Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
درەنگ هاتی مام جەلال

درەنگ هاتی مام جەلال

Closed
by December 27, 2008 گشتی

 درەنگ هاتی مام جەلال
 هەردی مەهدی

 زوو لە بەغدا گەڕایتەوە وەك ئەوەی كارێكی گرنگ، كێشەیەكی گەورە، شتێكت بیرچووبێ.. بەڵام درەنگ هاتی مام جەلال، زۆریش درەنگ، تازە سەردەمی موعجیزە پێشمەرگانەكانت بەسەرچوون، ئیدی ناكرێت بەوتارێك یان توڕەبونێكت هەموو شتێك بكەیتەوە بە ماستی مەییوو، دەزانی ساڵانێكە تەزووی گەندەڵی چەند ئەستور و پشتقایم بووە؟ جگە لەوەش ئێستا تۆ تەنیا سلێمانیت لەبەردەستتدا نییە، بەغداشی هاتوەتەسەر و تەنها خۆشت نیت، ئەی چیدەكەیت بە شەریكەكانی سیاسەتت لە هەولێر و بەغدا كە ئەوان چاكسازییان نەوێت؟!
 بینیمان هاتیتەوە و خێرا لەگەڵ ژمارەیەكی فراوان لە بەرپرسە پێشمەرگەكانتدا لە قەڵاچوالانی پایتەختی یەكێتیدا كۆبویتەوە، ئەوانەی كە لە ساتێكی مێژووییدا بە ئاماژەیەكی چاوت، دەستت، گۆچانەكەت، نامەیەكی یەك دێڕیت، ئامادەبوون شاخەوشاخی ئەم وڵاتەت بۆ بكەن و شانازیش بكەن بەو پەیامە كورتانەی كە بۆت دەناردن، لەگەڵ چەندین كادیر و بەرپرسی تریشدا كۆبویتەوە، ئەوانیش لە جاراندا هەروا.. هەر لەم دوو رۆژەدا گوێمان لێتبوو داوای جیاكردنەوەی حزب و حكومەت و بە دەزگاییكردن و چاكسازیت و پرۆژەیەكی لەوشێوەیەت كرد.
 درەنگ هاتی لەوەدا ئەوەی تۆ ئەمڕۆ دەتەوێت لەم سەرقاڵییەتدا بیكەیت، پەیامی چەندین ساڵەی رۆشنبیران و نوسەرانی ئەم وڵاتەبوو، پەیامی هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر بوو، ئەوانەی لە خۆپیشاندانەكاندا بۆ ئەو پەیامەی ئێستای تۆ قوربانیاندا و دەزگاكانی لای تۆش تەقەیان لێكردن تۆش بێدەنگ و بێدەنگ، تا وای لێهات ناڕەزایی و گلەیی لە شەقامەكانەوە گوازرایەوە ناو حزبەكەت و هاوڕێ دێرینەكانت ئەوانەی پێكەوە ئەم حزبەتان تاڵ تاڵ چنی، بەوەی لەناو مەكتەبی سیاسییەكەتدا چەندین كەس دەستیان كێشایەوە پاش ئەوەی لە چاكسازی لە حزبدا بێئومێد بوون، سەرجەمی خەڵك و ئەوانیش چیتریان لەوە زیاتر نەدەویست كە چاكسازییەكی ریشەیی لە حكومەت و حزبدا بكەیت.
 درەنگ هاتی لەوەدا كە جاران تەنها سلێمانی و حكومەتێكت هەبوو لە ئاسانترین كاتدا دەتتوانی چاكسازی و بنەبڕی گەندەڵیەكانی دەوروبەرت بكەیت، ئەو كات زۆر بەرپرس ماڵی خەڵكی داگیردەكرد و ژنی دەكوشت و نەدەچوونە بەردەم دادگا و لە سوچێكی حزبەكەتدا خۆیان پەنادەدا، ئێوەش لێگەڕان و نەك هەر نەتاسپاردنەوە دادگا بگرە لێشگەڕان وەك بەرپرسێك شانازی بە یاخیبونەكانیانەوە بكەن.
 ببورە، ئێستا ئیتر رەنگە پرۆسەكەت جێگە نەگرێت چونكە نە حكومەتی هەرێم بەدەستی یەكێتییەوەیە و نە پرۆسەیەكی لەو جۆرەش تەنها بە یەكێتی دەكرێت، تازە چۆن نینۆكی ئەو بەرپرسانە لە بازرگانی و دارایی ئەم وڵاتەدا دەكێشنەوە، ئەوان واتە "چینی نوێی دوای شەڕی ناوخۆ- سیاسییە پارەكۆكەرەوەكان" بوونەتە هێز و رەنگە كۆتكردنیان بە وتار و توڕەبوون و پرۆژەیەكی نوسراو نەكرێت و زیاتری بوێت، وادابنێین لەم پرۆسەی چاكسازییەی ئەمجارەشتدا دەریشت كردن (كە ئەمە خەیاڵێكە و هیچیتر) بەڵام ئایا قبوڵكردنی ئەوان گوێڕایەڵانەیە؟ كێ ناڵێت حزبە هاوپەیمانەكانت باوەشیان بۆ ناكەنەوە باشتر و باشتر وەك ئەوەی ساڵانی پێشتر زۆرمان لەم سەنگەر گواستنەوە بەرژەوەندیگەرانەیە بینی، زۆرمان بینی لەم حزب یاساغ دەبوو دەچووە باوەشی گەرمی ئەو حزبەی تر و بە پێچەوانەشەوە..
 درەنگ هاتی مام جەلال، چونكە ئیتر چۆن پێتدەكرێت كۆمپانیا حزبیەكان نانبڕاو بكەیت و دەستیان لەو بازرگانییە پڕتەماحە بكێشیتەوە كە دەستیان خستوەتە بودجەی حكومەت بەناوی پرۆژە ناتەواو و بێمواسەفات و مەرجەستاندارەكان.
 گەرچی دەزانین كە گەشبینی لە هەمو شتێك باشترە، بەڵام خۆ ناكرێت خۆشمان بخەڵێتێنین، مام جەلال لە قەڵاچوالانەوە بانگەشەی جیاكردنەوەی حزب و حكومەتی دەكرد، بەڵام راستییەكەی هەر ئەمەشە بێئومێدمان دەكات، چونكە ناكرێت لەوێوە دەست پێبكەیت، ئەوە حكومەتە دەبێت پشتئەستوریان بكەیت بەوەی كە گوێ بە قەڵاچوالان نەدەن، ئامۆژگاری لەگەڵ حزبدا كارێكە جێگەیەك ناگرێت، چونكە ئەوە تموحی هەر حزبێكە بچێتە هەر شوێنێك بە حكومەت و خەڵكیشەوە، هەقی خۆشیەتی. بەڵام ئەوە حكومەتە دەبێت سنور و كۆت و دیسپلینی لەو شێوەیە دانێت كە جوڵەكانی بەرپرسی مەڵبەندێك، پێشمەرگەیەك، مەكتەبێكی حزبی سنوردار بكات و بڵێت لێرەدا بوەستە، بۆیە بە ئومێد دەبووین گەر لە پارێزگای سلێمانییەوە دەستی پێبكردایە و بەڕێوەبەران و پارێزگاری پشتئەستور بكردایە بەوەی كە ئەوە مام جەلالە لە پشتیانەوە و ئیتر لەمەوداو نامە و هەڕەشە و لەمەودوا دەتوانن دەستێوەردانەكانی بەرپرسان و مەكتەبی سیاسی فەرامۆش بكەن.
 سەردەمی موعجیزەكانی شاخ و پێشمەرگە بەسەرچوو، ئیدی ئەوەی ئەم چاكسازییە قورسانەی پێدەكرێت ئەوانە نین كە خەمی پارە و پۆست و حزبەكانیانە، ئەوانەش نین كە بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە نانی حكومەت دەخۆن، بەڵام دەكرێت ئەوانەبن كە دەست لە پێگە و پارە و حكومەت و بەرژەوەندی و كۆمپانیا پارە هەڵلوشەكانی حزب بەردەدەن و بێباكانە بەر لە هەركەس خۆیان و مێژووی خۆیان بخەنە بەرنەشتەری لێپێچینەوە.    
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.