Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
هێشتا ئیمزاکردنی قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌کی کیمایی …جیهاد موحه‌مه‌د حه‌مه‌که‌ریم

هێشتا ئیمزاکردنی قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌کی کیمایی …جیهاد موحه‌مه‌د حه‌مه‌که‌ریم

Closed
by January 24, 2009 گشتی

 هێشتا ئیمزاکردنی قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌کی کیمایی حکو‌مه‌تی عێراقی جێگه‌ی پرسیار و گومانه‌!
                                 
 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی برینه‌ قوڵه‌کانی جه‌سته‌ی گه‌لی کورد، ساڵ به‌ ساڵ دێته‌وه‌ سوێ و ئازاری هه‌موو ویژدان زیندوه‌کان ده‌دات، به‌ ده‌ربازکردنی تاوانبارانی ئه‌نفال و کیمیابارانی کوردستان له‌ لایه‌ن سه‌رانی یه‌کێتی و پارتیه‌وه‌، هه‌ر له ئه‌فسه‌ره‌ گه‌وره‌کانی ئه‌نجامده‌ری ئه‌م تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه وه‌ک، (نزارا خه‌زره‌جی و وه‌فیق سامه‌ڕایی) و به‌رگریکردن له‌ (سوڵتان هاشم) و ونکردنی تاوانباری کیمیاباران فرۆکه‌وان(تارق ڕه‌مه‌زان عه‌زاوی)  و په‌نادان و پاراستنی سه‌رۆک جاشه‌کانی به‌شداربوو له‌ ئه‌نفالی به‌دناودا و دۆزینه‌وه‌ی ده‌یان و سه‌دان گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی سڤیل و بێتاوانی کورد و ڕه‌وانه‌بینینی خه‌رجکردنی پا‌ره‌و پول بۆ هێنانه‌وه‌ی ڕوفاته‌کانیان، که‌ که‌مترین دڵخۆشیه‌ بۆ که‌س و کاریان و دروسکردنی مه‌زارگه‌ی شایسته‌ بۆیان.
 یان چاره‌سه‌رنه‌کردنی برینداره‌کانی چه‌کی کیمیای و ساڵانه‌ مردنی ده‌یان که‌س له‌م بریندارانه‌ به‌ ده‌م ئازار و هه‌ناسه‌ تووندی و رزینی سیه‌کانیانه‌وه‌ و کاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌وه‌کانیان به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ و ئیفلیجی و که‌مئه‌ندامبوونیان له‌ کاتی له‌ دایکبوونیاندا.
 ساڵ له‌ دوای ساڵیش، جینۆسایدی گه‌لی کورد له‌ جیهان و عێراق دا ده‌ناسرێت و دانی پیاده‌نرێت. هه‌ر وه‌ک چۆن له‌ دادگای تاوانی هۆڵندیدا گه‌وره‌ بازرگانی هۆڵندی تاوانبار (فرانس ڤان ئانرات) فرۆشیاری چه‌کی کیمیایی به‌ حکومه‌تی عێراقی سه‌دام، به‌ سزای خۆی گه‌یشت و له‌م دادگاییه‌شدا داننرا به‌ جینۆسایدی گه‌لی کورددا. دواتریش به‌ دادگایی گه‌یاندنی سه‌رانی به‌عسیه‌کان که‌ ئه‌م تاوانانه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و سزادانیان و داننان به‌ جینۆسایدی گه‌لی کورددا له‌دادگای باڵای تاوانه‌کا‌نی عێراقدا، دیسان پێکهێنانی پرۆژه‌ یاسایه‌کی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی عێراقی بۆ ناساندن و دانپیانانی ئه‌م جینۆسایده‌.  ئه‌وه‌ بوو له‌ یادی بیست ساڵه‌ی یادی ئه‌نفالدا 14.04.2008 دا ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ ده‌رهات و نێردرا بۆ ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی عێراق و له‌ 10.09هه‌مان ساڵدا به‌ بڕیاری ژماره‌ 26 ئه‌نجومه‌نی ناوبراو ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ی مۆرکرد. دوای ئه‌م هه‌نگاوه‌ پۆزه‌تیڤانانه‌، هه‌نگاوی قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌کی کیمیایی به‌ دواداهات له‌ لایه‌ن حکومه‌تی عێراقیه‌وه‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ چه‌ند جێگه‌ی دڵخۆشی و سوپاسگوزاری و پیرۆزیه‌ له‌ هه‌مانکاتدا ده‌بێت  به‌ وریایی و ئاگاییه‌کی واوه‌ ‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ پۆزه‌تیڤانه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنرێت!! که‌ جینۆسایدی گه‌له‌که‌مان بیرنه‌باته‌وه‌ و پشتی لێنه‌که‌ینه‌وه‌ به‌وه‌ی که‌ مافه‌کانمان هاتونه‌ته‌دی. چونکه‌ هه‌نگاوی زۆر له‌وه‌ گرنگتر هه‌بوو که‌ پێش ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌بوایه‌ بنرایه‌ بۆ بنه‌بڕکردنی عه‌قڵیه‌تی جینۆسایدکارانه‌ له‌ عێراقدا!! وه‌ک، داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کوردی‌ جینۆسایدکراو و بڕیاردان له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی ‌ هه‌موو ئاسه‌واره‌کانی ئه‌م جینۆسایده‌‌، به‌ ڕاستکردنه‌وه‌ی دیموگرافیا شێوێندراوه‌کانی ناوچه‌ کورد نشینه‌کان و دادگاییکردنی هه‌موو ئه‌نفالچیه‌کان و سه‌رۆک جاشه‌کان و ئه‌و تاوانبارانه‌ی که‌ خۆیان شاردۆته‌وه‌ و خۆیان حه‌شار داوه‌ له‌ په‌نای ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزبدا، یان به‌ ئاشکرا له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپادا ده‌ژین. وه‌ک مافێکی ڕه‌وای ئه‌و گه‌له‌ی که‌ پێکهاته‌یه‌کی گه‌و‌ره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی وڵاته‌که‌یه‌ به‌ گوێره‌ی ده‌ستوری عێراق خۆی له‌ هه‌موو شتێکی ئه‌م وڵاته‌دا به‌شدار و پشکداره‌. له‌ لایه‌کی تریش به‌ گوێره‌ی په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان و مافی مرۆڤ له‌ جاڕنامه‌ی گه‌ردونیادا، که‌ هه‌موو گه‌ل و گروپێکی جینۆسایدکراو ده‌بێت که‌سوکاری قوربانیانی قه‌ربوبکرێنه‌وه‌ و داوای لێبوردنیان لێبکرێت و دڵنیاییان مسۆگه‌ربکرێت به‌ بڕیاری ڕوونوو ئاشکرا که‌ جارێکی تر نه‌وه‌کانیان نه‌که‌و‌نه‌ به‌رمه‌ترسی تاوانی له‌و جۆره‌‌. بۆیه‌ هیشتا ئیمزاکردنی عێراق بۆ دژایه‌تی کردنی چه‌کی کیمیایی جێگه‌ی پرسیار و گومانه‌ و به‌و مانایه‌ نایه‌ت‌ که‌ عه‌قڵیه‌تی جینۆسایدکردن له‌ عێراقدا بنه‌بڕکرابێت. پێش مۆرکردنی په‌یماننامه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کاندا بۆ قه‌ده‌غه‌کردن چه‌کی کیمایی، مۆرکردنی په‌یاماننامه‌ له‌ نێوان حکومه‌ت و گه‌لدا گرنگتره‌، به‌ دروستکردنی متمانه‌و بڕوا بوون به‌ یه‌کتری!! حکومه‌تی عێراقی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی  په‌یماننامه‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی چه‌کی کیمیایی مۆرده‌کات، سه‌رۆکی وه‌زیران(نوری مالکی) خه‌ریکی دروستکردنه‌وه‌ی جاشایه‌تیه‌ له‌ کوردستاندا به‌ ناوی ئه‌نجومه‌نی ئیسناد، که‌ جاشایه‌تی ئامرازێکی سه‌ره‌کی بووه‌  به‌ده‌ست حکومه‌تی سه‌دامه‌وه‌ بۆ ئانفالکردنی گه‌لی کورد، یان هێنانه‌وه‌ی فرقه‌ سه‌ربازیه‌کان بۆ کوردستان که‌ هێشتا جێگه‌ی متمانه‌ نین و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و له‌شکره‌دا بوه‌ که‌ پرۆسه‌کانی ئه‌نفال جێبه‌جێکراون.  ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه‌ش به‌ومانایه‌ نایه‌ت که‌ کار له‌کارترازابێت به‌ پێش و دواخستنی هه‌نگاوه‌کان، ئه‌نجام گرنگه‌و په‌له‌کردن له‌ جێبه‌جیکردنی هه‌نگوه‌کانی تر هه‌موو شت ڕاستده‌کاته‌وه‌ و دڵنیابوون مسۆگه‌ر ده‌کات.
 دواجار ئه‌وی به‌ پێویستی ده‌زانم بیڵێم لێره‌دا ئه‌وه‌یه!‌ که‌ ‌جینۆساید ته‌نها به‌ چه‌کی کیمیایی ناکرێت و دژایه‌تی چه‌کی کیمایی به‌ مانای بنه‌بڕکردنی عه‌قڵیه‌تی جینۆسایدکاری نایه‌ت. بۆ بنه‌بڕکردنی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ ده‌بێت حکومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ قه‌ه‌ربوکردنه‌وه‌ی گه‌لی کوردو داوای لێبوردندا وه‌ک ئامژه‌ی پێکرا، هه‌میشه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ حکومه‌ته‌ تۆتالیتاریه‌کانی پێشوتری خۆیبگرێت له‌سه‌ر تاوانه جینۆسایدکاره‌‌کانیان ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی کورد، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئیمزاکردنی دژایه‌تی چه‌کی کیمایی له‌ جیهاندا، ده‌بێت ترسانکی به‌کارهێنانی ئه‌م چه‌که‌ حه‌رامکراوه‌ و ترسسناکی جینۆساید و ده‌رئه‌نجامه‌ خراپه‌کانی ئه‌م تاوانه نێوده‌وڵه‌تیه‌و  هه‌موو په‌یماننامه جیهانیه‌کانیش که‌  دژ به‌م تاوانانه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌، بخاته‌ به‌رنامه‌ی خوێندنی خوێندنگاکانه‌وه‌ و ساڵانه‌ له‌ یادی ماته‌مینی ئه‌م تاوانانه‌دا که‌ به‌ هه‌زاران که‌سی بێتاوان له‌ ئه‌نجامیدا  گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌،  هه‌زاران گوند و باخ و ڕه‌ز و سه‌رچاوه‌ی ئاوی پاکژ به‌ هۆیه‌وه‌ سوتێنراو و کاولکرا ، ئه‌م داوای لێبوردنه‌ پات بکرێته‌وه‌ و به‌ شه‌رمه‌زاریه‌وه‌ له‌ ئاستی که‌سوکاری قوربانیاندا ڕاوه‌ستن و ژیانی خۆشگوزه‌رانی و ئارامی و ئاسوده‌ییان بۆ فه‌راهه‌مبکرێت، به‌به‌رنامه‌یه‌کی پته‌وو داریژراو  له‌سه‌ر بنچینه‌ی سیسته‌می ئابوریه‌کی سه‌رده‌میانه‌و چاره‌سه‌کردنی باری ده‌رونی زیانلێکه‌وتوانی ئه‌م تاوانانه‌، ساڵانه‌ بخرێته‌ گه‌ڕ و به‌رده‌وامبوونی درێژخایه‌نبێت، له‌سه‌ر بودجه‌یه‌کی ساڵانه ‌ دووباره‌ بووه‌وه‌.
  یه‌ک ڕاستی هه‌یه‌ ده‌بێت گه‌لی کورد زۆر باش بیزانێت وه‌ک گه‌لێکی جینۆسایدکراو‌! ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ گۆڕینی عه‌قڵیه‌تی تۆتالیتاری و سه‌پاندنی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و هه‌وڵدان بۆ تواندنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ بچوکه‌کان، یان مسۆگه‌رکردنی دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی جینۆساید! به‌ گۆڕینی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ ده‌بێت بۆ عه‌قڵیه‌تێکی یه‌کسانخوازی و دادپه‌روه‌ری و نه‌مانی شوناسی نه‌ته‌وه‌ی گه‌وه‌ر و سه‌رده‌ست و هه‌نگاونان بۆ پاراستنی مافه‌کانی مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی و نه‌مان و لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و له‌ جێگه‌شیدا فراونکردنی ده‌سه‌ڵاتی لامه‌رکه‌زی بۆ هه‌موو ئه‌و ناوچه‌و پاریزگایانه‌ی که‌ خوازیاری ده‌سه‌ڵاتێکی خۆیین. گۆڕینی ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ تۆتالیتاریی جینۆسایدکاره‌ خۆ سه‌پێنه‌ به‌ دژایه‌تی کردنی چه‌کی کیمیایی نابێت!. دیسان ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نایه‌ت که‌ ئه‌م دژایه‌تی کردنه‌ کاڵبکرێته‌وه‌و به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت.
 
 جیهاد موحه‌مه‌د حه‌مه‌که‌ریم
 22.01.2009
 
 

Previous
Next