Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
هونه رمه ند نوێنه‌رئه‌حمه‌د: به‌رنامه‌یه‌كنییه‌بۆبه‌ره‌و پێشچوونی هونه‌ر له‌كوردستان

هونه رمه ند نوێنه‌رئه‌حمه‌د: به‌رنامه‌یه‌كنییه‌بۆبه‌ره‌و پێشچوونی هونه‌ر له‌كوردستان

Closed
by January 18, 2009 گشتی

 هونه رمه ند نوێنه‌رئه‌حمه‌د: به‌رنامه‌یه‌كنییه‌بۆبه‌ره‌و پێشچوونی هونه‌ر له‌كوردستان … دیمانه‌: ئاسۆ عوسمان     
 چاوپێکه‌وتن 

 ته‌ونی خه‌یاڵ یه‌كه‌مین سیدی هونه‌رمه‌ند نوێنه‌ر ئه‌حمه‌د بوو، وه‌ك خۆی پێیوتین:نزیك به‌پێنج ساڵ كاری تێداكردووه‌. ته‌ونی خه‌یاڵ ساڵی (2007) بڵاوكرایه‌وه‌و بووه‌ یه‌كێك له‌به‌رهه‌مه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی ساڵ، بڵاوبوونه‌وه‌ی ته‌ونی خه‌یاڵ بووه‌ فاكته‌رێك تا نوێنه‌ری هونه‌رمه‌ند زیاتر سووربێت له‌سه‌ر كاری هونه‌ریی وهه‌رده‌م دڵی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی به‌به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌كانی شادبكا. ته‌ونی خه‌یاڵ بریتیبوو له‌حه‌وت به‌رهه‌م وبه‌هاوكاریی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی بڵاوكرایه‌وه‌و تائێستاش نوێنه‌ر چوار
 به‌رهه‌می كلیپ كردووه‌. نوێنه‌ر یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌نجانه‌ی هه‌میشه‌ له‌خه‌می داهاتووی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یدایه‌ هه‌ر ئه‌م فاكته‌ره‌ش وای ده‌كات هه‌میشه‌ سه‌ره‌تای وته‌كانی ره‌خنه‌ بن له‌م بارودۆخه‌ی كه‌ ئێستا هونه‌ری گۆرانی ومۆزیكی كوردیی پێیدا تێده‌په‌ڕێت. له‌سه‌ر گرفت وكێشه‌كانی ئه‌مڕۆی هونه‌ری گۆرانی ومۆزیكی كوردیی، ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ر ئه‌حمه‌د سازكرد.
 
 ئاسۆ:ره‌خنه‌گران له‌بواری مۆزیك وگۆرانی كوردیی ئاستی هونه‌ریی ئێستا به‌لاواز ده‌زانن و پێیانوایه‌ ساڵ له‌دوای ساڵ له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی هونه‌ری موزیك وگۆرانی گه‌لانی تردا هونه‌ری كوردیی به‌ره‌ودواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌! ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بزانین ئایا هونه‌ری كوردیی به‌مشێوه‌یه‌ پاشه‌كشه‌ی كردووه‌؟.
 
 نوێنه‌رئه‌حمه‌د:به‌بڕوای من به‌رنامه‌یه‌ك نییه‌ بۆ به‌ره‌و پێشچوونی هونه‌ر له‌كوردستان. به‌كوردییه‌كه‌ی خۆمان هونه‌ر خۆی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت هیچ ده‌زگایه‌ك نییه‌ تایبه‌ت بێت به‌هونه‌ر و خه‌ڵكانی پسپۆڕ كاری تێدابكه‌ن، لێره‌ هونه‌ر خراوه‌ته‌ خزمه‌تی سیاسه‌ت، گرنگ نییه‌ گۆرانیبێژ كێیه‌و ئاستی هونه‌ریی چه‌نده‌! لای سیاسه‌تمه‌دارانی ئێمه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكانێك كۆبكاته‌وه‌ بۆخزمه‌تی ئه‌وان. ده‌بێت ئه‌وه‌ جیابكرێته‌وه‌ گۆرانیبێژ شتێكه‌و هونه‌رمه‌ند شتێكی تره‌،
 هه‌ركه‌س ده‌نگی خۆش بێت ده‌توانێت گۆرانی بڵێت به‌ڵام هه‌موو كه‌س ناتوانێت هونه‌رمه‌ند بێت. پێموایه‌ پێشنه‌كه‌وتنی هونه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌سیاسه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، هونه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌لای سه‌ركرده‌كانی كورده‌وه‌ گرنگ نییه‌، بڕواش ناكه‌م مه‌سئوله‌كانی كوردستان هه‌ر گوی له‌گۆرانی بگرن، وه‌ك له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ وتم دواكه‌وتن وپێشنه‌كه‌وتنی هونه‌ر له‌كوردستان په‌یوه‌ندیی به‌میزاجی مه‌سئوله‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.
 
 ئاسۆ:باسی نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی هونه‌ریت كرد، ئێمه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیریمان هه‌یه‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت راوێژكاری تایبه‌تی بۆ هونه‌ر هه‌یه‌. پرسیاره‌كه‌ با وابكه‌ین رۆڵی ئه‌مانه‌ چیبووه‌ له‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وگرفت وكۆسپانه‌ی كه‌ده‌بنه‌ هۆی پاشكه‌وتنی هونه‌ری موزیك وگۆرانی؟.
 
 نوێنه‌ر ئه‌حمه‌د:كاكی برام له‌كوردستان دوو ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌ سلێمانی وهه‌ولێر دوو حكومه‌تن شتێك نییه‌ پێی بوترێت حكومه‌تی كوردستان، حكومه‌تی سلێمانی جیایه‌ وه‌زیر بۆی نییه‌و ناتوانێت هیچ رۆڵێكی له‌سلێمانی هه‌بێت ئیداره‌كه‌ جیایه‌و پاره‌كه‌ جیایه‌، به‌كوردییه‌كه‌ی ئه‌ملا خه‌ریكی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكن ئه‌ولاش خه‌ریكی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكن. له‌كوردستان له‌گه‌ڵ رێزی ته‌واوم بۆ پۆلیس هونه‌رمه‌ند وه‌ك پۆلیس دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر ئه‌م و ئه‌ودا.
 
 ئاسۆ:زۆرجار گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بین هونه‌رمه‌ندانی ناوخۆ بایه‌خیان پینادرێت، له‌به‌رامبه‌ردا هونه‌رمه‌ندانی ده‌ره‌وه‌ كاری باش ده‌كه‌ن وبه‌رهه‌میان زۆره‌و له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ بانگهێشت ده‌كرێن.
 
 نوێنه‌ر ئه‌حمه‌د:سیاسه‌تێك هه‌یه‌ پێی ده‌وترێت مه‌قاش یانی ده‌ستی خۆت مه‌خه‌ره‌ ئاگره‌كه‌وه‌! حكومه‌تیش وایه‌ خۆی كۆمپانیا دروستده‌كات، باشه‌ كۆڕه‌ك بۆچی ئیش بۆ من ناكات بۆ ئیش بۆ گه‌نجانی تر ده‌كات؟ خۆشم چوومه‌ لایان قسه‌م له‌گه‌ڵكردن وبه‌رهه‌میشم داوه‌ پێیان به‌ڵام ئه‌وان ئیش بۆ من ناكه‌ن! به‌ڵام خه‌ڵكی وه‌ها ده‌هێننه‌وه‌ كوردستان له‌رووی هونه‌رییه‌وه‌ هیچ مواسه‌فاتێكی تێدانییه‌. وه‌ك ئاماژه‌م پێدا ناوی كۆمپانیاو سه‌نته‌رو رێكخراو وه‌ك مه‌قاش به‌كاردێت. له‌م رۆژانه‌دا سه‌نته‌ری عێراقی
 رێزیان له‌هونه‌رمه‌ند زه‌كه‌ریا نا، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م رێز له‌هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك بنرێت وزه‌كه‌ریاش شایسته‌ی رێزه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخ وناخۆشییه‌ ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌ زۆره‌ بۆ زه‌كه‌ریا كرا كه‌ناویلێنرا هونه‌رمه‌ندی سه‌مفۆنیا، هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كورد! به‌ده‌نگێك ئه‌ پڕوپاگه‌ندانه‌ ده‌كرا وه‌ك ته‌نیا زه‌كه‌ریا هونه‌رمه‌ند بێت، به‌ڕاستی ئێمه‌ هونه‌رمه‌ندی زۆر گه‌وره‌مان هه‌یه‌، زه‌كه‌ریا له‌سه‌ر شانۆ بینیمان كه‌له‌كاتی گۆرانی وتندا چوارجار ئاوتی كرد! كه‌نابێت
 هونه‌رمه‌ندی به‌توانا ئاوت بكات، پاشان ئه‌و سه‌نته‌ری ئه‌م راپرسییه‌ی كردووه‌ له‌كوردستاندا چواركه‌س نایناسێت ئیتر چۆن ده‌توانێ هونه‌رمه‌ندی به‌توانا ده‌ستنیشان بكات؟.
 
 ئاسۆ: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه‌ زه‌كه‌ریا له‌ئاستی ئه‌و خه‌ڵاته‌دا نه‌بووه‌؟.
 
 نوێنه‌ر ئه‌حمه‌د:به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و خۆشی ده‌زانێت كه‌هونه‌رمه‌ندی زۆر له‌و گه‌وره‌ترو له‌پێش ئه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌هه‌موومان باش ده‌زانین كێن
 .
 ئاسۆ:مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئامانجێكی سیاسیی هه‌یه‌ له‌پشت خه‌ڵاتكردنی زه‌كه‌ریاوه‌؟..
 
 نوێنه‌ر ئه‌حمه‌د:به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ستی سیاسه‌ت له‌پشت هه‌موو شتێكه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌م وڵاته‌دا، زه‌كه‌ریا هونه‌رمه‌ندێكی باشه‌و توانیوویه‌تی خزمه‌ت بكات، به‌ڵام ده‌بێت هه‌موومان ئه‌وه‌ بپرسین ئێمه‌ هه‌موومان هونه‌رمه‌ندین وده‌زانین پاره‌ په‌یداكردن له‌هونه‌ردا نییه‌، زه‌كه‌ریا ده‌یان هه‌زار سیدی چاپكردووه‌ به‌ڵام ره‌نگه‌ هه‌زارانی لیفرۆشرابێت زۆربه‌ی مابێته‌وه‌ له‌بازاڕدا، چۆن ئه‌م هه‌موو پاره‌و ده‌سكه‌وته‌ی هه‌بووه‌؟.
 ئاسۆ:ده‌مه‌وێت رای تۆ بزانم له‌سه‌ر ده‌شنی، كه‌له‌م ڕۆژانه‌دا سیدییه‌كی بڵاوكرایه‌وه‌و ناوی لێنرا هونه‌رمه‌ند، وه‌ك له‌و ریكلامكردندا ده‌ركه‌وت به‌پشتیوانییه‌كی زه‌به‌لاحه‌وه‌ دێته‌ ناو دونیای پاشكه‌وتووی هونه‌ری كوردیی. من ده‌مه‌وێت له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش رای تۆ بزانم له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی كۆمه‌ڵێكی نزیك له‌ده‌سه‌ڵات پێیانوایه‌ پێشنه‌كه‌وتنی هونه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌كچی سه‌رنجڕاكێش وجلوبه‌رگی كورتی كچانه‌وه‌ هه‌یه‌! ئایا ستایڵه‌كه‌ی ده‌شنی به‌ڕاستی هونه‌ری كوردیی مۆدێرن و
 پێشكه‌وتووه‌؟.

 نوێنه‌رئه‌حمه‌د:له‌هونه‌ردا ستایڵ هه‌یه‌، هه‌ركه‌سه‌و به‌ستایڵی خۆی كارده‌كات بۆ گۆرانی ئه‌و كچه‌ش، براده‌رێك بۆی باسكردم كه‌ده‌شنی له‌چوارچرا وتوویه‌تی: من به‌ڕاستی ده‌نگم خۆش نییه‌ وناشزانم ئه‌م ئیشه‌ چۆن بووه‌؟ ئه‌و دانسه‌رێكی باشه‌ دیاره‌ ئاره‌زوومه‌ندی دانس هه‌یه‌، پێویسته‌ له‌وڵاتی ئێمه‌شدا شوێنێك هه‌بێت بۆ دانس وسه‌مای بالێ.
 ئاسۆ::دوابه‌رهه‌می نوێنه‌ر چییه‌؟.
 نوێنه‌ر ئه‌حمه‌د:گۆرانییه‌كم هه‌یه‌ كه‌به‌رهه‌می یه‌ك ساڵی منه‌، تائێستاش نه‌توانراوه‌ كلیپی بكه‌م، چه‌ند لایه‌نێك ویستیان كلیپی بكه‌ن وه‌ك ئارت كۆمپانیا كه‌به‌ڕاستی نه‌یانكرد، چوومه‌ لای كۆڕه‌ك مۆزیك نه‌یانكرد، وتیان ئێمه‌ سه‌رقاڵی ته‌له‌فزیۆن دروستكردنین، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا سیدی "ده‌شنێ"یان بڵاوكرده‌وه‌.
 
 Lawa_0@hotmail.com
 

Previous
Next