Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تۆ هەژاریت.. بەڵام بەهێزبە و ئیرادەت هەبێت!

تۆ هەژاریت.. بەڵام بەهێزبە و ئیرادەت هەبێت!

Closed
by January 18, 2009 گشتی

 تۆ هەژاریت.. بەڵام بەهێزبە و ئیرادەت هەبێت!
 توێژەرى كۆمەڵایەتى :حەمەى ئەحمەد  ڕەسوڵ

 
 ناخۆشترین و دژوارترین شێواز لە ژیاندا، ژینی هەژارییە، هۆکاری هەرە مەزنی دەرد و مەینەتییەکانی کۆمەڵگاش، هەژارییە، بۆیە لە خۆڕا نییە کە ( سوقرات )مەزنە فەیلەسوف وتوویەتی: باوکی جەهالەت و نەزانی تاوانی هەژارییە، هەروەها ئیمامی عەلی لەمبارەیەوە وتوویەتی: ئەگەر هەژاری مرۆڤێک بوایە دەمکوشت…!
 بەڵگە نەویستە کە هەژاری لە گەڵ خۆیدا نەخوێندەواری و نەخوشی و ناتەندروستی و پیسی ژینگە و پەتا زۆرەکانیش راپێچدەکات. هەژاری دیاردەی بێبەرنامەیی و بێسەرەوبەرەییش لە گەڵ خۆیدا دێنێ. هەر بۆ وێنە: پیاوی هەژار کە ژن دێنێ، ئیدی دەڵێی سوێندی بە تەڵاقى خواردوە، یەک دەرزەن یان نیو دەرزەن منداڵ دەخاتەوە و پشتی بە خواوەند بەستووە بۆ بەخێوکردنیان، بۆیە دوای تەمەنێکی کورتی منداڵی، فڕێی دەداتە سەر شەقامەکان و بژیوی پێپەیدا دەکات، زۆر خراپ پەروەردەیان دەکات، ناتوانێ لە خوێندن بەردەوامیان بکات، بێناز و چاوبرسی و دڵ مردوو گەورەیان دەکات، لێوانلێویان دەکات لە توندوتیژی و لە ترس و لە هەڕەشە و تۆقاندن. لە جیاتی باخچەی منداڵان هەموو رۆژێک سەدجار جەهەندەمیان نیشان دەدات. ژیانیان لێدەکات بە رووە ناشیرینەکەی فەرشی ژیان. خەونیان لێدەبێت بە کابوس. خواردنیان لێدەبێت بە ژەهر و بە ژەقنەبووت!
 ئەو نەوەیەی لە هەژاریدا چاو بۆ ژیان دەکاتەوە، دەزانێت برسێتی چییە ؟!
 تامی بێنازی و لێدان و چاوسوورکردنەوەی چەشتووە، هەموو بەیت و بالۆرەکانی کرێچێتی و کاری قورسی رۆژانە و کەمی موچە و زۆری خەرجی و زۆری منداڵ خستنەوە و کەمی بەهای مرۆڤ و کەمی خۆشی و چێژی ژیانی چەشتووە. بێکاری و نەخۆشی و بێکارەبایی و بێئاوی و بێ سووتەمەنی و گرانیی بازاڕ و دابین نەکردنی پێداویستیەکانی رۆژگاری بینیوە. ….. !
 مرۆڤی هەژار : لە هەموو چینە دەوڵەمەندەکان و بەرپرسەکان زیاتر هەست بە ئازارەکانی ژیان دەکات، تاڵی و دژواری رۆژگاری سەختی چەشتووە. خەباتی کردووە و بنەماڵەکەی شەهیدی لێ هەڵدەقوڵێت. لە دەوڵەمەند و بەرپرسەکان زیاتر زێد و وڵاتەکەی خۆش دەوێت. کاردەکات و بنیات دەنێت، قوربانیی دەبەخشێ و خێریش دەکات. پیاوی هەژار بیری لای پیاوەتی و چاکەخوازی و هاریکارییە و سەد ئەوەندەی دەوڵەمەندەکان ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات و بێبەرییە لە ماف، نادادوەریی کۆمەڵایەتی و نایەکسانی و ناهەقی و دەرهەق دەکرێت. بۆیە هەست دەکات بە زیندوویی زیندە بەچاڵیدەکەن!
 مرۆڤی هەژار هیوای بە ژیان هەیە و خەونی مەزنی هەیە، بۆیە لە پاڵ ئەو هەموو خەسڵەتە دژوارانەشدا، چەندان سیفەتی مەزنی تێدایە کە لە زەنگینەکاندا بەدیناکرێت . کەسی هەژار خاوەنی هێز و بازووی خۆیەتی و پشت بە کارکردن و بژێوپەیداکردن دەبەستێ. ئیرادەی بەرز و بەهێزە، عیززەتی نەفسی زۆر بڵندە و کاری نامەردانەی قەبوڵ نییە، چاوچنۆک و رژد و زاڵم و چەوسێنەر نییە، مرۆڤدۆستە و سنگی فراوانە، چونکە ئازاری چەشتوە، ئاگای لە نەخۆش و دەردەدارە، چونکە برسێتی بینیوە، هاریکاریی برسی و تینوو دەکات. بڕوای بە درۆ و بە گزی و دزیکردن نییە بۆ پەیداکردنی پارووەنانی خۆی، بەدڕەوشتی و کوشتن و ماڵوێرانکردن ناکاتە ئامرازێک بۆ گەیشتنی ئە ئامانجەکانی. مرۆڤی هەژار نەترس و بەهێزە و لە نێو ئەوپەڕی نووتەکی و تاریکیدا مۆمی ژیانی دادەگیرسێنێ و رێگای خۆی و ئەوانی دیکەش روناکدەکاتەوە، روناکیش خۆشەویستی و عەشق پەرشوبڵاو دەکاتەوە…!!
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.