
عه‌زیز وه‌یسی، شێرپه‌نجه‌ی گۆرانی کوردییه
عه‌زیز وه‌یسی، شێرپه‌نجه‌ی گۆرانی کوردییه
مه‌هاباد قه‌ره‌داغی
((هه‌ڵبێنه به‌رهه‌ڵبێنه
ئه‌و گه‌ردنه زه‌رده‌ت بێنه
کچ به خۆرایی ناڵێم
ماچ و دینار بستێنه))
ئه‌مه سه‌ره‌تای یه‌کێک له گۆرانییه‌کانێتی، که مه‌خابن به دووقوڵی له‌گه‌ڵ ژنێکی ناهۆشیاردا ده‌یلێ و له که‌ناڵه ئاسمانییه‌کانی کوردستانه‌وه، په‌خش ده‌کرێته‌وه. وشه‌کانی ئه‌م گۆرانییه، نه‌ک هیچ هونه‌رێکی تێدا نییه، به‌ڵکه سوکایه‌تیکردنه به ژن و له‌وه‌ش ناشیرینتر، ڕیکلامه بۆ له‌شفرۆشی. هیچ لێکدانه‌وه‌ی ناوێ که (ماچ به‌رامبه‌ر به دینار) ، که په‌یامی سه‌ره‌کی ئه‌م گۆرانییه‌یه، وشه‌کانی نه‌ک هی بازاڕێکی ئاسایین، به‌ڵکه وشه‌ی بازاڕی له‌شفرۆشیین.
عه‌زیز وه‌یسی، دوای ئه‌وه‌ی له گۆرانییه‌کی دیکه‌دا سووکایه‌تی به بێوه‌ژن ده‌کات و هه‌رزه‌گۆیانه له‌باره‌ی ئافره‌تانی کوردستانه‌وه ژههرهگۆرانی چڕیووه و لهسیدیدا بڵاویکردۆته‌وه، له‌م کلیپه تازهیهشیدا که هه‌ندێ له که‌ناڵه کوردییه‌کان، به ئاسمانی و زه‌مینییه‌کانه‌وه، به لۆکا‌ڵی وجیهانییهکانیانهوه، زوو زوو ده‌یخه‌نه به‌ر چاو و گوێی ملیۆنان بینه‌ری کورد، ماچ به دینار ده‌فرۆشێ و ته‌رویج بۆ له‌شفرۆشی ده‌کات.
خۆشه‌ویستی سه‌ره‌کیترین یاسای سروشته، مه‌زنترین به‌های ژیانه. ماچی نێوان دوو خۆشه‌ویست ، له‌پلانێکی بڵندی خووداییدا، ، په‌یامی ڕۆحه بۆ جه‌سته‌ی هه‌ردوکیان، وه‌ک ئه‌و ماچه شیرینه‌ی که شاعیری پایه‌بڵند هێمن موکریانی به (ماچی خودایی) ناوی ده‌برد و داوای ده‌کرد (وه‌ره ماچم ده‌یه، ماچی خودایی)، هاودژی ئه‌و ماچهشی ناونابوو (ماچی سینه‌مایی). ئه‌و ماچه‌ی هێمن باسی ده‌کات پیرۆزه و عه‌شقی لێده‌چۆڕێت، خه‌ڵتانه له سۆزێکی خۆڕسکی بێبه‌رامبه‌ر، عه‌شقێکی گیانیی له‌م جۆره‌ش چ دیکه نییه جگه له جێبه‌جێکردنی یاسایه‌کی سه‌ره‌کی و پیرۆزی سروشت. ماچ، یان هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کی دیکه‌یی جه‌سته‌یی نێوان دوو که‌س، ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ر به (ته‌نانه‌ت) ته‌نها زه‌ڕه‌یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی ماددی بێت، به‌های ڕۆحی ده‌دۆڕێنێ و جه‌سته‌ش نابووت ده‌کات و دژی یاسای سروشتیش ده‌وه‌ستێته‌وه. له‌شفرۆش پیاو بێت یان ژن، سۆزانی گۆرانیبێژ بێت یان شاعیر، به‌هه‌مان پێوه‌ری یاسای سروشت خه‌تاباره به‌رامبه‌ر به عه‌شق، ئه‌گه‌رچی هه‌ژاری و ناچارییش پاڵی پێوه‌نابێت بۆ ئه‌و فرۆشیارییه. ئه‌وه‌ی پێویسته هونه‌ری ئینسانی په‌سنی بکات و ڕه‌واجی پێبدات خۆشه‌ویستی بێ مه‌رج و خه‌رجه، که مه‌خابن تا پله‌یه‌کی زۆر نزیک له سڕینه‌وه، کاڵ بۆته‌وه، به تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا که غه‌ریزه‌کان عه‌قڵی به‌شێکی زۆری مرۆڤیان داپۆشیووه و به‌رژه‌وه‌ندییه مادییه‌کان، به‌ها ڕۆحییه‌کانیان کوشتووه.
گۆرانی ئینسانی هونه‌رێکه، به زمانێکی ئه‌فسوناوی، به ئاوازێکی هه‌ستهه‌ژێن، ڕۆحی مرۆڤ ده‌دوێنێ و ئاشتی ده‌کاته‌وه له‌گه‌ڵ سروشتی مرۆڤانه‌ی خۆی و نزیکی ده‌کاته‌وه لهخوداکهی ناخی خۆی، که ویژدانه. حه‌یفه ئه‌و گۆرانییه ناوی لێ بنرێت هونه‌ر، که ته‌نها مه‌به‌ستی بێت غه‌ریزه ئاژه‌ڵییه‌کانی مرۆڤ ببزوێنێ و له‌شی مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌و غه‌ریزه‌یه بکاته کاڵا. زۆر مه‌خابنه مرۆڤ چێژ له گۆرانییه‌ک وه‌رگرێت، که سوکایه‌تییه به‌خوودی مرۆڤ.
ئه‌م ناونیشانه‌م بۆ ئه‌م بابه‌ته، به ته‌واوی هۆشیارییه‌وه هه‌ڵبژاردووه و ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم مه‌به‌ستمه. ژههرهوشهی گۆرانییه‌کانی عه‌زیز وه‌یسی که سوکایه‌تییه به ژن و به تایبه‌تییش له‌م گۆرانییه‌دا که چوون ده‌ڵاڵ بانگه‌واز بۆ له‌شفرۆشی ده‌کات، به لۆژیکی ئینسانی و له فه‌رهه‌نگی خه‌باتی یهکسانیخوازیدا، چوون شێرپه‌نجه وایه به جه‌سته‌ی هونه‌ری کوردییه‌وه.
بۆ ده‌بێت تیڤییه‌کانی کوردستان، له ڕێگه‌ی ئه‌م لێبووکهی که له سایه‌ی که‌سانێکی ناهۆشیاره‌وه ناوی لێنراوه هونه‌رمه‌ند، به‌م شێوه‌یه سووکایه‌تی به ژن بکه‌ن؟ چۆن ده‌بێت، له‌و تیڤییانهوه له لایه‌که‌وه باسی یه‌کسانی و دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ بکرێت، له لایه‌کی تره‌وه و هه‌ر له‌و که‌ناڵانه‌وه ژن وه‌ک کاڵا ببینرێت و داوا له کچ بکرێت ماچ به دینار بفرۆشێت!!
تا دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر له باشووری کوردستاندا که‌سێک ناوی عه‌زیز وه‌یسی وه‌ک هونه‌رمه‌ند نه‌بیستبوو، تا له به‌رنامه‌یه‌کی (نه‌ورۆز تیڤی)، زمانحاڵی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، دیدارێکی بۆ سازکرا و له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوشێوه‌یه‌کی تری خۆیدا ئه‌م به‌یت و باوه ناسازه‌یان دا به گوێی خه‌ڵکدا و ئیدی تیڤییه‌کانی دیکه‌ش وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌نگوینیان له کلۆری داردا دۆزیبێته‌وه بانگهێشیان ده‌کرد و له بێخاوه‌نی هونه‌ری کوردی له باشووری کوردستاندا، ئه‌م نموونه‌یه‌مان بۆ دروست بوو، که ئێستا له‌به‌رچاوی سه‌رکرده و بنکردهدا، له به‌رچاوی هه‌موو ئێمه‌ی که ساڵانێکه خوێنی خۆمان بۆ یه‌کسانی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ خستۆته کاسه‌وه، له تیڤییه‌کانی کوردستانه‌وه، سوکایه‌تی به هه‌موو ژنی کوردستان ده‌کات و چهپڵهشی بۆ لێده‌درێت.
که‌ناڵه کوردییه‌کان، ئه‌گه‌ر هه‌ر به حاڵیش ڕێزیان بۆ ژن هه‌بێت، پێویسته ئه‌م شێرپه‌نجه‌یه بڵاونه‌که‌نه‌وه. خه‌باتی ژن له کوردستاندا هیچ سوودێکی نابێ، ئه‌گه‌ر ڕاگه‌یاندنی حیزبه‌کان و حکومه‌ت هاوشانی ئه‌م خه‌باته، وه‌ک ئه‌رکێکی ئینسانی تێنه‌کۆشن. چۆن ده‌بێت به‌ڕێوه‌به‌ری تیڤییه کوردییه‌کان گوێ له وشه‌ی ئه‌و گۆرانییانه نه‌گرن و نه‌زانن چ ژههرهوزهیهک له نێو ئه‌م وشانه‌دا حه‌شاردراوه و ده‌یان جار بڵاوی بکه‌نه‌وه.
په‌یامی ئه‌م وتاره کورته‌م ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی هه‌موو ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی کوردی ده‌که‌م و خوازیارم له ئاستی به‌رپرسیارێتی ئه‌م قۆناغه مێژووییه‌دا بن و ئه‌گه‌ر هاوکاری خه‌باتی یه‌کسانیش نابن، لای که‌م په‌یامی ژه‌هراوی له دژی ئافره‌تان بڵاو نه‌که‌نه‌وه.