Skip to Content

Saturday, July 27th, 2024
ئەو جەنگاوەرەى تا مەرگ دەجەنگێت ….. ئارام پەشێو

ئەو جەنگاوەرەى تا مەرگ دەجەنگێت ….. ئارام پەشێو

Closed
by January 4, 2009 ئەدەب

 ئەو جەنگاوەرەى تا مەرگ دەجەنگێت 
 بەڕۆحە سپیەكەى (لەتیف هەڵمەت)ى شاعیر پێشكەشە

 

بەدزى شەوەوە
 بۆتاوێك سرەوتن لەڕۆحى خۆیدا
 نوورێك .. زیندەگى لەباوەگوڕگوڕ دەخوازێ و
 بەپىَ خاوسى دێتە گۆڕەپانى یارى
 تا تاوێك ڕۆژ لەبەر باراندا هەڵبخات و
 شەویش لەڕۆخى ڕووبارى عەدەمدا لەخۆى وون بكا
 ئیدى ئەو ببێتە شەپۆڵێك لەزریانىَ
 ئەو "هەڵمەت" بوو
 هێرشى بۆ سەر داڵە تووشەكانى ئەزەل هێناو
 ئەجەلى فیراقى پىَ شووناسكردن
 ئەو .. مەنفاكانى ئەوێى بەدەستى خۆى ناشت
 ئەو كەهات ئەجەلى كردە نێو بوخچەیەكى چووك و
 تووند .. تووند گرێیدا
 ئەو كەهات .. جەنگاوەرێكى تژیبوو لەخۆى و
 خۆى نەخستە بەر دەنووكى ئەوانەى
 گەرا دەخەنە پێڵوومان
 خۆى نەدایە دەست گوناهەكانى قەدەرەوە
 هۆ هەڵمەتى پڕ هەتم ..
 تۆ .. پیرێكى پیرۆزى پیرۆز
 لەدڵدا منداڵێكى ساواو
 كۆترێكى بێلانە و لانەواز و دڵسۆز
 تۆ بووى ئەو دەمەى جەللادان ویستیان
 ڕۆحى بەفرینت خاڵیكەن لەسۆز
 تۆ هەر ژیایت و
 جەستەت پڕتر كرد لەگڕى نەورۆز
 تۆ پیرى موغان بوویت و
 نەسیمەكانى تەمەنت
 تك .. تك چۆڕانە سەر فنجانى مەستیى ژین و
 بەڵام تەمەنى یاخى بۆخۆى قەدرى نەگرتى
 تۆ پیرى موغان بوویت و
 سەرت وەرزێكى ئالوودە بەمەینەت
 تۆ .. هێندەى كورتە باڵاییت بەرزى
 تۆ .. هێندەى لاپەڕەى كتێبەكانت گەورەى
 تۆ .. هێندەى خۆشەویستیت بۆ منداڵان
 سەد هێندەى "حافز و شاملوو" بۆفارس و
 "نزار" بۆ شام بۆ ئێَمە فەرزى
 تۆ .. سەرت تاجەو
 شتێك كورتتر لەئاڵاى وەفاداریى نیشتمان بۆمان ڕەمزى
 نەسرەوتنت ..  نموونەى ئەسپێكى سەركێشەو
 گۆشەكانى غوربەت تەى دەكات
 تۆ .. كۆترێكى دڵ سپى بێلانە بوویت
 ساتێك منداڵێكى هەتیو بووم و
 لەپشتى باوەگوڕگوڕەوە لەدایكبووم
 ڕۆحمیان بەشیعرەكانت تژى دەكرد
 ئەى كەڵەمێردەكەى سەدەى بیست
 هۆ ڕۆحە پەژمووردەكەى لەئەسیرى بەجێماو ..
 لەخانەقاى دیدەنیتدا
 خەرمانىَ ووشە لەكانیاوى هزرم تەقى و
 بیرى گۆشەگیریان تەنیم
 تۆ .. ڕێبوارێكى ماڵانگەڕبووى ..
 لەحوجرەى فەرمایشتەكانى سۆز و
 لەبەردەم دەرگەى كەلاوەیەكدا
 پیاسەكانى خۆت هەست پێكرد ..
 ئیدى تەنهایى .. بۆ هەمیشە تەنهایى
 لەڕۆحى دایكى سەندیتەوە
 ئەو .. ویستى گەرا بخاتە چاوى هیوات و
 شیعرەكانت لەزەلكاوى مەینەتدا .. بخنكێنێت
 من .. منداڵ بووم دێڕەكانى مەنفاى تۆم
 ئالوودەى بیرم دەكرد
 وەك هەمیشە پیتەكانیم لەخۆمدا دەدۆزییەوە ..
 تۆ .. پیرێكى پیرۆزى پیرۆز
 سەرت تاجەو .. سەدان هێندەى ئەوانى دى
 بۆنیشتمانت خاوەن سۆز
 تۆ .. پیرى موغانیت و
 عاشقێكى سەرشێت و سەرمەستى وەفا بۆهۆز .
 
 كات : كەمێك پاش قەدەر بەحوزنەوە بەپێخواسى نووسراوەو وەك ملوانكەیەكى وەفا بۆ كەڵە شاعیرێكى شارەكەم پێشكەشە.
 
 ئارام پەشێو
 كەركوك
 aram_peshew@yahoo.com

 aram_nali@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.