من… لە كۆتایى ئەم شیعرەدا….. ئیدریس عەلى
من… لە كۆتایى ئەم شیعرەدا
ئیدریس عەلىگوىَ لە گۆرانییەكى تر دەگرم
بە خەیاڵێكى ترەوە
كە لە چۆلەكەیەكى بێدەنگ دەیخوازم
دەچمە بەردەم پەنجەرەیەكى ترو
دڵم دەنێم بەنمەى بارانێكى ترەوە،
چاو دەبڕمە چاوەڕوانى سێبەرەكەم
كەلەنێو تاریكی خەیاڵمدا
وەك چاوى پشیلەیەكى شادومان.. بە دەم مەرگەوە دەبریسكێتەوە.
گوڕ ئەدەمە پێیەكانم.. كە لە زوقمى راوەستانا چەقیون،
تاكێشانى جگەرەیەك
لەدوورى خۆم نزیك دەبمەوە..
تاهێور بوونەوەى برینێك
یادەوەرى شمشێردەنووسمەوە..
تا وشكبوونەوەى دڵۆپێك ئاو
باڵى شكاوى پەپولەیەكى شەڕانى رەنگ دەكەم..!
سىو پێنج ساڵە بەدواى گەورەبووندا رادەكەم
سىو پێنج ساڵە لەم قوڕەى ژیان
تەنها گۆزەى دڵشكاو درووست دەكەم،
بەم دووربینە كوێرەى گومانەوە
لە بێوەفایى زەریاكان دەڕوانم،
بەم گۆچانە شەلەى سەفەرەوە
بە بازاڕى قەرەباڵغى خەوندا گوزەر دەكەمو
ناگەمە هیچو.. هیچ نابینمو.. هیچو… هیچ.
سىو پێنج ساڵ داگیرساندنى چرا كەم نییە
بۆ خەون بینین بە خەونێكى ترەوە،
سىو پێنج ساڵ زەلیلى بەردەم كتێب ئاسان نییە
بۆ خۆ ونكردن لە ناو تەپو تۆزى یادەوەریدا،
سىو پێنج ساڵ رەنگكردنى قەدى درەختەكان هیچ نییە
بۆ چنینەوەى شوێنپێ تەڕەكانى سێبەرێكى تر،
سىو پێنج ساڵ گوێگرتن لە رۆشنایى رۆح
كەمە بۆ كردنەوەى نامەیەك كە داخراوە بەتاریكى،
سىو پێنج ساڵ راوەستان لە ژێر تۆفانى هاتنا
بەشى دڵدانەوەى توڕەبوونێكى تر ناكات لە هێمنى،
سىو پێنج ساڵ مانەوە لە سەر جۆلانەى مناڵیى..
راوەستان لەچەقى بیدەنگیدا..
دەست بردن بۆ شەقشەقەیەكى پەمەیى بە ملى كاریلەیەكەوە..
فیكە كێشان بەشەرمەوە..
بازبازێن بەسەر چاڵاوى خێندا ..
ئاورشِێنكردنى بەردەرگاى تەنهایی..
باوەشێنكردنى پشكۆى سەبر..
فووكردن بە میزەڵدانى خەیاڵدا..
واتە:
تامكردنى شیلەى مەرگ، بەزارى هەنگەوە
واتە:
سەر دەرهێنان لە جامى پاسێكەوەو پێكەنین بە دونیا
واتە:
بیركردنەوەی قوڵ لە پرسیارێكى ساناو سادە
واتە:
گریانێكى خوڕ بە دیار گۆرانییەكى غەمگینەوە
واتە:
دەمەتەقێى دوو كۆتر لە سەر ئاریەلى سەربانێك..
مناقەشەى دوو كەروێشك لە سەر فەردەیەك گێزەر..
چپو هوڕى دوو ماسى لە حەوزى شوشەیى ژوورى میواندا..
پێكەنینى عەیارانەى چۆلەكەیەكى تەڕ
بە پسانى دارلاستیكێكى بزێو،
واتە:
مانگرتنى پەنجەرەیەك لە كردنەوەو
دڵپاكى كێلونى دەرگایەك بەدەست ناپاكێكەوە،
واتە:
نزاى مناڵانەى شەمامەیەك.. بۆ گەیشتن بەكاڵەك
تەقینى دڵى بۆڵێك ترىَ.. لە داخى پەرداخێك شەراب
پڕبوونى ئاسمانى شار لەقیژو هوڕى باران
واتە:
توڕە بوونى خودا لە چەقە چەقى برووسكە
لە شەقەى باڵى تەنهایى… لە وژە وژى خۆزگەى فڕٍین..!
من ئیتر كە نائومێدى وەك سەنتوور دەمژەنىَ
كە رەشبینى وەك تۆفان لە رۆحما دا ئەكات ،
دڵم دەنێم بەنمەى بارانێكى ترەوە
بەخەیاڵێكى خاو ترەوە
كە لە چۆلەكەیەكى بێدەنگ دەیخوازم
گوىَ لە گۆرانییەكى تر دەگرم،
ئاخر.. لەم ئاوابوونى عومرەدا
درەنگە بۆ سەما.. لەژوورە سپییەكانى یەقیندا
درەنگە بۆ پیاسە.. بە ناو كۆڵانە سەوزەكانى دڵنیاییدا
درەنگە بۆ هاتنەوەى ئەو دەستە سپییانەى جریوەى رژاویان دەچنییەوە
تازە ئیتر:
دەستەكانى پاش سڵاوكردن
بیریان دەچێت لە ئاسمانەوە بێنەوە خوارەوە..
ماچەكانى ماڵئاوایى و خەندەكانى پاش تۆران
بیریان دەچێت بگەڕێنەوە بۆ سەر لێوەكان.
مردووە كان شەوێك دێنە خەونى ئازیزەكانیانەوەو
بیریان دەچێت بگەڕێنەوە بۆ گۆڕستان..
پیاوێك بەژنەكەى دەڵێت: خۆشمدەوێیت
ئیتر بیریدەچێت بەراستییەتى یان درۆ..
مامۆستایەك بە قوتابییەكانى دەڵێت: بەیانى پشووى رەسمییە
بەڵام بیرى دەچێت شەشى كانوونە یان رۆژى ئەنفال..
سەربازێك بەدەم فیكە كێشانەوە دەچێَت بۆشەڕ
بەلام نازانێت مەغزەنەكەى پڕە لە فیشەك یاخود گوڵ.
لە هەڵقرچانى نامۆیى ناو ئەم سەحرایەدا، تۆ دڵمبدەرەوە ئەى شیعر
تۆ.. دێڕەكانى شەوگارم بەمۆمى خۆشەویستى روناككەرەوە ..
تۆ.. رۆحم سپیكەرەوە لە تۆفان ئەى گۆرانى ئومێد
تۆ.. كۆڵانە بێدەنگەكانى تەمەنم بە جریوە پڕكەرەوە..
تۆ.. بانكمكە بۆ ماڵى میهرەبانیى خۆتان ئەى باران
تۆ.. گوڵە مردووەكانى سینەم سەوزكەرەوە بۆ سەفەر..
تۆ.. ژیرمكەرەوە بەپێكەنینى خۆت ئەى مناڵیى
تۆ.. بە یارییەكانى خۆت دڵم پڕ كەرەوە لە شكۆفەى حەقیقەت..
تۆ.. كەلاوەكانى گریانم ئاوەدانكەرەوە بە سەبوورى
تۆ.. ئینجانە عاجزەكانى سپێدەم ئاوبدەروە بەماچ ..ئەى شیعر.
تۆ دەزانیت كۆتایى من لەكوێیە.. نەك خۆم
تۆ دەزانیت لە ساراى چ شكستێكەوە هەڵمكردووە.. نەك خۆم
تۆ دەزانیت سەرەتاى من چ رووخانێك بووە .. نەك خۆم
تۆ دەزانیت رۆحى من لە كوێدا هەڵوەریوە.. نەك خۆم
تۆ دەزانیت دڵى من لە كوىَ جێماوە.. نەك خۆم
تۆ دەزانیت باخچەكانى من چ خەزانێكن.. نەك خۆم
تۆ دەزانیت خەیاڵی من چ سەحرایەكە.. نەك خۆم.
تۆ دەزانى كۆتایى ئەم شیعرە چ سەرەتایەكى سەختە.. نەك خۆم.