كلكی كتكی پرسیارە….ڕانانی كتێب: گۆران ڕەسوول زەوقە
كلكی كتكی پرسیارە*
ڕانانی كتێب: گۆران ڕەسوول زەوقە
ئەوەندەی پێویستم بە شیعرە
هێندە پێویستم بە هەناسە نییە
ئەوین مرۆڤەكان ناكوژێت بەڵكوو لەسەر لێواری نێوان ژیان و مەرگ ڕایاندەگرێت , عەشق ژیان و مەرگە لەیەك كاتدا وەلێ ئەوەی بەهانای ئەویندارەوە دێت شیعرە , ئاخر شیعر بۆ مرۆڤ خوێنە , هەناسەیە , گلێنەیە , ……
تۆ بلێی بەهەشتی شاعیران هەمان بەهەشتی مرۆڤەكانی دی بێت ؟! ئاخر ئەوەی كە شاعیر دەیەوێ تەنیا وشەیە. هەموو شاعیرێك ڕازیە بەوەی كە زیندانی بكرێت نەك وشەی لێ وەرگریتەوە. ( جیاوازییەكی سەرەكی نێوان بەكارهێنانە پراكتیكیەكەی زمان و بەكارهێنانە ئەدەبییەكەی ، ئەمەیە كە لەئەدەبدا بەتایبەتی شیعر ، وشەكان بە تەواوی بەكاردەهێنرێن . ڕوانینێك بۆ پێكهاتی وشەكان، تێگەیشتن لەم مەسەلەیە ڕونتر دەكاتەوە ) 1 . پێموایە تەنیا شیعر دەتوانێ هەموو واتاكان لە باوەش بگرێ .
زەمین ئی كەروێشكان بوو
مرۆڤ هات و لێی زەوت كردن ل 113
گەورەترین ئەركی شیعر ئەوەیە كە مەبەستێكی زۆر لە دەربڕینێكی كورتا بڵێ . ڤۆڵتێر دەیگوت : (شیعر گەورەیەكی هەیە ئەویش ئەوەیە بە وشەی كەمتر لە پەخشان زیاتر دەڵێت ) , وەلێ هەباسی شاعیر ** نەك هەر ئەو بیرۆكەی ڕەچاوكردووە بەڵكوو ترسیشی لە درێژ دادڕی كردووە و هێندەشی ڕازاندۆتەوە دەڵێی گوڵ و گوڵزار دەنووسێتەوە . هەرچەندە شیعر ئامانجە و هەوڵی شاعیر گەیشتن بە و ئامانجەیە وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا كورترین رێگا بۆ گەیشتن بە ئامانج درێژترین ماوەی مانەوەی هێژی شیعرەكەیە. ئەوەی لەمەودوا باسی دەكەم هەندێ سەرنجی بچووكن :
كەرێك دەحەپێ
بە حەپینەكەی
گوڵی دەمەشێر دەپشكوێ ل 25
كەر دەزەڕێ وەلێ ئەوەی دەحەپێ سەگە . ئاخر هەر گیاندارێك دەنكێكی تایبەتی خۆی هەیە وەك میاوەمیاوی پشیلە و قیڕ قیڕی بۆق و گمە گمی كۆترو قاسپەی كەو و چەه چەهەی بولبول و لوورەی گورگ و ….
(شە) ش
پێش لە تۆ حەژ لە ئاوێنە دەكات ل 79
ئەم ( لە ) یەی پێش تۆ سەڕەڕای ئەوەی كە زیادەیە تۆنی شیعرەكەشی ناخۆش كردووە. خاڵێكی هەرە گرینگ لە شیعردا ئاوازەكەیەتی ، شیعری بێ ئاواز وەك بەهارێكی بێ گوڵ وایە . هەر لە بارەی ئاوازی شعریشەوە لۆرانس پیرین دەڵێ : ( ئەركی تایبەتیی شیعر وەك شتێك جودا لە مۆسیقا گواستنەوی كێش و ئاواز نییە ، بەڵكو گواستنەوەی مانا یان ئەزموونە، بەهۆی ئاوازەكانەوە )2 .
شیعرەكانمی
لێك شێواند و
نوودەقی پێ بەخشیم ل39
بۆ ئەوەی جوانتر و ڕاستر و بۆ گوتنیش خۆشتر بێت دەبوایە بڵێت : نوودەقێكی پێبەخشیم .
(( هەوكە , سەرك , كۆرە , بویتە , هەڵگۆت ، قەردار , كێهەیان , هەندی , شە , دەیهاوێتە , …))
ئەوەی كە شیعر قورس دەكا زمانی ناوچەییە، ئاخر شیعر دەبێ بە زمانێكی باڵا بنووسرێت وەلێ زمانی ناوچەیی قسەی كۆمەڵ خەڵكێكی شارێك یان ناوچەیەكە ڕەنگە لە هەندێ ناوچەی تر هەر نەبن و نەبیسترابن. دەشێ كە نووسران هاوواتاین یاخود ڕوونكردنەوەیان بۆ بنووسرێ ، وەك چۆن شاعیر بۆ وشەی ( مۆزیقا ) لە كۆتایی كتێبەكە لەگەڵ چەند دەستەواژەیەكی دی كردوویەتی . ئەم وشانەی سەرەوەش زمانی ناوچەیی شاعیرن .
مرۆڤ گورگە
مرۆڤ سەگە
مرۆڤ مارە
مرۆڤ مەیموونە
مرۆڤ لەوانە خراپترە
حاشاكی ئەو بەڕێزانە ل 49
یەكێك لە خەسڵتەكانی شاعیری چاك ئەوەیە كە سل َ لە هیچ یاسا و ڕێبازێك نەكاتەوە , وەك چۆن ئەوین لەسەرووی هەموو یاسایەكەوەیە شیعریش هەروا، ئاخر شیعری پاك سەربەخۆیە و سەربەخۆیش دەدا بە شاعیر .
بارانیش
بە ژەنگان بۆی بۆیە دەكا ل 124
ناتەواویەك لەو (ان) ەی ژەنگان دەبینم ئاخر وەك چۆن (مرۆڤ) بەتەنیا هەم واتای تاك و هەمیش كۆ دەدات بۆ ژەنگیش هەروا. گەر بنووسرێت یان نا هیچ گۆڕانكاریەكی ڕێزمانی و واتای ڕوونادات . ( باران بە ژەنگ بۆی ڕەنگ دەكرد) .
ئەمە چ ماكیاجێكە ؟!
برۆی پێ جۆش داوە ل 12
فرمێسك بوو
نەیهێشت چاوە جوانەكانی
نوقمی ماكیاژ بن ل 42
ئەرێ لە ( ماكیاج ) و ( ماكیاژ ) كامەیان ڕاستترە ؟
ئامێر , خزمی مرۆڤن ل 93
ئەوە ڕوون و ئاشكرایە لە ڕێزمانی كوردیدا گەر بكەر كۆ بێت فرمانیش كۆ دەبێت بۆ تاكیش هەروا بۆ نموونە :
گەڵاكە هەڵوەری .
گەڵاكان هەڵوەرین .
كەوایە كە ئامێر تاكە ئەم (ن) ی كۆیە چییە بە مرۆڤەوە نووساوە ؟ بۆیە ڕاستتر بوو بنووسرێت
ئامێر خزمی مرۆڤە یان ئامێرەكان خزمی مرۆڤن .
(( ڕەنگ زەق , تیشكی زەق , دەنگی زەق )) بەستنەوە و دانەپاڵی ئەم هەموو وشەیە بە ( زەقە ) ەوە هەم زەق ماندوو دەكات و هەم شیعر و خوێنەریش.
سەركە بتێكی بەردە
سەركۆتە و ئی سەردەمی بەر لە زایین بوو ل 11
لە دێری یەكەمدا شاعیر لە ئێستا و لە دێری دووەمدا لە ڕابردوو دەدوێ كە هەردووكیان پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان لە واتا و فۆرم هەیە .
سەركە بتێكی بەردە
سەركۆتە و ئی سەردەمی بەر لەزایینە
هەروەها (سەر )ی دووەم زیادەیە چونكە تۆ هەر باس لە (سەر) دەكەی واتا بەم شێوەیە :
سەركە بتێكی بەردەە
كۆتە و ئی سەردەمی بەر لە زایین بوو ,
چی لەناو مەمكەكانیدا
دەشێرێتەوە ؟
با نەیكەین بە پرسیاری مەتەڵ
جیزدانی پارە . ل 138
( پرسیاری مەتەڵ ) دەربڕینێكی درێژە دەگونجا گەر تەنیا پرسیار یان مەتەڵ با .
قفل وكلیل نێر و مێن
ژەنگ , لێ ناگەڕێن جووت بن ل 79
من
هەم میمم
هەمیش نوون ل 63
ئەوەی كە دەیخوێنمەوە و یەكسەر ئەزبەری دەكەم، ئەو دێرە جوانانەن كە یەكەمجارە دەیانبینم و دەیانبیستم . ئەوە تەنیا شتی نوێیە ڕەگ تا قوڵایی زەوی دادەكوتێ .
شیعر مەدهۆش گوتەنی : لای من مناڵێكە زادەی هەناوە باڵدارێكە لە هێلانەی ژانا خووڵقاوە
ئەوەندەی شیعر خزمەتی مرۆڤایەتی كردووە هیچ شتیكی تر و هیچ زانستێك نەیكردووە , شیعر زادەی پاكییە و پاكی بە مرۆڤ و هەموو شتێك دەبەخشێت . تا نهۆش هیچ ژانرێكی تر وەك شیعر بە تەواوی دیوی ناوەوەی نووسەرەكەی نەخستۆتە ڕوو ، ئاخر ئەوە تەنیا شیعرە جگە لە ڕاستگۆیی هیچ شتێكی تر نیشان نادات. ئەگەر ڕۆژێك بۆنی گوڵێكت لە سووتانی پەڕەیەك یا كتێبێك بۆ هات لات سەیرنەبێ بەڵكو ئەوە بزانە شیعری لە سەر نووسراوەتەوە .
* كلكی كتكی پرسیارە – كورتە هۆنراوە , عەباس عەبدوڵا یوسف . دەزگای ئاراس 2007 هەولێر
** هەباسی شاعیر : مەبەست شاعیر عەباس عەبدوڵا یوسفە شاعیر خۆی وا دەڵێ .
1، 2 .شیعر چییە ؟ , لۆرانس پیرین ، و. ئەبوبەكر خۆشناو . خانەی وەرگێڕان
ئەم بابەتە لە گۆڤاری نەوشەفەق ژمارە 60 بڵاوكراوەتەوە