سبه‌ینانێ، تۆ بێ له خه‌و هه‌ڵمسێنه….نه‌سرین شاکه‌لی
نه‌سرین شاکه‌لی
سبه‌ینانێ، تۆ بێ له خه‌و هه‌ڵمسێنه
سبه‌ی ده‌ڕۆم و ئه‌م گوزه‌ره به‌جێدێڵم، سبه‌ی ده‌ڕۆم
له دوای خۆم شوێنپێکانم ده‌سڕمه‌وه
سبه‌ی ڕه‌شماڵێکی دی و خاکێکی دی ده‌دۆزمه‌وه
منه ده‌که‌م له دوی تۆوی گوڵێکی بۆندار
سبه‌ی ئێره به‌جێدێڵم
وه‌ک کۆترێکی تار
ده‌فڕم بۆ ئه‌ودیوی کات و
ئیتر ناگه‌ڕێمه‌وه…
بێزارم له‌م هه‌موو گوڵه بێبۆنه،
بێزارم له‌م خاکه، ڕه‌نگی له گشت چتێ ده‌چێ
جگه له خاک نه‌بێ
بێزارم له‌م خانووه شقارتهییانه
ئێره به‌جێدێڵم و بۆ کن ئهگۆش نایه‌م
ئه‌وێ خاکی لێیه‌و ئاوی لێنییه،
گوڵێ لێیه‌و گوڵدانی لێنییه
عه‌ردێکی ته‌ڕی لێنییه، گوڵه‌کان تێیدا بسره‌ون،
پێبکه‌نن و
شه‌وانه وهل تریفه‌ی مانگه‌شه‌وا ئه‌ڤین بکه‌ن
له ناچارییدا
له نێو دڵی خه‌ودا ئه‌ڤین ده‌که‌ن و
تووشی گوناح ده‌بن،
شه‌یتانیی ده‌بن
ئاوێ نییه، غوسڵی خۆیانی پێبشۆرن
ته‌شتێ نییه له ملۆ بۆ سهرییانی پێتهڕ بکه‌ن
پێیان بزانن، له ڕه‌گه‌وه هه‌ڵده‌کێشرێن،
پێیانیش نه‌زانن،
هه‌ر ده‌مرن
له حه‌یبه‌ت ئاوا،
هه‌ر ده‌مرن!
له داخی وشکیی خاکا،
هه‌ر ده‌مرن…
ئێره به‌جێدێڵم و نایه‌م بۆ لای ئێوه‌یش
له نێوان ئێره‌و ئه‌وێدا نیشتمانێ چێده‌که‌م
بۆ دووریی هاوڕێکانی ئێره‌م و
دووریی ئێوه
قهدهرعهیامێ ده‌گریم
به کوڵ ده‌گریم…
تاسه‌ی ئێره‌و
شێوه‌ی به‌کاوه‌خۆ کاڵبۆوهی ئێوه
ده‌مگرێنێ
فرمێسکی من خاک ته‌ڕ ده‌کات، زه‌وی ئاوده‌دات
گوڵه‌کان تینوویه‌تییان ده‌شکێ،
بۆن و به‌رامه‌یان بڵاو ده‌بێته‌وه و
بۆنییان، ده‌گاته کن تۆ
ئه‌وساکه، وه‌ره!
تۆ بێ و
له‌م خه‌وه هه‌ڵمسێنه…
پایزی 2007
له ژماره 34 ی گۆڤاری هه‌ناردا بڵاوکراوه‌ته‌وه