
چاوم پڕ بووه له تۆ
چاوم پڕ بووه له تۆ
هیوا قادر
ئۆکتۆبه‌ری 2008
من له‌وێ نیم
که‌چی چاوم پڕ بووه له تۆ،
من وه‌ک دارتوویه‌ک که سنگی پڕه له چۆله‌که
شپرزه‌م،
بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ بم
له‌تاوا دڵی خۆم له‌سه‌ر شاره مێرووله‌یه‌ک داده‌نێم،
به‌ئاوی خه‌ونێک خۆم ده‌شۆم
که تۆ خۆتت پێشۆردووه،
من هێشتا له‌وێ نیم
مادام تۆ به‌ته‌نها له‌وێیت.
من چاوم پڕه بووه له تۆ
که‌چی تۆ لێره نیت،
لێره نیت ببینیت که کوێربووم،
من کوێربووم له تاوی بینینی نه‌بینین،
من هاربووم له داخی عاقڵی
تف له تۆ عاقڵی تف له تۆ
بۆ ده‌بێ تا ئه‌به‌د وهردییهوانی دڵی خۆم بم
له‌به‌ر تۆ.
بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ بم
سپێدان ده‌بێ وه‌ک جۆگه‌له بڕژێم،
چی له‌رزینی چرا هه‌یه له ئێواره‌ی ده‌رکه‌م،
شه‌وان وه‌ک گوڵێکی سوور له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک که‌روێشکی سپی‌دا بچمه ده‌شت،
بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ بم
ده‌بێ له ته‌می سه‌ر سنگی خۆمه‌وه بێمه ده‌رێ،
به‌سه‌ر ئاوبوونی خه‌یاڵی خۆمدا بڕۆم،
به خۆڵه‌مێشه‌که‌م خۆم سواغدهم،
له‌شکرێک نازناز دوای خۆم خه‌م
تا خۆم تاڵانکهم به گرتنی تۆ.
من له‌وێم و له چاوم تۆ ده‌ڕژێی،
من لێره‌م و چاوم پڕ بووه له تۆ،
من نه له‌وێم و
نه لێره‌م و
نه له هیچ جێ،
به‌ڵام تۆ هه‌م لێره‌یت و هه‌م له‌وێیت و هه‌م له هه‌موو جێ.
گوناهی من نییه هه‌مووجێ له ڕوانینما ئهخولقێ
به‌ڵام گوناهی تۆیه له چاوتا من ده‌رئه‌که‌ی له‌وێ.
تۆ پێمده‌ڵێی: لێره‌نیت
تۆ لێره‌نیت
کوا لێره‌یت؟
من له‌وێم!
چونکه پیری من له‌وێیه.
من له‌وێم،
دڵی من هه‌میشه به‌سه‌ر درهختهکانهوهیه،
رۆحم له ناو ڕه‌نگی گوڵه‌کاندا ده‌سووتێ،
ده‌ستم وه‌ک کلکی ماسییه‌کانی حه‌وزه شینه‌که‌ی هه‌ناسه‌م
ده‌له‌رزێ،
من له‌وێم!
چونکه منداڵی من له‌وێیه!
هه‌ی موسیبه‌تم، من له‌وێم.
من له‌وێم.