بوش و پێڵاویەكەی زەیدی و سەركردەكانی كورد
بوش و پێڵاویەكەی زەیدی و سەركردەكانی كورد
محەمەد رەئوفدیمەنی ئەو رۆژنامەنووسەی پێڵاوەكانی گرتە بوش، پانتاییەكی گەورەی لە نێو دەزگاكانی راگەیاندندا گرتەوە، بەجۆرێك زیاتر لە سەردانەكەی بوش بۆ عێراق گرنگی پێدرا، ئەمیش لە نێوەندە سیاسی و رۆژنامەوانیەكاندا چەندین لێكدانەوەو راڤەكردنی جیاوازی بۆ كرا، لەگەڵ ئەوەی ئەو رووداوە بەرپرسانی عێراقى بەتایبەتیش نوری مالیكی شەرمەزار كردو ئەو كردەوەیەیان بە بێرێزی لەقەڵەمدا، زۆرێك لە رۆژنامەنوسانیش كردەوەكەیان بە كارێكی دوور لە ئەخلاقیاتی رۆژنامەوانی وەسف كرد، بەڵام ئەوەی بە ئاسایی لەقەڵەمدا، تەنها خودی بوش بوو، ئەو كردەوەكەی بە ئازادی تاكەكەسی لە عێراق وەسف كردوو پێی وابوو بەرهەمی ئازادی و رزگاری عێراقە.
دەكرێت ئەم رووداوە چەندین خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بكرێت، لەلایەك لە كلتوری هاوڵاتیانی عەرەب و گەلانی رۆژهەڵاتدا گرتنی پێڵاو لە هەركەسێك، بەتایبەتیش گەر میوان، بێت ئەوە بێرێزیەك و ئیهانەیەكی تەواوە بەو كەسە، بۆیە ئەو كردەوەیە، بەلای بەرپرسانی عێراقەوە بە ئیهانەكردنی نەك تەنها بوش، بەڵكو ئیهانەیەكی تەواوی مالیكی و سەركردەكانی عێراق درایە قەڵەم، بەڵام ئەو كردەوەیە بە نیسبەت شەقامی عەرەبیەوە رەمزی ئازایەتی و قارەمانێتیە، ئەوان ئەو كردەوەیە بە شكاندنی هەیبەتی بوش و ئەمریكا دادەنێن و پێیان وایە ئەوە پەیامی نارەزایی گەلانی عێراقە دژ بە ئەمریكاو هێزەكانی ئەو وڵاتە لە عێراقدا.
لە مێژووی عێراقدا، ئەمە دووەم رووداوی لەو شێوەیە كە پێڵاو دەبێتە رەمز و شاشەی تەلەفزیۆنەكان داگیردەكات، ئەویش لە ساڵی 2003 دا بۆیەكەمجار نەعلەكەی دەستی ئەبو تەحسین كە لە وێنەكەی سەدامی دەدا بووە رەمز و زەنگی روخانی رژێمی بەعسی راگەیاند، بۆیە هەرچەندە پێڵاو لەرووی زاراوەی كۆمەڵایەتیەوە هەڵگری بەهاو مانایەكی خراپ و بێرێزیە، بەڵام وابروات دەبێتە رەمزو شوناسی ئازایەتی و گۆران و نارەزایی.
ئەوەی جێگەی لەسەر وەستان و هەڵوێستە لەسەركردنە، زەردەخنەو تێكنەچوونی بوشە بەو رووداوەو لێكدانەوەی بە كردەوەیەكی ئاسایی و ئازادی دەربرین و بەرهەمی ئازادی، نەك شكاندنی كەسێتی سەرۆكی گەورەترین وڵاتی جیهان، ئەم هەڵوێستەی بوش پەیامێكی جدی پڕ لە لێبوردەیی دایە سەرجەم بەرپرس و دەسەڵاتدارانی وڵات، ئەو رووداوە ئەگەر بەرامبەر بەهەر بەرپرسێكی عێراق و كوردستان بكرایە چی رووی نادا، سەرەرای لەجێدا كوشتنى ئەو كەسە هەزاران لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكراو بەدەستی دەرەكی و تیرۆرستی دەدرایە قەڵەم.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر ئەو رووداوە ( خوانەخواستە) رۆژنامەنوسێكی كورد بەرامبەر بە سەركردەیەكی وڵاتی خۆمان بیكردایە چی روویدەدا، ئایا تەنها بەزەردەخەنە وەڵامی دەدرایەوە ؟ یان گرتن و سەرنەگومكرن و كوشتن.
ئەمرۆ لە كوردستان رۆژانە ئیهانە بە روژنامە نووسان دەكرێت و دەكوژرین لە سەر نوسینی بابەتێك، ئەمرۆ لەبەرئەوەی بەتەنهاو بەبێ ئەوەی كەس گوێی لێبێت لە دڵی خۆیدا شاعیرێكی سلێمانی حكومەتی بەگەندەڵ ناوبردووە، كەلەبچە دەكرێت و ئیهانەی پێدەكرێت، ئایا ئەگەر محەمەد عومەر عوسمان پێڵاوەكەی بگرتایەتە سەرۆكى وڵات چی دەقەوما، بۆیە با سەرۆكەكانی خۆمان لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكاندا پێڵاو بە رۆژنامەنووسان دانەكەنن، چونكە ژینگەیەكی وا رەخساندووە، كە هیچ رۆژنامەنوسێك جورئەتی ئەوە نەكات، بەتەنهاش بە سەرۆك بڵێت خراپ نەك پێڵاوی تێبگرێت، با رۆژنامەنوسانیش هەرگیز بیر لە كردەوەى لەو شێوەیە نەكەنەوە و چاوەڕوانی وەڵامی زەردەخەنە ئامێز نەبن.