
به‌ڕێز سیاسه‌توان و ئاکادیمیست مامۆستا عه‌بدوڵا حیجاب و چه‌ند پرسیارێکی ناوه‌ندی چاک
به‌ڕێز سیاسه‌توان و ئاکادیمیست مامۆستا عه‌بدوڵا حیجاب و چه‌ند پرسیارێکی ناوه‌ندی چاک
1 / به‌ڕێزتان وه‌ک نوێنه‌ری حیزبی دیموکراتی کوردستان ـ ئێران ئه‌ندامن له ڕێکخراوی UNOP دا، قازانجی ئه‌م ڕێکخراوه بۆ دۆزی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌ته‌کان و نه‌ته‌وه‌ی کورد به تایبه‌تی بۆ خوێنه‌رانی ناوه‌ندی چاک ڕوون بکه‌ره‌وه.
زۆر سوپاس بۆ وه‌ڕێخستنی ئه‌و دیمانه‌یه. ئه‌ندامبوونی حیزبی دێمۆکرات له ڕێکخراوی گه‌لان و نه‌ته‌وه بێ نوێنه‌ره‌کان دا ده‌رفه‌تێک بۆ ئێمه‌ی کورد و به تایبه‌ت کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ڕه‌خسێنێ که له کاناڵێکی پێوه‌ندیگرتنی جیهانی که‌ڵک وه‌ربگرین بۆ پتر ناساندنی دۆزی نه‌ته‌وه‌ییمان. UNPO ڕێکخراوێکی خاوه‌نی توانایی بڕیاردان له سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لان نیه و ناتوانێ له ئاستی جیهانی دا ده‌وڵه‌تێک یا ناوه‌ندێک ناچار بکا تا هه‌ڵوێستێک بگرێ یا هه‌نگاوێک هه‌ڵێنێته‌وه که له گه‌ڵ به‌رنامه‌ی خۆی نه‌گونجێ.
به‌ڵامUNPO ڕێکخراوێکی ناسراوی جیهانییه که له گه‌ڵ زۆر ناوه‌ندی خاوه‌ن ده‌سه‌لاتی بڕیاردان پێوه‌ندی هه‌یه و ئێمه له ڕێگای ئهندامهتیمانهوه ده‌توانین دۆزی نه‌ته‌وه‌ییمان پتر بناسێنین. ئیدی ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر خۆمان و تواناییه‌کانمان که تا چ ڕاده‌یه‌ک بتوانین له‌و کاناڵه که‌ڵک وه‌ربگرین و بۆ به‌ره‌و پێش بردنی داخوازییه‌کانمان کار بکه‌ین.
به‌شداری له هه‌ر ڕێکخراوێکی له‌م چه‌شنه مه‌شرووعیه‌تێکی پتر ده‌به‌خشێ به‌و خه‌باته‌ی که چه‌ندین ساڵه له کوردستان به‌ڕێوه ده‌چێ، به‌ڵام ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی جیهانیی نه‌بووه. ئێستا وێڕای ئێمه پتر له 70 نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی دیکه‌ش له‌و ڕێکخراوه دا ئه‌ندامن. ئاڵوگۆڕی ئه‌زموون و بیر و ڕا له نێوان ئه‌و گه‌لانه دا ده‌توانێ یارمه‌تی ده‌ر بێ بۆ گه‌شه‌پێدانی بزووتنه‌وه‌که‌مان له ئاستی جیهانی دا. بێجگه له‌مه، ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ به‌شداری کردن له کۆڕ و کۆمه‌ڵه جیهانییه‌کانی وه‌ک کۆنسه یا ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ و ناوه‌نده هاوشێوه‌کان یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن که که‌لێنێک له ئاستی دیپلۆماسی دا پڕ که‌ینه‌وه و ڕێگا نه‌ده‌ین که گرفتی بێ ده‌وڵه‌تی هه‌موو دهرهتانهکانمان لێ زه‌وت بکا.
2/ چ له پێشدا و چ له ئێستادا گه‌لی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان بیری نه‌ته‌وه‌یی لاواز بووه، کاتێک که کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له نه‌وده‌کاندا له ئه‌وروپادا دامه‌زرا، هیوایه‌کی خسته دڵی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه که کاری له‌و چه‌شنه، بیری نه‌ته‌وه‌یی تاکی کورد به‌هێز ئه‌کات و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی کورد به گشتی ده‌خاته سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی و ناوچه‌گه‌رێتی و په‌یوه‌ندیه دیپلۆماته‌کانی سیاسی بهرفراوندهکات و زمانێکی مۆدێرنی سیاسی مرۆیی وا دێنێته گۆڕێ که زیاتر دۆزی کورد له جیهاندا وه‌ک دۆزێکی ڕه‌وا بناسێنێت که نه‌توانرێت پهراویزبخرێت، به تایبه‌تی دوای جینۆسایدی گه‌لی کورد له باشوری کوردستاندا، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌وه‌ی که دیاره ئه‌م ئامانجه نه‌پێکرا تا ئه‌مڕۆ. به‌ڕێزتان که پێشتر ئه‌ندامی ئه‌وکۆنگره‌یه بوون و تا ئاستی جێگری سه‌رۆکی کۆنگره هه‌ڵبژێردرابوون به شێوه‌یه‌کی ڕانه‌گه‌یه‌ندراو وازتان له‌و ڕێکخراوه هێنا، گه‌ر مومکینه له سه‌ر بنه‌مای فیکری ئه‌و ڕێکخراوه و خاڵه لاواز‌و به‌هێزه‌کانی قسه‌مان بۆ بکه‌ن.
پێک هاتنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان له ساڵی 1999 ههنگاوێکی گرینگ بوو بۆ به هێز کردنی بنه‌ماکانی هزری یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستان. له هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کانی پێش پێکهاتنی کۆنگره‌وه له ساڵی 1997 تا دامه‌زراندنی کۆنگره زۆربه‌ی به‌شداران و منیش وه‌ک یه‌کێک له‌و که‌سانه، هه‌وڵی ئه‌وه‌مان ده‌دا که کۆنگره‌یه‌کی وا دابمه‌زرێنین که سه‌رڕای خۆپاراستن له ده‌ستتێوه‌ردان له کار و باری پارتیه سیاسیه‌کان، چوارچێوه‌یه‌کی هابه‌شی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌ڵس و که‌وتی لایه‌نه‌کانی به‌شدار له بزووتنه‌وه‌ی کوردستان دابنێ.
کۆنگره، سه‌ره‌ڕای گرفت و که‌م و کوورییهکانی، توانی له ماوه‌یه‌کی کورت دا سه‌دان ڕووناکبیر و سیاسه‌توانی کورد له ده‌وری خۆی کۆ بکاته‌وه و سه‌ره‌نجام قه‌واره‌یه‌کی دامه‌زراوی نه‌ته‌وه‌یی به خۆیه‌وه بگرێ. به شێوه‌یه‌ک که ئه‌ده‌بیاتی سیاسی کۆنگره، سه‌مبۆل و نرخه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی، بیرۆکه‌ی یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و پێکه‌وه گرێدراوهبوونی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی کورد، ورده ورده وه‌ک زمان و به‌رنامه‌یه‌کی نهتهوهیییان لێ هات و کێشرانه نێو ئه‌ده‌بیاتی سیاسی حیزبه کوردیه‌کانه‌وه. هه‌روه‌ها کۆنگره له شه‌ره نێوخۆییه‌کانی هێزهکوردیهکانیش سه‌ره‌ڕای به هێزبوونی لایه‌نی پارتی کرێکارانی کوردستان، قه‌ت به ڕاشکاوی له دژی هێزێک و به قازانجی هێزێکی دیکه هه‌ڵوێستی نه‌گرت. ته‌نیا له به‌رامبه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌وه و هێڵی سوور هاواری به‌رز ده‌کرد.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، کۆنگره توانی وه‌ک پلاتفۆرمێکی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی، ببێ به مه‌کۆی باس و گفتگۆ سیاسیه‌کانی پێوه‌ندی دار به چاره‌نووسی کورده‌وه. له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا کاره‌کانی کۆنگره به‌رچاو بوون و به ڕاشکاوی ده‌توانم بڵێم که ئه‌ندامانی کۆنگره به قورسایهتیهکی جیاوازه‌وه له کۆڕوکۆمه‌ڵه سیاسیه‌کان دا وه‌رده‌گیران. له زۆر پارلمان و ناوه‌نده سیاسیه‌کانی ئه‌ورووپا کۆبوونه‌وه‌ی ئاستی باڵا گیران و ده‌ستکه‌وته‌کانی کاری دیپلۆماسی کۆنگره بۆ هه‌مووی بزووتنه‌وه‌ی کوردستان باش بوون.
به‌ڵام کێشه‌ی کۆنگره ئه‌وه بوو که ورده ورده لایه‌نه خاوه‌ن نفووزه‌کان لێ کشانه‌وه و کۆنگره‌یان بۆ تاکه‌که‌سه‌کانی ئه‌ندام و ئه‌و لایه‌نه به جێ هێشت که له سه‌ره‌تاوه زۆر هه‌وڵی دابوو بۆ دامه‌زراندنی، واتا پارتی کرێکارانی کوردستان. PKK ش که به دروشمی گۆڕانکاری، خۆنوێکردنه‌وه و ریفۆرمی سیاسی به مه‌به‌ستی به هێز کردنی بنه‌ماکانی دێمۆکراسی و پته‌و کردنی بیری هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی له کوردستان، به‌شێکی زۆری ڕووناک‌بیری کوردی به ده‌وری خۆی کۆ کردبووه، نه‌یتوانی وه‌ڵامده‌ری وه‌زعه‌که بێ. دروشمه‌کان له سه‌ر کاخه‌ز مانه‌وه و ڕه‌وتی پاشه‌کشه له دروشمه‌کان ده‌ستی پێ کرد. هه‌روه‌ها له نێو خۆی بزووتنه‌وه‌ی PKK دا ناکۆکی و جیاوازی ده‌ستی پێ‌کرد و ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری به هێز کردنی KNK و یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بوون ورده ورده یا لێ که‌وتن یا به شێوه‌یه‌ک دوورخرانه‌وه و هێندێکیان به شێوه‌ی گوماناوی له به‌ین بران.
خودی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییش به بێ ئیمکاناتی دارایی سه‌ربه‌خۆ و به بێ به‌شداریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی حیزب و لایه‌نه کوردییه‌کان، کرا به یه‌کێک له ئۆرگانه‌کانی سه‌ر به ڕێکخراوه‌کانی ڕیزی دووهه‌می پارتی کرێکارانی کوردستان و ته‌نیا ئه‌و ده‌مانه باسی لێوه کرا که ئه‌و لایه‌نه پێویستی به پرۆپاگه‌نده‌که‌ی هه‌بایه. ئێستاش هه‌ر ناو و نیشانه‌کانی KNK ماون و بۆ دیکۆر به کاری دێنن.
با ئه‌وه‌ش ڕوون که‌مه‌وه که من له زۆربه‌ی سالانی ئه‌ندامه‌تیم له کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی دا ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤیKNK بووم، به‌ڵام جێگری سه‌رۆک نه‌بووم. به پێچه‌وانه‌وه، جێگری سه‌رۆکی کۆنگره‌ی گه‌ل، ڕێزدار زوبه‌یر ئایدار بووم که قه‌رار بوو ببێته ئه‌و ڕێکخراوه دێمۆکراتیهی کهPKK قه‌وڵی دابوو به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆی ڕێگای دامه‌زراندنی خۆش بکا. ئه‌و ڕێکخراوه بوو به قوربانیی کێشه‌کانی نێو خۆیی سه‌رکرده‌کانی پێشووی PKK و له کرده‌وه‌دا هه‌ر به ناته‌واوی مایه‌وه. له سه‌ره‌تا دا عۆسمان ئۆجالان بوو به قوربانی و هه‌ڵات، کانی ییلماز له سلێمانی ترۆر کرا و به‌شێکی تری کادره‌کانی گۆڕانخوازی ڕێبه‌رایه‌تیه‌که‌ی ناچار کران بکشێنه‌وه. له‌و میانه دا من و که‌سانی غه‌یری PKK که به مه‌به‌ستی یارمه‌تیدان به ڕه‌وتی ڕیفۆرم به بانگه‌وازی به‌شی ڕێفۆرمخوازی ڕێبه‌رایه‌تی PKKه‌وه چووبووین یا ده‌بوو ببینه لایه‌نێک له کێشه نێوخۆییه‌کانی ئه‌وان، یا واز بێنین. من هیچ پێوه‌ندییه‌کی ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوه‌ییم به پارتی کرێکارانه‌وه نه‌بوو و ئه‌وه‌م له نامه‌یه‌کی دوور و درێژ بۆ سه‌رکردایه‌تی پێشووی پ‌ك‌ك له سالێ 2003 دا ڕوون کردۆته‌وه (که له کاتی خۆی دا بڵاوی ده‌که‌مه‌وه). تهنیامهبهستی من یارمه‌تیدان به ڕه‌وتێک بووه که به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کورد له باکووری کوردستان ده‌ستی یارمه‌تی بۆ لای چه‌ند که‌سێک له ئه‌ندامانی ڕاده‌ی سه‌ره‌وه‌ی KNK ی درێژ کردبوو. کاتێک ئه‌و به پیرهوهچوونه بێ ئاکام مایه‌وه، خواحافیزیم لێ کردن.
3/ ئایه پێتان وانیه که کورد کاری له‌و چه‌شنه به بنه‌مان بگرێت له داهاتودا؟ واته له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێت که ئه‌م ڕێکخراوه یان ڕێکخراوێکی له‌و چه‌شنه سه‌ربه‌خۆ و دوور له کاری حیزبایه‌تیه‌وه، به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌لی کورد به گشتی ئامانجی بێت و بۆ ئه‌مه‌ش به عه‌قڵێتێکی مۆدێرنی وا کاربکات دژ به هه‌موو جۆره چه‌وساندنه‌وه‌و ناهه‌مواری و نادادپهروهیهک بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و نادادپهروهریهش له گه‌لی کورد خۆیه‌وه بێت به‌رمبه‌ر به گه‌لان و نه‌ته‌وه‌ی تر.
ڕاسته، کورد پێویستی به وه‌ها ڕێکخراوێک هه‌یه. ته‌نانه‌ت بۆ ده‌وڵه‌ته‌کانی جیرانیش هیچ زه‌ره‌رێک نیه که ناوه‌ندێکی هاوبه‌شی کوردستانی هه‌بێ که داخوازه سیاسیه‌کانی گه‌لی کورد به ڕاشکاوی ڕابگه‌یه‌نێ و بۆ دیالۆگ و چاره‌سه‌ری ببێته لایه‌ن. له‌و وه‌خته دا ئیدی پچر پچری و له‌ت له‌ت بوون ناتوانێ زه‌ربه‌مان لێ بدا.
له ڕه‌وتی نه‌ته‌وه‌سازی دا پرۆژه‌ی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لێک گرینگه. به داخم که بڵێم بزووتنه‌وه‌ی کوردی سه‌ره‌رای مێژووی ده‌یان ساڵه‌ی، ئێستاش ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ته‌واو نه‌کردوه. پێم خۆش نیه که دڵی هێندێک له چالاکڤانانی بزووتنه‌وه‌ی کوردی بشکێنم، به‌ڵام با نهشیشارینهوه که هه‌ر ئه‌و ڕه‌وته‌ی که ئێستا له به‌شی ئازادی کوردستان ده‌چێته پێش، نیشانه‌ی ته‌واونه‌بوونی پرۆژه‌ی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌ییمانه. ده‌نا، بۆ ده‌بێ کوردی سلێمانی به سه‌رکه‌وتنی تیمی فووتبۆلی عێراق شاگه‌شکه بێ، یا خود گرینگ‌ترین به‌ڵگه‌ی یاسایی کوردستان له پارله‌مانی وه‌ڵات به زمانی بیانی بنووسرێ یا نه‌خشه‌ی له سه‌ر زێڕدروستکراوی عێراق له پایته‌ختی کوردستان چه‌ندین به‌رامبه‌ری سه‌مبۆله نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کوردستان بێ. داخوا له هه‌موو کۆسۆڤۆ به‌ر له ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی یه‌ک نیشانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی یۆگوسلاوی پێشوو وه‌ده‌ست ده‌که‌وت؟
پلاتفۆرمێکی هاوبه‌شی کورد، جا چ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێ یا ڕێکخراوێکی دیکه‌ی له‌م چه‌شنه، بۆ دیاری کردنی چوارچێوه‌ی هاوکاری کوردستانی زۆر پێویسته.
4/ ماوه‌یه‌که حیزبه سیاسیه‌کانی گه‌لی کورد، به تایبه‌تی حیزبه سیاسیه‌کانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات له قه‌یرانێکی ته‌شکیلاتی و سیاسیدان، ئه‌مه‌ش فاکته‌رێکه بۆ ڕه‌شبینی و لاوازی تاکی کورد، پێتان وانیه که به‌هێزکردنی ناوه‌ند و ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه مه‌ده‌نیه‌کانی کورد به تایبه‌تی له ئه‌وروپادا ئه‌لته‌رناتیڤێکی له‌باره بۆ جێگرتنه‌وه‌ی خه‌باتی ئه‌و حیزبه سیاسیانه؟ له‌گه‌ڵ ڕێزمان بۆ خه‌باتی سیاسی ئه‌و حیزبانه، و مه‌به‌ستمان ئه‌وه نیه که حیزبی سیاسی بسڕیهنهوه.
بێ گومان. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه پلاتفۆرمێکی ئاوا نه ده‌بێ و نه ده‌کرێ جێگه‌ی حیزبه‌کان بگرێته‌وه. ناوه‌ندێکی وه‌ها ده‌توانێ ببێ به شێوه پارله‌مانێکی کوردستانی یا خود ناوه‌ندێکی باس و گفتۆگۆی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌ر کێشه هاوبه‌شه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان.
له لایه‌کی دیکه‌وه ناوه‌ندێكی وه‌ها ده‌توانێ تاراوگه‌ی پرش و بڵاوی کورد له یه‌کتر نزی بکاته‌وه. له بواری ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یشه‌وه، کاری به‌م چه‌شنه دڵنیاییه‌ک ده‌دا به‌و هه‌زاران کورده‌ی که له وه‌ڵاتی خۆیان دوورن، به‌ڵام به هیوای گه‌رانه‌وه بۆ وه‌ڵاتن.
5/ به باوه‌ڕی ئێوه کێشه‌ی کوردانی دانیشتوی تاراوگه چیه؟ چی باشه بۆ ئه‌وه‌ی کورد له په‌رته‌وازه‌یی بێته ده‌ره‌وه و به هزرێکی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێرنی واوه چالاکبێت، که کولتوری مۆدێرنه‌ی ئه‌وروپا به جۆرێک قبوڵبکات، که کاریگه‌ری هه‌بێت بۆ دژه باوه‌کانی کوردستان و ڕێساکۆنهکان، که به داخه‌وه وه‌ک ده‌بینین له ئه‌ورپاشدا کورده‌کان وابه‌سته‌ی کولتورێکی کۆن و بهسرچوی ئه‌وتۆن که زۆر جار کوشتن وبڕینی ژن و کچی خێزانه‌کانی لێده‌که‌وێته‌وه.
له لای کورده‌کانی دانیشتووی تاراوگه کێشه زۆرن. گرینگ‌ترینیان خۆ ساز دان له گه‌ڵ شێوه ژیانێکی نوێ یه که له جیاتی که‌سایه‌تی به کۆمه‌ڵ، گرینگی ده‌دا به تاک و مافی تاک. ئیدی لێره‌دا خزم و که‌س و ده‌روجیران نین که به کێشه و گرفتهکانتهوه گرفتارن. ئه‌وه خۆتی و سیسته‌مێکی دامه‌زراو که ڕابردوویه‌کی دوور و درێژی هه‌یه.
له‌م ژیانه دا مه‌سه‌له‌ی ناسنامهزۆر گرینگه. بۆ زۆربه‌ی منداڵانی کورد له ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات پرسیاری "من کێم" دێته پێش. گه‌لۆ ئه‌و منداڵه، چ پێناسه‌یه‌کی هه‌یه، کورده، ئێرانییه، عێراقییه، کوردی سوورییه، یا خود بێ ناسنامه‌یه. گه‌وره‌کانیش ئه‌وه‌یان بۆ ده‌بێته کێشه و له وه‌ڵام ده‌گه‌رێن.
با دووباره‌ی که‌مه‌وه که سه‌ره‌ڕای خه‌باتی ده‌یان ساڵه له کوردستان، ئێستا مه‌سه‌له‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی پتر له نێو کورده‌کانی تاراوگه دا باسی لێ ده‌کرێ تا له له نێو ئه‌ندامانی حیزبه‌کانمان له نێو خۆی وه‌ڵات، چونکه له نێو وه‌ڵات به ده‌یان ساڵه به ناسنامه‌یه‌کی شێوێندراوی کوردی- ئێرانی، کوردی- عێراقی و هتد په‌روه‌رده کرابووین.
پلاتفۆرمێکی هاوبه‌شی کوردستانی ده‌توانێ زۆر پێوه‌ر و چوارچێوه دابنێ که بۆ دیارده ناحه‌زه‌کانی ئێوه باسی ده‌که‌ن چاره‌سه‌ر بن.
6/ به باوه‌ڕی ئێوه کورد بۆ بردنه پێشی کێشه‌ی خۆی له ئه‌وروپادا چیبکات باشه؟ ئایه خۆپیشاندان به ته‌نها کارسازه؟ جۆری ئه‌و خه‌باته مه‌ده‌نیانه چیه که ده‌نگی کورد بگه‌یه‌نێت بۆ ناساندنی دۆزه ڕه‌واکه‌ی.
به بڕوای من خۆپێشاندانی کورد له ئه‌ورووپا، مه‌گه‌ر له موناسبهتێکی تایبه‌ت و به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو، ده‌نا هیچ کاریگه‌ریه‌کی له سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌ورووپا به نیسبه‌ت مه‌سه‌لی کورد دانانێ. ئه‌وه‌ی کورد پێویستی پێ هه‌یه لابیهکی به هێز و هه‌مه لایه‌نه‌یه که له ناوه‌ندێکی هاوبه‌شه‌وه کۆنترۆل بکرێ. واتا لابی ڕێکخراو نه تاکه‌که‌سی.
له هه‌ر زانکۆیه‌ک، ناوه‌ندێکی لێکۆڵینه‌وه، ناوه‌ندێکی بریاردان و چوارچێوه‌یه‌کی سیاسی دا که کورد خاوه‌ن به‌رپرسایه‌تی له به‌رامبه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌بێ، ده‌توانین ده‌ستکه‌وت وه‌ده‌ست بێنین. له‌و بواره‌وه ئێمه جارێ له سه‌ره‌تای ڕێگایه‌ک داین که ڕه‌نگه دوای ده‌مێکی دوور و درێژ به‌رهه‌مه‌کانی ببینین.
7/ به‌ڕێزت له دوور و نزیکه‌وه ناوه‌ندی چاک ده‌ناسیت، وه‌ک ناوه‌ندێک دژ به ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد کار ده‌کات، ڕات له‌سه‌ر کار‌و چالاکیه‌کانی ئه‌م ناوه‌نده چیه، به ڕای به‌ڕێزتان کار‌و چالاکیه‌کانی له ئاستی پێویستدان؟
ده‌ستتان خۆش بێ، کاره‌کانتان دیار و به نرخن. ئه‌وه‌ی که بۆ من جێی داخ بوو، ئه‌و گرفته نێوخۆییه بوو که ئێوه‌ش وه‌ک ئێمه‌ی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات تووش بووین. ئه‌وه ده‌ردێکه که ده‌بێته له‌مپه‌ری سه‌ر ڕێگای تێکۆشانتان. ئه‌و کاره‌ی که ناوه‌ندی چاک ده‌یکا هانده‌رێکیشه بۆ حکوومه‌تی هه‌رێم که له ئاستی به‌رزی نێو نه‌ته‌وه‌یی دا به‌دوای دۆسیه‌ی حه‌له‌بچه و ئه‌نفاله‌وه بێ. www.chak.info