‌ی فره‌ژنییه‌وه ده‌ستیان له کونه‌لووتیاندا بوو، هی واشیان هه‌بوو په‌یتا په‌یتا شوێنی دیکه‌ی خۆیان ده‌خووراند. چه‌ند نوێنه‌رێک پێیان وابوو ئه‌گه‌ر مافی فره‌ژنی نه‌بێت، پیاو کاری ناشه‌رعی له‌گه‌ڵ ژنی له‌شفرۆش ده‌کات، ئه‌م قسه‌یه‌ش هیچی دیکه ناگه‌یه‌نێت ئه‌وه نه‌بێت که ئه‌و زاتانه به غه‌ریزه نه‌ک عه‌قڵ، بیرده‌که‌نه‌وه.
دوای بینینی ئه‌م نه‌هامه‌تییه، ڕوو له سه‌رۆکی حیزبه‌کان ده‌که‌م و به‌تایبه‌ت هێژا سه‌رۆکی کوردستان و سه‌رۆکی کۆماری عێراق و ده‌ڵێم: تۆ بڵێی له خولی سێیه‌می په‌رله‌مانیشدا که وا بڕیاره له ناوه‌ڕاستی ساڵی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی بۆ بکرێت، هه‌مان پێوه‌ر به‌کارببرێت بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و کورسییانه‌ی په‌رله‌مان؟ بشێ جارێکی تریش و له‌م بارودۆخه هه‌ستیاره‌ی مێژووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیمان، چ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و چ بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کوردستان که‌سانێ دابنێن که نه‌توانن زه‌ڕه‌یه‌ک پێشکه‌وتنمان بۆ به‌ده‌ست بهێنن و له ئاوێنه‌ی ره‌فتاره‌کانی ئه‌وانه‌وه سیما و بیری حیزبه‌کان ده‌رکه‌وێت و بیانخوێنینه‌وه و نیگه‌رانی دواڕۆژی گه‌ل و نیشتیمان بین؟!
ئه‌ندامه زیندووه‌کانی په‌رله‌مان شایانی ستایشن، به‌ڵام نیووه‌مردووه‌کان نه‌ک هه‌ر شایانی سه‌رزه‌نیشتن، به‌ڵکو هی ئه‌وه‌ن پێشوه‌خت به تۆپزییش بێت خانه‌نشین بکرێن و بنێردرێنه‌وه تا له ماڵه‌وه به‌رده‌وامی به خه‌وه‌کانیان بده‌ن.
سوپاس بۆ ئێوه ئه‌ی نیوه زیندووه‌که‌ی په‌رله‌مان، ئه‌فسوسیش بۆ ئێوه ئه‌ی نیووه‌که‌ی دیکه که پێتان وایه په‌رله‌مان هۆتێلی پێنج ئه‌ستێره‌یه و خه‌وی تێدا ده‌بینن و بوونه‌ته بار به‌سه‌ر حیزبه‌کانیشتان و خه‌ڵکه‌وه.