Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ناكامیی رۆشنبیری عەرەب و كەوشەكانی ئەلزەیدی…..د. ناسح قەرەداخی

ناكامیی رۆشنبیری عەرەب و كەوشەكانی ئەلزەیدی…..د. ناسح قەرەداخی

Closed
by January 2, 2009 گشتی

 ناكامیی رۆشنبیری عەرەب و كەوشەكانی ئەلزەیدی
 د. ناسح قەرەداخی

 
 مرۆڤی ئازارچەشتوو، لە هەمان كاتدا كە ئەبێ هەقی ئەوەی بدرێتێ توورەیی خۆی دەرببرێ بەرامبەر بەو زوڵمەی هەست دەكا لێی كراوە، پێویستە چاوەروانی ئەوەشی لی َبكرێ ئامادەبێ ئەنجامی توورەییەكەی بگرێتە ئەستۆ. لەسایەی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤدا مونتەزەر ئەلزەیدی وەك تاكێك مافی خۆیەتی نارەزایی و توورەیی خۆی بەرامبەر جۆرج بوش دەرببرێت  با سەرۆكی تاكە زلهَیزی جیهان و میوانی سەرەك وەزیرانی عێراقیش بێت. پێڵاو تێگرتن كە ئەلزەیدی بەمەبەستی نیشاندانی ئەوپەری بێزو سووكایەتی پێكرندن بەكاری هێناوە، رەنگە بە هەندێ لێكدانەوەی یاسا بخرێتە بەر لێپێچینەوە و سزادان بەتایبەتی ئەگەر پێڵاوتێگیراو یا میواندار سكاڵای لەسەر تۆمار بكەن. پاڵنەرەكانی زوبەیدی بۆ ئەم كارە، كە وەك لە جوانی نیشانەگرتنەكەیەوە دیاربوو، پێدەچوو تەمرینێكی باشی بۆكردبێ،  ئەشێ تاكەكەسی بێ بەمەبەستی ناودەركردن بە ئەنجامدانی كارێكی گرنگی كەس نەكردوو،  رەنگیشە تەنیا بەهۆی قین و تینووبوون بێ بەسەری بووش، یاخود ئەشێ لەوەش گەورەتر و شتێكی رێكخراو بێ و لە پشتیەوە ئیرادەیەكی سیاسی هەبێ و وەك چالاكییەكی سیاسی و پاڵەوانێتییەكی نەتەوایەتی بیری لێكرابێتەوە.
 
 ئەسڵی كارەكەی ئەلزەیدی قابیلی تێگەیشتنە ئەگەر چی هاوپیشەكانی و رێكخراوەكەیان دەتوانن تۆمەتباری بكەن بە ئیستیغلال كردنی پیشەی رۆژنامەگەری و بەكارهێنانی شێوازی ناشایستە بۆمەبەستی دەسكەوتی تاكەكەسی. كاردانەوەی شەقامی عەرەبیش وەك شەقامێكی ناكامی بەسۆزهاتوو، هەر دەكرێ دەرك بكرێ. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوورمانە  كاردانەوەی زۆرێك لە رۆشنبیرانی عەرەب بوو. زۆر لە رۆشنبیران ور رێكخراوە پیشەییە رەسمی و نارەسمییەكان ئەم كارەیان وەك پاڵەوانێتییەكی نەتەوەیی باس كرد. لە رێپێوانێكی رۆژنامەنووسانی میسریدا بەرپرسێكی رۆژنامەنووسان ئەم كارەی بە "كارێكی ئیستیشهادی" ناوبرد و كابراش بە پاڵەوانێكی نەتەوەییی. بیستمان و بینیمان چۆن ژمارەیەكی زۆر سیاسی و رۆژنامەنووس و رۆشنبیر  بەیت و بالۆرەیان بەم كارەدا گوت و بۆیان هۆندەوە وخستیانە ریزی سەروەرییە میللییەكانەوە!  راستە جارجار گوێمان لە هەندێ رۆشنبیریش دەبوو كە مەوزووعیانەتر ئەم رووداوەیان لێك دەدایەوە دوور لە شكۆمەندیی نەتەوەیی سۆزی شەقام. دڵنیام گەلێكی تریش هەن لەم بابەتە. بەڵام وادیارە ئەمانە كەمینەن و پێدەچێ زۆر لە رۆشنبیرە مەوزوعییەكان هەر نەشوێرن (شەرم بكەن) رای خۆیان دەربڕن نەبادا بكەونە بەر تەشەری بێگانە پەرستی.
 
 رۆشنبیری زاڵی عەرەب (ئەوانەی زیاتر چالاكن و دەنگیان دەبیسترێ) پێدەچێ وازی لەوەهێنابێ هەوڵ بدات ئاستی شەقام بەرزبكاتەوە و لەجیاتی ئەوە لەهەولێ بەردەوامدایە بۆ دابەزین بۆ ئاستی شەقام و شانازی بەوەوە دەكات كە لەپاشكۆی جەماوەردایە. رۆشنبیری عەرەب پێدەچێ نائومێد بووبێ و چیتر توانای ئەوەی نەمابێ لەبەرامبەر عەقڵی قین بەستووی جەماوەری   بێئومێد و ناكام دا راوەستێ و بەناچار هەمیشە پەلەی ئەوەیەتی خۆی بخزێنێتە ناو هەراو هاوار و كەفوكوڵَی شەقامەوە پێش ئەوەی خۆی وەك تاكێكی بەئاگاتر لە جەماوەر، لێكدانەوەیەكی مەنتیقی و مەوزووعی بۆ رووداوەكان بكات، نەبادا بخرێتەلیستی خائین و نۆكەرانی ئەمەریكاوە. رۆشنبیری عەرەب پێدەچێ چیتر جورئەتی ئەوەی نەبێ بچێتە بنجوبناوانی رووداوەكان و وەك چاودێرێكی مەوزوعی لە كێشەكان بروانێ چونكە نایەوێ بەهیچ كلۆجێك گومان بخاتە سەر خود، نایەوێ هیچ دان بەوەدا بنێ كە سەرچاوەی زۆربەی كێشەكان لە ناوەوە هەڵدەوقوڵێ، هەر لە مەنتیقی تاكەكانەوە تا ئایدیۆلۆجی نەتەوەیی و ئاینی و دەسەڵات و دیكتاتۆریەت و ئەسارەتی مێژوو. 
 
 ئەم كارەی زەیدی پێدەچێ نیشانەی دیاردەیەكی خەمناك بێ كە ئەویش ئیفلاسی رۆشنبیری عەرەبە، مەبەستم دەنگە زاڵەكەیە. ئایا هیچكام لە میدیا عەرەبەكان باسیان لەشەهامەتی كاردانەوەی بووش كرد؟ ئایا كەسیان بیریان لەوە كرەوە ئەگەر ئەو كەوشانە بگیرایەتە سەرۆك یا شاو ئەمیرێكی عەرەب ، یا تەنانەت لە وڵاتێكی تری عەرەبیدا بگیرایەتە میوانێكی لەوجۆرە، چ بەڵایەك بەسەر خاوەن كەوشدا دەهات؟ ئایا بەراستی رۆشنبیری عەرەب لەو باوەردایە ئامانجەكانی میللەتی عەرەب بە تاودانی قینی جەماوەر لە  دژی رۆژاوا دێتە دی؟ ئایا بەراستی رۆشنبیری عەرەب لەوباوەرەدایە تێگرتنی جوتێ كەوش بەكارتر دەبێ لە هەڤدە ساڵ بەردتێگرتن بۆ رزگاركردنی قودس؟  ئایا بەراستی رۆشنبیری عەرەب بەلایەوە ئیفتیخارە لەژێر خێمەكەیدا كەوش بگرێتە میوانەكانی! ئایا بەراستی رۆشنبیری عەرەب لای وایە ئیهانەكردنی سەرەك كۆماری ئەمەریكا ئەبێتە هۆی ئەوەی تاكی عەرەب لە وڵاتە عەرەبییەكاندا زیاتر هەست بە كەرامەتی خۆی بكات؟
 
 پێ دەچێ شەقامی عەرەبی ئەوەندە خۆی بە بەش خوراوو ناكام و و ئیهانەكراو بزانێ ناچاربێ دڵ بە هەموو  رووداوێك خۆش بكات، چەند هیچ و بچووك، كە بۆنی ئەوەی لێ بێ بتوانێ وەك تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنە دەرەكییەكانی لێكی بداتەوە.  هەموو بەڵایەكی سروشتی و خودایی و رێكەوت و دەستكرد و بەكورتی هەر موویەك لە بەرازی دوژمن بێتەوە ئەكرێتە موناسەبەیەكی نەتەوەیی و شایلۆغانی سەركەوتن!!! شەقامی عەرەبی كە لەراستیدا زیاتر بەشخوراوو سەركوتكراوی دەسەڵاتی ناوخۆیە و زۆربەی كات رێگەی ئەوەی نیە راستەوخۆ بەرامبەر رژێم راوەستێ، هەموو رقی خۆی گواستۆتەوە بۆ دەرەوە و دەیماڵێ بەسەری ئەمەریكاو ئیسرائیلدا. دەسەڵاتیش، چ دۆستی ئەمەریكا بێ و چ دوژمنی، ئەمەی پێ خۆشە چونكە لە رژێمی دكتاتۆریدا هەمیشە ئەبێ شەیتانێكی وەهمی هەبێ بەرپرسی هەموو شكستەكانی میللەت بێ و تا تاكەكانیش بێئاگاتر و بێ تواناتربن ئەوا شوورای دەسەڵات بێ مەترسیتر دەبێ. پەیامی رۆشنبیر ئەبێ بەرزكردنەوەی هۆشیاری جەماوەربێ بەڵام  كێشەی رۆ شنبیری زاڵی ئەمرۆی عەرەب لەوەدایە كەوتۆتە دوای ئەم قینە عاتیفییەی شەقام و توانای لێكدانەوەی مەوزووعیی روواوەكانی نەماوە. بەم كارەشی نەك هەر رێگەی لە بەرەوپێشچوونی خۆی و هۆشیاركردنەوەی جەماوەر گرتووە بەڵكوو بووەتە مووشەدەمەیەك بۆ گەشاندنەوەی كوورەی قینی جەماوەر و ئاراستەكردنی بەرەو لایەك كە باوەرناكەم هیچ كۆمەكێك بە كەمكرنەوەی چەرمەسەرییەكانی تاكی عەرەب بكات.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.