كەركوك زامێكی هەمیشەیی….هێمن مەولود
كەركوك زامێكی هەمیشەیی
هێمن مەولود
ئاااااااااخ كەركوك،تۆ چەندە زامێكی قووڵیت،ئازارەكانت تاكو ناو بێخی رەگەكانی گیانمان رۆچوونە و بوونەتە گێژەنێكی هەمیشەیی ناو رووباری خوێنی جەستەمان.
هەتوانێك نییە گێڵگەی برینەكانت بكێڵێت و بۆ ئامێزی نەرمە باران پەڵەیەكی پایزی خەمە هەمیشەییەكانمان ئامادەی بكات،دەمێكە وشكەساڵی ئەم برینانەی تۆ لە بارانی رەحمەتی سارێژبوون تۆراون و فریشتەیەك لەلای خواوە نایەت بە چەند ماچێك لەگەڵیا ئاشتت كاتەوە .
ئااااااااااااااااخ ئاراپخا جەرگ سووتاوەكەم تۆ هێشتا مەلۆتكەیەك بوویت نەتدەتوانی بەتەواوی لە ناو قۆنداغەی نەرم ونیانی نێو ئامێزی گەرمی دایكە كوردستاندا،خۆت بگریت وهێدی هێدی و ژیربیتەوە،ئاگرێكی ئەبەدی لە ناو جەرگی باوەی گوڕگوڕمدا كڵپەی سەندو لەو رۆژەوە بڵێسەكەی ترووسكەی هیوا دەبەخشێتە منداڵە هەناسە سوارەكانی كەركوكەكەم،لەو ساوە هەموو چركەیەك و رۆژانە لەگەڵ لەدایكبوونی هەر كۆرپەیەكی ئەم شارەدا،چنگێ گڕی ناخی جۆشخواردووی بە قرچە قرچەوە لەشەقەی باڵ دەدات و لە گوێسوانەی گیانی كۆرپەكەداهێلانەیەكی ئەبەدی چێ دەكات.
ئاخر بۆیە ئێمەی نەوەی ئەم باوەگوڕە هەناو پڕ لەگڕە،لەئاگر ناترسین و لە جیاتی هەڵاتن،بەرەو پیریەوە دەچین وگۆنای بڵێسەكەی ماچ دەكەین،ئەگەر جەستەشمان هەڵبقرچێنێ … ئەوا لەناو روحماندا ورە و باوەڕ و ترووسكەی هیوا دەچێنێ.
ئاخر كە زەردەشتی پێغەمبەرمان بەدیار بڵێسەكانی باوەگوڕِگوڕەوە بۆ نووری خوا چۆتە خەڵوەتەوە،دەیزانی رۆشنایی چاوی ئەم ئاگرە ئەزەلییە چەندە پیرۆزە ،بۆیە لەگەڵ لەدایكبوونی هەر نەوەیەكی ئەم قیبلەیەدا،زەردەشت خۆی دەبێتە مامان و یەكەم ماچی نێوچەوانی كۆرپەكانمان ئەو دەیكات.
لەو رۆژەوە پێ پەتییەكانی رق و قین وداگیركردن و كوشتن و بڕین وهەتك كردن لەناو هەگبەیەكی رەشدا بەپشتی حوشترێكی گەلحۆوە فەرهەنگەكەیان لەم خاكە پیرۆزەدا هەڵڕشت،گەردەلوولێكی ژەهراوی هەڵیكردو هەموو جوانیەكانمانی هەڵ لوشت، كۆتری فەرهەنگی سپی ئێمەیان كوشت.
ئەم كەركوكە لە نووكی پەنجەی پێیەكانییەوە تاكو تەوقی سەری برینە و هەموو سارغی دنیا بەشی هەناسەیەكی زامە قوڵەكانی دایكێكی ئەم خاكە سووتماكە ناكات .
هەموو رۆژێك و هەرجارەی بە گوێزانێكی ژەنگن،ملی ژێی گیتارەكەی كاكە ئازاد هەورامیم دەقرتێنن،هەموو رۆژێك خەنجەرێكی نامۆی ژەهراویم لەپشتەوە تێ دەسرەوێنن،هەموو رۆژێ بەرەشەبایەكی لماوی بیابانەوە خەوی سەدان كۆرپەم دەزڕێنن،هەموو رۆژێ دەیان خونچە گوڵی هیواو ئومێدم دەژاكێنن،هەموورۆژێ دەست دەخەنە بینەقاقای خۆزگەكانم و دەیانخێكێنن..دەیانسوتێنن.. دەیانمرێنن.
كێ هەتوان بۆ زامە بێبنەكانی تەپپەی شەهیدان و رەحیماوەی قارەمانم دێنێ؟؟؟!!كێ هەتوان بۆ شۆڕیجەی شۆڕەسوارو بوێرم بۆ ئیمام قاسمی كانگای جەربەزە و دلێرم دێنێ؟؟!!كێ ئازارەكانی ئازادی و ئیسكانم رادەژێنێ،؟؟!!كێ كسپەی دڵی دایكانی عەرەفە و شاترلوو قۆریەم دەلاوێنێ ؟!
ئەوە بانگەوازە و وا مەڵبەندی دوو لە سەر دابان و حەللاج و قەرەتیكانەوە نەعرەتەی داستانێكی نوێ جاردەدات و بانگی تیپەكانی 21ی كەركوك و 57ی سەگرمە و 25ی خاڵخاڵان و 51ی گەرمیان و 59 ی حەمرین و 23ی سورداش دەكات.
ئەوەتا وا ئەنوەر زۆراب و عەلی عەسكەری و حەمەغەفوور ئاغجەلەری و سیروان تاڵەبانی،عەزەدین قەرەمحەمەد و عوسمان یابە،خالید گەرمیانی وكەریم ریشە و حەمە رەش و حەمە ئاخە و حەمە دووزی،ئەنوەرحەسەن و مستەفا فەرەج و مامەریشە و هەڵكەوت هەڵمەت و شوانەكان و جمهورو سەید برایم و مام برایم و وریاكان و مام هەژارو مولازم سیروان و نەقیب سیروان و مەلائاراس و مام ئاراس و نازمی حەمەی سلێمان و بەكرتەلانی و ئەحمەد كەریم وئاوات و نەوزاد،شاهۆكان و عومەر و یەك یەك پێشمەرگە و كادیر وفەرماندە شەهیدەكان هاتوونەتەوە و هەریەكە لە قۆڵێكەوە.. پۆل پۆل پێشمەرگە كۆ دەكەنەوە و بەرەو خاڵخاڵان بەڕێ دەكەون.
خاڵخاڵان،ئەی جێنەزرگە و جێژوان و ئومێدی چاوكاڵان،ئەی قیبلەی دڵی نەسرەوت و بزێوی روو بە خاڵان،ئەمجارە تۆ مەڵبەندی هەموومانی،بەبای شەماڵا بۆنی هەناسەی سەركەشت لەگەلأَ توێشوویەكی ماچی سەرفرازی بۆ حەمرین بنێرە و پێی بڵێ،نەوەكانی ئاراپخاو باوەگوڕگوڕ و خڕی خاسەی گەروو وشكم سوێندیان بەباڵای قەندیل خواردووە ،كۆڵنەدەن ،نەسرەون ،نەبەزن.
خاڵخاڵانی پڕ خەت و خاڵم،وا كەركوك هەردوو باڵی كردۆتەوە و یەكێكیان لەسەر شانی حەمرین و ئەوی تریان لەسەر شانی تۆیە،هەڵدەقرچێت و هەناوی پڕلەبۆنسۆیە،بۆ ماچێكی عاشقانەو شێتی ئازادیی راستەقینە پەرۆش و تامەزرۆیە.ئەوەتا وا شوان و ساڵەیی و قەڵاسێوكە چاوەڕێتن،بۆ هەنگاوی پیرۆزی نێو كاروانی سەرفرازی خاكی بەری پێتن،بۆماچێكی گۆنای سووری باوەگوڕگوڕ بێ ئۆقرەو شێتن.
هۆ باوە شاسوار،وا رۆڵە بەجەرگەكانت لە داویەوە،لەجەباری و زەنگەنەوە،لەكانگای دڵی جافەوە بەپڕتاو هاتن، بە گەرمەغار،ئەوەتا پێدەشت و هەڵەت و پەنا كەوڵەسەكانت پڕبوونەوە لەپێشمەرگە و ئامادەن بچنەوە ناوشار،ئەگەرتیرۆریستانی نامۆ ئەم گۆمی خوێنە رانەگرن،رۆژی روونیان لێدەكەن بەشەوی تار.
من كەركوكم،هەرچیم لێبكەن هەر تازە بووكم،باڵام شەنگە،نیگاو رازم گۆمێكی مەنگە، بڵێسەكەشم رەنگاورەنگە،هەموو چنگە خۆڵێكم هاوار و هەڵوێست و دەنگە،ئەگەر مەیدانم لێبگرن،رقی تۆڵەم سێرەی تفەنگە.
ئەوە قەدەرێكە ئەم تەپوتۆزە نامۆ بیابانییە،گەرووی خاوێنم تۆزاوی دەكات و ناهێڵێ تاوێك بسرەوم،بۆسەر دوندی سەرفرازیی سەركەوم،تاوێك لەباوەشی نەرم و نیانی دایە كوردستانم بخەوم.
من كەركوكم،گەرووی قەتارو ئەڵلاوەیسی و ئای ئایەكانی مامە عەلی مەردانم،نووكی قەڵەمە نەسرەوتەكەی خاڵە جەمیلی رۆژبەیانم،ساپیتەی وشە درەوشاوەكانی ئەسیریی كوردانم،خاڵە حوسێن عەلی و كاكە سەڵاحی داودە و سابیركوردستانی و هابەی خۆشخوانیش هان لەناو هەست و ویژدانم.
من كۆترێكی سپی ئاشتیخوازم ،هێلانە و حەشارگەیەكی رەسەنی كەوم،ئەوەی شەرخواز و عاشقی خوێن بێت،دژی ئەوم.هەرچەندە قوربانییەكی زامتەڕی دەستی راگوێزان و رەوم،بەڵام درەوشاوەترین ئەستێرەی تاریكترین شەوم.
من كەركوكم زێدی دانیال پێغەمبەر و كاردۆخم،بۆ گۆڤەند وزەماوندی ئاهەنگی شادی مرۆڤ بوكێكی شۆخم،بۆ دەریای كامەرانی و ئاسوودەیی كەنار و رۆخم،بەڵام كەبریندار بكرێم ،كەئازار بدرێم،كە لە خاچ بدرێم ،دەبمە دۆزەخێكی جۆشدراو،دەبمە مینێكی چێنراو، دەبمە لوولەی تفەنگێكی راكێشراو،دەبمە بوركانێك بتەقێتەوە لەناكاو .
hemin64@yahoo.com
******************************