
كڵاویان لە سەرى رۆژنامەنووسان نا ….سمكۆ عەبدولكەریم
كڵاویان لە سەرى رۆژنامەنووسان نا
سمكۆ عەبدولكەریمپێش هەموو شتێك پێویستە سەندیكاى رۆژنامەنووسان و خودى رۆژنامەنووسان بە جدى لەسەر ئەوە بوەستن كە لە پڕۆژە یاساى رۆژنامەگەرى لە كوردستان بڕگەیەك هەبوو كەنابىَ رۆژنامەنووس لە سەركارى رۆژنامەنووسى دەستگیربكرىَ ، بەڵام دواى دەرچوونى یاساكە بەبىَ ئەوەى كەس هەستى پێكردبىَ ئەو بڕگەیە لە یاساكەدا لادراوە ، بە هیچ شێوەیەك ئاماژە بۆ ئەوە نەكراوە كە نابىَ رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى دەستگیر بكرىَ ، بۆیە ئەو لە هەڵادانەى رۆژنامەنووسان كە گوایە دادگا تا ئێستا كارى بەو یاسایە نەكردوە لە شوێنى خۆیدا نەبووە و ، پێناچىَ كەسیان بە وردى یاساكەیان خوێندبێتەوە .
من زانیومە كە لە هەموو ململانێكدا دەستكەوتێك دەكرێت دەسكەوتێك بكرێتە قوربانى دەستكەوتێكى دیكە ، ئەگەر بشتواندرىَ بەبىَ قوربانى هەمووى بەدەست بێت ئەوە هەر زۆر باشتر، رۆژنامەنووسان پێیان وابوو بەبىَ قوربانى توانیویانە لە گەمەى دەركردنى یاساى رۆژنامەگەرى لە كوردستان بیبەنەوە ، بەڵام نەك هەر نەیان بردەوە ، بەڵكو كڵاوێكى قیت و قۆزیان لەسەرى رۆژنامەنووسان نان ، دواى گەمەیەكى گەرم و سەخت و دژوار ، رۆژنامەنووسان لەو گەمەیەدا وەها دۆڕاندیان كەس نازانى چەند بە چەندیش بوو ، چونكە بە پێى یاساكە رۆژنامەنووسان وا تێگەیشتبوون كە بە هیچ شێوەیەك رۆژنامەنووس لەسەر كارى رۆژنامەگەرى زیندانى ناكرىَ ، كەچى هەردواى دەرچوونى یاساكە دوو حالەتى زیندانیكردن روویدا ، رۆژنامەنووسانیش ئەوەیان بە جێبەجێنەكردنى یاساكە لێكدایەوە ، بىَ ئاگا لەوەى كە لە یاساكەدا شتێك نییە رێگربىَ لە زیندانى كردنى رۆژنامەنووسان ، دواتریش داواكارى گشتى لە روونكردنەوەیەكیدا كە لەبارەى كێشەى زیندانیكردنەكەى دكتور عادل-دا بڵاویكردەوە زیاتر پەردەى لە رووى راستییەكان هەڵماڵى و بۆ هەموو لایەكى ئاشكرا كرد كە نابىَ رۆژنامەنووسان دڵیان بەوە خۆش بىَ ، كە لەیاساكەدا (دابى گشتى) لادراوە ، داواكارى گشتى لە روونكردنەوەكەیدا كە لە 15/12/2008 بڵاویكردۆتەوە دەڵىَ: (تاوانەكە لەناو دەقەكانى یاساى رۆژنامەگەرى نەهاتوە ، چونكە ناوبراو بە سەرپێچى كردنى (ئادابى گشتى) ئیدانە كراوە ، بۆیە دادگا گەڕاوەتەوە سەر یاساى گشتى كە یاساى سزایە لە ماددەى (403) باس لە تاوانەكە دەكات و سزاى بۆ دیارى كردوە ) ، لە بەشێكى دیكەى روونكردنەوەكدا هاتوە ( ئەگەر یاساى رۆژنامەگەرى بوارى جێبەجێكردنى هەبوایە لەسەر ئەو تاوانەى خراوەتە پاڵ ناوبراو ئەوكات تانەمان لە بڕیارى دادگا دەدا ) .
بۆیە رۆژنامەنووسان بە پێى ئەم یاسایە نەك هەر ئەوەى دەیان ویست بەدەست بێنن بە دەستیان نەهێنا ، بەڵكو ئەوەى هەشبوو لەسەریان دانا ، چونكە بەر لەدەرچوونى یاساكە حكومەتى هەرێم بۆ ئەوەى ئەزموونەكەى بە رووى دەرەوەدا لەكەدار نەبىَ زۆر لێپرسینەوە هەبوو خۆى لێدەبوارد ، بەڵام ئێستا لە سێبەرى یاساكەدا دەیكات و رۆژنامەنووسیش زیندانى دەكات .
بەڕاستى داواكارى گشتیش حەقى خۆیەتى بڵىَ (هەندێك لە ئەندام پەرلەمان و وتەبێژى وەزارەتى مافى مرۆڤ بە ناهۆشیارى یاسایى باسیان لەم كێشەیە كردوە) .