Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پێلاوەكەی مونتەزر و شتی تریش..

پێلاوەكەی مونتەزر و شتی تریش..

Closed
by December 23, 2008 گشتی

 پێلاوەكەی مونتەزر و شتی تریش..
  هێمن مەحمود

 Hemnm1979@yahoo.com

 رەنگە هیچ پێڵاوێكی دونیا هێندەی ئەو پێڵاوانە بەناوبانگ نەبێت كە (مونتەزر زەیدی) رۆژنامەنوس ئاراستەی (بوش)ی سەرۆكی بەناوبانگترین و زلهێزترین وڵاتكرد.
 لەكەلتوری وڵاتانی دیموكراسی و مەدەنیدا ئەو رودواوە روداوێكی ئاساییە، تەنانەت خودی (بوش)یش بە نیشانەی دیموكراسی شوبهاند!لەوانەشە هیچ كەسێك لەو وڵاتانە لەسەر روداوێكی وەها دەستگیرنەكرێت یاخود سوكایەتی و ئیهانەی پێبكرێت.
 بەڵام لەكەلتوری عەرەبی و ئیسلامی و رۆژهەڵاتیدا كارێكی لەوجۆرە چەندین تەفسیری جیاوازی بۆ دەكرێت و بەسوكایەتیەكی زۆر بۆ ئەو كەسە تەماشادەكرێت كە پێڵاوەكانی تێگیراوە و ئەوەشی كە پێڵاوەكانی گرتوە لەلای هەندێك بە پاڵەوان و لەلای هەندێكی دیكەش بە تاوانبار تەماشادەكرێت.
 (وەك چۆن بینیمان ئەو رۆژنامەنوسە بەلێدان برایە دەرەوە وئێستاش زیندانی كراوە!)
 هەمومان شەوانە بەدیار تەلەفزیونەكانمانەوە ئەو جیاوازی بیروبۆچونانە دەبینین كە هاوڵاتیان دەریدەبڕن.
 هەرچۆنێك بێت هەموو كەسێك ئازادە چۆن بۆچونی خۆی دەربڕێت و هەر كەسەو تەعبیر لەڕای خۆی دەكات.
 وەك چۆن منیش بڕوام وەهایە ئەو كارە كارێكی نارۆژنامەنوسیانەیە و نابێت رۆژنامەنوس كاری وەهابكات بەدەر لەهەر بیانویەك بۆی.
 لەهەمانكاتیشدا بڕوام وەهایە رۆژنامەنوسیش كوڕی كۆمەڵگاكەی خۆیەتی و بەجۆرێك لەجۆرەكان بارودۆخی كۆمەڵگاكەی كاریگەری لەسەری دادەنێت، بەڵام دواجار دەبێت رۆژنامەنوس لەپیشەكەی خۆی دورنەكەوێتەوە وەك ئەوەی ئەو رۆژنامەنوسە كردی.
 بەڵام ئەوەی رویدا رویدا، ئێمە وەك چۆن ئەو روداوەمان رەتكردەوە دەبێت خۆشمان لەو راستیانە نەدزینەوە كە وەهایكردووە لەو رۆژنامەنوسە ئەو كارەبكات.
 ( كاری ئێمە بەوە نیە ئەم رۆژنامەنوسە پێشتر بەعسی بوە و ئێستا شیوعیە و لەرەوتی سەدریشەوە نزیكە و ئیدی تا ناكۆتا…) ئێمە ئەگەر لەسەر ئاستی جیهان سەیری سیاسەتەكانی (بوش)ی سەرۆك بكەین دەبینین ئەم سەرۆكە بوەتە هۆی كاولكاری و ماڵوێرانییەكی زۆر لەجیهاندا و جیهان هیچ كاتێك لەسەردەمی ئەم سەرۆكەدا ئارام نەبوە.
 تەنانەت نەك جیهان بەڵكو خودی ئەمریكاش ئەوەتانێ ئێستا باجی سیاسەتەكانی (بوش) دەدەن و وەك چۆن بینیمان زۆرینەی گەلی ئەمریكی پێیان وت بڕۆ ئێمە گۆڕانمان دەوێت.
 ئەوە راستە (بوش) عیراقی لەدەست دیكتاتورێكی خوێنڕێژی وەك سەدام رزگاركرد، بەڵام دواجار ئەوەی عیراقیەكان ئاواتیان بۆ دەخواست نەهاتەدی.
 عیراق لەبری ئەوەی ببێتە وڵاتێكی ئارام  و گەشەسەندو و دیموكرات و پارێزەری مافەكانی مرۆڤ ، بوە ئەو وڵاتەی كە پێنج ساڵە یەك ملیۆن كوژرا و 4 ملیۆن ئاوارە و ملیۆنێك بێوەژنی لێكەوتۆتەوە، عیراقێك لەبری سەدام حوسێنێك دەیەها سەدام حوسێنی بەناوی شیعە و سونە و قاعیدە بەرهەمهێنا.
 (بوش) عیراقی كردە گۆڕستانێك بۆ ئەو لاشانەی كە لەشەڕی مەزهەبی نێوان سونە و شیعەدا كوژران ، لەبری دروستكردنی دەوڵەتێكی عەلمانی و مەدەنی و پارێزەری مافەكانی مرۆڤ دەوڵەتێكی مەزهەبی و گەندەڵ و میلیشییای بەرهەمهێنا.
 عیراقیەكان پاش دەسەڵاتی سەركەوتكەرانەی بەعس ئاواتیان زۆر هەبوو، خەونی زۆریان بۆ ئازادی و دیموكراسی و خۆشگوزەرانی هەبوو، بەڵام ئەفسوس (بوش) وەك چۆن ناوی هێرشی سوپاكەی لە ئازادییەوە كردە داگیركاری ئاوەهاش خەونی هەموو عیراقییەكی لەناوبرد بە گەلی كوردیشەوە.
 نازانم ئێمەی كورد چیمان لە (بوش) دەستكەوتوە  تاوەكو خەفەت بۆ رۆشتنی بخوێن.
 باسەیری جوگرافیای هەرێمەكەمان پێش 9/4/2003 و دوای 9/4/2003 بكەین.
 بپرسین ئایا كەركوك هێشتا لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدا نیە؟ ئەی مادەی 140 چیلێهات؟
 ئەی ئەوەنیە هەروەك جاران تاوەكو كفریمان بەدەستەوەیە و قەرەتەپە و جەلەولا هێزی حكومەتی عیراقی تیادایە؟
 سەیرێكی ئابوورییەكەمان بكەین بزانین ئەگەر مانگێك لە بەغداوە موچە نەیەت چیمان لێدێت؟ بزانین دینارەكەمان هەمان دینارەكەی جارانە و بەهای هەیە؟
 ئەی بۆ سەیرێكی كشتوكاڵەكەمان نەكەین بزانین لەسۆماڵ و مۆریتانیاوە میوەمان بۆ نایەت؟
 هیچ كەسێك نیە ئەسەف بۆ رۆشتنی دیكتاتۆرێكی وەك سەدام بخوات، بەڵام خۆ سەدام هەر بەم سنورە رازیبوو، ئینجا برادەرینە سەدام وازی لەئێمە هێنابوو، ئێمە خۆمان دەرۆشتین دەبابەكانیمان دەهێنایەوە!.
 ئێمە بەر لە 9/4/2003 حكومەتی خۆمان هەبوو كە ئەنجومەنی ئاسایش دەیپاراستین، بەڵام لەدوای 9/4/2003 خۆمان كردەوە بەعیراقی و ئەنجومەنی ئاسایشیش ئیدی نامانپارێزێت.
 من دەزانم توێژێكی كەم لەبەغداوە دەستكەوتی گەورەیان دەستكەوت و بونە سەرمایەداری گەورە گەورە، بەڵام توێژە زۆرینەكەی خەڵك لەم هەرێمەدا ئەوەتا بەدەست حكومەتێكی فاشیل و سیاسەتی ساویلكانە و بەرپرسی گەندەڵ و درۆی گەورە گەورەی چاكسازی دەناڵێنن.
 منیش وەك هەموو هاوڵاتیەكی ئەم هەرێمە كە ئەمریكا هات هیوام زۆر هەبوو، هیوامان وابوو ئەمریكا چاكسازییەكی گەورە لەم هەرێمەدا دەكات، تەنانەت بڕوامان گەشتبوە رادەیەك ئەوەی ئەو دوو حزبە چەند ساڵە كردویانەتە دروشمی خۆیان و بەدیاننەهێناوە ئەمریكا بۆمان بەدیدێنێت، كەچی نەك وەها دەرنەچوو بەڵكو ئەمریكاش بوە شەریكە گەندەڵی چەند دەسەڵاتدارێك و كەوتە دزینی پارەی ئەم میللەتە.
 رۆژنامەنوش كاری پێڵاوتێگرتنی كەس نیە، بەڵكو كاری رۆژنامەنوس خەیاڵ و قەڵەمەكەیەتی.
 ئەوەی (مونەتزریش) كردی كارێكی ناشیرین بوو، بەڵام لەهەمووی ناشیرینتر لەبیربردنەوەی چەند راستیەكە كە دەبێت هەرچ كەسێك باوەڕی بە ئینسانیەت و مافەكانی مرۆڤ و رای جیاواز هەبێت بیانزانێت.
 وەك چۆن كەسێك نیە ئەسەف بۆ زۆردار و دیكتاتۆرێكی وەك سەدام بخوات، بڕواشناكەم كەسێكی ئینسان دۆست هەبێت لەجیهاندا ئەسەف بۆ سەرۆكێكی لەجۆری (بوش) بخوات كە نەك جیهان بەڵكو ئەمریكاشی لەرووی داراییەوە وێران كرد.
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.