
وه‌ڵامێک بۆ وتاره‌که‌ی د. ره‌فیق سابیر….
وه‌ڵامێک بۆ وتاره‌که‌ی د. ره‌فیق سابیر به‌سه‌ردێڕی:
(چه‌پی کوردستانی ره‌نگدانه‌وه‌ی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی وکۆمه‌ڵایه‌تی بو)
جه‌لال ده‌باغ
به‌شی سێیه‌م:
گۆڤاری رۆژه‌ڤ که نوسراوه "گۆڤارێکی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی‌و کلتورییه‌و له‌تاران ده‌رده‌چێت،" و به‌داخه‌وه تا بڵاو کردنه‌وه‌ی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی د. ره‌فیق سابیر ناوی ئه‌م گۆڤاره‌م نه‌بیستووه،" له ژماره‌ی (3و 5)ی ساڵی 1386دا دۆسێیه‌کی تایبه‌تی به‌ناوی (کورد‌و بیری چه‌پ) بڵاوکردۆ‌ته‌وه،" نازانم بۆچی ژماره چوار بواردراوه؟! "له‌و دۆسێیه‌دا چه‌ند چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک روناکبیری کورد‌و ئێرانی‌دا به‌خۆگرتوه،" که لێره‌دا چاوپێککه‌وتن له‌گه‌ڵ د. ره‌فیق سابیردا بڵا کراوه‌ته‌وه‌و" سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی" ناوێک ئه‌مه‌ی ئاماده‌کردووه.
ئه‌م دیداره له رۆژنامه‌ی (رۆژنامه) و له ماڵپه‌ڕی (سبه‌ی)یشدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و، به پێویستمزانی لێی بێده‌نگ نه‌بم.
2- له خاڵی دوه‌مدا د. ره‌فیق ده‌ڵێت: "له‌دوای کودێتای 1958 عێراق له کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی رزگاربو، به‌ڵام له راستیدا ئه‌مه ته‌نها رزگاربونی عه‌ره‌بی عێراق بو، نه‌ک کورد، چونکه بۆ کورد ته‌نها جۆری جه‌للاده‌که‌ی- داگیرکه‌ره‌که‌ی گۆڕدرا‌و توندتر که‌وته به‌ر په‌لاماری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب." پێموایه ئه‌م بۆچونه نا‌ته‌واوه، چونکه له ئه‌نجامی شۆڕشه پیرۆزه‌که‌ی 14ی ته‌موزی 1958دا ته‌واوی نه‌ته‌وه‌کانی ناو عیراق له رێژیمی پاشایه‌تیی وابه‌سته‌ی ئیمپێریالیزم رزگاریان بو، بۆ یه‌که‌مینجار له عیراقدا رێژیمی کۆماری دامه‌زرا، وێڕای ده‌ستکه‌وته مه‌زنه‌کانیتر، به‌ندوگیراوه‌کان ئازادکران، بارزانیه‌گیراوه‌کانیش ئازادکران و پێشمه‌رگه بارزانیه‌کان به سه‌رۆکایه‌تی مسته‌فا بارزانیی نه‌مر گه‌ڕانه‌وه بۆ خاکی نیشتیمان..تاد.
په‌لاماری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب ته‌نیا بۆ سه‌ر کورد نه‌بو، به‌ڵکو بۆ سه‌ر هه‌موکۆماری عیراق و ده‌ستکه‌وته‌کانی شۆڕشه‌که‌ش بو.
پاشان وه‌ک له‌تانوپۆی وتاره‌که‌یدا بڕیاری دابێ، هه‌ندی راستی و ره‌وا باسده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ناڕاستی و ناڕه‌وایی پێبسه‌لمێنێت، عه‌ره‌ب واته‌نی "کلمە حق یراد بها باگل". بۆ نمونه کاک ره‌فیق ده‌ڵێت: " ته‌نها دوای سێ سال (ساڵی 1961) ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بیی عێراق شه‌ڕێکی شۆڤێنیستانه‌ی له‌دژی گه‌لی کورد هه‌ڵگیرساند، که سه‌رئه‌نجام به ئه‌نفال‌و کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه گه‌یشت. له هه‌ندێک سه‌رده‌می ئه‌م شه‌ڕه شۆڤێنییه به‌رده‌وامه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، حیزبی شیوعی پاڵپشت‌و ته‌نانه‌ت دارده‌ستی ده‌وڵه‌تی عێراق بو، هه‌ر کاتێک ئه‌م حیزبه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی عێراق باش یان ئاسایی بوایه، ئه‌وا پشتی ده‌وڵه‌ت‌و شه‌ڕه‌کانی ده‌گرت، بۆ نمونه له سه‌ده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسمدا (1961 تا 1963) دواتر له سه‌رده‌می به‌عسدا (1974- 1975) هه‌روا (1977- 1978)، به کورتی، به‌ڵکو ئه‌وه گرنگ بو کێ ئه‌م کاره ده‌کات، دۆسته‌که‌ی خۆی یان دوژمنه‌که‌ی! بۆیه ته‌نها ئه‌و کاتانه له‌سه‌ر کوشتاری کورد‌و وێرانکردنی کوردستان هه‌ڵوێستی توندی ده‌گرت ئه‌گه‌ر خۆشی به‌ر په‌لاماری ده‌وڵه‌ت بکه‌وتایه."!! ئه‌م بۆچونه راست و ورد نیه، چونکه:
ــ که ده‌ڵێ"ته‌نیا دوای سێ ساڵ" مه‌به‌ستی دوای شۆڕشه‌که‌ی ته‌موزی 1958 ه که له ساڵی 1961دا رژێمی دیکتاتۆریی تاقه‌که‌سیی قاسم نه‌ک" ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بیی عێراق" شه‌ڕێکی شۆڤێنیستانه‌ی له‌دژی گه‌لی کورد هه‌ڵگیرساند. حزبی شیوعی له‌دژی ئه‌م شه‌ڕه‌بو. پێش ئه‌وه‌ی شۆڕشی 11ی ئه‌یلولی 1961 هه‌ڵگیرسێت، هه‌ندێک ده‌ره‌به‌گ و کۆلاک له‌دژی یاسای باجیی زه‌وی (قانون چریبە الأرچ) که قاسم داینابو له ناوچه‌ی قه‌زای دوکان و قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستیان دایه چه‌ک که جموجوڵێکی کۆنه‌په‌رستانه‌بو،داخوازییان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای باجیی زه‌وی بو، له دژی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه پارتی دیموکراتی کوردستان که سکرتێره‌که‌ی مامۆستای کۆچکردو برایم ئه‌حمه‌د بو، حزبی شیوعی عێراق که سکرتێری گشتیی هاوڕێی شه‌هید سه‌لام عادل بو ره‌شنوسی به‌یاننامه‌یه‌کیان ئاماده‌کرد که مامۆستا برایم نوسیبوی تا به‌ناوی هه‌ردو مه‌کته‌بی سیاسیه‌وه ده‌ری بکه‌ن. به‌ڵام پێش چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌که مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی له ئیمزاکردنی به‌یاننامه‌که پاشگه‌زبونه‌وه‌و، ته‌نیا به ناوی حزبی شیوعی عێراقه‌وه بڵاوکرایه‌وه، ئیترهه‌ندێک روداوی نوێ هاتنه پێشه‌وه، مسته‌فا بارزانیی نه‌مر که سه‌رۆکی پارتی بو، له به‌غداوه گه‌ڕایه‌وه بۆ ناوچه‌ی بارزان، قاسم به چه‌شنێکی دڕندانه که‌وته بۆردومانی ناوچه‌یه‌کی فراوانی کوردستان، پارتی به‌ره‌به‌ره ده‌ستی به‌سه‌ر راپه‌ڕینه‌که‌دا گرت و، سه‌رکردایه‌تی کرد‌و بوه شۆڕشه‌که‌ی ئه‌یلولی 1961 به سه‌رۆکایه‌تیی بارزانی مسته‌فا. شایانی باسه ئه‌و کاته پێش ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی کاری ئاشکرا له پارتی بسێندرێته‌وه، مۆڵه‌تی کاری ئاشکرا له حزبی شیوعی سه‌ندرایه‌وه.
هه‌ڵوێستی حزب به‌مجۆره‌بو: به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی شه‌ڕ را‌گرتن له کوردستانداو چاری ئاشتیانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد. ده‌یان هه‌زار که‌س له به‌غداو هه‌مو شاره‌کاندا به سه‌رکردایه‌تی حزبی شیوعی رژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و هاواریانده‌کرد: شه‌ڕ له کوردستان راگرن! چاری ئاشتیانه‌ی مه‌سه‌له‌ی کوردمان ده‌وێ!، به‌ڵام رژێمی دیکتاتۆر به‌گرتن و چه‌ک و به‌ندیخانه وه‌ڵامیدایه‌وه، بۆیه حزب ده‌ستی به تێکۆشانی نهێنی کرده‌وه. حزب ئه‌وکاته له شۆڕشه‌که‌ی ئه‌یلولدا به‌شدارنه‌بو، چونکه له‌و باوه‌ڕه‌دابو، هێزه نه‌ته‌وه‌په‌رسته شۆڤێنیسته‌کانی عه‌ره‌ب و، دوژمنانی شۆڕشه‌که‌ی 14ی ته‌موز، مۆڵه‌ت له‌وبارودۆخه‌ی تێکۆشانی چه‌کداری وه‌رده‌گرن و گورزی خویان له دژی ئامانجه‌کانی شۆڕشه‌که‌ی ته‌موز ده‌وه‌شێنن و
له راستیشدا وابو، کوده‌تا فاسیسته‌که‌ی 8ی شوباتی1963 ی به‌عسیه عه‌فله‌قیه‌کان به‌رپاکرا که ده‌یان هه‌زارکه‌س له شیوعی و دۆسته‌کانیان و دیموکراتیخوازان خرانه ناو زیندانه‌کانه‌وه‌و، له10ی حوزه‌یراندا شه‌ڕیان له‌دژی کوردستان تازه‌کرده‌وه. ئیتر که‌ی ره‌وای هه‌قه بگوترێ" حیزبی شیوعی به لایه‌وه گرنگ نه‌بو کورد ده‌کوژرێت‌و وڵاته‌که‌ی وێران ده‌کرێت "! بۆچی حزبی شیوعی خۆیشی، به مانایه‌ک، به‌شێک نیه له گه‌لی کورد‌و بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌لی کوردستان؟
ــ د.ره‌فیق به‌سه‌ر ئه‌و هه‌مو روداوانه‌ی ساڵانی دواتردابازده‌داو، به‌بازێک ده‌گاته ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت:" که سه‌رئه‌نجام به ئه‌نفال‌و کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه گه‌یشت"! دوای ئه‌مه‌ش ده‌ڵێت: " له هه‌ندێک سه‌رده‌می ئه‌م شه‌ڕه شۆڤێنییه به‌رده‌وامه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، حیزبی شیوعی پاڵپشت‌و ته‌نانه‌ت دارده‌ستی ده‌وڵه‌تی عێراق بو، هه‌ر کاتێک ئه‌م حیزبه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی عێراق باش یان ئاسایی بوایه، ئه‌وا پشتی ده‌وڵه‌ت‌و شه‌ڕه‌کانی ده‌گرت"! جا ئه‌مه که‌ی فڕی به‌سه‌ر تۆژینه‌وه‌ی زانستانه‌وه هه‌یه؟ که‌ی له‌گه‌ڵ واقیعدا یه‌کده‌گرێته‌وه؟ ده‌بێ هۆی چی بێت دکتۆر به‌رده‌وام زاراوه‌ی (حکومه‌ت) و (ده‌وڵه‌ت) تێکه‌ڵ ده‌کات؟. بێگومان ده‌بێ بزانێت (ده‌وڵه‌ت) زۆر فراوانتره‌و گه‌لیش ده‌گرێته‌وه.
ــ بۆ نمونه‌ی بۆچونه چه‌وته‌که‌ی کاک ره‌فیق، دوای سه‌رده‌می قاسم " سه‌رده‌می به‌عس (1974- 1975) هه‌روا (1977- 1978)" دێنێته‌وه!. سه‌رده‌می به‌عس له ساڵی 1963 تا 2003 ده‌گرێته‌وه، جگه له ماوه‌ی که‌متر له پێنچ ساڵی کوده‌تاکه‌ی تشرین.
د. ره‌فیق خۆی زۆرباش ده‌زانێت له هه‌مو ئه‌و ساڵانه‌دا، به نزیک پێنچ ساڵه‌که‌ی کۆده‌تای تشرێنێشه‌وه، واته له 1963تا راپه‌ڕینه شکۆداره‌که‌ی ئاداری 1991 که ده‌کاته 28 ساڵ له‌شۆڕش و راپه‌ڕینه‌کانی کوردستاندا به‌شداریی چالاکانه‌و پێشمه‌رگانه‌ی بوه، دوای ئه‌وه‌ش تا روخانی رێژیمی سه‌دامی دیکتاتۆرو، تا ئێستاش که ساڵ بوه به 2009 کاک ره‌فیق تۆژێنه‌وه‌ی راست و شایسته‌ی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌مو هه‌ڵوێسته باشانه‌ی حزب نیه‌و ته‌نیا ساڵی(74 ــ 1975) مان بۆ حیساب ده‌کات، ده‌بو ره‌خنه‌ی له سیاسه‌تی ئه‌و لا‌یه‌نه‌ش بگرتایه که په‌لاماری پێشمه‌رگه‌کانی ئێمه‌یان دا، که سیاسه‌تی هه‌ڵه‌یان له کوده‌تایه‌که‌ی شوبات گرته‌به‌ر، که کوده‌تا فاشیسته خوێنڕێژه‌که‌ی شوباتیان ناونا " شۆڕشی سپی" که خۆیان به شه‌ش وه‌زیر له حکومه‌تدا به‌شداربون، حزبی شیوعی به دو وه‌زێر، که‌چی به "جاش مه‌رکه‌زی" ناویان ده‌برد!… تاد. وه‌ک گوتم نامه‌وی برینی ساڕێژبو بکولێنمه‌وه، به‌ڵام ده‌بو کاک ره‌فیق ئه‌وه‌شی له‌به‌رچاو بگرتایه که حزب له‌سه‌ر هه‌ندێک لایه‌نی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ساڵی(74ــ 1975) به تایبه‌تی چه‌ک وه‌رگرتن له رێژیم، ره‌خنه‌ی له‌خۆی گرتوه‌و به‌هه‌ڵه‌ی زانیوه. باشتریش وابو ئه‌وه‌ش بۆ حزبمان حیساب بکات که‌له‌و ماوه‌یه‌دا نزیکه‌ی 2000 پێشمه‌رگه‌ی کوردستانی له گرتن و دورخستنه‌وه رزگارکردو ئه‌مه‌ش هیچ منه‌تی تێدا نیه.
ــ هه‌روا ده‌بو (1977ــ 1978) به نمونه نه‌هێنێته‌وه، چونکه حزب له‌و بار‌و دۆخه‌و، له سیاسه‌تی رێژیم له دژی گه‌لی عێراق و به تایبه‌تی له‌دژی گه‌لی کوردستان بێده‌نگ نه‌بو، له راپۆرته‌که‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له ئاداری 1978دا به‌راشکاوی و توندی ره‌خنه‌ی له سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌ت و حزبی ده‌سه‌ڵاتدار گرت و، هه‌ربه‌و بۆنه‌یه‌وه حزب که‌وته به‌ر هێرشی توندتری ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی رێژیم. ئه‌مه‌و چه‌ندان نمونه‌یتریش ئه‌و بۆچونه ره‌تده‌که‌نه‌وه که گوایه لای حزب "ئه‌وه گرنگ بو کێ ئه‌م کاره ده‌کات، دۆسته‌که‌ی خۆی یان دوژمنه‌که‌ی! بۆیه ته‌نها ئه‌و کاتانه له‌سه‌ر کوشتاری کورد‌و وێرانکردنی کوردستان هه‌ڵوێستی توندی ده‌گرت ئه‌گه‌ر خۆشی به‌ر په‌لاماری ده‌وڵه‌ت بکه‌وتایه".!!
با بۆ وه‌ڵامی ئه‌م بۆچونه چه‌ند تێزێک بخه‌ینه روو:
ــ نزیکترین و دڵسۆزترین به‌وه‌فاترین دۆست و هاوپه‌یمانی بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌لی کوردستان، چینی کرێکاری عێراق وحزبی شیوعیه‌و به پێچه‌وانه‌شه‌وه راسته که نزیکترین دۆست و هاوپه‌یمانی چینی کرێکاری عێراق وحزبی شیوعی، بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌لی کوردستانه.
ــ ئاشکرایه که باشترین رێگای چاری ناکۆکیه‌کانی ناو ریزه‌کانی گه‌ل، رێگای گفتوگۆ‌و دیالۆگ و لێکتێگه‌یشتنه.
ــ بزاڤی دیموکراتی و نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ریی رزگاریخوازیی هاودۆست و هاودوژمنن. تاقیکردنه‌وه‌ی مێژویی سه‌لماندویه‌تی که‌ناکری لایه‌نێک دوژمنی چینی کرێکار‌و حزبه‌که‌ی بێت و تاسه‌ر دۆستی بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌لی کوردستان بێت. یان دۆستی چینی کرێکار‌و حزبه‌که‌ی بێت و دوژمنی بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌لی کوردستان بێت.
ــ لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که وه‌ک مێژو سه‌لماندی هه‌رکاتێک په‌لاماری حزبی شیوعی و بزوتنه‌وه‌ی دیموکراتیی عێراق درابێ، هێنده‌ی نه‌بردوه په‌لاماری کوردستانیش دراوه، هه‌رکاتێک په‌لاماری کوردستانیش درابێ هێنده‌ی نه‌بردوه په‌لاماری حزبی شیوعی و بزوتنه‌وه‌ی دیموکراتیش دراوه.
ئه‌وه‌ش ورد نیه که کاک ره‌فیق ده‌ڵێ " حیزب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردو به‌دواوه زۆرترین ئه‌ندامانی له‌نێو کورددا بو، که‌چی له ناوه‌رۆکدا له حیزبی عه‌ره‌ب‌و حیزبێکی عه‌ره‌بی زیاتر ده‌رنه‌چو"! ده‌بوایه نوسه‌ر له‌وڕاستیه ئاگاداربوایه که له‌ناو حزبدا هیچ کاتێک زۆرترین ئه‌ندامانی کورد نه‌بون، به‌ڵکو وێڕای ئه‌وه‌ی زۆر له ئه‌ندامانی حزب له نه‌ته‌وه‌کانیتر که‌و‌تونه به‌ر داپلۆسین و تێرۆری رێژیم و، زۆر له ئه‌ندامانی حزب له کوردستان توانیویانه له‌و داپڵۆسینه ده‌ربازبن و بده‌نه چیا، یان خۆ بشارنه‌وه، به‌ڵام به‌پێی زانیاریی خۆم که له ئه‌ندامانی م.س. وسکرتێری گشتیی حزب هاوڕێ عه‌زیز محه‌مه‌د گوێم لێبوه و، له سه‌روبه‌ندی کۆنگره‌کاندا به‌دوایداچوم، زانیومه که هه‌ر ئه‌ندامانی کورد له حزبدا که‌متربون، ئه‌گه‌رچی ژماره‌یه‌کی زۆر له ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی کورد یان کوردستانی بون. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بۆچونه‌که‌ی راست نیه که " له ناوه‌رۆکدا له حیزبی عه‌ره‌ب‌و حیزبێکی عه‌ره‌بی زیاتر ده‌رنه‌چو".
لێره‌دا د.ره‌فیق پرسیارێک ده‌کات که پێموایه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه داڕشتنی ئاوها پرسیارێک راست نیه، له وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌شیدا خۆی به هه‌ڵه‌دا ده‌بات. ده‌پرسێت: "ئایا له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌دا که سته‌می نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، حیزبێکی سه‌رتاسه‌ری (ئایدۆلۆژیاکه‌ی کۆمۆنیستی یان لیبرال یاخود ئیسلامی بێت)، ده‌توانێت به یه‌ک ئه‌ندازه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست‌و نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست داکۆکی بکات‌و له یه‌ک کاتدا حیزبی نه‌ته‌وه‌ی سته‌مکارو نه‌ته‌وه‌ی سته‌ملێکراو بێت؟ له‌ڕاستیدا حیزبی شیوعی به جه‌داره‌ته‌وه سه‌لماندی که سه‌رئه‌نجام حیزبی عه‌ره‌بی عێراق بو نه‌ک کورد، له‌کاتێکدا به ده‌یان جار له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندیی عه‌ره‌ب قوربانیی به به‌رژه‌وه‌ندیی کورد دا، که‌چی تاکه جارێکیش پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ره‌فتاری نه‌کرد"…تاد.
باشه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌به‌رچی پرسیاره‌که‌ی گشتگیر ده‌کات و ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستی یان لیبرال یاخود ئیسلامی دیاری ده‌کات و، کێ گوتویه حزبی کۆمونیست حزبێکی سه‌رتاسه‌ری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌و داکۆکی له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ده‌کات‌و، کی گوتویه له یه‌ک کاتدا حیزبی نه‌ته‌وه‌ی سته‌مکارو نه‌ته‌وه‌ی سته‌ملێکراوه؟ ئه‌وه ته‌نیا حزبه ناسیۆنالیسته شۆڤێنیسته‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستن که بۆ رواڵه‌ت و به‌درۆ خۆیان به حزبی سه‌رتاسه‌ری نه‌ته‌وه ده‌زانن و، هه‌روا حزبه ناسیۆنالیسته ده‌مارگیرو به‌رچاوته‌نگه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ستن که دیسان جارجاره بۆ رواڵه‌ت و به‌درۆ خۆیان به حزبی سه‌رتاسه‌ریی نه‌ته‌وه‌و کۆمه‌ڵگا ده‌زانن، نه‌ک حزبێکی کۆمونیست. حزبه شیوعیه‌کان، واته حزبه کۆمونیسته‌کان، به راشکاوی له به‌رنامه‌کانیشیاندا رایانگه‌یاندوه که حزبی چینی کرێکار‌و جوتیارانی هه‌ژارو رۆشنبیرانی شۆڕشگێڕ‌و ورده‌بۆرژوا چه‌وساوه‌کانن، حزبی چه‌وساوه‌کان و زه‌حمه‌تکێشانن به‌بی جیاوازیی نه‌ته‌وه‌و ئاینیان و پشتگیرو داکۆکیکارن له به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی نه‌ته‌وه ژێرده‌ست و چه‌وساوه‌کان و،هه‌روا سیاسه‌ت و ئامانجه‌کانی ئه‌مان له‌گه‌ڵ کرێکاران و گشت چه‌وساوه‌کانی نه‌ته‌وه سه‌رده‌ست و فه‌رمانڕه‌واکاندا یه‌کده‌گرنه‌وه، نه‌ک له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی بۆرژوا گه‌وره‌وچه‌وسێنه‌ره‌کاندا. حیزبی شیوعی عێراق، وێڕای هه‌موو که‌م وکوڕی و ناته‌واویه‌ک، به جه‌داره‌ته‌وه سه‌لماندی که سه‌رئه‌نجام حیزبی کرێکاران و سه‌رجه‌م چه‌وساوه‌کانی عه‌ره‌ب و هه‌مو نه‌ته‌وه‌کانی دێکه‌ی عێراقه، حزبی شیوعیی کوردستانیش هه‌روا حزبی کرێکاران و چه‌وساوه‌کانی کوردستانه له کورد‌و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، ئه‌مه‌ش مانای وانیه که شیوعیه‌کان رۆڵی تێکۆشه‌رانه‌ی حزبه‌کانیتر له‌ناو کرێکاران و جوتیاران و زه‌حمه‌تکێشان و سه‌رجه‌م چه‌وساوه‌کاندا نابێنن و نکولیی لێده‌که‌ن.
کاک ره‌فیق له‌سه‌ری ده‌ڕوات و ده‌لێت: گوایه حزبی شیوعی " له‌کاتێکدا به ده‌یان جار له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندیی عه‌ره‌ب قوربانیی به به‌رژه‌وه‌ندیی کورد دا، که‌چی تاکه جارێکیش پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ره‌فتاری نه‌کرد."! ئه‌مه‌ش بۆچونێکی راست و ورد نیه، چونکه له سیاسه‌تی شیوعیه‌کاندا "قوربانیی به به‌رژه‌وه‌ندیی" هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک، گه‌وره‌بن یان پچوک، جێگه‌ی نابێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌لف وبێی مارکسیزم وسیاسه‌تی شیوعیه‌کان ئه‌وه‌یه که له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی کرێکاران و ته‌واوی چه‌وساوه‌کاندا خه‌باتده‌که‌ن و، مارکس واته‌نی له هه‌مو نه‌ته‌وه‌یه‌کدا دوو به‌ش هه‌ن: چه‌سێنه‌ران و چه‌وساوه‌کان. ئیتر له‌پای چی براده‌ری خۆشه‌ویستم کاک د.ره‌فیق سابیر موعاده‌له‌که وا ده‌خاته به‌رچاو وه‌ک حزبی شیوعی "له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندیی عه‌ره‌ب قوربانیی به به‌رژه‌وه‌ندیی کورد" دابێت.! سه‌یر ئه‌وه‌یه ناسیۆنالیسته توندڕه‌وه‌کانی عه‌ره‌بیش حزبی شیوعی به‌وه تاوانبارده‌که‌ن که گوایه "له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندیی کورد قوربانیی به به‌رژه‌وه‌ندیی عه‌ره‌ب داوه"!!
هه‌موانیش ده‌زانن ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری کورد‌و عه‌ره‌ب به حزبی شیوعی کراوه، به چیاش بکرایه ته‌خت ده‌بو وکۆتایی ده‌هات. به‌ڵام وێڕای هه‌موو ئه‌وه‌ی به حزبی شیوعی کراوه، هه‌ر وه‌ک قه‌ڵایه‌کی سه‌ختی پۆڵایی هه‌ر ماوه‌و ده‌شمێنێ و کۆڕی تێکۆشان چۆڵ ناکات تا سه‌رکه‌وتن.
3- له خاڵی سێیه‌مدا د.ره‌فیق باسی رێکخستن ده‌کات و ده‌ڵێت: "به‌ڵام له‌ڕوی رێکخستنه‌وه، حیزبی شیوعی وه‌ک کۆنترین مۆدێلی حیزب له عێراقدا، کاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورد‌و حیزبه کوردییه‌کان هه‌بو، چونکه ئه‌م حیزبه مۆدێلێکی ستالینی بو که له‌سه‌ر سیستمی ناوه‌ندییه‌کی توند‌و دیسپلینی عه‌سکه‌ریانه‌و ملکه‌چبونی خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه‌و رێگه‌نه‌دان به که‌مترین رای جیاواز دامه‌زرێنرا بو. ئه‌م مۆدێله‌ی حیزبایه‌تی، له رێگه‌ی حیزبی شیوعییه‌وه له کوردستان‌و عێراقدا، بو به تاکه مۆدێلی باو. حیزبه کوردییه‌کان له‌به‌ر رۆشنایی (په‌یڕه‌وی نێوخۆی) حیزبی شیوعیدا، ده‌ستوری حیزبیی خۆیان داڕشتوه‌و تا ئێستاش زۆربه‌یان له‌م شێوه کارکردنه ده‌رباز نه‌بون."!!
کاک ره‌فیق کاریگه‌ریی زۆر چاکی حزب له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورد‌و حیزبه کوردییه‌کان ده‌کاته "کاریگه‌ری زۆر خراپ" هه‌روا رێوشوێن و بنکه‌کانی لێنینیزم به "مۆدێلی ستالینی "! داده‌نێ، له‌کاتێکدا ستالین دانه‌ری ئه‌و رێوشوێنانه نیه، به‌ڵکو لێکده‌ره‌وه‌یه‌کی لێنینیزمه. ئه‌وجا دێته وێزه‌ی (ناوه‌ندیی دیموکراسی) و زۆر خراپ لێکیده‌داته‌وه. له‌کاتێکدا (نێوه‌ندی ته‌واوی و زه‌بت و ره‌بتی توندوتۆڵی چینی کرێکار مه‌رجی بنه‌ڕه‌تیی سه‌رکه‌وتنه به‌سه‌ر بۆرژوادا ) ــ بڕوانه: لێنین ـ دانراوه‌کان ـ به‌رگی31 ل8). دیاره که (ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی حزبی شیوعی ده‌یانخاته رو به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی چه‌ند کرێکار‌و چه‌ند کۆمه‌ڵه کرێکارێک نیه، به‌ڵکو به‌رژه‌وه‌ندیی چینێکه به‌تێکرایی، ئه‌مه‌ش له خواستێکی هاوبه‌شیدا ده‌رده‌که‌وێ که‌له تێکۆشانێکی هاوبه‌شی یه‌کگرتودا چالاکی جۆربه‌جۆریان یه‌کده‌خات. ته‌نیا سه‌رکردایه‌تی ناوه‌ندی ده‌توانێ هه‌موو هێزه‌کان یه‌کخات و به‌ره‌و یه‌ک ئامانجیان به‌رێت و کرده‌وه‌ی ناڕێکی کارگه‌ران بخاته قاڵبی یه‌کێتیه‌وه.) (بڕوانه: حزبی مارکسی ـ لێنینیی ل10 و. جه‌لال ده‌باغ).
د. ره‌فیق هاتوه "رێگه‌نه‌دان به که‌مترین رای جیاواز" ی به‌سه‌ر حزبدا سه‌پاندوه‌و کردۆته بنچینه‌یی له مه‌بده‌ئی ناوه‌ندێتی دیموکراسیداو وشه‌ی دیموکراسی هه‌ر باسنه‌کردوه، له‌کاتێکدا ده‌بێ له حزبه شیوعیه‌کاندا بواری فراوانترین دیموکراتی بدرێت وسه‌رکردایه‌تی به کۆمه‌ڵ بێت، گریمان ئه‌گه‌ر که‌سێک یان ده‌سته‌یه‌کی حزبی، ئاستی هه‌رچه‌ندبێ، ناوه‌ندیی دیموکراسی له په‌یڕه‌وکردندا بکاته ناوه‌ندیی بیرۆکراسی، ده‌بێ که‌م و کورتی مه‌بده‌ئه لێنینیه‌که چیبێت؟ ناوه‌رۆکی دیموکراسی له هه‌ر حزبێکی شیوعیدا ئه‌وه‌یه هه‌مو شیوعیه‌ک ده‌رفه‌تی ببێ ئه‌وپه‌ڕی هاوبه‌شی له هه‌ڵسوڕانی ئیش وکارداببێت و له‌سه‌ر هه‌مو مه‌سه‌له‌یه‌ک، به‌تایبه‌تی مه‌سه‌له سه‌ره‌کیه‌کان گفتوگۆیان له‌سه‌ربکرێت و هه‌مو بڕیارێک به کۆمه‌ڵ یان به زۆربه‌ی ده‌نگ دابڕێژرێت. حزبی شیوعی بواری رای جیاواز‌و ره‌خنه‌گرتن ده‌دات به‌ڵام نه‌ک ته‌نیا بۆ ره‌خنه‌گرتن، به‌ڵکو بۆ نه‌هێشتنی که‌م وکوڕی و بۆ پێشخستنی حزب و نزیک کردنه‌وه‌ی له هێنانه‌دیی ئامانجه‌کانی.
بۆ ئه‌وه‌ش که له‌سه‌ر ناوه‌ندێتی دیموکراسی ده‌ڵێ: "له رێگه‌ی حیزبی شیوعییه‌وه له کوردستان‌و عێراقدا، بو به تاکه مۆدێلی باو. حیزبه کوردییه‌کان له‌به‌ر رۆشنایی (په‌یڕه‌وی نێوخۆی) حیزبی شیوعیدا، ده‌ستوری حیزبیی خۆیان داڕشتوه‌و تا ئێستاش زۆربه‌یان له‌م شێوه کارکردنه ده‌رباز نه‌بون."!! ده‌با کاک ره‌فیق مۆدێلێکی باشتر بخاته به‌رده‌م حزبی شیوعی و حیزبه کوردییه‌کان، تا له خه‌باتیاندا په‌یڕه‌وی بکه‌ن. به‌ڵام به‌مه‌رجێک لێبرالیزممان بۆ پێشنیازنه‌کات که نابێته هۆکاری هێنانه‌دیی ئامانجه‌کانمان، نه له ئێستا‌و نه له دواڕۆژدا. پێموایه حزبێک مه‌بده‌ئی نێوه‌ندیی دیموکراسی فه‌رامۆش بکات به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌چێت. بێگومان ده‌بی کاک ره‌فیق ئه‌وه‌ش بزانێت که ئه‌و مه‌بده‌ئه لێنینیه‌ی نێوه‌ندی دیموکراسی ئێستا ته‌نانه‌ت له زۆربه‌ی کۆڕ‌و کۆمه‌ڵه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی دنیادا، وه‌ک نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان وزانکۆ ودامه‌زراوه جۆربه‌جۆره‌کانیتر کاری پێده‌کرێت.
6/1/2009 ماویه‌تی