Skip to Content

Sunday, November 3rd, 2024
ناو بژیوانی ئه‌ردۆگان زیره‌كانه‌یه……مه‌هدی كاوانی

ناو بژیوانی ئه‌ردۆگان زیره‌كانه‌یه……مه‌هدی كاوانی

Closed
by January 4, 2009 گشتی

 ناو بژیوانی ئه‌ردۆگان زیره‌كانه‌یه ، هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه‌ش پێویستی پێیه به‌ڵام تێكهه‌لكێشه‌كان له‌وه‌ گه‌وره‌ترن

 دابه‌شبوونی سیاسی له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌. ئێران، حیزبولله‌، حه‌ماس و به‌شێكی فراوانی ته‌شكیله‌ی سیاسی شیعی عیراق و ته‌یاری شیعی له‌ ته‌واوی وڵاتانی ئیسلامی و ناوچه‌كه‌ محوه‌ری خۆیان پێك هێناوه‌و ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌جندایان دایه‌،‌ فراوانكردنی ده‌ستڕۆیشتوویی سنوری قه‌له‌مڕه‌وی خۆیانه‌ له‌ لایه‌ك و ، هێنانه‌وه‌ی گیروگرفت بۆ نفوزی ئه‌مه‌ریكی و ئیسرایلی له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ لایه‌كی تره‌وه‌یه‌. ڕێكخراوه‌ سوننیه‌ ئاینیه‌ توندڕه‌وه‌كانیش كه‌ له‌ سه‌ر چه‌ند ئه‌جندای ناكۆك و دۆست و نه‌یار وه‌ستاون ، هه‌یانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك داكۆكی له‌ قاعیده‌ ده‌كه‌ن ، هه‌یانه‌ به‌ سۆزی عه‌ره‌بی كاردانه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، هه‌یانه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ دژی ئێران كاردانه‌وه‌و خۆ نزیك كردنه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكیه‌كان ساز بده‌ن….. ئه‌وانیش به‌ش به‌ حالی خۆیان له‌ ناوچه‌كه‌ بوونه‌ته‌ مینبه‌رو ده‌شخوێندرێنه‌وه‌. قاعیده‌ كه‌ مینبه‌رێكی ده‌ست ڕۆیشتو به‌ جیهانی بوونی ئیسلامن، تا زۆر ڕاده‌دو به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی ئه‌مه‌ریكاو ده‌سه‌ڵاتی باوی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ریكاو تا زۆر ڕاده‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ دوژمنی پله‌ی یه‌ك مامه‌له‌یان له‌ گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و ئه‌وانیش یه‌كی له‌ محوه‌ره‌ به‌هێزه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌و ته‌واوی جیهانی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن.
 ئه‌وه‌ی لێره‌ ماوه‌ته‌و توركیایه‌ كه‌ بێ محوه‌ره‌‌‌. ئه‌و نێوه‌نده‌ی ئه‌وان تیانه‌ له‌ گه‌ل هیچیان نینه‌و له‌هه‌مان كاتیشدا له‌ گه‌ڵ هه‌موانیانن. گیرو گرفتی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای توركیا له‌ ڕۆژگاریكی وه‌ك ئه‌مڕۆمان له‌ شوێنی تر گیرساوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش له‌ ئاستی ناوخۆ، هێزه‌سیاسیه‌ كۆنه‌كانی توركی به‌ ناوی كه‌مالیزم و سوپایه‌‌ كه‌ دژایه‌تیان ده‌كه‌ن له‌ گه‌ڵ كێشه‌ی كورد. له‌ ده‌ره‌وه‌ش ساز كردنی ئه‌و زه‌مینانه‌یه‌ كه‌ چۆنچۆنی كاری وه‌ها بكه‌ن تاوه‌كو چوونیان بۆ ئه‌وروپا لێ قبول بكرێ.
 ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆگان و گوڵ كه‌ نایانه‌وێ له‌ دۆزی كورد بچنه‌ پێشه‌وه‌ ،له‌ په‌كه‌كه‌و تا ڕاده‌یه‌كیش ده‌ته‌په‌ ده‌ده‌ن ، به‌ڵام له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ نایانه‌وه‌ێ به‌و كاره‌یان ده‌نگی ناخبی كوردی بدۆڕێنن، بۆ تێك هه‌لكێشانی ئه‌و دوو دیارده‌ پێچه‌وانه‌و دژ به‌یه‌كه‌ و تا ڕاده‌یه‌ك چاره‌نووس ساز بۆیان ده‌یانه‌وی له‌ ڕێگای سۆزی دینی و خۆڕێكخستن له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و له‌ یه‌ك جیا كردنه‌وه‌ی كاته‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانیان، كارو كاردانه‌وه‌ بكه‌ن . بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ عه‌بدولله‌ گۆلیان بۆ ئیفاد كردووه‌ كه‌ له‌ سه‌ر هه‌موو هێله‌كان كار بكا تاوه‌كو ده‌نگی كورد نه‌دۆڕێنن و په‌كه‌كه‌و ده‌ته‌په‌ش ئه‌گه‌ر ته‌سك تریشیان نه‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وا نه‌یه‌ڵن زیاتر به‌ره‌و پێش بڕۆن. له‌ سه‌ر هێلی عیراقیش ڕه‌نگدانه‌وه‌كانیان وه‌ها لێ كردووه‌ كه‌ نه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی نه‌ ته‌شكیله‌ سیاسیه‌ عه‌ره‌به‌ لێك جیاوازه‌كان پێیان نیگه‌ران نه‌‌بن . بینیشمان كه‌ ساڵێكه‌ ئه‌ردۆگان خه‌ریكی ناوه‌ندێتی ئیسرایل و سوریایه‌ بۆ نزیك
  كردنه‌وه‌یان بۆ سه‌ر هێلی گفتوگۆكردن .
 ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌و نێوه‌نده‌ی ئێستای توركیایه‌ له‌و هێرشه‌ی ئیسرایل بۆ سه‌ر حه‌ماس له‌ هه‌رێمی غه‌زه‌. له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیع ئێستاكه‌ له‌ سه‌رێكه‌وه ده‌سه‌ڵاتی توركی له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی توندتره‌ له‌ هه‌لوێست وه‌رگرتن له‌ دژی ئیسرایل ، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌كه‌ی تر ئیسرایلیش وه‌ك عه‌ره‌به‌كان نێوه‌ندیتی ئه‌ردۆگانیان قبوڵه‌ بۆ ته‌هدئه‌.له‌وه‌ش زیاتر نه‌ ئه‌مه‌ریكا نه‌ محوه‌ره‌كانی تر به‌ ئێرانیشه‌وه‌ نیگه‌ران نینه‌ له‌ ناوبژیوانی ئه‌ردۆگان. له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیع شه‌ڕی حه‌ماس و ئیسرایله‌ له‌ هه‌رێمی غه‌زه‌ ، به‌ڵام له‌ ڕووی ئه‌رزیه‌تی سیاسی تێكڕای ته‌شكیله‌ سیاسیه‌ جۆراو جۆره‌كانی ناوچه‌كه‌ و نفوزی ده‌ره‌وه‌ چونه‌ته‌ ناویه‌وه‌. پێم وانیه‌ هیچ له‌ لایه‌نه‌كان پێیان ناخۆش بێت به‌ ئیسرایلیشه‌وه‌‌ ، كه‌ هه‌رچی زووه‌ شه‌ڕه‌كه‌ كۆتایی پێ نه‌یه‌ت. به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان به‌ ئه‌جندایه‌ك  له‌ لایه‌ك و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ هه‌ر لایه‌ ده‌یه‌وێ به‌ ژێركه‌وتوانه‌ له‌ باره‌كه‌ ده‌ر نه‌چێ . هه‌ر ئه‌و هۆكاره‌شه‌ كه‌ لایه‌نی ناوبژیوانی توركی قبوڵ ده‌كه‌ن. كه‌ توركیش ئێستاكه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ ناوبژیوانیه‌ی پێ سپیردراوه‌ زۆری له‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوبژیوانی میسر هه‌م له‌ لایه‌ن حه‌ماس هه‌م له‌لایه‌ن زۆری شه‌قامی عه‌ره‌بی و هه‌ندی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی وه‌ده‌ر نراوه‌ به‌وه‌ی كه‌ ناوبژیوانێكی ڕاست گۆ نه‌بووه‌. ئه‌مه‌ریكیه‌كان ، ئیسرایلیش له‌ گه‌ڵی ده‌زانن توركیا له‌ سه‌ر كێشه‌ی ئیسرایل گوشاری زۆری ناوخۆو وڵاتانی ئیسلامی له‌ سه‌ره‌ . هی ناوخۆ به‌و ناوه‌ی كه‌ ئه‌وان به‌ ده‌نگی دین هاتونه‌ته‌ سه‌ر حوكم و مه‌عقولیش نیه‌ دوو قسه‌ی باش بۆ دین نه‌كه‌ن له‌ هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ بێت ، ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك وه‌ له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ دژه‌كانیان له‌ توركیا بۆیان له‌ سه‌نگه‌ر دانه‌ بۆ گه‌وره‌كردنی  شته‌كان به‌سه‌ریان . به‌ قه‌ناعه‌تی خۆمه‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ ئه‌مه‌ریكاو ئیسرایل ئه‌و په‌ڕه‌گرتنانه‌ له‌ توركیا قبوڵ ده‌كه‌ن و وا ش بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ دوا جاردا كاردانه‌وه‌ی وه‌ها ناكه‌وێته‌ خانه‌ی دژیان. حاله‌تی وه‌ها و له‌ شه‌ڕی یه‌كه‌می كه‌نداو له‌ دژی سه‌د‌ام حوسین له‌ حكومه‌تی ئه‌رده‌ن ڕووی دا . حكومه‌ت له‌ گه‌ڵ  ئه‌مه‌ریكا بوو و شه‌قامیش له‌ گه‌ڵ سه‌دام حوسێن بوو و حكومه‌تی ئه‌رده‌نیش به‌ زیره‌كانه‌ نێوه‌ندێكی پێك هێنا كه‌ شه‌قام و ئه‌مه‌ریكاش پێی نیگه‌ران نه‌بن . ئێستا ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئۆردۆگان ده‌یه‌وێ به‌ ئامانجی بگه‌یه‌نێ. بۆ ئه‌مه‌ریكاو ئیسرایلیش حه‌ز ده‌كه‌ن كه‌ پاش ته‌مبێ كردنی نه‌یاره‌كانیان و تێر كردنی ئاره‌زووه‌كانیان هێزی وه‌ها به‌ده‌ر بكه‌ون و ناوبژیوانی بكه‌ن بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی باره‌كان . كاری ناوبژیوانی توركیاش چه‌ندی ده‌كه‌وێته‌ خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌به‌كان، به‌ دوقاتیش ده‌كه‌وێته‌ ناو به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرایل و ئه‌مه‌ریكا. به‌ بۆچوونی خۆم كاری وه‌های توركیا وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ ڕیش سپی بۆ ئه‌مه‌ریكیه‌كان و ئیسرایلیه‌كان بكا تاوه‌كو نفوزیان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌. له‌ ڕووی واقیعیشه‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكاو ئیسرایل نێوه‌ندی توركه‌كان له‌ نێوه‌ندی قاعیده‌و ئێران و حه‌ماس و حیزبولله‌و ڕێكخراوه‌ ئایینیه‌ سوننیه‌ توندره‌وه‌كان باشتره‌. له‌وانه‌یه‌ بۆ دوا ڕۆژ پێشیان خۆش بێت نێوه‌ندی وه‌ها به‌هێز بكرێت.
 به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ لێره‌ خۆی به‌ده‌ر ده‌خا ئه‌وه‌یه‌ ئایا تا سه‌ر ئه‌و نێوه‌ندێتیه‌یان بۆ ده‌چێته‌ سه‌ر؟ یان به‌ واتایه‌كی تر هێلی ئێران، قاعیده‌ ، ته‌یاری دینی سوننی ، ئه‌وه‌ قبوڵ ده‌كه‌ن كه‌ توركیا به‌و نێوه‌ندێتیه‌ بمێنێته‌وه‌. توركیا میانڕه‌وه‌و ئه‌مریكاو ئه‌وروپاش وه‌ها ده‌یان خوێننه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و میانڕه‌وه‌ی توركه‌كان ئه‌گه‌ر لایه‌نی ئێران ، قاعیده‌و هی تریش دژایه‌تیان بكه‌ن، به‌ دوایه‌وه‌ شتی تری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. ڕاسته‌ ئیسرایل توانیویه‌تی ژێرخانی غه‌زه‌ تێك بشكێنێ و زیانی گیانی و مادیش له‌ حه‌ماس و خه‌لكه‌كه‌ بدات. به‌ڵام حه‌ماس و به‌رهه‌لستكردنه‌‌كانیشیان ماون . كێ ناڵێ ئه‌گه‌ر ئیسرایل بچێته‌ ناو غه‌زه‌ وه‌ك شكستی لوبنانی به‌سه‌ر نایه‌ت، ئه‌و كاته‌ حه‌ماس چه‌ند هارن به‌ چه‌نداها قاتی تر هارت ده‌بن و به‌ هۆشیه‌وه‌ شه‌قامی فه‌له‌ستینی و عه‌ره‌بی له‌ دژیان و كوده‌تا سه‌ربازیه‌كه‌یان به‌ سه‌ر فه‌تح خۆیان پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ واته‌ ئه‌وان زیاتر له‌ فه‌تح ده‌كه‌ونه‌ ناو ئه‌و هێزه‌ی كه‌ ده‌بێ عه‌ره‌به‌كان و ده‌ره‌وه‌و ئیسرایل و ئه‌مه‌ریكاش حیسابیان بۆ بكات. له‌ حاله‌تی وه‌هادا ده‌بێ ناوبژیوانی ئه‌ردۆگان تا كوێ بڕ بكا. به‌ بۆچوونی خۆم ناوبژیوانی ئه‌ردۆگان تا ئه‌و شوێنه‌ بڕ ده‌كا كه‌ حه‌ماس له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕ شكست بهێنێ و ناچاری به‌جێ گه‌یاندنی هه‌ندێ داخوازیه‌كانی ئیسرایل بێت بۆ ڕاگرتنی هێرشی موشه‌كه‌كانیان بۆ ناو شاره‌كانی ئیسرایل. له‌و كاته‌ ناوبژیوانی ئه‌ردۆگان بۆ ئیسرایل گرنگه‌ كه‌ حه‌ماس بشكێت و نفوزی توركیاش بۆ به‌هێزكردنی میانڕه‌وه‌كان واته‌ فه‌تح بێت و توركیش به‌ ده‌وری خۆی ده‌ستدریژیه‌كانی ئیسرایل له‌ ڕێگای وتووێژ بڕه‌وێنێته‌وه‌. كورد ده‌ڵێ ئه‌و هه‌ویره‌ ئاوه‌كی زۆری گه‌ره‌كه‌ . ئیسرایل چه‌ند بۆ ئه‌مه‌ریكا گرنگه‌ ، پشتگیری شه‌قام و ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بیش به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ گرنگه‌. جۆرج ده‌بلیو‌ بۆش له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕ له‌ ئه‌فگانستان و عیڕاق شكستی خواردووه‌، قه‌یڕانی ئابووریشیان به‌ڵایه‌كی تر . ئه‌مه‌ریكیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌نگیان به‌ ئۆبامه‌ دا كه‌ ئه‌وه‌ی بۆش به‌ شه‌ڕ دۆڕاندی ، ئۆباما به‌ ئاشتی بیباته‌ . له‌وانه‌یه ئه‌و هیرشه‌ی ئیسرایل‌  ئه‌جندای هه‌لبژاردن له‌ ئیسرایل هێنابێتیه‌ پێشه‌وه‌و كاری ژێراو ژێری ده‌سه‌لاتی بۆشیشی پێوه‌بێ تاوه‌كو له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ گیرو گرفت بۆ ئۆباما بنێته‌وه،‌ به‌ڵام كارتێكردنه‌ خراپه‌كانی، ده‌سه‌ڵاتی ئۆباما بۆ ساڕێژ كردنی هیلاك ده‌كات . با ئه‌وه‌ش له‌ بیر نه‌كه‌ین ئه‌و كاره‌ی ئیسرایل له‌ لایه‌كه‌وه‌ مسداقیه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌و نفوزی توندڕه‌وی به‌ ئێران و قاعیده‌ له‌ ناوچه‌كه‌ زیاد ده‌كات و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌رزیه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی نفوزی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌تی پێشوو به‌ ناوی نفوزی ڕووسی ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌‌. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین شه‌ڕی ئێستای هه‌رێمی غه‌زه‌و تێكهه‌لكێشه‌ سیاسیه‌كانیان گه‌لێ له‌ ناوبژیوانی ئه‌ردۆگان گه‌وره‌تره‌و بۆ توركیش ناچێته‌ سه‌ر تا سه‌ر مامناوه‌ندێتی بكات .
 مه‌هدی كاوانی/٣/١/٢٠٠٩
 mahdikawani@yahoo.co.uk
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.