Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
زانکۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له‌نوسینێکی خزماوی و حیزباوی سامان عه‌لیدا….جه‌مال حاجی

زانکۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له‌نوسینێکی خزماوی و حیزباوی سامان عه‌لیدا….جه‌مال حاجی

Closed
by January 18, 2009 گشتی

        زانکۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له‌نوسینێکی خزماوی و حیزباوی سامان عه‌لیدا….جه‌مال حاجی
 
 ده‌ڵێن که‌ناپلیۆن ڕه‌وانه‌ی سه‌نتهێلانه‌ ده‌کرێ و ده‌ویسرێ له‌وێ بمێنێته‌وه‌ ،و ئه‌و ته‌نیا سه‌د ڕۆژ ئۆقره‌ ده‌گرێ و خۆی ئاماده‌ ده‌کات تاکو بگه‌ڕێته‌وه‌ پاریس و جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات له‌ژێر ده‌ستی لویس وه‌ربگرێته‌وه‌،ڕۆژنامه‌کان نوسییان ئه‌وا پیاوکوژه‌که‌ ده‌یهه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌،.
 که‌ناپلیۆن ده‌ست ده‌کات به‌گه‌ڕانه‌وه‌ ،ڕۆژنامه‌کان ده‌نوسن ئه‌وا ناپلیۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
 که‌ده‌گاته‌ ناو ووڵات و ده‌بینن سوپا کڕنۆش بۆ ناپلیۆن ده‌بات،ئه‌وان ده‌نوسن ئه‌وا ئیمپراتۆر ناپلیۆنی مه‌زن هاته‌وه‌ خاکی نیشتیمان.
 له‌وکات و به‌ئێسته‌شه‌وه‌ هیچ که‌س نه‌یتوانیوه‌ نکوڵی له‌و ڕاستییه‌ بکات که‌چۆن نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نوس و …. هه‌ن ڕوح و جه‌رگیان ده‌بێت به‌ئاو تاکو نوسینێک،وتارێک،…له‌لایان له‌دایک ده‌بێت و که‌ده‌شبینن خه‌ڵکی ڕه‌مه‌ک وڕۆشنبیران ده‌یخوێننه‌وه‌ ته‌واو هه‌ست به‌ مه‌سئولیه‌ت ده‌که‌ن.
 ئیتر لێره‌وه‌ په‌یوه‌ندی خه‌ڵک و میدیا دروست ده‌بێت،هه‌ر ئه‌مانه‌شن که‌پێیان وایه‌ ڕاگه‌یاندن ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مه‌.
 (درۆ و بوختان هه‌ڵبه‌ستن) شتێک نییه‌ که‌ که‌سێک بتوانێت له‌سه‌ری بدوێت و که‌سێکی تر توانای ڕێکخستنی چه‌ند درۆیه‌کی نه‌بێت،.به‌ڵام جیاوازیه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌وانه‌ی درۆزنن هه‌رگیز به‌درۆکردنیان تێک ناچن و ئه‌وانی تر یه‌که‌وڕاست ڕویان سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێت.
 سامان ناوێک ئه‌مجاره‌ خۆی کرده‌ نه‌شته‌ری بابه‌تێکم ،که‌حه‌زم نه‌ده‌کرد وابوایه‌.
 ئه‌و له‌ژماره‌ ( 209) ی چاودێردا کۆمه‌ڵێک به‌حسابی خۆی (حه‌قیقه‌ت) ی کردووه‌ به‌نوسینێک و ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش وه‌کو تووتی بۆیان نوسیوه‌ته‌وه‌،که‌من دڵنیام ئه‌و ڕۆژنامه‌ به‌ڕێزه‌ ئه‌گه‌ر بابه‌تێکی ڕیفۆرمیستانه‌ی واقیعیانه‌ بوایه‌ ،نه‌ک بۆ سامان ،بۆ هیچ نوسه‌رێکیان بلاو نه‌ده‌کرده‌وه‌.
 سامان ناو هاتووه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی نابابه‌تیانه‌ی بۆ زانکۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی کردووه‌و به‌په‌یڤێک له‌سه‌ر زانکۆ ئه‌هلیه‌کانی ئێره‌ چۆته‌ ناو بابه‌ته‌که‌وه‌.
 جارێ نامه‌وزوعی بابه‌ته‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌خودی بابه‌ته‌که‌ (که‌هه‌ڵسه‌نگاندنی زانکۆ ئه‌هلیه‌کانه‌) هێشتا نه‌بووه‌ به‌بابه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندن تاکو قسه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی  بکرێت ،که‌ئه‌م وای کردووه‌.،به‌تایبه‌تیش که‌دیاره‌ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ر له‌ ده‌رچونی کۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می خوێندکارانی ئه‌و زانکۆیه‌ نوسراوه‌،چونکه‌ ئه‌و پێیوایه‌ که‌( خوێندکار ئه‌گه‌ر ته‌نها 65 ی هه‌بێت ده‌توانێت له‌زانکۆکه‌ ده‌وام بکات) ئه‌مه‌ش به‌پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ بوو که‌زانکۆ بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت فۆرمی وه‌رگرتن وه‌ربگرن که‌له‌ماڵپه‌ڕی زانکۆکه‌دانوسرابوو،به‌ڵام ئه‌م سامانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌په‌له‌ خوێندویه‌تیه‌وه‌ نه‌یزانیوه‌ که‌ داواکراوه‌له‌ تێکڕای 65 ه‌وه‌ ده‌توانێت فۆرم وه‌رگرێت و بچێته‌ کێبڕکێکه‌وه‌.
 پاشان تۆڕه‌ سیخوڕیه‌کانی خۆی خستۆته‌ کارو له‌زمانی ئه‌وانه‌وه‌( سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێکراو) ده‌ڵێت ( که‌خوێندکاری به‌نمره‌ی 60 ه‌وه‌ وه‌‌رگرتووه‌ بۆ کادره‌کانی یه‌کگرتوو) ، به‌لام ئه‌م ناو سامانه‌ ئه‌گه‌ر ماڵپه‌ڕی ئه‌و زانکۆیه‌ بخوێنێته‌وه‌ هه‌موو ناوی ئه‌وانه‌ی تیایه‌ که‌ له‌و زانکۆیه‌ ناویان ده‌رچووه‌و کۆی نمره‌کانیشیان،.
 ئه‌و ده‌ڵێ (له‌زانکۆکانی دیکه‌ی هه‌رێمی کوردستاندا کۆنمره‌ی هیچ یه‌کێک له‌و کۆلێژانه‌ له‌ 75 که‌متر نیه‌)،دیاره‌ ئه‌و مه‌به‌ستی هه‌رێمه‌که‌ی سلێمانیه‌،چونکه‌له‌ولا زانکۆ ئه‌هلیه‌کانی په‌رێشانن،له‌ملاش بێچه‌نوچون هه‌رله‌ڕێوه‌ حه‌فتاکورسی دراوه‌ به‌برا تورکمانه‌کان….
 ئه‌وه‌ دیاره‌ حاڵی زانکۆ حکومیه‌کانیش نازانێت ئه‌گه‌رنا هه‌ربه‌سووکه‌ نمو‌نه‌یه‌ک وه‌رگرتنی کادره‌ حیزبیه‌کانی ئه‌ولای له‌ماسته‌رو دوکتۆرا، تێده‌گه‌یشت که‌ ئه‌و 85 ه‌ی ئه‌و باسی کردووه‌ بۆ عامیه‌ی خه‌ڵقه‌ ، به‌رتیله‌کان جیاوازن.
 
 ته‌وه‌ره‌کانی که‌ئه‌و باسیان لێوه‌ ده‌کات:
 
 1/ خزمچێتی:
 ئه‌و ده‌نوسێت (ئه‌م زانکۆیه‌ که‌خاوه‌نه‌که‌ی د. عه‌لی قه‌ره‌داغی ه‌……پیاوێکه‌ جگه‌له‌وه‌ی ئینتیمای سه‌له‌فی و حیزبی قوڵی هه‌یه‌ پیاوێکی خێڵه‌کیه‌) لێره‌دا من سه‌یرم پێ دێت که‌نه‌ینوسیوه‌ بۆ نمونه‌ عه‌لی ئاغا چونکه‌ ناکرێت ئه‌و بزانێت که‌که‌سێک دوکتۆرای هه‌بێت و له‌زانکۆ هه‌ره‌پێشکه‌وتووه‌کانی دونیادا وانه‌ی هه‌بێت و خاوه‌نی چه‌ندین بیرۆکه‌و کتێب و سه‌رباری ئه‌وه‌ش به‌یارمه‌تی خواو برای به‌ڕێزی خۆی به‌ڕێز مام جه‌لال مه‌ڵبه‌ندێکی گه‌وره‌ی زانستی( که‌زانکۆیه‌) دابمه‌زرێنێت ،که‌ی پیاوێکی خێڵه‌کیه‌ ،که‌دیاره‌ ئه‌و سامانه‌ ویستویه‌تی به‌تۆبزی ئه‌و خێڵه‌کیه‌ بکات به‌ناو ڕسته‌کانیدا.
 پاشان سامان باس له‌ خزمه‌کانی دوکتۆر عه‌لی ده‌کات که‌ خاوه‌ن شه‌هاده‌ن و ئه‌و دایمه‌زراندوون و پێشتریش باسی بێ شه‌هاده‌کان ده‌کات،ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان که‌خاوه‌نی شه‌هاده‌ن ئه‌وه‌ بۆخۆی وه‌ڵامی خۆی بداته‌وه‌.
 ئه‌وانی تریش (بۆنمونه‌ وه‌کو ناوی هێناون) یه‌کیان ئاماده‌یی پیشه‌سازی خوێندووه‌ یه‌کیان ناوه‌ندی و هی تریش سه‌ره‌تایی،به‌ڵام من نه‌خوێنده‌وارم تیا نه‌بینی ،چونکه‌ کاکه‌ سامان ده‌زانێت خوێنده‌وار ئه‌وه‌یه‌ که‌ده‌توانێت بنوسێت و بخوێنێته‌وه‌،پاشانیش که‌ی بۆته‌ کولتور له‌وڵاتی ئێمه‌دا (به‌زانکۆکانی تریشه‌وه‌) که‌ (بۆ نمونه‌) خه‌ڵکێک شه‌هاده‌یه‌کی به‌رزی هه‌بێت و فه‌ڕاشی بکات،.یان ئایا ئه‌و به‌ڕێزه‌ به‌ڕه‌وای ده‌بینێت که‌سێک له‌سلێمانیه‌وه‌ بچێت و له‌وێنده‌ر دابمه‌زرێت و که‌خه‌ڵقی ناو قه‌راغ خۆیان بتوانن به‌ئاسانتر ئه‌و ئه‌رکه‌ ڕاپه‌ڕێنن.   من تێشناگه‌م فه‌ڕاش و کارمه‌نده‌ لاوه‌کیه‌کان چی په‌یوه‌ندیه‌کیان به‌ئاستی زانستی زانکۆوه‌ هه‌یه‌ وه‌ک سامان باسی ده‌کات.
 ئه‌و دێت ده‌ڵێت ته‌نانه‌ت له‌زانکۆی سلێمانیشدا خوێندکاره‌ یه‌که‌م و دووه‌مه‌کان ده‌کرێنه‌وه‌ به‌ کارمه‌ند به‌ڵام له‌زانکۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی به‌پێچه‌وانه‌وه‌،من دڵنیام ئه‌و سامانه‌ چۆن له‌گوندی باخانه‌وه‌ کڵێشه‌ی زانکۆکه‌ی بینیوه‌و که‌وتۆته‌ هه‌ڵسه‌نگاندن ئاوهاش له‌سه‌راوه‌ به‌دوربین سه‌یری زانکۆی سلێمانی کردووه‌، ئه‌گه‌رنا وه‌ک ئه‌و باسی لێوه‌ ده‌کات (که‌ڕاستیش نیه‌) یه‌که‌م و دوه‌مه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ببنه‌ کارمه‌ند له‌زانکۆدا ،ئه‌مه‌ چی حیکمه‌تێکی تیایه‌ ،ئه‌دی بۆچی ئه‌و به‌هرانه‌ی خۆیان له‌جێگه‌ی تردا په‌ره‌پێناده‌ن.
 
 2/ حیزبایه‌تی له‌زانکۆدا:
 
 ئه‌و ده‌نوسێت دوکتۆر عه‌لی نه‌ک هه‌مو مه‌لاو نه‌خوێنده‌واره‌کان به‌ڵکو هه‌مو کادره‌کانی یه‌کگرتووش ئه‌کات به‌خاوه‌نی ماسته‌رو دوکتۆرا.
 به‌حیکمه‌تی کاک سامان گه‌یشتۆته‌ ده‌ره‌نجامێکی زۆر موهیم .
 جارێ یه‌کگرتوو مه‌لاو نه‌خوێنده‌وار ئه‌مه‌ هاوکێشه‌یه‌کی که‌م تا زۆر به‌جێ نیه‌ ،چونکه‌ ئه‌و پاشان باسی سه‌رۆک به‌ش و کۆلێژه‌کان و شه‌هاده‌کانیان ده‌کات که‌ له‌زانکۆ جۆر به‌جۆره‌ باوه‌ڕپێکراوه‌کان وه‌ریان گرتووه‌ و هیچیان له‌زانکۆی یه‌کگرتوو نه‌بونه‌ته‌ خاوه‌ن شه‌هاده‌ ،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ریه‌کێکیان چه‌ندین ساڵ ئه‌زمونی هه‌یه‌ ،ئه‌و، ئه‌مانه‌ش به‌نه‌خوێنده‌وار ده‌زانێت،.
 خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌وانه‌ی له‌و زانکۆیه‌ ده‌رده‌چن مه‌لاو نه‌خوێنده‌وار بن  وه‌ک له‌فه‌رهه‌نگه‌که‌ی کاکه‌ ساماندا کۆکراونه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ ،ئه‌وا من بۆ خۆم خوێندکاری کۆلێژی یاساکه‌ی ئه‌و زانکۆیه‌م و ته‌حه‌دای سامان ده‌که‌م ئه‌گه‌ر به‌چوار شه‌هاده‌ی ماسته‌ری زانکۆکانی تره‌وه‌ ڕووبه‌ڕوو بێته‌وه‌.
 
 بازرگانی و پاره‌په‌یداکردن:
 له‌مه‌شیاندا ئه‌و هه‌ر موقاره‌نه‌ی زانکۆی سلێمانی ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت له‌وێ خوێندکار له‌ 400 دۆلار که‌متر ده‌دات بۆ ساڵێک ،و لێره‌ 1200 دۆلار.
 له‌ڕاستیدا لێره‌( زانکۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی ) بۆ کۆلێژه‌کانی یاساو ڕامیاری 1500000 واته‌ ملیۆن و نیوێک دیناری چاپه‌و بۆ ئه‌وانی دیکه‌ دوو ملیۆنه‌، به‌ڵام ئه‌و نازانێت که‌ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌ک هه‌ر زۆر که‌مه‌ ،به‌ڵکو له‌چاو ئه‌و پێویستیانه‌ی که‌زانکۆکه‌ به‌ره‌و ئاماده‌کردنیان ده‌چێت،هه‌ر هه‌ژمار ناکرێت،.له‌ولاشه‌وه‌ کۆلێژه‌ ئه‌هلیه‌که‌ی زانکۆی سلێمانی که‌ئه‌و باسی لێوه‌ ده‌کات ،له‌سه‌ر حازری دروست بووه‌.
 ده‌شمه‌وێت باسی بکه‌م که‌ بۆ ئه‌مساڵ هه‌موو کتێبه‌کانی خوێندکارانی زانکۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی ،:زانکۆ: له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆی به‌ خوێندکارانی به‌خشیوه‌.
 
 ئه‌و سامانه‌ ،کۆتاییه‌که‌ی به‌ ڕشانه‌وه‌یه‌کی قه‌باحه‌تبار هێناوه‌ته‌وه‌ که‌ئه‌گه‌ر زیاتر بڕۆشتایه‌ ئه‌وا جوێنی ناشیرینیشی تێکه‌ڵاو ده‌کرد.
 
 دێت به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌یانی پێوه‌ری زانستیمان بۆ بکات ،ڕاسته‌وخۆ بڕیار له‌ نازانست بوونی ئه‌و زانکۆیه‌ ده‌دات،له‌ڕاستیشدا هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌مانباته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌پێوه‌ری زانستی لای ئه‌و ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌له‌فی و ئیسلامی سیاسی نه‌بیت ، ئیدی هه‌رشتێک بییت ئه‌وا جێی مه‌سه‌له‌یه‌ک نه‌بێت ،به‌ڵام ئه‌و دوانه‌ (سه‌له‌فیه‌ت و ئیسلامی سیاسی) خێڵه‌کین و په‌یوه‌ندیان به‌زانسته‌وه‌ نیه‌،ئه‌مه‌شیان گێلێتی سامان ده‌رده‌خات،چونکه‌ سیاسه‌ت کردن بۆ خۆی زانست و هونه‌ره‌ که‌ ئه‌و ئیسلامه‌ی ئه‌و دژیه‌تی ئه‌گه‌ر ناوی گه‌شتبێته‌ قۆناغی ئیسلامی سیاسی که‌واته‌ بۆته‌ زانست و هونه‌ر.
 لێره‌وه‌ من ئه‌وو خۆم و هه‌موو ئه‌وانه‌ی تریش که‌ بمانه‌وێت خوێندن له‌سیاسه‌ت دوور بخه‌ینه‌وه‌ ،ده‌بێت چاودێرێکی ڕاستگۆو بێلایه‌ن بیین نه‌ک له‌سه‌ره‌تاوه‌ قین له‌ سه‌له‌فی بوونی به‌رامبه‌ر ، بکه‌ینه‌ پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی شته‌کان به‌تایبه‌تیش که‌هێشتا بیسمیللا یه‌که‌م ئاهه‌نگی یه‌کترناسین له‌و زانکۆیه‌دا نه‌کراوه‌.
 
 جه‌مال ڕه‌زا ئه‌حمه‌د
 خوێندکاری کۆلێژی یاسا-زانکۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی
 
 
 
 
 
  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.