
یاده‌وه‌ریه‌کانی پشکۆ نه‌جمه‌دین
یاده‌وه‌ریه‌کانی پشکۆ نه‌جمه‌دین
له کۆی (یادی و ئه‌زمون)دا
تێڕمانینێکی سۆسیۆ سایکۆلۆژی مێژوویی
ئاسۆ بیاره‌یی
هاوینی 2008 سوید
assobyari@yahoo.com
یادو ئه‌زمونه‌کانی پشکۆ نه‌جمه‌دین و من.
یاده‌کانی، گێڕانه‌وه‌کانی بۆ هه‌موو منێکی بوو به پێشمه‌رگه، له و ته‌مه‌نه‌ی ئه‌ودا خۆم دێته‌وه، کاتێک هێشتا ڕیشم ده‌رنه‌کردبوو باوه‌شم کرد به شاخدا تاکو ئاواتی چینی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان بهێنمه دی، هه‌رچه‌نده دوای چه‌ند مانگێک بۆم ساغ بووه‌وه که کوردستان داگیرکراوه و ده‌بێت رزگار بکرێت، هه‌رچه‌نده وه‌کو زۆربه‌ی پێشمه‌رگه، تووشی ترواما(داخورپان) و کاره‌ساتی شه‌ڕ بووم و تا ئێستاش وه‌کو زه‌نگێکی ترسناک له ساتهکانمدا دام بوونیان ناسڕێته‌وه. هێشتا رۆخساری دایکمم له به‌ر چاوه کاتێک پێکه‌وه به‌ره‌و بناری هه‌ورامان، له رێکه‌وتی 4-12-1983 گه‌یشتینه بنه‌که‌کانی پێشمه‌رگه له کهڕهچاڵ، ئه‌و( دایکم) به شانازییه‌وه ووتی: ئه‌م کوڕهمتان بۆ خه‌بات ده‌ده‌مه ده‌ست و له‌و ڕۆژه چه‌ند جارێک نه‌بێت، نه‌مدییه‌وه، تاکو ساڵی 1994 هه‌واڵی کۆچی دواییم بۆ هات.
بۆچی تێروانینێکی سۆسیۆسایکۆلۆژی؟
سۆسیال سایکۆلۆژی ئه زانسته‌یه که پێوه‌ندی نێوان کۆمه‌لگه و تاک ده‌ستنیشان ده‌کات، کاریگه‌ری کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر تاک و تاک له سه‌ر کۆمه‌ڵگه. سۆسیاسایکۆلۆژی ده‌که‌وێته نێوان زانستی ده‌روونناسی و کۆمه‌ڵناسی. له‌م تێرمانه‌دا له‌سه‌ر یاده‌کانی پشکۆ نه‌جمه‌دین، گرنگه گاریگه‌ری پێوه‌ره‌کانی کۆمه‌لگه‌ی کوردی و ئه‌و هێزانه‌ی که ڕه‌فتاری تاک دروست ده‌که‌ن و ده‌خه‌مڵێنن، بخرێته ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر وێنه‌یه‌کی پوخته‌ی بکه‌وێته به‌رده‌م که تا چئاستێک و چۆن، کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی خۆی به‌رهه‌م دێنێته‌وه.
کۆمه‌ڵگه ئه‌و کارگه‌یه‌یه که تاکه‌کان به‌رهه‌م دێنێت و له پێوه‌رو نۆرمه‌کانیدا کۆتیان ده‌کات ( Stvens دیمانه‌ی سۆسیال کۆنستکترهکتیڤیزم، لاپه‌ڕه 259)، ژیانی مرۆڤه‌کان گرێدراوه به سۆسیوکلتۆرهی که تێیدا ده‌ژین و که‌سایه‌تێکی کۆلهکتیڤیان بۆ دروست ده‌بێت و به‌و پیوه‌رانه هه‌ڵس و که‌وت ده‌که‌ن که کۆمه‌ڵگه‌که بۆی داناوه. که‌واته بوونی شه‌ڕی خۆ کوژی چه‌ند ساڵه‌ی کورد که ناوی به‌شه‌ڕی براکوژی ناوبه‌نگی مێژوویی هه‌یه، به‌رهه‌می ئه‌و پیۆهرانهیه که کۆمه‌ڵگه‌ی خێڵه‌کی و پاشکه‌وتوو، که جڵه‌وی تاکه‌کانی خۆی پێ به‌ستووه‌ته‌وه. لێ ئێمه هێشتا له ماڵی خۆمان نه‌بووینه‌ته خاوه‌ن ماڵ ، به‌ڵام زۆرانی ئه‌وه‌مانه که کامان ئه‌وه‌ی دی بدا به زه‌ویدا و ملی بشکێنێت. ، له خوێنماندا شه‌تاوی دووبه‌ره‌کی و قین فیچقه‌ی دێت و ده‌ڤه‌رێکی تیا نیه به‌خوێنی ئێمه‌ی برا سوورنهبووبێت. له هۆشماندا مێخی پێوه‌ره شه‌رخوازه‌کانی بنه‌ماڵه چووه‌ته خواره‌وه و کوشتنی برا و خۆشکه‌کانمان لا ئاساییه تاکو داوای مافمان له داگیرکه‌رانی کوردستان. هێنده ئه‌و پێوه‌ر و نۆرمانه‌ی بنه‌ماڵه و خێڵمان لا خه‌سته، که گوێکانمان ووشه‌ی یه‌کتر نابیستێت، ته‌نها ئاژاوه و شه‌ڕ نه‌بێت. زۆربه‌مان تووشی تراومای خێڵ و بنه‌ماڵه و سه‌رۆک بووین و هۆشی لێ بڕیووین، بووه‌ته باس و ڕه‌فتاری ڕۆژانه‌مان. ئه‌م بۆچونه ته‌واو له‌گه‌ڵ بۆچه‌نه‌کانی نیتشه‌و فروێد دا یه‌کانگیرن، کاتێک، که‌لتور، پێوه‌ری و داب و نه‌ریت به زیندان ده‌زانن بۆ تاکی کۆمه‌ڵگه و له‌بن ده‌رهێنانی هۆشیاری(یوهانسۆن2001 لاپه‌ڕه15)
هێڵی سه‌ره‌کی یاده‌وه‌ریه‌کانی نووسه‌ر:
• ژماره‌ی ئه‌زموونه‌کان 66 و کامێرای گه‌ڕانه‌وه‌ی ماتریاڵ و دیمه‌نه‌کان
پێش شه‌هێدبوونی شاری هه‌ڵه‌بجه، گه‌نجێکی خوێن گه‌رمی هه‌ڵگری تیۆریه‌کانی مارکس و لیننین و به خه‌وی به‌دیهێنانی شۆڕشی سوور و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، له پارچه‌یه‌کی پڕ کینه‌و دووبه‌ره‌کی خێڵه‌کی، پاش بینینی سته‌م هه‌ژاری، ئاش به‌تاڵ، هه‌ره‌س، نسکۆ، کاره‌سات، جه‌وری خێڵ و نه‌وخوێنده‌واری، ڕۆ ده‌کاته شاخ بۆ لاسایی کردنه‌وه‌ی ما‌و (بڕوانه لاپه‌ڕه 152 هه‌ره‌سی ئه‌یلول) و کاسترۆکانی ئه‌وپه‌ڕی دونیا، که له دوا ته‌مه‌نی ژیانیاندا بوونه دیکتاتۆرێکی دڵڕه‌ق. .یاده‌کانی ئه‌و گه‌نجه لاساره و سه‌ره‌ڕۆیه، پیاوه هێمنه‌که‌ی ئه‌مڕۆ له 272 لاپه‌ڕه‌دا توانیویه‌تی جێگه‌ی به‌شی یه‌که‌می ئه‌و چه‌ند هه‌زار یاده‌وریانه بکاته‌وه که ته‌نها هی ئه‌و نین و میلله‌تی ژێر ده‌سته‌ی کوردیش خاوه‌نیانه. م پشکۆ توانیویه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی تاڕاده‌یه‌ک باش دیمه‌نه‌کان و ڕووداوه‌کان وه‌کو کامیریهک بکاته ووشه‌و له گه‌نجینه‌ی مێشکیدا بۆ دونیای بوون دروستیان بکات.
• بوون به پێشمه‌رگه
بوون به‌پێشمه‌رگه، یان گۆڕینی جۆری تێکۆشان له خه‌باتی ڕێکخراوه‌ییه‌وه بۆ بوون چه‌کدار، هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژه‌وه ئه‌و لاوه خوێن گه‌رمه ده‌خاته کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی ناوخۆه(intra) وه و جیوازی نێوان پراکتیزه‌کردنی ئه‌و تیۆریانه که هانیان داوه و کلیلی چاره‌سه‌رکردنی میلله‌ته‌که‌ی تیادا به‌دی ده‌کات. له‌لایه‌کی دییه‌وه ده‌که‌وێته ناو کێشه‌کانی نێوان خۆی و کۆمه‌ڵگه سیاسیه‌که‌ی(inter)وه، کێشه‌کانی جه‌لالی کۆنترا مه‌لایی ته‌نگی پێ هه‌ڵده‌چنن و شه‌ڕی براکان هیوای گه‌یشتن به ئامانج لاواز ده‌که‌ن و تیرۆریهکانی مارکس و ماوی لا ده‌شێوێنن. نووسه‌ر خۆی وه‌کو ئامیرێک ده‌بینێت بۆ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی ئه‌و سانسۆره خێڵه‌کی و بنهمالهییهی که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، له سه‌ر تاکه‌کان دروستی کردووه بۆ کۆنترۆلکردنی ده‌روونی و جه‌سته‌یی(سایکۆلۆژی و فیزیکی)یان که خشته‌یه‌کی نه‌گۆڕ ڕه‌فتار و بیریان بگوشێت و له ده‌ره‌وه‌یدا نه‌توانن په‌ی به دنیای ئازاد و ڕه‌ها ببه‌ن. مه‌ترسی دروستبوون ئه‌و خشته نه‌گۆڕه ئه‌وه‌یه ، که دۆخی دۆگمی و نه‌گۆڕی له نێو گروپێک خێڵێک و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک پێک ده‌خات ، که ده‌بێته ئه‌نجامی خۆ پهراویزکردن و سه‌یرکردنی ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه به نه‌یار، (سڤێد به‌رگ 2003، لا209-223). به تاڵکردنه‌وه‌ی تاکه‌کان له هه‌موو خودێک، بوونێک و که‌سایه‌تێکی تۆکمه، ئه‌و هه‌سته‌یان لا دروست ده‌کات، که سه‌ره‌وه‌ری و مانه‌وه‌ی هه‌ره‌وه‌زی (گروپ، خێڵ و بنه‌ماڵه..هتد) پێش خۆیان ده‌بێت و وه‌کو مرۆڤێک نامۆیان ده‌کات به بوونی خۆیان ، هه‌مان سه‌رچاوه،( سنووره‌کانی خودی تاک، لاپه‌ڕه166 تاکو 175). که‌واته لێره‌دا بارێکی ئاساییه که نووسه‌ر، زوو هه‌ست ده‌کات به‌و نۆرم و پێوه‌رانه‌ی که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ده‌بن به‌ڕێوه، له یاساکانی خێڵ و بنه‌ماله له تۆڵه، ڕق، سۆز، به‌سته‌ری خوین تێپه‌ڕناکات.
• + جیاوازی نێوان شار‌و لادێ له دۆزی کێشه سیاسیه‌کاندا
نووسه‌ر ڕاشکاوانه باسی جیاوازی کێشه سیاسی و خێڵه‌کیه‌کان له نێوان شار و لادێ‌دا ده‌خاته‌ڕو کاریگه‌ریان له‌سه‌ر خه‌باتی سیاسی +چه‌کداری. جیاوازیه‌کان له شاردا به به‌یڤ و دوور له به‌کارهێنانی چه‌ك خۆیان نیشان ده‌دا، به‌ڵام له تاریکستانی ژیانی پارتیزانیدا(لادێ‌دا) ده‌بوونه تیغی فیشه‌ک و براکان له نیوان چه‌ند به‌ره‌یه‌کی په‌رته‌وازه‌دا(مه‌لایی ،جه‌لالی، حسک و پاسۆک و ئیسلامی، شیوعی، بڕوانه لاپه‌ڕه 43) و دابه‌ش ده‌بوون و ئه‌نفالێکی وه‌کو پشت ئاشان و هه‌کاریان به‌رهه‌م ده‌هێنا و هه‌زارانی وه‌کو ئه‌حمه‌د گریانه و مامه رێشه ده‌بوونه کاوڕی قوربانی بۆ رازیکردنی سه‌رۆک خێڵ و بنه‌ماڵه.
• گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و بۆسه‌دانان بۆ براکان، به‌سته‌ری خوێن و بنه‌ماڵه
له کۆمه‌ڵگه کۆله‌کتیڤ و ههرهوهزیهکاندا تاک سه‌روه‌ری خۆی له‌ده‌ست نیه و به‌سته‌ری خوێن و پێوه‌ری بنه‌ماله و خێڵ باڵا ده‌سته و سه‌رۆک بنه‌ماڵه و خێڵ خاوه‌نی هه‌موو بڕیاره‌کانه. له‌و جۆره کۆمه‌ڵگانه که تاکه‌کان بوونیان نیه و ده‌بنه سووته‌مه‌نی بۆ مانه‌وه‌ی بنه‌ماله، گیانی تۆڵه سه‌ندنه‌وه دیارده‌یه‌کی دیار و ڕونه. لێره‌دا نووسه‌ر ئۆستایانه توانیوویه‌تی دیارده‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی خێڵه‌کی و بنه‌ماڵه‌یی له ناو ئه‌و هێزه بزوێنه‌رانه‌دا وێنه‌بگرێت که چۆن کارئه‌کته‌ره‌کان بۆ سوودی خۆیان دیساینی ده‌که‌ن: بڕوانه شه‌ڕی کانی ژه‌نان(گورزی تۆڵه!) لاپه‌ڕه 73 تا 79 که چۆن هه‌ڵگرانی بیری مۆدێرن(کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لینینی) ده‌بنه سووته‌مه‌نی بڕیار سه‌رۆک خێڵ(جه‌لالی و مه‌لایی) که چۆن له گه‌رمه‌ی خه‌ودا براکان یه‌کتر ده‌کوژن و به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌کان له ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌گه‌ڕینه‌وه سه‌ر دۆخی ئاژه‌ڵ. لێره‌دا هه‌ردوو لا بکوژ و قوربانی هوشیاری خۆیان له ده‌ست نیه. هه‌ره‌وه‌ها خۆدی نووسه‌ریش ده‌بیته قوربانێێک و له شه‌ڕی خێڵه‌کیدا به‌شداری ده‌کات. . نووسه‌ر توانیویه‌تی وێنه‌ی به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی داب و نه‌ریتی خێڵه‌کی کوردی بخوێنێته‌وه و که چۆن ساڵ دوای ساڵ به‌ده‌ست ئه‌و بنه‌ماڵانه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ده‌ژێته‌وه. ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی نووسه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌نجامگیری توێژینه‌وه‌کانی پێره بۆردژۆ(1930-2002) که کۆمه‌ڵناسێکی فهرهنسیبووه هاوگیر ده‌بێته‌وه که ده‌ڵێت: ده‌سه‌لاتی سیمبۆلیی کۆمه‌ڵگه به‌ده‌ست ئه‌و هێزانه‌وه‌یه که زاڵن به‌سه‌ر پێوه‌ر و نۆرمه‌کاندا، (بروانه لاپه‌ڕه 414 تاکو 415 تیۆریرکانی کۆمه‌ڵگه،( Andesrson & kasperson 2004). به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌رانه‌ش پێوه‌ندی به ئاستی گرێدانی خۆێنی نێوان تاکه‌کانی ئه‌و خێڵه یان بناماڵه‌یه هه‌یه و تا چه‌ند بۆ سه‌رۆک یان دهسهڵاتدارنیان ملهکهچن. ژیانه‌وه‌ی گیانی تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌ی بۆ نموونه نێوان خێڵه‌کان، پارتییه‌کان و بنه‌ماڵه‌کانی ناو گه‌لی کورد، پێوه‌ندیێکی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه به‌و فاکته‌رانه‌وه که ده‌بنه هۆکاری ژیانه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ر و داب و نه‌ریته کۆنه به‌درێژایی ساڵه‌کان.
ئه‌کته‌رێکی دیاری یاده‌کان و شه‌ڕی کورد کوژی
"نه‌وشیروان، پێی وابوو ناکۆکی له گه‌ڵ پارتی و ماڵباتی به‌رزانیدا سه‌ره‌کییه و ئه‌وان له به‌ره‌ی دژه شۆرشدا وه‌ستاون.!" بڕوانه سه‌ره‌تای لاپه‌ڕه 208.
پشکۆ زۆر جار هه‌وڵی داوه ئۆبجهکتیڤانهو بێلایه‌ن ڕووداوه‌کان بگێڕێته‌وه و وه‌کو ته‌ماشاکه‌رێک له ته‌رازووی بۆچه‌نه‌کانی هه‌ڵیان بسه‌نگێنێت، تاڕاده‌یه‌کی باش سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه، نووسه‌ر له لاپه‌ڕه 154 تا 157 باسی ڕه‌فتاری شه‌ڕانگێزی نه‌وشێروان موسته‌فا ده‌کات ، کاتێک خۆی، پشکۆ و چه‌ند ئه‌ندامێک سه‌ردانی ده‌که‌ن( نه‌وشێروان موسته‌فا که سکرتێری کۆمه‌ڵه ده‌بێت، مۆن و توڕه، ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان لێ ده‌گرێت که بۆچی دیلێک له ده‌ستیان ڕای کردووه و پشکۆ هاوڕیانی به ترسنۆک ناوزه‌د ده‌کات). نووسه‌ر به پێچه‌وانه‌ی سه‌رکرده‌که‌یه‌وه(نه‌وشێروان موسته‌فا)دژی دیل کوشتن و کینه هه‌ڵگرتن بووه. به‌ڵام سه‌یره که نووسه‌ر ساڵانیکی زۆر توانیویه‌تی سه‌رکرده‌یه‌کی وا په‌سه‌ند بکات، که ئاگری تۆڵه نه‌ک شۆڕش فێری پارتزانهکانی کورد بکات و سه‌نگه‌ری بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت. ته‌نانه‌ت کارئه‌کته‌رێکی به‌رزی وه‌کو مه‌لا به‌ختیار ئاگای له‌و راستییهبووه که تاچه‌ند نه‌وشیروان موسته‌فا، مرۆڤێکی دڵ پر کینه‌و و ڕه‌ق بووه، لاپه‌ڕه 155 تا 157. که‌واته له شه‌ڕی براکاندا، هه‌موو به پێی پله‌ی لێپرساوی تاوانبارن له به فیڕۆدانی خوێنی لاوانی کورد. لیره‌دا ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێت که چۆن کۆمه‌ڵگه تاکه‌کان بهپیوهرهکانی خۆی، له قاڵبی بنه‌ماڵه و خێڵدا په‌روه‌رده ده‌کات بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی خۆی. سه‌رانی کورد به‌شێوازێکی کارامه تا ئه‌مڕۆش ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان به قازانجی تایبه‌تی خۆیان په‌روه‌رده ده‌که‌ن، ئه‌مه‌شه(به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی پێوه‌ره دڕنده‌کانی بنه‌ماڵه) بزوتنه‌وه‌ی کوردی له باشوور ئیفلیج کردووه و به‌رامبه‌ر یه‌کتر دڵڕه‌ق و بۆ داگیرکه‌رانی کوردستان ئه‌وپه‌ڕی نه‌رمی.
ئه‌م دهربڕیهنهی نووسه‌ر و بێلایه‌نی له باسکردن و گێڕانه‌وه‌ی ڕوودواوهکان، ئه‌نجامگیریه‌ک ده‌دات به‌ده‌سته‌وه که:
• له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تای پێوه‌ندیکردنی به شاخه‌وه، بیرباوهرڕیکی چه‌پی هه‌ڵگرتووه و نه‌گونجاوبووه له گه‌ڵ پێوه‌ندییه خێڵه‌کیه‌کان، زۆر ڕاشکاوانه‌و بێ سڵکردنه‌وه باسی زاڵبوونی ژیانی بنه‌ماڵه‌یی و خێڵه‌کی ده‌کات که لێچونیی شه‌ڕی مه‌لایی و جه‌لالی ده‌بینێت.
• له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسه‌ر یه‌کێک بووه له دامه‌زرێنه‌رانی ئاڵای شۆڕش و زیندانی بوونی له‌لای خودی ینک و ئازاردانی، ویستوویه‌تی ڕوی شه‌ڕانگیزی ینک به‌گشتی و لایه‌نه‌کانی تر بخاته ڕو.
• له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له ژێر کۆنتێکستێکی نوێدایه ، بێگۆمان بۆچونه‌کانیش گۆڕاوون و ڕوداوه فره لایه‌نه‌کانی به‌شیوه‌یه‌کی تر ههڵدهسهنگاندووه و ته‌ماشا ی کردوون
گرنگی یادهروهریهکانی وه‌کو داتایه‌کی سۆسیۆسایکۆلۆژی
• تراومای وێنه‌و شه‌ڕه‌کان
له زۆربه‌ی یاده‌کاندا، شه‌ڕه‌کان له هه‌ناوی نووسه‌ردا وه‌کو پشکۆیه‌کی گه‌ش باڵ به‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌کاندا ده‌کشێنن وچزه له جه‌سته‌ی نووسه‌ر هه‌ڵده‌ستێنن. شه‌هیدبوونی هاوڕێکانی، کوشتنی برا دوژمنه‌کانی، سووتاندی گونده‌کان، ڕوی دزێوی داگیرکه‌رانی کوردستان، قێژه‌ی منداڵان و وێنه‌ی لاوێن و پڕ ئه‌مه‌کی دایکی، ناسۆره‌کانی ده‌که‌نه پوازگه به‌رد و هه‌موو ساتێک برینداری ده‌که‌ن. کاره‌ساته‌کان نووسه‌ر ده‌یانگێرێته‌وه ،به‌ڵام ته‌نها هی ئه‌وه نین و زۆر له‌و پێشمه‌رگه دێرینانه‌ی که له ژیاندا ماون ، سات نیه خه‌و به شه‌ڕ و به‌گوڵ و بۆردومانه‌وه نه‌بینن.
گرنگی ئه‌م یادهورانه وه‌کو ماتریاڵێکی سۆسیۆسایکۆلۆژی له سه‌ر ئاستی ماکرۆ و میکرۆوه، له سه‌ر ئاستی تاک و کۆمه‌ڵگه، ئهزمونێکن بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ساته ناوخۆیی و ده‌ره‌کیانه که تووشی میلله‌تی کورد هاتوون و ده‌به‌ن. لێ کاریگه‌ری تراوما یان کاره‌سات وه‌کو تیغێک یان درێلێک پێکهاته‌ی بوونی مرۆڤ ده‌شێوێنن و ژیانی لێ تاڵ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ی جوان بێت یان تاڵ، سروشتی بێت یان دروستکرد، بۆنی کاره‌ساتی لی دێت بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که‌تووشی کاره‌ساتی تراوما ده‌بێت. سۆسه‌ن کاپلاند که پله‌ی پرۆفیسۆری هه‌یه له دروونناسیدا، له‌گه‌ڵ چل منداڵی جوله‌که‌دا، دوای 40 ساڵ چاوپێکه‌وتنی له گه‌ڵدا کردوون، گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که تراواما وه‌کو زه‌نگیک ژیانی مرۆڤ ده‌شێوێنێت.
• گرێدانی ده‌روونی
نووسه‌ر به‌سته‌رێکی ده‌روونی له نێوان و خۆیی و یاده‌کانیدا دروست کردووه، یان ئه‌وه تراومای یادهکانن که گیانی نووسه‌ریان به خۆوه گریداوه و دووباره و ده‌باره باسی برایی و خۆین و هاوژیان ده‌کات، ده‌روونێکی پڕ له کۆیادێکی تاڵ وهه‌ندێ جاریش خۆش. نووه‌سه‌ر زۆر باسی تراومای خنکاندنی ئه‌و لاوه ته‌مه‌ن حه‌ڤده ساڵه ده‌کات، که‌ته‌مه‌نی پێشمه‌رگایه‌تی دوو ڕۆژ ده‌بێت و له‌گۆی ئاوی سیرواندا ده‌خنکێت،( لاپه‌ره 216 پشکۆ نه‌جمه‌دین 1978-1983). ئه‌و کاره‌ساته تاکو ئه‌مڕۆش میشکی نووسه‌ر ده‌گوشێت، تراومایه‌کی پڕ زه‌نگه.".مامۆستا گیان من نامه‌وێت بمرم"، هه‌مان سه‌رچاوه لاپه‌ڕه223.
خاڵه لاوازه‌کان
• نووسه‌ر زۆر جار گێڕانه‌وه‌ی یاده‌کان و له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی نوێی تێکه‌ڵ یه‌کدی کردووه، ئه‌وه‌ش پێوه‌ندی به ته‌مه‌نی بیست ساڵه‌ی یادهکانهیهوه هه‌یه‌تی و نه‌بوونی ڕۆژمێرێک که نووسه‌ر بتوانێت پشتی پێ ببستێت. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ نه‌بوونی بایه‌خدان به‌کلتوری نووسین له نێو کوردا.
• پاش و پێشکردنی گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌کان، بۆ نموونه نووسه‌ر له‌لاپه‌ڕه 248 واته له کۆتایی کتێبه‌که‌یدا باسی یادێکی بوون به پێشمه‌رگه‌یی خۆی ده‌کات سالێ 1978. ئه‌م جۆره شێوازه سه‌ر له خوێنه‌ر تێک ده‌دات و هه‌میشه له بازنه‌یه‌کی بێ ئه‌نجامدا گیری ده‌کات. هه‌رچه‌نده نووسه‌ر خۆی له‌سه‌ره‌تای کتێبه‌که‌یدا باسی ئه‌وه ده‌کات که ئه‌و کارێکی ئه‌کادیمی نانوسێت.
• باسه میژووییه‌کان هه‌ندێ جار له ناو چه‌قی یاده‌کاندا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، (بروانه لاپه‌ڕه 143 مێژووی بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی کوردستان). رونتر ده‌بوو ئه‌گه‌ر نووسه‌ر به‌شێکی یاده‌وریه‌کانی ته‌رخان بکردایه بۆ به‌شی مێژوویی، چونکه ئه‌گه‌ر که‌سێک یاگاداری پێشمه‌رگایه‌تی نه‌بێت له مه‌به‌ستی نووسه‌ر تێ ناگات و په‌یامه‌که ناگات. هه‌روه‌ها هێشتا مێژووی کوردیش له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان نه‌نووسراوه‌ته‌وه تاکو خوێنه‌ر بتوانێت پێی ئاشنا بێت.
• بۆ ئاشنایی بوونی خوێنه‌ر ده‌بوو نووسه‌ر کورته‌یه‌کی مێژوویی پوختی له‌سه‌ر هه‌موو رێکخراوه‌کانی ناو ینکی پێشکه‌ش بکردایا.
• نووسه‌ر زۆر له گێڕانه‌وه‌ی یاده‌کاندا پێ داگرتووه‌و باسی کردوون، به‌ڵام به‌شیوه‌یه‌کی ڕون ئه‌و ئه‌زمونانه ناخاته به‌رده‌م خوێنه‌ران که کامهنن تا وه‌کو سوودیان لێ وه‌ربگرێت بێجگه هه‌ندێ جار له باسکردنی ڕای خۆی.
• باس نه‌کردنی کاره‌ساتی هه‌کاری به شێوه‌یه‌کی تێر و ته‌سه‌ل، بڕوانه لاپه‌ڕه71 تاکو 72، ئایا ئه‌و پرسه نێهنیانه کامانه‌ن که سه‌رکردایه‌تی ینک به هه‌موو پێکهاته ڕێکخراوه‌کانیه‌وه، ئه‌وسا و ئێستا وێری ئه‌وه‌یان نه‌کردووه که بڵاویان بکاته‌وه، ئایا ئه‌وه به‌شێک نیه له مێژووی کورد؟ ئایا نووسه‌ر بێداری ئه‌و بریاره هه‌ڵانه‌یه که سه‌رکردایه‌تی وه‌ری گرتوون سه‌باره‌ت به ناردنی زیاتر له 1200 کادیری کۆمه‌ڵه؟ یان ئه‌ویش بێده‌نگه؟ لیره‌شدا ده‌بێت دیسان ڕۆلی تاڵه‌بانی وه‌کو ڕابه‌رێکی ئه‌وسا و ئێستای ینک ده‌ستنیشان بکرێت، له هه‌موو ههنگاوێکی ینک به گشتی، چونکه هه‌رده‌م سه‌رکرده‌بووه.
خاڵه به‌هێزه‌کان
ئه‌وه خاڵه به‌هیزه‌ی که شایه‌نی باسه نووسه‌ری "یاد و ئه‌زموون" توانیوویه‌تی په‌نجه‌ی بێ ترس بخاته سه‌ر ئه‌وه‌یه:
ناوبردنی ئه‌و کارهئهکتهرانهیه که شه‌ڕی براکوژی (جه‌لالی و مه‌لایی) یان به‌رهه‌مهێناوه‌ته‌وه و به سه‌دان کوڕی کوردیان له پێناوی بنه‌ماڵه‌کانیاندا داوه به‌کوشت. هه‌رچه‌نده ئه‌م یادانه، ته‌نها دڵۆپێکن له دیرۆکی بزوتنه‌وه‌یه‌کی درێژ، به‌ڵام وه‌کو شایهتحاڵکن بۆئه‌وانه‌ی که تاوانیان دژی مرۆڤ ئه‌نجام داوه و ڕاستیێکن، که ئه‌گه‌ر دادگایه‌کی بیلانهن هه‌بووایه ده‌بوو هه‌ریه‌که به پێی تاوانی خۆی سزا بدرایه. باشتربوو ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ساڵانی 1990تا 1996 ئه‌م یادانه‌ی تۆمار بکردایه، هه‌رچه‌نده دوورنه‌بوو ببنه جێگه‌ی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ژیانی تایبه‌تی خۆی، چونکه ئه‌مڕۆ ئه‌و یادانه ته‌نها مێژوو و هیچی تر، ته‌نها توێژێکی هێجگار که‌م ده‌یخوێننه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پێشمه‌رگه بوون.
سه‌رچاوه‌کان
نه‌جمه‌دین، پ. (2008). یاد و ئه‌زموون. سوێد: چاپخانه‌ی کتابی هه‌رزان، چاپی یه‌که‌م
Kaplan, S. (2003). Barn under Förintelsen då och nu. Finland: tryckning WS BO Bookwell. ISBN 91-27-09648-8
Stevens, R ( 1998). Att förstå människor. Lund: Studentlitteratur.
Andersson, H & Kaspersen, L.B. (2003). Klassisk och modern Samhällsteor. Lund: Studentlitteratur.
Johansson, T.(2001). Socialpsykologi – subjektivitet, överskridande och förändring. . Lund: Studentlitteratur.
Svedberg, L. ( 2003). Gruppsykolog- om grupper, organisationer och ledarskap. Studentlitteratur.