
ژنە ئەڤیندارەکانى قـەندیل لەتێکن لە جەستەى خودا !!…قوبادى جەلى زادە
کیژەکانى قەندیل..
کڵۆى قەندن ، لە نێو کڵۆى بەفردا .
لە نێو شاباڵى هەڵفرینا ، دیلن !
پۆلێک خاتوو زینن ..
باڵاى تفەنگیان لە باڵاى کاکەمەم ،
خۆشتر دەوێ !
خوویان داوەتە نارنجۆک ،
مەمکە خورتەکانى خۆیان لە بیر چۆتەوە .
خوێنیان لە خوێنى شەهید ، سوور ترە !
کچەکانى قەندیل ..
بە ئاگر لێویان سوور دەکەن .
دیدەیان بە باروود دەڕێژن !
قژیان داوەتە دەست رەشەبا .. ،
لە نێو هەگبەیاندا .. تەنیا ،
یەک شانە هەیە ،
شانەى تفەنگ !!
هەناسەیان ، تەمێکى چڕە لە پەلکە زێڕینە .
لە بەر پشتیاندا ،
خەنجەرێک و چلێک رەیحان
شەڵاڵ لە بۆنى (( نەهرى )) .
کە شوێن پێیان لە سەر سینگى بەفردا جێدەهێڵن ،
دەبن بە سەدان ئینجانەى
گوڵە مێخەکى ئومێد .
ژنە پاکیزەکانى قەندیل ..
ژیلەمۆى ژێر کەوی یە بەفرن .
دڵى ئەو رووبارانە دەدەنەوە ، کە زریان خوێنى کردوون بە شەختە .
کاتێ رەوە رەوە ، لە نێو ئەشکەوتى خەباتا دێنە دەرێ ،
کەڵە کێوى حەیرانیان دەبن .
ئەوان لەتێکن لە جەستەى خودا !
ژنە ئەڤیندارەکانى قەندیل ..
تیشک لە ئاسۆ دەڕننەوە .
گوڵە سوورەکانى بن بەفر چەپک دەکەن.
هاکا گەردى بە یانییەک ،
بە سەبەتەى گوڵ و رووناکییەوە
رژانە سەر ،
شەقامە خەمگینەکانى ئامەد !!