Skip to Content

Monday, October 14th, 2024

شه‌رمه‌زاربێت ئیتفاقییه‌ی ستراتیجی !! …..به‌نازئیبراهیم

Closed
by January 12, 2009 گشتی

 شه‌رمه‌زاربێت ئیتفاقییه‌ی ستراتیجی !!   
 به‌نازئیبراهیم/ فه‌ڕه‌نسا                      
 10ی ژانیوه‌ری2009
                                                                                  
       دوای زیاتر له‌ چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ک له‌ چه‌ندین پیلانی گڵاووپه‌لکێشانی دوژمنانی کوردو شه‌ڕی ناوخۆو ئاگر به‌ست وگفتوگۆوده‌یان وده‌یان په‌ڵه‌ی ڕه‌شی لکاوی تربه‌ته‌وێڵێ مێژوی هه‌ردوو پارتی سه‌ره‌کی له‌کوردستان(پارتی ویه‌کێتی) دوای ده‌ساڵ له‌وه‌ستانی شه‌ڕی به‌ناو براکوژی زه‌مه‌نێکی کورته‌ که‌ هه‌ردوولایان باشتر وایه‌ بڵیم هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ گه‌یشتنه‌ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی یه‌کتری پێویستیان به‌ ئیتفقاییه‌کی ستراتیجیه‌..                   
 ئاخر باوه‌ڕناکه‌م کوردێک هه‌بێت له‌دنیاداپێی ناخۆش بێت که‌ ببڕای وببڕای جارێکی تر شه‌ڕی ناوخۆ له‌کوردستان دا دووباره‌ بێته‌وه سوێندی که‌سانێکی خاین و خۆفرۆش ناخۆم که‌ هه‌میشه‌ ئاوی ئاشه‌کانیان له‌ شه‌ری ناوخۆدایه‌..                  
 باسی ئه‌وه‌ ناکه‌م که‌ ئێستاش که‌سمان به‌ ڕوونی نه‌مانزانی ئه‌و ڕیکه‌وتنه‌ چی تێدایه نه‌ک هه‌ر ئێمه‌ به‌ڵکو خودی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی که‌ ئیمزاشیان له‌سه‌ر ئه‌و کاغه‌زه‌ ڕووزه‌رده‌ کردووه‌ نایانزانی ناوه‌رۆکه‌که‌ی چی تێدایه‌..    
 هه‌موو ئه‌وجارانه‌ی که‌ شه‌ڕی ناوخۆی تێدا هه‌ڵگیرساوه‌ شتی زۆر بێکه‌ڵک وناگرنگ بوونه‌ هاوسه‌ره‌که‌م زۆرجار باسی هه‌ڵگیرسانه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆم بۆ ئه‌کات ئه‌ڵێت: ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌ی بیتوێن وپشده‌ر بێت ئه‌زانێت که‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکان چۆن به‌شه‌هید کردنی شه‌هید مه‌لای حاجی ڕه‌ش له‌( قوله‌ی کانی ماران) فه‌رمانده‌ی تیپی 76 کۆڕه‌شی یه‌کێتی له‌لایه‌ن به‌ناو سۆسیالیسته‌کانی سه‌ر به‌پارتیه‌وه‌ له‌سه‌ر چوار کڵاشنکۆفی ژه‌نگاوی ئه‌وشه‌ڕه‌ناوخۆیه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌ستیپێکرد که‌ ته‌واوی ناوچه‌کانی کوردستانی گرته‌وه..                                
 نامه‌وێت قه‌تماغه‌ی برینه‌کان هه‌ڵده‌مه‌وه‌ به‌ڵام که‌س نیه‌ نه‌زانێت که‌ هه‌زاره‌ها کوردبونه‌ته‌ قوربانی شه‌ڕی ناوخۆوو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌و دووبنه‌ماڵه‌یه که‌ باوکی خۆم یه‌کێک بووه‌ له‌و قوربانیانه‌‌، که‌چی ڕۆژبه‌ڕۆژ مه‌ڵۆی تری خیانه‌ت وگه‌لی فرۆشی ئه‌خه‌نه‌ سه‌رخه‌رمانی تاوانه‌کانیان و خه‌ڵکی کوردستان لێیان بێده‌نگه‌ ، پارتی چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر هه‌ندێک فایلداری ناو یه‌کێتی ده‌یان وتارو نوسینیان بڵاوکرده‌وه‌، یه‌کێتی زیاتر له‌ 12 ته‌ن به‌ڵگه‌نامه‌ی فایل و خیانه‌ته‌کانی پارتی لایه که‌س به ناوه‌رۆکی ئه‌م هه‌موو شتانه‌ نازانێت ئاخر نازانم ئه‌و میله‌ته‌ی ئێمه‌ چۆن مێژووی خۆی ده‌نوسێته‌وه‌ که‌ به‌رانبه‌ر هه‌موو شتێک سه‌رکزبکات..            
 یه‌کێک له‌هه‌ره‌ کاره‌ساته‌ گه‌وره‌کانی که‌ به‌سه‌ر کورداهاتووه‌له‌ هه‌رچوارپارچه‌کانی کوردستان کاره‌ساتی ئه‌نفال وکیمیابارانه‌ ،ناچمه‌ سه‌ر ناوه‌رۆکی گه‌وره‌یی ئه‌وکاره‌ساته‌وڕاده‌ی کاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچونی دۆزی کورد قسه‌ زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌کراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی شه‌رمه‌زاریه‌ بۆ ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رکرده‌کانی ئه‌مڕۆ به‌رگری له‌ تاوانبارانی ئه‌و کاره‌ساتانه‌ ئه‌که‌ن.       
 نه‌ک هه‌ر کورد هه‌موو مرۆڤایه‌تی شه‌رم ئه‌یگرێت کاتێک به‌ناو سه‌رکرده‌ کورده‌کانمان به‌تایبه‌تیش مام جه‌لال سڵتان هاشم به‌ ئه‌ستێره‌ی گه‌شی سوپای عێراق دا ئه‌نێت ووه‌فیق سامه‌ڕائی ئه‌کات به‌ ڕاوێژکاری خۆی وبارزانیش نزار خه‌زره‌جی ده‌نێرێته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌یانی وه‌ک شێخ چۆپی که‌ که‌س نازانێت یه‌کێتی وپارتی چۆن ناردیانه‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ستی سوره‌ به‌خوێنی سه‌ده‌هاڕۆڵه‌ی ئه‌وگه‌له‌ که‌ چی نه‌ک هه‌ر لیپێجانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌کراوه‌ به‌ڵکوڕیزیشیان لێگیراوه‌..              
 به‌ڕاست ئه‌گه‌ر به‌وردی باسی هه‌موو هه‌ڵه‌و لێدوانه‌کانی ئه‌و به‌ناو سه‌رکردانه‌ بکه‌یت وات لێئه‌که‌ن په‌شیمان بیت له‌ کورد بوونی خۆت ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ کلکایه‌تی و نۆکه‌رایه‌تیش بۆ ئێران وتورکیاوداگیرکه‌رانی تری کوردستان..                          
 له‌دوای هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی دادگایی تاوانبارانی کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ وئاشکرابوونی گیران وده‌ربازبوونی یه‌کێک له‌ و فڕۆکه‌وانه‌ی که‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌و کاره‌ی کردووه مرۆڤ ئه‌وه‌نده‌ی تر شه‌رم ئه‌یگرێت ئه‌و سه‌رکردانه‌ به‌هی خۆی بزانێت،ئه‌وه‌نده‌ نوسین و بابه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم وته‌واوی ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی کوردستان به‌ مه‌کته‌به‌ سیاسیه‌کانیشه‌وه‌ زه‌ره‌یه‌ک ویژدانیان هه‌بووه‌ ئه‌بوایه‌ بڕۆنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌کانی خۆیان و ده‌ست له‌ کاره‌کانیان بکێشنه‌وه‌، هه‌ر ڕۆژه‌ی چیرۆکێک باس  ئه‌کرێت له‌وه‌ ئه‌چێت هه‌موومان بێ ئاگابین له‌وه‌ی که‌ فرۆشتنی فڕۆکه‌وانه‌که‌ش له‌ به‌ندی ئابوری ئیتفاقیه‌ ستراتیجیه‌که‌داجێگه‌ی کراوه‌ته‌وه‌ که‌ تیاییدا هاتووه‌ که‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌کی دارای له‌ هه‌ر ڕێگه‌یه‌که‌وه‌ بێت جا پۆڵ بریمه‌ر بۆمان بێنێت یان هی فرۆشتنی که‌رکوک بێت(مه‌به‌ستم خاکه‌که‌یه‌تی نه‌ک نه‌وته‌که‌ی) یان دیاری تورکیاوئێران بێت بۆ له‌ناوبردنی نه‌یاره‌کانیان ئه‌وا به‌یه‌کسانی دابه‌ش ئه‌کرێت به‌سه‌ر خه‌زێنه‌ی هه‌ردووبنه‌ماڵه‌دا، له‌وانه‌یه‌ براده‌رانی پارتی ئه‌وانه‌ی که‌ ناوی ئیتفاقیه‌ ستراتیجیه‌که‌یان نه‌بیستووه‌ که‌مێک نیگه‌ران بن بڵین ئێوه‌ خۆتان فڕۆکه‌وانه‌که‌تان فڕاندووه‌ بۆ ئێمه‌ خه‌تابار ئه‌که‌ن، خۆ به‌سه‌رێک هه‌قتانه‌ وا بڵێن چونکه‌ تا کوئێستاش حکومه‌ته‌به‌زۆر به‌یه‌که‌وه‌ لکێنراوه‌که‌ی کاک نێچیرهیچ ده‌سه‌ڵاتێکی به‌سه‌ر هیچ ده‌زگایه‌کی سنوری یه‌کێتی دا ناشکێت ئه‌گه‌ر وانیه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ وکاره‌سه‌تا پڕشه‌رمه‌زاریه‌ی که‌ ئه‌وفڕۆکه‌وانه‌ی تیا ده‌رباز کراوه‌ کاری ده‌زگاکانی حوکمه‌ته‌..له‌هه‌موو شوێنێکی دنیادا ڕاگه‌یاندن به‌ ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م ناو ئه‌برێت که‌ چی به‌داخه‌وه‌ له‌سایه‌ی ئه‌و هه‌م وزوڵم وزۆره‌ی له‌ ڕۆژنامه‌ نوسان و کادیرانی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ ئه‌کرێت له‌کوردستان رۆژنامه‌و سایته‌ ئازاده‌کان بونه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌م وته‌نها دادگایه‌ک که‌ بۆ تاوانباران دابنرێت لاپه‌ڕه‌ی سایت و ڕۆژنامه‌کانه‌ ..                                                                                   
 من دژی هیچ لێک نزیک بونه‌وه‌یه‌ک یان ڕێککه‌وتنێک نیم که‌ له‌ نێوان هه‌ر هێزوڕیکخراوێکی سیاسی کوردستان دا بێته‌ کایه‌وه‌ به‌مه‌رجێک له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵکی کوردستانا بێت ، به‌ڵام که‌س نیه‌ به‌گومان نه‌بێت له‌وئیتفاقیه‌ به‌ناو ستراتیجیه‌ی نێوان پارتی و یه‌کێتی، ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم وسه‌رۆکی حوکمه‌ت که‌ هه‌ردووکیان هی پارتین و مام وبرازان ڕاستگۆیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستانا ئه‌که‌ن ئه‌بێت هه‌ڵوێستی جدیان هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌که‌یسی فڕۆکه‌وانه‌ فرۆشراوه‌که‌ و تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ هه‌رکه‌سیک ده‌ستی هه‌بووبێت له‌و سه‌واومامه‌ڵه‌یه‌ بدرێته‌ ده‌ست هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان و له‌وێ دادگای ڕه‌وایانه‌ی گه‌ل حوکمیان به‌سه‌رابات، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌ش وه‌ک ئاسایش وده‌زگاکانی یه‌کێتی به‌پینه‌و په‌ڕۆوچیرۆکی سه‌یر سه‌یر بیانه‌وێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ بکه‌ن، ئه‌وسا پێویسته‌ هه‌موومان بڵێین شه‌رمه‌زار بێت  ئیتفاقیه ی ستراتیجی وهه‌ڵوێستی جه‌ماوه‌ریمان هه‌بێت.                           ..                                                                                                               ‌‌‌‌‌
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.