Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
په‌رله‌مان یان دوێخانی خێڵ!…… کازم قادر

په‌رله‌مان یان دوێخانی خێڵ!…… کازم قادر

Closed
by November 6, 2008 گشتی

 په‌رله‌مان یان دوێخانی خێڵ!
 له‌ په‌یوه‌ند به‌ یاسای تراژیدیای فره‌(ژن)ییه‌وه.‌
  
 Kazmkader72@yahoo.com

  سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینی 91 خه‌ڵکی کوردستان به‌ ڕووی دام و ده‌زگا ئاسنی و سه‌رکوتگه‌رییه‌کانی ڕژێمی فاشیستی به‌عس،سه‌ره‌تای ڕه‌شه‌کوژی و تیرۆرو ئه‌تککردنی ژنانیش بوو له‌ لایه‌ن حیزبه‌ ناسێونالیسته‌ خێڵه‌کییه‌کانی کورده‌وه‌،سه‌ره‌تاو زه‌مینه‌یه‌ک هه‌ر حیزب و بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یتوانی په‌یام و  مۆری خۆی به‌ کۆمه‌ڵگه‌ بگه‌یه‌نێت و نه‌خشی خۆی لێبدات،سه‌ره‌تایه‌کی چاره‌نوساز که‌ ده‌یتوانی ئاسۆو داهاتووی هه‌موو په‌یوه‌ندی و ڕایه‌ڵه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ دیاری و ئاراسته‌ بکات.هه‌ڵبه‌ته‌ ئێمه‌ شاهێدی باڵاده‌ستی حزبه‌ ناسێونالخیڵه‌کییه‌کانی کوردستانین که‌ له‌ فۆرمی یه‌کێتی و‌ پارتیدا به‌رجه‌سته‌ بوبوو، واقیعییه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م دووحزبه‌خێڵه‌کییه‌ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست و هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌شه‌وه‌ دیدگاو مۆراڵ و په‌یوه‌ندییه‌خێڵه‌کییه‌کانیان به‌ نێو هه‌موو شاده‌مارو کایه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کاندا شۆڕکرده‌وه‌و په‌ره‌پێدا.ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌که‌ ده‌توانین عه‌قڵی خێڵگه‌ری پیاوسالاری ئه‌م دووپارته‌ی پێبناسینه‌وه‌.له‌و به‌ره‌به‌یانه‌ ڕه‌شه‌وه‌ یه‌که‌م په‌لاماروڕه‌شه‌کوژی ژنان له‌ ژێر ناوی پیسی ناموسچێتی و  شه‌ره‌فبازیدا ده‌ستیپێکردو به‌ هه‌زاران ژنیان ئه‌تک و ڕه‌شه‌کوژیکرد.واته‌ له‌ یه‌که‌م ڕۆژی به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ئه‌م دووپارته‌خێڵه‌کییه‌ به‌ تیرۆرکردنی ژنان ده‌ستی پێکرد،ئه‌وه‌ په‌یامێکی پیاوسالاری و پارته‌کانیخێڵ بوو بۆ پاککردنه‌وه‌ی شه‌ره‌فی خێڵ و لادانه‌ ئه‌خلاقییه‌کان له‌ به‌هاکانی خێڵ‌.تێگه‌یشتن له‌م سه‌ره‌تای تیرۆره‌ تێگه‌یشتنه‌ له‌ عه‌قڵیناسێونالخێڵی پارتی و یه‌کێتی.واته‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌که‌و له‌و سه‌ره‌تایه‌شه‌وه‌ تاکو ئه‌مڕۆ تیرۆروڕه‌شه‌کوژی ژنان به‌رده‌وامه‌.زیاتر له‌ حه‌ڤده‌ساڵ به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م دووپارته‌دا تێده‌په‌ڕێت هه‌مان ئه‌قڵ و ماشێنی مه‌رگ و تیرۆر له‌ کاردایه‌.ئیتر ئه‌وه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌ کاتێک نیوه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و دوێخانه‌ی که‌ پێی ده‌ڵێن په‌رله‌مان،ده‌نگ به‌  په‌سه‌ندکردنی یاسای قێزه‌ون و ده‌ردناکی فره‌ ژنیی بدات، کردنی ئه‌و پرسیاره‌ بێمانایه‌ که‌ بۆچی ئه‌و هه‌زاران ژنه‌ قه‌سابی کراون!به‌ باوه‌ڕم ئه‌و مێژووه‌ی پارتی و یه‌کێتی ده‌کرێت به‌ مێژووی ئه‌تک و تیرۆرو ڕه‌شه‌کوژی ژنان ناوزه‌د بکرێت،مێژوویه‌که‌ تێیدا ده‌ست و خه‌نجه‌ری خوێناوی پیاوسالاری و ڕۆخساری قێزه‌ونی خێڵ نمایش ده‌کات.‌په‌رله‌مانێک نیوه‌ی زیاتری پیاوه‌کانی ده‌نگ به‌ له‌شفرۆشی و سه‌پاندنی گروپی سێکسی به‌  سه‌رژناندا  بسه‌پێنێت و به‌ پاساوی کۆنه‌په‌رستانه‌ی شه‌رع و ڕێسا ژه‌نگاوییه‌کانی دین و  ئه‌رزشه‌کانی خێڵ ڕه‌وایه‌تی پێبدات،بڕیاروئاکامی شه‌ووڕۆژێک نییه‌،به‌ڵکو ڕیشه‌کانی قووڵ به‌ مێژوو و کولتورو سیسته‌می خێڵ و بزووتنه‌وه‌ ناسیولیسته‌ کۆنه‌په‌رسته‌که‌یدا ڕۆچووه‌.لێره‌دا ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌‌ بۆ مێژوو ته‌نها بۆ ئه‌وه‌  نییه‌ تاکو له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌،واته‌ له‌ڕێی  مێژوو ‌و تیورێزه‌کردنی پاڵنه‌ر‌و ڕه‌هه‌نده‌کانێوه‌ ئه‌و جه‌نگ و ڕه‌شه‌کوژییه‌ له‌ دژی ماف و مرۆڤایه‌تی ژنان نیشانبدم  و ڕاڤه‌بکه‌م، به‌ڵکو له‌ نیشاندانی ئه‌م مێژووه‌دا ده‌مه‌وێت تیشکێک بخه‌مه‌ سه‌ر دوو ڕه‌هه‌ندیتری هه‌ناوی ئه‌و مێژووه‌ ،که‌ له‌ دژو له‌ پاڵ ئه‌و بزووتنه‌وه‌ ژنکوژوناسێونالخێڵه‌کییه‌دا ڕاوه‌ستان.ڕه‌هه‌ندی یه‌که‌م (قه‌ڵه‌م)ه‌کان و نوسه‌ران و هه‌موو ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌نێو ده‌سه‌ڵاتدا بوون و هه‌موو ئه‌وانیتریش که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارته‌کانی خێل و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بوون وخۆیان به‌"نوێخوازو"داکۆکیکار له‌ مافی"یه‌کسانی"ژن و پیاوده‌زانی. ته‌نانه‌ت گه‌له‌ک له‌و که‌سانه‌ی خۆیان به‌ "چه‌پ"و ئه‌و پارتانه‌ش که‌ خۆیان به‌"چه‌پ" ده‌زانی، ته‌نانه‌ت"ئازادیخواز"ترینی نێو ئه‌م ڕه‌وه‌نده،هه‌ندێکیان له‌ پال ده‌سه‌ڵاتدا قه‌راریان گرت و ئه‌وانیتریش به‌ بێده‌نگی و جارجاریش به‌ زمان و رۆخسارێکی سورو شه‌رمنۆکانه‌وه‌‌، قسه‌یه‌کیان له‌و به‌ربه‌رێت و په‌لاماره‌ ژنکوژییانه‌ ده‌کرد که‌ قاره‌مانانی خێڵ و پیاوسالاری ده‌یانکرده‌ سه‌ر ژنان.به‌ باوه‌ڕم ئه‌و مێژووی ئه‌تک و خێڵسالارییه‌ مێژوی تاریکی قه‌ڵه‌مه‌کانیشه‌،(هه‌ڵبه‌ته‌ ناڵێم ڕۆشنبیر،چوونکه‌ ڕۆشنبیر_ ڕۆشنبیری خه‌سڵه‌ته‌ نه‌ک نوسینی کتێبی قه‌به‌وزل) کورد (چوار)ڕۆشنبیری نییه‌،به‌ڵکو قه‌ڵه‌می هه‌یه‌،ئه‌و مێژووه‌ش نیشانیدا قه‌ڵه‌مه‌کان ته‌نها کاریان ئه‌وه‌بوو حیکایه‌ته‌کانی خێڵ بنوسێته‌وه‌، ئارایشتی ڕۆخساری خێل بکه‌ن  و سفره‌ی پیسی خێڵ جوانکاری بکه‌ن، نه‌ک تراژیدیاکانی مه‌رگ و تیرۆرو ڕه‌شه‌کوژی و قیژه‌ ترسناک و ده‌ردناکه‌کانی ژنان بنوسنه‌وه‌،نه‌ک ڕاوه‌ستان له‌ پاڵ ده‌نگ و بزووتنه‌وه‌ ئازادیخوازو به‌رابه‌ریخوازه‌کان.به‌بێ خۆپاراستن و سڵکردنه‌وه‌ ده‌توانم بێژم، ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێت قه‌ڵه‌مه‌کان له‌ تاوان و مێژوویه‌کدا به‌شدارن که‌ ده‌کرێت به‌ مێژووی ڕه‌شه‌کوژی و کۆیله‌کردنی ژنان ناوی بنێین.
 لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندی  دووه‌م/کۆمۆنیسته‌کان و بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و به‌رابه‌ریخوازی بوو.ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌  ئه‌گه‌رچی نه‌یتوانی وه‌کو هێزێکی یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌ ڕۆڵ ببینێت و ده‌ستی ڕه‌وته‌کانی خێڵ و پیاوسالاری و کۆنه‌په‌رستیی ناسێونالیزم کۆتا بکات،به‌ڵام ده‌نگ و ڕه‌وت و بزووتنه‌وه‌یه‌کی واقیعی و ته‌واو ڕادیکاڵ و به‌رابه‌رخواز بوو،له‌ نێو مێژوویه‌کی تاریکو شه‌وه‌زه‌نگدا،کاتێک ئه‌رزو ئاسمان له‌ ئاستی تاوانێکی بێوێنه‌دا به‌شداربوو و چاوی خۆی لێده‌نوقاند،کاتێک نوسه‌رو شاعیرو هونه‌رمه‌ندو کاره‌کته‌ره‌کانی خێڵ و تاریکی سه‌رگه‌رمی سه‌رکه‌وتنی شانۆیه‌کی دۆڕاوبوون،ئه‌و بزووتنه‌وه‌ کۆمۆنیستی و به‌رابه‌رخوازه‌ بروسکه‌ی لێده‌داو په‌رده‌ی تاریکی له‌ سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌تککراو و کوژراوو شێوێنراوی ژنان هه‌ڵده‌دایه‌وه‌.کاتێک کۆمه‌ڵگه‌و نه‌رێت و پیاوه‌کانی خێڵ کچ و کوڕه‌ عاشقه‌کانی خۆی ده‌کوشت و لوتی ده‌بڕین،له‌ ماڵ ده‌ریده‌کردن و ده‌رگه‌کانیان لێداده‌خستن،کاتێک هه‌موو دنیا گوێی خۆی لێکه‌ڕ ده‌کردن، کۆمۆنیسته‌کان به‌ ده‌نگی به‌رز هاواریان ده‌کردو تاشه‌به‌ردی گه‌وره‌یان ده‌هاویشته‌ نێو زه‌ریای تاوان و بێده‌نگییه‌وه‌.کاتێک لیبراڵترین و به‌ نێو"ئازادیخواز"ترینی پیاوه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ له‌ ئاستی تاوانه‌کانی شه‌ره‌فدا زمانیان نه‌ده‌هاته‌گۆ،ده‌نگ و بزووتنه‌وه‌ به‌رابه‌رخوازو ڕۆشنگه‌ره‌که‌ی نێو مێژوو،بێسڵکردنه‌وه‌ له‌ به‌ها حه‌رام و پیرۆزه‌یی و نه‌فره‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌،به‌ ده‌نگی به‌رز کوشتنی ژنانیان له‌ ژێر هه‌ر په‌رده‌یه‌کدا مه‌حکومده‌کرد.هه‌ڵبه‌ته‌ لێره‌دا نامه‌وێت هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌م که‌ ڕۆخسارو مێژووی کۆمۆنیسته‌کان جوان نیشانبده‌م که‌ بێگومانم ته‌نها ڕه‌هه‌نده‌ ڕۆشنگه‌ره‌که‌ی نێو ئه‌و مێژووه‌ن،بێگومانیشم له‌وه‌ که‌ ئێستاشی له‌ گه‌ڵدا بێت ئه‌گه‌ر کۆمۆنیسته‌کان بوونیان له‌و مێژووه‌دا نه‌بوایه‌،نه‌ک پیاوه‌کانی خێڵ و پارته‌کانی به‌ڵکو به‌رابه‌رخوازترینی قه‌ڵه‌مه‌کانیش له‌ ئاستی تیرۆر له‌ ژێر ناوی شه‌ره‌فدا زمانیان به‌ گۆ نه‌ده‌هات.که‌منه‌بوون ئه‌وانه‌ی ده‌یانگوت کۆمۆنیسته‌کان به‌رگری له‌(قه‌حبه‌)ده‌که‌ن،بێجگه‌ له‌ کۆمۆنیسته‌کانیش که‌مبوون یان_هه‌ر نه‌بوون_بتوانن له‌ ژێر کاریگه‌ری گوزارشتی پیسی به‌رگریکردن له‌ (قه‌حبه)‌‌ به‌ چۆکدا نه‌هاتباو رۆخساری سورو شه‌ڵاڵی عاره‌قی شه‌رمه‌زاری نه‌بوایه‌!
 ئێستا ئه‌وه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌ که‌ پیاوه‌کانی خێڵ له‌ دوێخانێکدا کۆده‌بنه‌وه‌و ڕێسای کۆیله‌تی و بازاڕی گروپی سێکسی گه‌رم ده‌که‌ن و ژنان نابوت و کۆت و به‌ند ده‌که‌ن.له‌ خۆڕا نییه‌ دوای مێژوویه‌کی ترسناکی ژن کوشتن،که‌سێکی وه‌کو نه‌وشێروان مسته‌فا که‌ ئاکتیڤێکی نێوو ئه‌و مێژووه‌یه‌ حاشا له‌ کێشه‌ی ژنان بکات و بڵێت کێشه‌یه‌ک به‌ نێوی کێشه‌ی ژنان له‌ کوردستان نییه‌…!

   کازم قادر
 04.11.2008
 

Previous
Next