Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
ناوەند و كەنار لە سەردەمی شاشەو نێت دا ……محەمەد حسین

ناوەند و كەنار لە سەردەمی شاشەو نێت دا ……محەمەد حسین

Closed
by November 26, 2008 گشتی

 
 ناوەند و كەنار لە سەردەمی شاشەو نێت دا
 
 هەمومان لەبەردەم ئینتەرنێتـدا یەكسانین .
 
 بۆفێربون و خۆپێگەیاندن , بۆبەدەستهێنانی كتێب و سەرچاوە زانستى و مەعریفیەكان , بۆئاشنا بون بە دەسكەوتە زانستى وهونەرى و ئەدەبیەكانی سەردەم , هەتا دە ساڵ لەمەوبەر لەڕۆشنبیرى كوردیدا هەمیشە باسی ناوەند و كەنار ئەكرا , قسە لەو دەرفەت وچانسە زۆرانە ئەكرا كە لەناوەندا هەیە و لەشارە كەناریەكاندا خوێنەر و ئارەزومەندانی لێى بێ بەشە . هەڵبەتە كەباسی ناوەند ئەكرێت , لەكوردستاندا هەمیشە هەولێرو سلێمانی و لەئاستی عێراقیشدا بەغداد لەبەرچاوە , بە هەموو ئەو شاروشارۆچكانەى لەدەورو پشت و دەرەوەى ئەم ناوەندانەیش هەبوو ئەوترا كەنار , یان ناوچە پەراوێزخراوەكان  . جگە لەم پۆلێنكردنەى ناوەند و كەنار كە بەلاى زۆرەوە ڕیشەیەكی سیاسی هەیە , زۆر جار خەڵكی ناوچە كەناریەكان خۆیان ئەم هەست بەپەراوێزكردنەیان زیاتر لابەهێز ئەبوو  , یان وەكو بیانویەك بەكاریان ئەهێنا بۆئەوەى بەشێكی زۆرى ئەو لاوازی و دواكەوتنەى لەبوارە فەرهەنگیەكاندا هەیە پیا هەڵواسن .
  دیارە ناوهێنانی ئەم شارانەى لاى خۆمان بەناوەند تەنها لەو پرۆسەى بەراوردكاریەوە دێت كەئەشێـت كەسێك لەكەلار و چۆمان یان هەڵەبجەو ئاكرێ و چەمچەماڵ لەگەڵ هەولێریەك و سلێمانیەك دا خۆی ببینێـەوە , ئەگینا نەهەولێر و نەسلێمانی هیچیان تایبەتمەندیەكانی ( گەورەشارى ) تیانیە , metropolitan نین , وەك ئەوەى نیۆرك و بۆمباى و لەندەن و ئەستەنبول هەیە . بەهەرحاڵ كێشەكە لەگەورەیى و بچوكی سلێمانیدا نیە , قەیدی چیە با ئەوان هەر ناوەند بن  , بەڵكو ئێمە پێویستمانبەبینیى ئەو  گۆڕانانە  هەیە  كە تەكنۆلۆجیاى هاوچەرخی communication دروستى كردووە .. ئایا ئێستا ئەم پۆلێنكردنەى كەنار وناوەند لەئاستە فەرهەنگیەكەیدا هیچ مانایەكی ماوە , ئایا مەعقولە لەسەردەمی  mass media  ى جیهانگیریدا  هەر وا بەچاوی هەشتاكانی سەدەی بیستەمەوە تەماشاى ئەم مەسەلەیە بكەین , ئەكرێت ئەو هەموو گۆڕانەى سەتەلایت و ئینتەرنێت و مانگەدەستكردەكان دروستیانكردووە لەبەرچاونەگرین .
  بێگومان لەڕوی فەرهەنگیەوە هاتنی ئینتەرنێت وسەتەلایت كۆتایى بەم هاوكێشەى كەنار و ناوەندە هێنا, لەسایەى ئینتەرنێـتدا ئیتر هیچ كەسێك لەكەناردا ناژى ,  كەنار بەمانافەرهەنگیەكی كۆنسێپتێك بوو بەكارهێنانی لە  قۆناخی ئینتەرنێـدا  تەواو بێ مانایە  . ئەمە نەك هەر بۆكەلار و ئاكرێ لەبەرامبەر هەولێر و سلێمانی , بەڵكو بۆ خێڵەسەرەتاییەكانی هند و بەربەریەكانی مرۆیتانیاو مەغربیش بەرامبەر پاریس و واشنتۆن DC هەرڕاستە , ئەمە هاودەرفەتیەیە كە بەئمتیازی چاخی جیهانگەرایى دائەنرێت , چونكە لەم سەردەمەدا چەندە دەرفەت بۆ بە هێزە كان هەیە , هێندەیش بۆلاوازەكان , ئەمریكا و قاعیدە باشترین نمونەی ئەم ڕاستیەن .
 ئەگەر بپرسین ئەوە چ سەرچاوەیەكە لەبەردەستى خوێنەرانی هەولێر و سلێمانیدا هەیە و لەكفرى و شێخان دەست ناكەوێـت , تابلۆى كام هونەرمەندی جیهانیە لەبەغداد ئەتوانرێـت ببینرێـت و لەدیالە و سەماوە دەستەبەر نیە , كێ ڕێگەى لە خوێنەرێكی گەرمیانی و پێنجوێنی گرتووە ڕۆژانە لەگەڵ نوسینەكانی نوۆم چۆمسكی و سەلمان ڕوشدی و یوسف قەرزاوی مشتومڕ و دیبەتی خۆى بكات , لە چ شارۆچكەیەكی دورەدەستى كوردستانەوە ناتوانین كتێبەكانی WWW.Pertwk.com بەبەلاش وەرگرین و بیخوێنینەوە , بەدڵنیاییەوە وەڵامەكە ( هیچ ) ئەبێـت  . ئەمە ئەو جیهانە ئەلكترۆنیەیە مانگە دەستكردەكان بۆى دروستكردوین   , مەیدانێكە و  بۆهەموان وەكو یەك كراوەیە , هەر لەئوسامە بنلادنەوە تا ئەگاتە جۆرج بۆش , لەتابلۆكانی بیكاسۆوە بۆ وێنەى ئەو قوربانیانەى گروپەكانی قاعیدە سەریان ئەبڕن , لەمۆسیقا و پاپی مایكل جاكسنەوە تائەگاتە هۆرەى على نەزەر , هەموان كەڵك لەم هاودەرفەتیە وەر ئەگرن  . هەر ئەم هاودەرفەتی و یەكسانیەیشە بیانوی نەهێشتۆتەوە بۆ ئەو بەڕێزانەى  پێشتر  دەستكورتی و هەژارى چالاكیە ڕۆشنبیرى و هونەریەكانی ناوچە كەناریەكانیان پێ پاساو ئەدا  .
 دیارە كێشەى كەنار و ناوەند لەڕوی سیاسی و ئابورى و تەنانەت كۆمەڵایەتیشەوە زۆر بەزەقی لەكوردستاندا هەیە , بەڕاستی شارەبچوكەكان تا ئێستایش هەر گیرۆدەى كەڵچەر و نەریتی زۆر سەركوتكارو  توندوتیژە  , مەگەر ئەوكەسانەى تیا ژیابن وێناى بڕی ئەو ستەم و نەهامەتیە بكەن مرۆڤ وەك تاكەكەس لەم شاروشارۆچكانەدا ئەیبینێت . لەڕوی خزمەتگوزارى و پرۆژەى ئابورى بونیادی و ئاستی بایەخدانى حكومەتەوە هەروا ئەم جیاوازیە تاڵ و زەقانە ئەبینرێت , بەڵام خۆشبەختانە پێشكەوتنەزانستیەكان و تەكنۆلۆجیاى سەرمایەدارى لەڕوی ڕۆشنبیریەوە ئەم جیاوازیەى سڕیەوە , ئەوەى خودا  و دەسڵات و ئابورى و حیزب بەجیاوازى  ڕایانگرتبو , ئینتەرنێـت بەهێمنی و سەتەلایت بەجەنجاڵیەكی زۆرەوە هاتن و لانی كەم لەبوارى ڕۆشنبیریدا كۆتاییان پێ هێنا . 
 
 muhemedhusen@yahoo.com
 محەمەد حسین
 

Previous
Next