Skip to Content

Sunday, November 3rd, 2024
هەزارویەك شەوە ….چیرۆكێكی ئەزەلی…..و: هێمن مەحمود

هەزارویەك شەوە ….چیرۆكێكی ئەزەلی…..و: هێمن مەحمود

Closed
by January 16, 2009 ئەدەب

 هەزارویەك شەوە ….چیرۆكێكی ئەزەلی
 
 و: هێمن مەحمود
 HEMNM1979@YAHOO.COM
 
 چیرۆكی هەزارویەك شەوە لەرۆژئاوادا لەرێگای یەكەمین وەرگێڕی فەرەنسی (ئەنتۆنی گالاند)ەوە ناسێنرا كە ئەم پیاوە لێكۆڵەرەوەیەكی بواری شوێنەوارناسی بوو، ئامانجی سەرەكیشی لەو وەرگێڕانە لەو ماوەیەدا (1704-1717) رۆشنبیركردنی خوێنەوارانی بوو دەربارەی چۆنێتی ژیان و رەفتاری رۆژهەڵاتیەكان و بەكارهێنانی چیرۆكەكان بوو وەك وانەیەكی چاكەخوازانە لەلایەن رووە ئەخلاقییەكەیەوە.
 هەربەبڵاوبونەوەی سەركەوتنێكی خێرای بەدەستهێنا و نوسخە فەرەنسیەكەی بەخێرایی وەرگێڕدرا بۆ ئینگلیزی و ئەڵمانی و زۆربەی زمانە ئەوروپییەكان.
 لەسەرەتادا دانیشتوانی كۆشكەكانی شاهایەتی و توێژە بیرمەندەكان دەیانخوێندەوە، دواتر چەند چیرۆكێكی لێ هەڵبژێردرا و كران بەچیرۆكی منداڵان لەلایەن (ئۆرینتال مۆرالیست) و (بیوتس ئۆف ئارابیان) لەساڵی 1791.
 گالاند پێشتر (سندباد) ی بەشێوەیەكی جوان وەرگێڕابوو، كەسێكیش بەهەڵە گالاندی وەها تێگەیاندبوو كە ئەمەش بەشێكە لەو كۆمەڵەیەی كە بە (هەزارویەك شەوە) دەناسرێت.
 گالاند زیاتر بەهۆی شانسەوە نەوەك دانایی، بەردەوامبوو لەسەر وەرگێڕانی ئەو بەشەكانی دیكەی چیرۆكەكە كە مێژووەكەی بەلانی كەمەوە دەگەڕێـتەوە بۆ سەدەی پانزەهەم، پێش وەرگێڕانەكەی (گالاند) و نوسخە عەرەبییەكە تەنها یەك نوسخەی توركی هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە چیرۆكەكە بەعەرەبی بوە و بە شێوەیەكی گشتی شێوازێكی ئیسلامیانەی پێوەدیارە، بەڵام زۆربەی چیرۆكەكانی لەچیرۆكی هیندی و فارسی كۆنەوە دروستكراوە.
 چیرۆكەكە ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە كە( شەهرەیار)ی پادشا پاش ئەوەی دەزانێت ژنەكەی خیانەتی جنسی لێكردووە دەیكوژێت و بۆ ئەوەی جارێكی دیكە خیانەتی لێنەكرێت بڕیاردەدات هەر شەوێك لەگەڵ كچێكدا بخەوێت و كە رۆژبویەوە بیكوژێت.
 كوشتنەكانی شەهریار بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی كە شەهرەزادی كچە وەزیر بڕیاردەدات لەگەڵیدا بخەوێت، هەربۆیە (دنیازاد)ی خوشكی لەگەڵ خۆیدا دەبات و لەسوچێكی ژورەكەدا دەیشارێتەوە و هەرلەوشەوەدا داوا لە خوشكەكەی داوا لە شەهرەزاد دەكات كە چیرۆكێك بۆ شەهرەیار بگێڕێتەوە.
 شەهرەزاد دەستی كرد بە گێڕانەوەی چیرۆكەكە، بەڵام تەواوی نەكرد، شەهرەیار كە سوربوو لەسەربیستنی كۆتایی چیرۆكەكە هەربۆیە نەیكوشت تا شەوی داهاتوو هێشتییەوە.
 شەهرەزاد لەپێناوی پاراستنی ژیانی خۆیدا چیرۆك لەدوای چیرۆكی بۆ گێڕایەوە بێ ئەوەی كۆتایی پێبهێنێت، هەربۆیە (چیرۆكی هەزارویەك شەوە) چیرۆكێكی بەشبەشكراوە نەوەك 1001 چیرۆكی جیاواز.
 سەرەڕای وەرگێڕانی دەقەكە، گالاند چەند چیرۆكێكی دیكەی بۆ زیادكرد كە وا ئیدعایدەكرد كە لەپیاوێكی سوری بیستوە كە سەفەری وڵاتی فارسی كردووە.
 ئەم چیرۆكە" بێ باوكانە" تاكە چیرۆكن كە بەعەرەبی نەبون و چیرۆكگەلێكی بەناوبانگن وەك چیرۆكی (عەلائەدین) و (عەلی بابا)، هەرچەندە هەندێك كەس گومانی ئەوە لە گالاندی دەكەن كە ئەم چیرۆكانەخۆی دروستیكردون، بەڵام بەم دواییە چیرۆكی (عەلی بابا) بەتوركی دۆزرایەوە.
 لەسەرەتاكانی سەدەی نۆزدەهەمدا لە (قاهیرە) و (كەلكەكتا) دوو نوسخەی ئەم شاكارە بە عەرەبی دەرچوو، بەپێچەوانەی نوسخەی (قاهیرە)وە نوسخەی (كەلكەكتا)ەوە زۆر زیاتربوو لە دەقەكەی (گالاند).
 لەسەدەی هەژدەهەمدا خوێنەرە ئینگلیزەكان وەرگێڕانی ئەو شاكارەیان لەرێگای (گراب ستریت)ەوە ناسی كە ئەویش لەنوسخە فەرەنسیەكەی(گالاند)ەوە وەریگرتبوو.
 هەر ئەم وەرگێڕانە ئینگلیزییەش بوو بە ئیلهامی (ادیسون و ولبولی و وردسورپ و كولدیرج) و ئەوانی دیكە.
 لەماوەی ساڵانی 1838-1841 (ئەدوارد ولیم) وەرگێڕانێكی دیكەی نوسخەی( قاهیرە)ی كرد، بەڵام لەبەرئەوەی كەسێكی خواپەرست بوو چەند دیمەنێكی سێكسی وچەند بەشێكی لێ قرتاند ئەویش بەبیانوی ئەوەی كە بۆ كەسە (نەبیل)ەكان ناشێت.هەر ئەم خواپەرستیەش وەهایلێكرد كەبەشێوازێك جارێكی دیكە ئەو چیرۆكانە دابڕێژێتەوە كە زیاتر لەئینجیلەوە نزیكتربێت.
 لەماوەی نێوان ساڵانی 1882-1884 (جۆن باینی)  وەرگێڕانێكی نوسخەی (كەلكەكتا)ی كرد كە دیمەنە سێكسییەكانی هێشتبویەوە بەڵام بەشێوەیەكی ئەهوەنتر.
 (باینی) پیاوێك بوو كە خۆی فێری چەندین زمانی جیاوازكردبوو،كاری وەرگێڕانی لەلاتینی و فەرەنسی و پورتوگالییەوە كردبوو، شاكاری (هەزارویەك شەوە)ی لەناو عەرەبانەیەكدا كردبوو كە ئەسپێك رایدەكێشا بەناو شاری لەندەندا.
 لەبێ شانسی ئەودا وەرگێڕانەكەی نەخوێندرایەوە، لەساڵی 1885-1888 (ریچارد بۆرتۆن) (هەزارویەك شەوە)ی لەهەردوو نوسخەی (لاینی) و (باین)یەوە وەرگێڕا، كە هەندێك موفردەی سەیرسەیری وەرگێڕانەكەی وەهایكرد خوێنەرێكی وەهای نەبێت، هەروەها زیادەرۆییەكی زۆری كردبوو لەشەهوەت و توندوتیژیدا.
 لەسەدەی نۆزدەهەمدا زۆرینەی ئینگلیزەكان پەیوەستبون بەوەرگێڕانەكەی (گراب ستریت)ەوە.
 لەساڵی 1899-1904 (جۆزیڤ چارلز) بەهاندانی هاوڕێكەی (ستیڤانی مالارمێ)ی شاعیر وەرگێڕانێكی تازەی فەرەنسی لەدەقەعەرەبیەكەوە ئەنجامدا.
 بەراستی وەرگێڕانەكەی فێڵێك بوو، پڕبوو لەهەڵەی ئاشكرا، لەچەندین شوێن و رۆشنبیری جیاوازی دیكەوە چیرۆكی هێنابوو، واشدەردەكەوت چیرۆكی خۆشی تێكردبێت.
 سەرەڕای ئەوەی كە وەرگێڕانەكەی هیچ بەهایەكی زانستی نەبوو، بەڵام بەهایەكی ئەدەبی وەهای هەبوو كە ببو بە ئیلهامی (بییتس و پرۆست و گایدی و جەیمس).
 هەموو وەرگێڕدراوە ئینگلیزییەكانی دیكە لەكاتێكی خراپدا كران، و زۆرینەی بەریتانیەكان لەرێگای فلیمی بێ دەنگی (عەلائەدین)ەوە كە بۆیەكەم جار لەساڵی 1811 نمایشكرا ئەم چیرۆكەیان ناسی تازیاتر دەقە ئینگلیزییەكان.
 دواتریش فلیمەكانی (دزەكەی بەغدا-1924)  و (سەركێشیەكانی ئەمیر ئەحمەد- 1926) و جارێكی دیكەش (دزەكەی بەغدا-1940) و فلیمی (عەلائەدین_ 1992) لێ بەرهەمهات.
 بەم دواییەش لەلایەن (مالكۆم لیونس) وەرگێڕانێكی دیكەی (هەزارویەك شەوە) ئەنجامدراوە كە ئامانج لێی دوبارە پێش كەشكردنی ئەم شاكارەیە بەخوێنەرە تازەكان بۆ ئەوەی چێژ لەم چیرۆكە جوانانە وەربگرن.
 
 
 سەرچاوە/ سایتی ئیلاف
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.