ئاماژەی خێر لەگەڕانەوەى ئالوسیدا…..عەدنان سەیدحسێن
ئاماژەی خێر لەگەڕانەوەى ئالوسیدا
عەدنان سەیدحسێنعیراق لەتەنگژەیەكی راستەقینەدا دەژێت، ئەمەیان قسەیەكە ڕای جیاواز هەڵناگرێت هەمووان ئەو هەقیقەتە باش دەزانین، ئەمما رووداوەكەى ئالوسی كڵاورۆژنەیەكی خێر بوو بۆ ئێمەى عیراقی كە دەكرێت بەئایندەى گەشی عیراق ئەژماری بكەین.
میسال ئالوسی سەركردەیەكی دیاری نێو گۆڕەپانی سیاسی عیراقە، نەیارەكانی لەیارەكانی گەلێك زۆرترن، كەسایەتییەكی عەلمانیەو لە فەنی سازشكردن و سیاسەتیشدا خوێندكارێكە نمرەكانی بەشی دەرچوون ناكات.
ئالوسی بە ئاشكرا سەردانی ئیسرائیلی كرد، لە پەرلەمانی عیراقیشدا پشگەز نەبووەوە لێی و داوای لێبوردنیشی نەكرد، باجەكەشی كوژرانی دووان لەكوڕەكانی و هەڵگرتنی حەسانە پەرلەمانییەكەى بوو، بەڵام ئالوسی وای لەمەسەلەكان نەدەڕوانی ئالوسی كەسایەتییەكی سیاسیە بەداوەتنامەى رەسمی چۆتە وڵاتێك كە لەباری ئاشتیدایە لەگەڵ وڵاتەكەى ئەمدا و هیچ لێدوانێكی رەسمیشی لەوێ نەبەناوی حكومەت نە بە ناوی پەرلەمانی عیراقەوە نەداوە كەواتە هەڵەی ئالوسی چیە؟
ئەگەر مەسەلەكە هاوسۆزییە بۆ برا عەرەبەكانی فەلەستین ئەوە سەركردە فەلەستینییەكان لەخوا دەپاڕێنەوە ئیسرائیل لایەكیان لێ بكاتەوە، ئەگەر موسڵمانێتیشە ئەوا نمایندەى میسر و ئەردەن وقەتەر وئەو دوای وڵاتانی عەرەبیش لەگەشتی بەردەوامدان بۆ مەملەكەتی بەنی یەهود و ئەم هەڵایەشیان لێ ناكرێت؟ ئەدی هۆكارەكەى چییە؟
ئەو كات ئالوسی لەبەردەم ئامادەبووندا ووتی" ئێران ئەمڕۆ سەنتەری ناهەموارییەكانە لە ناوچەكەداو زۆرینەى عیراقییەكانیش پشتگیری ئەو رژێمە ناكەن." ئەمە هەڵە سەرەكییەكەى ئالووسی بوو لە عیراقی نوێدا.
لەگەڵ ئەوەشدا گیانی تایەفی پەرلەمانی عیراق، وابەستە بوون بە ئەجێندەى دەرەكییەوە، سازشكردن بۆ ئێران، ئەمریكا، عەرەبستانی سعودی، چاوپۆشین لەپێناو تەوافوقدا هۆكاری یارمەتیدەربوون لە وەرگرتنی حەسانەى ئالوسی بەزۆرینەی پەرلەمان.
كارەكەى پەرلەمان نایاسایی بوو هەروەكو رێگەگرتن لە گۆڤاری ئەلئسبوعیە لە پەرلەماندا لەسەر ویستی پەرلەمانتارێك بۆ ئەوەش تەنانەت بەها ئەعرەجی سەرۆكی لیژنەى یاسایی لە پەرلەمان وتی" تێبینیم هەبوو لە سەر سەردانەكەى چونكە دژ بە هەست و سۆزی عیراقییەكانە، بەڵام ئەو موخالەفەى دەستور و سیستمی ناوخۆیی پەرلەمانی نەكرد بۆیە بڕیارەكە هەڵە بوو."
وەرگرتنەوەى حەسانەى ئالوسی بۆ رازییكردنی كۆماری ئیسلامی ئێران و برا سوننە توندڕەوەكان فاتیحا بوو لەسەر گڵكۆی دیموكراسیەتی عیراقی، بەڵام دادگا ڕوویەكی جوانی نیشانداین و پێی وتین هێشتا خێر لە عیراقی نوێدا ماوەو دەكرێت بنەمایش بێت بۆ یەكلاییكردنەوەى كێشەكان.
ئەمە یەكەمجارە لەمێژووی (87) ساڵەى حكومەتی عیراقیدا دادگایەك بڕیارێكی دەسەڵاتی یاسادان هەڵوەشێنێتەوەو گوێ بە ئەجێندە سیاسییەكان نەدات، بەم بریارەى دادی عیراق روویەكی جوانی نیشانداین و ئاماژەیەكیشمان بۆ بە دەركەوت ئاماژەیەكی رووناك لە داهاتووی عیراق.