فرەژنى بووبە یاسا ، گەنجان چ دەڵێن ؟
بەدواداچوون: هێما نیازى
رانیە
Hema89rania@yahoo.com
فرەژنى بووبە یاسا ، گەنجان چ دەڵێن ؟
كوڕێك : فرەژنى جۆرێكە لە ئینحرافى كۆمەڵایەتی !
كچێك : فرەژنى بەرزى ئاستى پیاوەتى پیاو لە كۆمەڵگەدا دەردەخات !!
" بۆ توێژى لاوان ، هاوسەرگیرى گرنگى و واتاى خۆى هەیە ، چونكە پرۆسەیەكى سروشتییە و رووداوێكى گرنگى ژیانى تاكەكەسە ، لە داهاتوودا ئەركێكى كۆمەڵایەتیشە ، یاساى فرەژنى لە پەرلەمانى كوردستان پەسند كرا ، گەنجیش وەك هەموو یاسا هەمواركراوەكانى دى بە دوورەپەرێزى لەم یاسایەى ڕوانى ، لە كاتێكدا ئەو پڕۆسەیە گرێبەستێكە تایبەتە بەوان . ئەدى دەبێ بیروڕایان چۆن بێ دەربارەى یاساى چەسپاوى فرەژنى و چۆن گوزراشتى لێ بكەن "
( كاروان ) گوتى : ئافرەت سیمبولى جوانى و نەرمونیانى و خۆشەویستییە ، بێ گومان ئەوەى ئافرەت پێشكەشى ڕەگەزى نێرى دەكات هیچ دروستكراوێكى تر ناتوانێت پێی ببەخشێت ، دەبێ پیاوانیش ئافرەتئاسا بە هەمان شێوە وەڵام و پەرچەكردار بەرامبە ئافرەتان دروستبكەن ، بەڵام بە داخەوە ئێمە بە فرەژنى پاداشتیان دەدەینەوە كە پرۆسەیەكە پڕاوپڕە لە تاكڕەویی و پاتریاكى و جۆرێكە لە ئینحرافى كۆمەڵایەتى ، دەشبێ ڕۆژێك بێ هەمووان هەست بە خراپى فرەژنى بكەین نەك دەستەبژیرێكى رۆشنبیر ، ئاكام دەبێ لە كۆمەڵگەدا بنبڕببێ .
( ڕەوەز ) خێزاندارە و خاوەنى منداڵێكە دەستى بە قسەكانى كرد و گوتى : من تا بەرزترین رادە دژى فرەژنیمە چونكە بە ڕاى من یاسایەكى مێژوویی كۆن و سواوە و كرانەوەى دەروازەى ئاژاوە و ناعەدالەتى نایەكسانیە لە هەمو ماڵ و كۆمەڵێكدا ، بۆیە من دژى ئەو یاسایەم و بە چاكى دانانێم بە پێشبینى منیش پێموایە چۆن دیاردەى ژن بە ژنە بە تێپەڕبوونى كات كەمبۆوە و خەریكە هەر نامێنێ ئاواش فرەژنى بە هۆى بەرزبوونەوەى ئاستى ڕۆشنبیری خەڵكەوە نامێنێت .
( ئاشنا ) گووتى : لە وڵاتى كوردستاندا ، چەمكە مۆدێرن و ریفۆرمیی و هاوسەردەمەكان تەنها بە وشەى رووت هاتوونەتە ناومان ، هیچ پاشخانێكى واقعییان لە پشت نیە تەنها چەمكى سادەن و بە سەرماندا گشتێنراون و لە ماناكانیان نازانین و پراكتیزەیان ناكەین ، یەكێك لە دیاردە كۆمەڵایەتی و ئاینییەكانى ئێمە فرەژنییە ، فرەژنى لە كۆمەڵى ئێمەدا بەرزى ئاستى پیاوەتى پیاو لە كۆمەڵگەدا دەردەخات ، بەڵام ئەوەى جێگەى پەژارەیەكى زیاترە بۆ ئێمە ئەوەیە چەمكى ( دژە فرەژنى )یش وەك ئەم چەمكە رۆتینیانەیە كە لەسەرەوە باسم كرد ، ئەوەش بە جۆرێك تەنانەت لەو ژنانەش دڵنیا نیمە كە بانگەشەى عەدالەت و یەكسانى و دژەفرەژنى دەكەن چجاى بنبڕكردنى و بەرەنگاربوونەوەى !
( سیروان ) گەنجێكە تەمەن 22 ساڵە ، گوتى : سەرەتا من وەكو ڕاى خۆم دژى فرەژنیم بە هەموو پاسا و و بیانوە نەگریسە باوكساراییەكانیەوە ، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانى منە كاركردنى ئەنجومەنی نیشتمانیە لە رووى كارو بەرنامە و پلانەكانى ، نازانم لە وڵاتێكى وەكو كوردستان كە وڵاتێكى پڕا و پڕە لە ئاریشە و كێشە چ پێویست دەكات لە سەر دیاردەیەكى كلاسیكى كۆنى كۆمەڵایەتى قسە بكرێت لە كاتێكدا ئێمە سەدان كێشەى لەوە گرنگترمان هەیە كە قسەو باسیان نەگەیشتۆتە ناو پەرلەمان .
( عەبدولڵا ) جیا لەوانى تر گوتى : فرەژنى لە لایەن پێغەمبەرمان محمد (د.خ ) پەسند كراوە ئەمەش بە پیشت بەستن بە دەقى قورئانى پیرۆز ، پێشم وایە دەستكارى كردنى یاسا ئاینییەكان لە زەرەر زیاتر هیچى تر بە ئێمە ناگەیەنەت ، هەر یاسایەك كە لە لایەن خوداى گەورەوە هاتبێت پێویست ناكات مرۆڤەكان دەستكارى بكەن ئەمە یاسایەكى ئاینیە , سەرپێچییەكى گەورەبە بۆ ئێمە دەست لەم بابەتە وەربدەین .
لە پپَش ئاینى ئیسلام و لە سەروبەندى بڵاوبوونەوەى ئاینى ئیسلام لە ڕووى بارى كۆمەڵایەتى ئاینى و سیاسیەوە لە نیمچە دوورگەى عەرەب ، واى دەخواست فرەژنى ببێتە دیادەیەكى پێویست و خوازرا و ئەمەش لەم كاتەدا ڕەگى داكوتا و ڕەنگى دایەوە، بە واتایەكى تر پێویستییەكى مێژوویی واى كردوە فرەژنى دروست بێت ، ئەم دیاردە كۆمەڵایەتییەش درێژ بۆتەوە تا ئێستا ، هەنوكە لەم سەردەمەدا فرەژنى نامۆیە چونكە ئێمە لەم سەردەمە تێپەڕیون و دەبێ مرۆڤەكان بە هۆشیارى بیر بكەنەوە كە فرەژنى جگە لە دروسبوونى كێشە هیچى تر بە دەوروبەر ناگەیەنێت ، فرەژنى هیچ ڕەهەندێكى لۆژیكى لەپشتەوە نیە تەنها خۆى لە تێركردنى غەریزەى تاكەكەسى ئەو كاراكتەرەى بە فرەژنى هەڵدەستێت دەبینێتەوە . ئەمە قسەى ( جوتیار) ى قوتابی زانكۆ بوو .
( ئارام ) گەنجێك بوو ،گوتى : من پشتگیرى لەم یاسا هەمواركراوە دەكەم ئەوەش بە پەیڕەوكردنى ئەو بنەماو مەرجانەى بۆى دانرا ، بە ڕاى من فرەژنى دیاردەیەكى پۆزەتیڤە لە كۆمەڵى ئێمەدا چونكە ئاستى ڕۆشنبیرى تاكەكانمان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەى وەكو وڵاتانى ئەوروپى گەنجان و پیاوان ( گیڕڵ فڕێند ) یان هەبێت بۆ مەبەستى پڕكردنەوەى فەڕاغ و بۆشاییە سێكسۆلۆجیەكانى ، ئەمە لێرەدا سنور بەزاندنە بەڵام فرەژنى جێگاى ئەوەى گرتۆتەوە ئەمەش لە چوارچێوەیەكى یاسایی و ڕەوایەتى ئاینیەوە ، ئەمە لە لایەك لە لایەكى ترەوە سودى فرەژنى ئەوەیە كە گەنجان دوور دەخاتەوە لە كارى ناڕەوا و نابەجێ بەوەى كە بە شێوەیەكى یاسایی ژنى دووەم و سێهەم دێنێ و لەگەڵیان ژیان دەكات ، دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە دژى فرەژنى ڕەهامە و بە لەبەرچاوگرتنى ئەو مەرجانەى پەرلەمان داینا بۆ كردەى فرەژنى پەسندى دەكەم .
( هەردى ) بە مۆبایلەكەى لەگەڵ خۆشەویستەكەى قسەى دەكرد دواتر بۆم دواو و گوتى : سەبارەت بە فرەژنى زۆر زۆر بە توندى دژى دەوەستمەوە چونكە هیچ پاساوێك نیە پیاوێك چوار ژن بهێنێت ، ئەمە ئەوپەڕى تێنەگەیشتنە لە مانا و بەها جوانەكانى خۆشەویستى و پەیوەندییە پیرۆزەكانى ژن و پیاو . ئەو گوتى : من ماوەى 6 ساڵە كچێكم خۆش دەوێت ئەو هەموو ژیانى بۆ من تەرخان كردووە و لە داهاتوودا دەبێتە هاوسەرم ، ئەو لە ماوەى خۆشەویستەكەماندا قوربانیەكى زۆرى بۆداوم دڵنیام لە داهاتووشدا هەر وادەبێت ، پاش هاوسەرگیرى چ كارەساتێكە بچم ژنى دووهەمى بەسەر بهێنم ئایا ئەمە دەرخستنى وەفا دەگەیەنێت ، بۆیە من پشتگیرى لەم یاسایە ناكەم و دژى دەوەستم ، بەڵام ئەوەى روحێكى بچووكمان بە بەردا دەكاتەوە ئەو مەرجانەن كە بۆ فرەژنى چەسپا لە لایەن پەرلەمانەوە .