ئۆباما سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکای گرته ده‌ست …ئارام حه‌مه ساڵح
ئۆباما سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکای گرته ده‌ست به‌ڵام هیچی بۆ کورد پێنییه..!!
نووسینی : ئارام حه‌مه ساڵح – ئه‌مریکا
دوو ڕۆژ به ر له‌ئێستا به‌راک ئۆباما به‌کۆشکی سپی شاد بوو وبه شێوه‌یه‌کی فه‌رمی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکای گرته‌ده‌ست، له‌مێژووی ئه‌مریکادا ئۆباما یه‌که‌م ڕه‌شپێسته که‌بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار هه‌ڵببژێردرێت ، به‌مه‌ش گه‌لی ئه‌مریکا مه‌زنترین و پیرۆزترین هه‌نگاوی مێژوویی خۆی نا و دڕی به‌شه‌وه‌زه‌نگی ڕاسیزمی و جیاکاری نێوان مرۆڤه‌کاندا له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕه‌نگی پێست،ئه‌و ههمووفرمێسکهی له‌کاتی سهرهمۆنیای سوێندخواردنی ئۆبامادا له چاوی ڕه‌شپێسته‌کانه‌وه بهلێشاوهاتهخوارهوه مه‌زنترین ئاماژه بووبه زوڵم وسته‌می سه‌دان ساڵی زۆرداران و ڕه‌گه‌زپه‌رستان ، به‌ڵێ ئه‌و ڕه‌شپێستانه‌ی که‌نزیکه‌ی 50 ساڵێک به‌رله‌ئێستا بۆیان نه‌بوو بچنه زۆر چێشتخانه وکافیتریا و دیسکۆ و یانه‌ی شه‌وانه‌وه ته‌نانه‌ت له شوێنه گشتییه‌کان وناو ئۆتۆبوس ومیترۆکاندا ده‌بوو لهبهرسپی پێسته‌کان هه‌ڵبسن وشوێنه‌کانی خۆیانیان بۆ چۆڵ بکه‌ن وا هه‌نوکه سه‌رۆکایه‌تی گه‌وره‌ترین ئۆفیس ئه‌که‌ن له‌وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکادا..!!
چاودێران ئۆباما به‌دوو سه‌رۆکی پێشووتری ئه‌مریکا ئه‌چوێنن یه‌که‌میان ئه‌براهام لینکۆڵن(1809-1865) که‌ئازادی ڕه‌های به‌خشییه ڕه‌شپێسته‌کان و دووه‌میشیان فرانکلین ڕۆزه‌ڤێڵت(1882-1945) که‌له سییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ڕوبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین کێشه‌ی ئابوری بۆوه ئه‌م کێشه ئابورییه له‌مێژووی ئه‌مریکادا به داته‌پینی مه‌زن (Great Depression ) ناسراوه، ڕۆزهڤێلت به‌ڕێژه‌یه‌کی سنوردارتوانی ته‌نگه‌ژه ئابورییه‌کان چاره‌سه‌ربکات.
له نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕبردوودا کاندیدی دیموکراته‌کان بیل کلینتۆن به‌سه‌ر جۆرج بوشی باوکداسهرکهوتو وبوو به‌سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ،ئه‌و ڕۆژه له‌به‌غدادی ژێرده‌سه‌ڵاتی به‌عس وسهدامدا کرا بهئاههنگگێڕان و ته‌قه‌ی خۆشی وایان ئه‌زانی کوده‌تای سه‌ربازی چێکراوه و ئیدی حکومه‌تی ئهمریکاسهرنگون بووه و سیاسه‌تێکی تردێتهکایهوه ..!! به‌هه‌مان شێوه‌ش کاتێک که ئۆباما به‌سه‌ر کاندیدی کۆماریه‌کاندا (جۆن مه‌ککه‌ین) دا سه‌رکه‌وت زۆر له وڵاتانی عه‌ره‌بی وڕوناکبیرانی عه‌ره‌ب و ئیسلام و له‌گه‌ڵیشیاندا هه‌موو ڕیکخراوه ئیسلامییه‌کان به‌توند ڕه‌و و میانه ڕه‌و وڕاستڕهویانهوه که‌وتنه پیرۆزبایی له‌یه‌کترو سه‌رکه‌وتنی ئۆبامایان به‌سه‌رکه‌وتنی خۆیان نێوزه‌د کرد، جا ئه‌م په‌تایه به‌شیک له ڕوناکبیرو سیاسه‌تمه‌دارانی کوردیشی گرته‌وه ، هه‌ندێکیان ده‌یانگوت که سیاسه‌تی نوێی ئیداره‌ی ئۆباما له‌به‌رژه‌وه‌ندی کوردهوههندێکیشیان ده‌یانگوت ئۆباما گۆڕینێکی بنه‌ره‌تی له سیاسه‌تی ئه‌مریکادا ده‌کات …!!!
سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین که ئه‌مریکا وڵاتێکه به تاکه که‌سێک گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی تێدا ڕوونادات با ئه‌وکه‌سه سه‌رۆک کۆماریش بێت ، چونکه ئیداره‌ی ئه‌مریکا بریتیه له سیسته‌می دامه‌زراوه و داموده‌زگا ، به سه دان دامه‌زراوه‌ی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌کنه‌لۆژی و سه‌ربازی و ئه‌منی به‌شدارن له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م سیسته‌مه‌دا ، ئه‌مه جگه له‌سه‌دان لۆبی و ئینستیتوتی سیاسی و فیکری توێژینه‌وه که راسته‌وخۆ به‌شدارن له داڕشتنی پلان و نه‌خشه‌ی سیاسی و ئابوری ئه‌م وڵاته‌دا ، ئیدی چۆن ته‌نها که‌سێک ده‌توانێ گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له پۆله‌تیکی ئه‌م وڵاته‌دا بکات..!! هه روهها پێویسته بزانین که سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له ئاست بڕیاره هه‌ره گرنگ و چاره‌نوسسازه‌کاندا چه سپاوه و نه‌گۆره، بۆیه هه‌رکه‌سێک به‌ته‌مای گۆڕینی بنه‌ره‌تی بێت له‌سیاسه‌تی ئه‌مریکادا ده‌بێ له‌و دامودهزگاودامهزراوانهوه ده‌ستپێبکا که پێشتر ئاماژه‌م پێدان ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش کارێکی نه‌کراو نییه و ئه‌گه‌ری کردنی له‌ئارادایه به ڵام به حوکمی پێکداچوون و ئاڵۆزی ئهودامهزراوانه کارێکی هه‌تا بڵێی سه‌خت و دژواره‌و ده‌بێ له‌ئه‌نجامی پرۆسێسێکی هێواش و له‌سه‌رخۆدا بێته دی که مه‌حاڵه به تێرمێکی ( 4ساڵ )ی یان دوو تێرمی ( 8ساڵ )ی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار جێبه‌جێ بکرێت.
هه‌روه‌ها له‌ڕووی یاساییه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک کۆمار له‌ئه‌مریکادا به سێهه‌مین ده‌سه‌ڵات داده‌نرێ که ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێکردنه ) Executive ) که‌واته دوو ده‌سه‌ڵاتی به‌رزتر له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک کۆمار هه‌ن که بریتین له : ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ) Legislative ) به‌هه‌ردوو ئهنجومهنهکهیهوه واتا ئه‌نجومه‌نی پیران ( Senator)و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ( Representative ) ئینجا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری) (Judicialهه موو ئه‌مانه ئاماژه‌ن به‌وه‌ی که سه‌رۆک کۆمار ده‌سه‌لاتی ڕه‌های نییه و بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێکی چاره‌نوسساز ده‌بێ پرس و ڕا به ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌روو خۆیه‌وه بکات و له‌وانه‌وه فه‌رمان وه‌ربگرێت ،ڕاسته سه‌رۆک کۆمار مافی ڤیتۆی هه‌یه و سه‌رۆکی ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێکردنه‌و له هه ڵبژاردنی وه‌زیره‌کان و به‌ڕێوه به‌ره گشتیه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌رانی داموده‌زگا ئه‌منیه‌کاندا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی هه‌یه ، به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو شتێک نییه ، هه‌روه‌ها نابێ له بیرمان بچێ که ئۆباما نه‌هاتۆته سه‌ر زه‌مینه‌یه‌کی سیاسی ته‌خت و نه‌رم و نیان به‌ڵکو به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی ناوخۆیی و جیهانی هه‌ره ئاڵۆز‌و دژوار‌دا که‌وتووه که گرنگترینیان بریتین له قه‌یرانی ئابوری ناوخۆیی و پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و درێژه‌پێدان و به‌ڕێوه‌بردنی شه‌ڕ له عێراق و ئه‌فغانستان و قه‌لاچۆکردنی بزوتنه‌وه تێرۆریسته ئیسلامیه‌کان .
لێره‌دا ده‌توانین بڵێین که گرنگترین هۆکارێک له‌پشت بردنه‌وه‌ی ئۆباماوه بوو ، ئه‌و ته‌نگه‌ژه ئابورییه بوو که‌له‌ساڵی ڕبردوودا له ئه‌مریکاوه ده‌ستی پێکردوو دواتریش زۆربه‌ی وڵاته پیشه‌سازیه گه‌وره‌کان و وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانی گرته‌وه .
هه‌رچی ده‌رباره‌ی ناوخۆی ئه‌مریکایه دیارده‌ی ئیفلاسکردنی کۆمپانییه گه‌وره‌کان و بانکه‌کان و ئینکۆرپۆرهیشنه زه‌به‌لاحه‌کان سه‌رله‌به‌ری ئه‌مریکای گرته‌وه و به‌مه‌ش سه‌دان ههزارکرێکار له‌سه‌رکارده‌رکران وبێکاری هه‌موو ئه‌مریکای ته‌نییه‌وه به شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ که ڕێژه‌ی بێ‌کاری گه‌یشته %6.5 که ڕێژه‌یه‌کی هه‌تا بڵێی به‌رزو ترسناکه و له‌مێژووی ئه‌مریکادا که‌م وێنه‌یه ،له هه‌مان کاتیش‌دا نرخی خانوبه‌ره (Real Estate ) دابه‌زینێکی یه‌کجار خێرای به‌خۆیه‌وه بینی که هه‌تا هه‌نوکه‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه، چونکه له ئه‌نجامی بێکارییه‌وه خه‌ڵکی نه پاره‌ی هه‌بوو قیستی مانگانه‌ی خانوه‌کانیان بده‌ن ونه ده‌شیانتوانی خانوو بکڕن ، ئه‌مه‌ش له‌ئه‌نجامدا به زه‌ره‌ری سه‌رمایه‌داره‌کان و خاوه‌ن بانکه ئه‌هلییه‌کان شکایه‌وه بۆیه له‌کۆتایی ساڵی ڕبردوودا کۆنگرێسی ئه‌مریکا بڕی 700 بلیۆن دولاری خسته خزمه‌تیانه‌وه و هاوکاتیش زۆریانی یان خۆماڵیکرد یان پشکی سه‌ره‌کی لێکڕین و بوو به هاوبه‌شیان ، له‌سه‌ر هه‌مان نه‌زمیش 3 کۆمپانیای زه‌به‌لاحی دروستکه‌ری ئوتۆمۆبیل که بریتین له فۆرد وجی ئێم و کرایسله‌ر داوای بڕی 25 بلیۆن دۆلار ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چیتر کرێکار ده‌رنه‌که‌ن و بتوانن درێژه به دروستکردن و به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی ئۆتۆمۆبیل بده‌ن ..!!
هه ڵبهته نوچدان و شکست هێنانی ئابوری سه‌رمایه‌داری هه‌میشه ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه چونکه سه‌رمایه‌داره‌کان هه‌رده‌م به‌دوای گه‌وره‌ترین سودوقازانجدا ده‌گه‌ڕێن له‌ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ، جا سه‌باره‌ت به نه‌بونی هیچ جۆره سانسۆرێک و ئازادیه‌کی ره‌ها به‌ئاره‌زوی خۆیان هه‌ڵبه‌زو دابهزبه سه‌رمایه و بازار ده‌که‌ن و نرخێکی بهرزوخهیاڵی لهسهرکالاکانیان داده‌نێن.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ولهدنیای یهکجهمسهریدا ئه‌مریکا وه‌کو گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین سیسته‌می کاپیتالیستی جیهان به‌هانای سه‌رمایه‌داره‌کانه‌وه چوو و خۆیکرد به‌هاوبه‌ش و هاوده‌ردیان چونکه ئه‌م ته‌نگه‌ژه ئابورییه به‌شێوه‌یه‌کی هێنده ترسناک دنیای سه‌رمایه‌داری له‌رزان و شپرزه کرد که زۆرێک له ڕاڤه‌کارانی سیاسی به گه‌ڕانه‌وه‌ی مارکس وکۆمۆنیزمیان نێوزه‌د کرد.
جێگای ئاماژه پێکردنه که ئۆباما به هه‌ڵبژاردنی چه‌ند که‌سێکی کارامه وخاوه‌ن پێگه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری بۆ ئیداره نوێکه‌ی مسته‌کۆڵه‌یه‌کی به‌زه‌بری سره وانده ده‌می وڵاتانی عه‌ره‌ب و بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌کان له‌وانه :یه‌که‌م( جۆ بایدن)که بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆک کۆمار هه‌ڵیبژارد، ئه‌م پیاوه خاوه‌ن ئه‌زموونێکی دوور‌و و درێژه‌و ڕۆڵێکی دیار‌و ئاشکرای له سیاسه تی ئه‌مریکادا هه‌یه و دۆستێکی هه‌ره نزیکی ئیسرائیله، دووه‌م ( ڕام ئه‌مانۆیل ) که کردی به‌سه‌رۆکی گشتی ستافه‌کانی کۆشکی سپی ، ئه‌م پیاوه جوله‌که‌یه‌کی دهمارگیرهو له‌دایکبوی ئه‌مریکایه و له‌سه‌روبه‌ندی جه‌نگی که‌نداودا به خۆبه‌خشی خزمه‌تی سه‌ربازی له سوپای ئیسرائیل‌دا کرد ، پێشتریش یه‌کێک بوو له ڕاوێژکهرهکانی بیل کلینتۆن ، سێهه‌م هه‌ڵبژاردنی خاتوو( هیله‌ری ڕادۆم کلینتۆن ) بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه ، ئه‌م خانمه هاوسه‌ری سه‌رۆک کۆماری پێشوو بیل کلینتۆنه و به هه‌ماهه‌نگی و نزیکی له وڵاتی ئیسرائیله‌وه ناسراوه ، له‌لایه‌کی تریشه‌وه سه‌باره‌ت به پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ومافی ژنان به دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسلام به تایبه‌تی شانشینی سعودیه ده‌ناسرێ ، جگه له‌مانه‌ش هێشتنه‌وه‌ی وه‌زیری به‌رگری ئیداره‌ی پێشوو (ڕۆبه‌رت گه‌یت) له جێی خۆیدا ئه‌مه‌له‌لایه‌ک ، له‌لایه‌کی تریشه‌وه وابۆ بیست ڕۆژ ده‌چێت شه‌ڕی غه‌ززه به‌رده‌وامه، له‌م شه‌ڕه نابهرانبهروخوێناویهدا سوپای ئیسرائیل به‌وپه‌ڕی گومڕایی و بێویژدانییه‌وه و به‌گه‌وره‌ترین چه‌کی قورس به‌ربۆته گیانی خه‌ڵکانی سڤیل و بێدیفاعی که‌رتی غه‌ززه و له‌ئاکامدا سه‌دان منداڵ وئافره‌تی بێ‌تاوان گیانیان له‌ده‌ستداوه، دهبووئۆباما وه‌کوو هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وداموده‌زگا نێوده‌وله‌تییه‌کان پڕبه‌ده‌م هاواری ڕاگرتنی ئه‌م شه‌ڕه کاولکارییه بکردایه‌و و له‌هه‌مان کاتیش‌دا ئیدانه‌ی هێرشی دڕندانه‌ی ئیسرائیل وچه‌کداره تێرۆریسته‌کانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بکات که خه‌ڵکی مه‌ده‌نی وه‌کوو قه‌ڵغان به‌کارده‌هێنن و بارهگاوپادگاکانیان ده‌به‌نه شوێنه گشتییه‌کانی وه‌کوو قوتابخانهوزانکۆومزگهوتهکانهوه ، که‌چی مه‌خابن به‌راک ئۆباما له ئاست ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌دا بێده‌نگی هه‌ڵبژارد ، له کاتێکدا که ده‌یتوانی نه‌ک له‌به‌ر خاتری حه‌ماس به‌ڵکو له‌به‌رخاتری که‌سانی مه‌ده‌نی و بێتاوانی فه‌له‌ستین وئیسرائیل له‌وتارێکدا هه‌ردوولای شه‌ڕکه‌ر مه‌حکوم بکات و به‌مه‌ش ده‌موچاوێکی مرۆڤدۆستانه پیشان هه‌موو جیهان بدات ، ئه‌م بێهه‌ڵوێستییه‌ی ئۆباما دوو ڕه‌هه‌ندی هه‌یه ؛ یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه که هێرشه‌کانی سوپای ئیسرائیلی لاپه‌سه‌نده وله‌گه‌ڵ سیاسه‌تی حکومه‌تی ئیسرائیل‌دا ته‌بایه دووه‌میشیان بریتییه له په‌راوێزخستنی بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌کان وگوێنه‌دان به‌ڕای گشتی عه‌ره‌بی وئیسلامی.
هه‌رچی ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی ئهمریکاودهسهڵاتی سیاسی کوردوستانی باشووره ،ڕوون وئاشکرایه که ئیداره‌ی پێشووی کۆماریه‌کان به سه‌رۆکایه‌تی بوشی کوڕ هه‌ماهه‌نگی و نزیکی زیاتری هه‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردوستاندا چونکه بۆ ماوه‌یه‌کی کورت پێویستیان به‌یه‌کتری هه‌بوو ، هه‌میشه ئه‌مریکا وه‌کوو کارتێکی فشار به‌کاری ده‌هێنان و ئه‌مانیش به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌کیان بۆ پاشهرۆژ هه‌بێت له خۆ بایی ببوون و خۆیانیان پێوه ڕائه‌وه‌شاند ، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ئه و مانگی هه‌نگوینه به‌سه‌رچوو، ئه‌مریکا هیچ کاری پێیان نه‌ماوه‌و له ئێستا به‌دواوه ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی به‌غدا مامه‌ڵه ده‌کات، هه‌ڵبه‌ته بێهه‌ڵوێستی و هیچ لهبارانهبویی حکومه‌تی هه‌رێم له‌مه‌ڕ کێشه ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کانی کوردوستان و ناوچه‌که ئه‌مریکای ناچارکرد که هیچ حسابێکیان بۆ نه کات و له هاوکێشه سیاسیه‌کانی خۆیانی وه‌ده‌رنێ، ئاشکرایه حکومه‌تی هه‌رێم له‌به‌ر گه‌نده‌ڵی و گیرفانپڕکردن وبه‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌س نه‌ده‌توانێ ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکا و نهدهشتوانێ ئاسته‌نگێک دروست بکا بۆ بازاڕوساغکردنهوهی به‌روبوومی بازرگانی ئه‌مریکاو به‌مه‌ش هه‌ره‌شه له به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌کانی بکات ، ئیدی ئه‌مریکا ده‌بێ چ کارێکی به حکومه‌تی هه‌رێم و کوردوستان مابێ…!!! بۆیه زێده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم ئیداره‌ی نوێی ئۆباما هیچی بۆ کورد پێ نییه.
کالیفۆرنیا-ئه‌مریکا 22ی ژانوهری 2009
aramhamesalh@yahoo.com