Skip to Content

Monday, November 4th, 2024
وه‌رگێڕه‌که‌ هه‌موومانی تووڕه‌کرد……گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی

وه‌رگێڕه‌که‌ هه‌موومانی تووڕه‌کرد……گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی

Closed
by December 23, 2008 گشتی

 وه‌رگێڕه‌که‌ هه‌موومانی تووڕه‌کرد
 گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی
 ئێمه‌ی کورد کێشه‌مان زۆره‌ ،کێشه‌کانمان زۆربه‌ی کایه‌کانی ژیانمانی گرتووه‌ته‌وه‌،هه‌ندێک له‌و کێشانه‌ به‌رهه‌م و دروستکراوی ده‌ستی خۆمانن له‌نێویاندا بێبه‌رنامه‌یی. هه‌ر ولاتێک نه‌ته‌وه‌یه‌ک حیزبێک ده‌زگایه‌ک به‌رنامه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌بوو،حسابی بۆ پێشهات و ئاینده‌نه‌بوو ئه‌وه‌ بێگومان دووچاری شکست و‌قه‌یران وبێسه‌رووبه‌ری ده‌بێت.
 له‌دوای کۆتایی داداگای ڕاپه‌ڕینه‌کانی باشووری عێراق به‌ ماوه‌یه‌کی که‌م واده‌ی دادگاییکردنی تاوانبارانی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشکرا کرا. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌بوو‌ که‌  ئه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ی  کارو به‌شداریان له‌و دادگاییه‌دا ده‌بێت گه‌ره‌که‌ خۆیانی بۆ ئاماده‌بکه‌ن، به‌تایبه‌تی لایه‌نه‌ کوردیه‌کان . ئه‌ویش به‌ کۆکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌هیزو دیاریکردنی پارێزه‌ری به‌ئه‌زمون و به‌تواناو سکاڵاکه‌رو شایه‌تحاڵی زیره‌ک و قسه‌زان ودابینکردنی وه‌رگێڕی باشی هه‌ردوو زمان ومه‌تریالی تری پێویست به‌و دادگاییه‌.
 
 له‌ داداگای ئه‌نفالدا به‌هۆی بوونی هه‌ندێک که‌موکووڕی و خۆئاماده‌نه‌کردن به‌پێی پێویست‌ کۆمه‌ڵیک ڕه‌خنه‌و گله‌یی هاته‌سه‌ر ده‌سه‌لاتدارانی کورد .
 هه‌موو به‌ئومێد بووین ئه‌و که‌موکوڕیانه‌ له‌ داداگایی دۆزی هه‌ڵه‌بجه‌دا دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌، لێ مه‌خابن هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاریشه‌کان خۆیان نماییشکرد.به‌ر له‌ ده‌ستپێکردنی داداگاییه‌که‌ به‌چه‌ندڕۆژێک له‌ ڕگه‌یاندنه‌ کوردیه‌کاندا به‌ر دیدمان که‌وت که‌هه‌ندێک که‌سانی به‌تواناو خاوه‌ن به‌ڵگه‌ی به‌هێز گله‌ییان هه‌بوو که‌ وه‌ک سکالاکارو شایه‌تحاڵ دوورخراونه‌وته‌وه‌ وڕێگه‌ی به‌شداریان پێنه‌دراوه‌،که‌وه‌ک خۆیان درکاندیان بێگومان بوونیان سودی باشی ده‌بووبۆ دۆزه‌که‌ ،ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ تائێستاش هۆکاری دوورخستنه‌وه‌یان دیارنیه‌. به‌رله‌ ده‌ستپێکردنی دادگاییه‌که‌ به‌ڕۆژێک سکاڵاکارو شایه‌ته‌کان که‌ ژماره‌یان8 که‌س بوو، له‌ کاتژمێر 12 نیوه‌ڕۆوه‌ له‌ فرۆکه‌خانه‌ی سلیمانی چاوه‌ڕوانی ڕه‌حمه‌تی گه‌شتنی فڕۆکه‌بوون ‌ له‌به‌غداوه‌ بیت و بیانگوازێته‌وه‌ بۆ شوێنی داداگاییه‌که‌ .تائێواره‌یه‌کی دره‌نگیش  فڕۆکه‌که‌ نه‌گه‌شتبوو .پێه‌ده‌چیت پاش ته‌ده‌خولی کوردله‌ ئاسته‌ به‌رزه‌کاندا ئه‌وجا فڕۆکه‌ دابینکرابیت.جا نازانم هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ دابین کراوه‌ یا ڕۆژی دوایی؟
 پرسیار ئه‌وه‌یه‌ نه‌ده‌بوو به‌ر له‌ دووڕۆژ یا سێ ڕۆژ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ڕه‌وانه‌ی به‌غدا بکرایانه‌ و له‌و دڵه‌ راوکێ و بێئومێدیه‌دا نه‌ژیانایه؟
 دێمه‌سه‌ر مه‌به‌ستی بابه‌ته‌که‌م ئه‌ویش ئه‌و وه‌رگێڕه‌یه‌ که‌ ئیمڕۆ{12.21} له‌ یه‌که‌م جه‌له‌سه‌ی دادگاییه‌که‌دا قسه‌کانی یه‌که‌م سکالاکارو شایه‌تحاڵی کاره‌ساته‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی {خوشکه‌ فاتیمه‌}وه‌رده‌گێرا له‌ زمانی کوردیه‌وه‌ بۆ عه‌ربی و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.‌
 به‌پێی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان مه‌رجه‌ وه‌رگێڕ شاره‌زاییه‌کی ته‌واوی له‌و‌زمانانه‌‌دا هه‌بیت که‌وه‌ریانده‌گێڕێت و توانی به‌سه‌ریاندا بشکێت، وه‌ هه‌موو قسه‌کان بێکه‌م و زیاد بگوازێته‌وه‌.{لێره‌دا مه‌به‌ستم وه‌رگێڕی ڕاسته‌وخۆیه‌}‌
 وه‌رگێر ئه‌رکێکی زۆر گه‌وره‌و گرنگی له‌سه‌ره‌ ،هه‌رهه‌ڵه‌یه‌ک له‌ وه‌رگێڕاند له‌وانیه‌ زیانی گه‌وره‌ به‌ پرۆسه‌که‌ یا به‌ یه‌کێک له‌که‌سه‌کان بگه‌یه‌نێت. وه‌رگێڕ به‌رپرسیاره‌تێکی مه‌زنی له‌سه‌ره‌ وه‌ له‌ بواری دادگادا هێنده‌ی دی به‌رپرسیاریه‌تیه‌که‌ی زیاتر ده‌بیت.
 ئه‌و وه‌رگێره‌ی  یه‌که‌م جه‌له‌سه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بێ ئومێدی کردین، زۆر زووده‌رکه‌وت که‌ عه‌ره‌بیه‌که‌ی زۆر لاوه‌زه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌نه‌بوو که‌ له‌ دۆسیه‌یه‌کی واگرنگ و هه‌ستیاردا ببێته‌ وه‌رگێڕ.ئه‌و وه‌رگێڕه‌ نه‌ک هه‌ر عه‌ره‌بیه‌که‌ی باش نه‌بوو به‌ڵکو کوردیه‌که‌شی خراپبوو.وێرای ئه‌مانه‌ زۆر وته‌ی گرنگی وه‌رنه‌گێرایه‌ سه‌ر عه‌ره‌بی که‌ پێویست و سوودمه‌ند بوون، زۆر به‌کورتی وته‌کانی خوشکه‌ فاتیمه‌ی وه‌رده‌گێڕا و لێیده‌بڕین،زۆر جار جیاوازی له‌ نێوان قسه‌کانی ئه‌و خوشکه‌و وه‌رگێرانه‌ عه‌ره‌بیه‌که‌دا هه‌بوو.له‌خۆیه‌ وه‌ پرسیاری له‌ خوشکه‌ فاتیمه‌ ده‌کرد که‌ دادوه‌ری گشتی نه‌یکردبوون ،هه‌ربۆیه‌ش محه‌مه‌د عرێبی ئاگاداری کرده‌وه‌ که‌ له‌ خۆیه‌وه‌ پرسیاری لێنه‌کات.ئه‌مه‌ش وای کرد که‌ تاڕاده‌یه‌ک سه‌ری له‌ هه‌ردوو لا شێواند.به‌کورتی بڵێم  شته‌کانی هه‌موو تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ کرد.و هه‌قی ئافره‌ته‌ داماوه‌که‌شی خوارد.
 ئاخر چۆن ده‌بێت کوردێک به‌تایبه‌تی سۆرانی، نه‌زانێت که‌ سه‌قز باژێڕێکی کوردیه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ،ئه‌و وه‌رگێره‌ سه‌قزی لای دادگا کرد به‌ که‌مپیی په‌ناهه‌نده،به‌مه‌رجێک ئافره‌ته‌که‌ وتی  له‌ئۆردووگایه‌ک بووین‌ له‌ نزیک سه‌قز. یا وشه‌ی    [معسکر] ی عه‌ره‌بی که‌ دادوه‌ر مه‌به‌ستی که‌مپی په‌ناهه‌نده‌بوو له‌لای خوشکه‌ فاتیمه‌ی کرده‌ سه‌ربازگا ،ئه‌ویش به‌سه‌رسووڕمانه‌وه‌ گووتی من له‌ مه‌عه‌سه‌که‌ر نه‌بووم به‌ڵکو له‌‌ ئۆردووگابووم. من ڕوخساری وه‌رگێره‌که‌م نه‌دیت ،دیاره‌  به‌مه‌به‌ستی پاراستی ژیانی ‌ ڕوخساریان نیشان نه‌دا،لێ به‌قسه‌کانیدا دیاربوو کۆنترۆڵی خۆی له‌ده‌ست دابوو وه‌ شڵه‌ژابوو، بۆیه‌ محه‌مه‌د عرێبی داوای لێکرد که‌ هێمن و له‌سه‌ر خۆ بێت.
 ته‌نانه‌ت سکاڵاکه‌ری گشتی هه‌ستی به‌ که‌مووکووڕی وه‌رگێرانه‌ کردو ده‌مێک ویستی  چه‌ند پرسیارێک ئاراسته‌ی ئافره‌ته‌که‌ بکات که‌موکووڕی وه‌رگێرانی  درکاند.
 کاری یه‌کێک له‌پارێزه‌ره‌کورده‌کان راست بێت [یه‌که‌م پارێزه‌ر که‌ قسه‌ی کرد] که‌ به‌ دادوه‌ری گشتی گووت وه‌رگێره‌که‌ سه‌رکه‌وتوونه‌بوو،  زۆر شتی وه‌رنه‌گێڕاو داوای گۆڕینی کرد له‌ ئاینده‌دا.
 هه‌ر هه‌مان پارێزه‌ربوو که‌ گووتی به‌ر له‌ ده‌ستپیکردنی داداگاییه‌که‌ به‌ کاتژمێرێک وه‌رگێڕیان په‌یداکردووه‌{ئائه‌مه‌یه‌ بێ به‌رنامه‌یی که‌ من باسی ده‌که‌م} ئاخر چۆن ده‌بێت به‌ر له‌ کاتژمێرێک مشوری وه‌رگێر بخۆن،دیاره‌ شتێک به‌په‌له‌بێت هه‌ر ئه‌وه‌ی لێده‌رده‌چێت که‌ دیمان.
 گه‌ر ئه‌و وه‌رگێره‌ ده‌یزانی توانای به‌سه‌ره‌ کاره‌که‌دا ناشکێت نه‌ده‌بوو ئه‌و ئه‌رکه‌ هه‌ستیاره‌ قه‌بوڵ بکات.
 من له‌مه‌شدا ئه‌و لایه‌نه‌ کوردیانه‌ به‌که‌م ته‌رخه‌م  ده‌زانم که‌ ئاماده‌کاری ئه‌و دادگاییه‌یان له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌‌‌ ،ئیدی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفال بێت  یا لایه‌نه‌ حیزبی و حکومیه‌کانی باژێڕی هه‌ڵه‌بجه‌بن یا هه‌ر لایه‌نێکی تر له‌ دام ده‌زگا و ده‌سه‌لاتی کوردی.
 ئایا ئه‌وانه‌ نه‌یانده‌زانی که‌ له‌نیو سکاڵاکه‌راندا هه‌یه‌ زمانی عه‌ره‌بی نازانێت و پێویستی به‌ وه‌رگێڕ هه‌یه‌؟خۆگه‌ر  بیریان لێ نه‌کردبێته‌وه‌هه‌ستیان پێنه‌کردبیت ئه‌وه‌ قه‌باعه‌ته‌ ، خۆ گه‌ر زانیبێتیان و پشتگوێیان خستبیت ئه‌وه‌ قه‌باعه‌تتر.
 ئاخر ناکرێ و لۆژیک قه‌بوڵی ناکات له‌و کوردستانه‌ به‌رینه‌دا که‌ هه‌زاره‌ها عه‌ربی زانی به‌توانا هه‌ن ،له‌ زانکۆکاندا کۆلیژی زمانی عه‌ره‌بی هه‌یه‌ ،ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی عه‌ره‌بی هه‌ن ،به‌تایبه‌تی سه‌ته‌لایته‌کان، ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی زانمان هه‌ن ، له‌نێو ئه‌مانه‌دا نه‌توانن که‌سێک په‌یدا بکه‌ن بتوانێت به‌چاکی به‌و ئه‌رکه‌ هه‌ستێت. گریمان له‌بیریان چووله‌ کوردستان به‌و کاره‌ هه‌ستن ، ئه‌د‌ی ده‌مێک چوونه‌ به‌غدا  له‌ نێو ئه‌و هه‌موو کورده‌ی له‌ به‌غدا ده‌ژین   به‌تایبه‌تی له‌نێو کارمه‌نده‌کورده‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ که‌کاک هۆشیار زێباری وه‌زیریه‌تی ،یا له‌ نیو کارمه‌ندو ده‌ستودایه‌ری سه‌رۆک کۆماردا که‌ سه‌داها کوردی تێدایه‌ که‌سێکیان چنگ نه‌که‌و‌ت بتوانێت ئه‌و ئه‌رکه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ؟
  ئه‌و به‌شه‌ی له‌م دادگاییه‌دا په‌یوه‌ندی به‌ کوردو هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ دڵنیام که لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ‌ کاریان بۆکردوه‌وه و ئه‌رکیان کێشاوه‌،ئه‌مه‌ش مایه‌ی  پێزانینه‌، لێ ئه‌م که‌مووکووڕیه‌ی که‌ ڕوویدا   ئه‌ز ده‌یخه‌مه‌ ئۆباڵی هه‌مان ئه‌و لایه‌نانه‌ ،چونکه‌ ده‌بوو بیریان له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی ئه‌و دۆسیه‌‌‌ بکردایه‌ته‌وه‌ ،ئێمه‌ له‌ ئاینده‌دا کاری دیکه‌ی له‌و چه‌شنه‌مان له‌ پێشه‌ ،ئه‌ویش دۆسییه‌ی بارزانیه‌کان و کورده‌فه‌یلیه‌کانه ‌  ،خۆگه‌رله‌مه‌دا نه‌مانتوانی به‌باشی رۆڵ وازی بکه‌ین  و مه‌زلومیه‌تی خۆمان نه‌سه‌لماند ئه‌وه‌ مێژو لێمان خۆش نابێت. بۆیه‌ ئومیده‌وارم که‌ماسی وا له‌ئاینده‌دا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ ،چونکه‌ به‌ڕاستی ئه‌و وه‌رگێره‌ لاوازی و خه‌مساردی و بێ به‌رنامه‌یی کوردی نیشاندا ، به‌ڕاده‌یه‌ک بووه‌ مایه‌ی بێزاری و تووڕه‌بوونم  که‌ ئاره‌زوم ده‌کرد ته‌له‌فزوێنه‌که‌ بشکێنم ،بێگومانم زۆرن ئه‌وانه‌ی هاوڕامن و ئه‌و وه‌رگێڕه‌ وه‌ک من تووره‌ی کردوون .‌
 
 ‌
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.