Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
شاردنەوە…. چیرۆكى :  نەوزاد ئەحمەد حسێن

شاردنەوە…. چیرۆكى : نەوزاد ئەحمەد حسێن

Closed
by January 26, 2009 ئەدەب

 شاردنەوە…. چیرۆكى :  نەوزاد ئەحمەد حسێن
              
 ئەو بەیانیە درەنگ لە خەو هەستا  . نەیدەزانى بۆ ..ڕەنگە لە داخى  ژنەكەى بوو بێت كە چەند جارێك لە هەتاو كەوتن ئاگادارى كردەوە ..هەروا لە ناو جێگادا مایەوە ؛ بە شێوەیەك  دەستەكانى وەكو بەرچنە تێك ئاڵاندبوو تاكو بتوانن لەسەر سەرینەكەوە  سەر و كەللە ناقۆڵاكەى بگرنە ئەستۆ ..
 بیرى لە نیشانەى پرسیار دەكردەوە ..باشە بۆچى بەو جۆرە نیو بازنە و پاشان هێڵێكى ڕاست و  دواتر خاڵێك .. ئەمە چیە ئەم كەر بازاڕە ؟ لاى وابوو نیو كەوانەكە مەبەست لە كاسەى سەر بێت كە پێویستە بۆ وەڵامدانەوە بیخاتە گەڕ..
 جارى سێیەم  خێزانەكەى ئاگادارى كردەوە : ( سىَ چارەك لە هەشت لاى داوە .. وا بزانم لە بیرت چووە كە فەرمانبەریت و  دەفتەرى ئیمزا لە هەشت و چارەك لادەبرێت ؟ یان لەوە ئەچىَ لەسەر هێلكە كڕ كەوتبى ! )
 ئەم بۆ ئەوەى وا نیشان بدات كە حیساب بۆ ئەو ئاگاداریە ناكات , پەنجەى دۆشاو مژەى دەستى چەپى حەواڵەى كوونە لووتى ڕاستى كرد و .. ئەوەیش بووە هۆى هەڵوەشانى بەرچنەى ژێر سەرى ..
 (كەوتەوە هەڵكۆڵینى باینجانەكە .. !! )
 لە حاڵێكدا كە دەیویست موویەكى ناو لووتى دەربێنێت و چاوەكانى ببوونە گۆمى فرمێسك , وەك كێچ هەستایە سەرپىَ .. لەگەڵ یەكەم هەنگاویدا سەرى گێژى خوارد و نێو چاوانى بەر گرێژەنەى دەرگاكە كەوت ..
 ( تف !! .. لەم وەزعە .. )
 ئەمەى لە كاتێكدا ووت دەستى بە نێو چاویدا دێنا و پێشبینى هەڵئاوسانێكى گەورەى دەكرد ..كە پێدەچىَ ببێت بە بابەتێك بۆ پێڕابواردنى لە لایەن برادەرەكانیەوە وەك ئەوەى پێى بڵێن چاك لە ماڵەوە فەلاقە كراویت ..
 لەبەردەم ئاوێنەكەدا وەستا , تەوێڵى هەڵئاوسانێكى سوورى پێوە دیار بوو , لەهەمان كاتدا هەستى بە ڕەقبوونى لاى ڕاستى ملى دەكرد..
 (ئارەزووى خۆمە .. ) دەنگى بەرز كردەوە بۆ ئەوەى ژنەكەى كە لەو كاتەدا سەرقاڵى شوشتنى شتێك بوو , گوێ دێرى بێت..
 ( ناڕۆم بۆ فەرمانگە .. چى دەبێت با ببێت ..خۆ من هەر لە جێى خۆمدام ..یان ڕاستتر ڕۆژ بە ڕۆژ بۆ دواوە دەگەڕێمەوە ..ئیتر فەرمانگەى چى ؟؟ )
 بەفرگرەكەى كردەوە , بە ئومێدى ئەوەى پارچە سەهۆڵێك پەیدا بكات و بیخاتە سەر تەوێَڵە  هەَلئاوساوەكەى ..كەچى گەرماییەكى بۆگەن هات بە ڕوویدا ..نیشانى دەدا كە 14 كاتژمێر زیاتر كارەبا بڕاوە ..( هەزار جار پێم ووتى پاشماوەى خواردن مەخەرە ناو سەلاجەوە .. ) ئەمەى بە نەڕەیەكى بەرزەوە ووت ؛ ( بۆگەنئەكا ..بۆگەن .. سەلاجەى چى ؟ ئەمە تەنها دۆڵابێكى سپیە .. )
 خێزانەكەى وەڵامى نەدایەوە .. هەندىَ جار كە ئەم زیاد لە پێویست لەسەر بابەتێك دەڕۆیشت و ئەیویست تاوانبارى بكات  یان بیخاتە خانەى گەمژە و بێدەماخانەوە , سەیرێكى دەكرد و یەك جڕتى بۆ دەكێشا ..
 ( ژن و جڕت !! )
 ( هەر ئەوەت قابیلە تڕكەن !! )
 ئەم قسانە ئەیانترساند و ئەچووەوە ناو قاوغەكەى خۆیەوە ..
 ( دۆڵابێكى سپیە و بەس .. تێگەیشتى ؟؟ )
 ددانەكانى شوشت و سەیرى دوو ددانى ڕەش هەڵگەڕاوى كرد كە لە مێژە نیازى وایە بچێتە لاى دانساز و پلاتینیان تىَ بهاوىَ.. یان بوارى نیە یانیش پێى باش نیە پارەیەكى باش بداتە دوو ددانى كرمىَ ..
 بۆ ناو جێگاى خەوتن گەڕایەوە ..
 نەیدەتوانى بە خێزانەكەى بڵێت كە هەفتەیەك مۆڵەتى نەخۆشى وەرگرتووە , چونكە كیسێكى ئاو لەناو كاسەى سەریدا دروست بووە و پىَ دەچىَ جۆرێك بێت لە شێرپەنجە ..نەیدەتوانى ئاگادارى بكاتەوە لەوەى ئەگەر لە ماوەى یەك مانگدا نەچێتە دەرەوەى ووڵات , ئەمرىَ ..
 جا با بمرىَ ..ئەو دەردەیش نەبىَ , هەر ڕۆژێكیان ئەبىَ بمرىَ ..بەلام ئەوەى كە جێگاى داخە , ناتوانێت بە خێزانەكەى بڵیت .. نەك لەبەر ئەوەى دووچارى خەم و خەفەتى نەكات , بەڵكو سەردەمێكى دوورە نەیتوانیوە بچوكترین  ڕاستى لە لا بدركێنێت .. پەیوەندى ئەوان تەنها سىَ ژەم نانخواردن بوو.. تەنانەت شەوانیش بە جوودا دەخەوتن , هەر یەكەى لە ژوورێكدا ..
 ژنەكەى نەزۆك بوو , دواجار كە چوو بووە كن پزیشكى تایبەتى هۆرمۆنات ئەوەى پێڕاگەیاندبوو كە تووشى تێكچوونى هۆرمۆنى بووە و .. مەمكى چەپیشى لوویەكى دروستكردووە , پێدەچىَ , شێرپەنجە بێت چونكە بۆ بن باڵى چەپى درێژ بووەتەوە و..باشتر وایە هەرچى زووترە نەشتەرگەرى بكات و پشكى پاسۆلۆجى بۆ بكرێت .. بەڵام نەیتوانى لە لاى مێردەكەى باسى بكات , ئەم بە ساغ و سەلامەتى حیسابى لەیستۆكێكى بۆ ناكرێت , ئینجا ئەبىَ بە شێر پەنجەوە ؟؟ نا وە ڵڵا .. بەردێكى لەسەر دانىَ , مردن مردنە لەقە فرتەى پێناوى َ .. بەڵام ئەوەى كە زۆرتر ئازارى دەدا ئەوە بوو كە ئەبىَ مەبەست لە بوونى ئەم لە دنیادا چى بووبىَ ؟؟
 (دیسان گەڕایتەوە ناو جێگا ؟؟ )
 خیزانەكەى لەسەر سەرى ڕاوەستا بوو سەرنجێكى قووڵى دا , بۆى دەركەوت ڕوخسارى زەرد بووە و بە نەخۆشى تالاسیمیا دەچىَ ..قژێكى ڕەشى ئاڵۆسكاو و چەور ..دوو چاوى كاڵ , ئەوەى ڕاستیان پنتكە چەوریەك لە نێوان ڕەشێنە و سپێنەكەیدا دروست بوو بوو ..
 (ناچیتە فەرمانگا قیر و سیا ..بەڵام بۆچى نان و چایەكەت ناخۆی ؟ئەوە بۆ سىَجار ئەچىَ قۆریە چاییەكە گەرم ئەكەمەوە ) پێدەچوو زۆر لەوە بترسێت كە دوا پەیوەندى نێوانیان كە پێكەوە نانخواردن بوو , نەمێنێت و ئیتر بە تەواوەتى بە یەكتر نامۆ بن ..
 سەرنجیكى دا , بەزەیى پێدا هاتەوە ..ئەم ئەمرێت و ئەو ئەبێتە بێوەژن .. مناڵێكیشى لە چوار دەور نیە ..بە تەنیا دەمێنێتەوە ..ڕۆژ لە دواى ڕۆژ هەژارتر ئەبێت , ئیدى دەر و دراوسێكانیش وەڵامى سڵاوەكانى نادەنەوە , چونكە ئەزانن ئافرەتێكى تاكباڵى بێكەس ..بێوەژن و داماو , هیچ سوودێكى نیە و شتێكى لە دەست نایەت , ئیتر بۆچى رێزى بگرن ؟سەربارى ئەوەیش قسەى دوا دەخەن و پێیدەڵێن : نەزۆكى سەرئاسنین , ئەو پاڵەوانەت بردە گۆڕوە ..تا نەزۆكێكى دەڵەقۆڕ ئەتۆیىَ , هەزار پیاوى جوان سەر دەنێنەوە )
 سەرى مانگ خاوەن ماڵ دێت و داواى كرێى خانووى لێدەكات ..خاوەن موەلیدەى كارەباى ئەهلى دێت و داواى پارەى دوو ئەمپێڕەكەى لێدەكات ..شارەوانى داواى كرێى ئاو و كارەباى لێدەكات ..ئەمیش لە فرمێسك زیاتر شتێكى تر شك نابات ..بە تەنیشت كەبابخانەیەكدا تێدەپەڕێت ,دوو نان و دەسكێك كەوەر لە عەلاگەكەى دەستیدایە , حەزى لە كەبابە و جانتاكەى دەستى تەنها كرێى پاسەكەى تێدایە , لەو كاتەدا خێزانێكى بەختەوەر دەم بە خەندەوە دەچنە كەبابخانەكەوە ..ئیدى ئَەبێ خانووەكەى چۆڵ بكات و بچێتە ماڵى براكانى .. هەر ڕۆژەى براژنێكى شەڕى پێدەفرۆشێتو دەریدەكات .. براكانیشى نایانەوىَ لانە لە خۆیان تێكبدەن و لایەنگیرى ژنەكانیان دەكەن و پێدەڵێن ئەگەر خێرت تیا بووایە ئەڵبەتە مناڵێكى پێدەداى وەستا كەریم !! سەیرى لەو بێئەدەبیە ..
 ( ئاوات ئەوە بۆ دەگریت ؟؟ )
 خیزانەكەى بەسەرسوڕمانەوە واى ووت چونكە تا ئەو كاتە مێردەكەى بە چاوى فرمێسكاویەوە نەدیبوو .. ناشىَ بە شێرپەنجەى مەمكى زانیبێت ؟؟پرَ بە دڵ بەزەیى پێدا هاتەوە ..ئەم ئەمرێت و ئەویشى لەبەرچاوە كە دەبێتە بێوە پیاو و لە گەڕەكدا ڕەزاى قورس ئەبێت .. جا خوو دەداتەوە مەى و جگەرەكێشان و .. ڕۆژ لە پێى ڕۆژ لاوازنتر و باریك و بنێستر دەبێت ..ماڵە خزمانیش لێى بێزار دەبن و لە بەرامبەر قسە فوودراوەكانیا بەرگریان پێناكرێ ..كەسیش ژنى ناداتىَ , یەكەم لەبەرئەوەى هەژارە و دووەمیشیان لەبەر ئەوەى هەژارە و سێیەمیش لەبەرئەوەى هەژارە .. ئیتر بەرە بەرە بە جل و بەرگى پیس و پۆخڵەوە لە كوچەو كۆڵانەكاندا ئەسوڕێتەوە و كەس خۆى ناكات بە ساحێبى …
 ( نازەنین ئەوە چیە كچىَ ؟؟ بۆچى ئەگریت ؟؟ )
 ئاوات هەستایە سەرپێ و دەستى بە قژى چڵكن و ئاڵۆسكاوى ژنەكەیدا هێنا و سەرى بە سنگیەوە نووساند ..بۆى دەركەوت زۆر لەڕ و لاواز بووە و ..لەپى دەستەكانى زبر بوون و نینۆكەكانى سارد و سڕن ..هەستى بە خیزەیەك دەكرد لە سنگیدا ..بە ڕاستى رەِنگە ژنەكەیشى نەخۆشیەكى خراپى هەبێت و لەمى شاردبێتەوە ..
 لە ژێر لێوەوە داواى لێبوردنى لێكرد..لێبوردن لە چى ؟ لە هەموو تاوانەكانى بەرامبەر ئەو  كە ڕەنگە لە ژماردن نەیەن ..چونكە لە مێژە نەیتوانیوە و ڕێگاى بە خۆى نەداوە ڕۆژێكیان ئامێزى بۆ بكاتەوە ..
 ئەوسا هەستى كرد كە چەند تاوانبارە.. تۆ بڕوانە چەند ئاسانە دڵى یەكتر خۆش بكەین ..
 وەك شۆڕبى یەكتریان دێناو دەبرد.. فرمێسكى یەكتریان دەسڕى و دەستیان بە لامل و قژى یەكتریدا دێنا ..
 ( ئەزانى .. )
 (ئەزانم بەڵام نەموێرا لاى تۆ باسى بكەم .. )
 (چى ؟؟ )
 ( شێر پەنجەى مەمك ..!! )
 هەستى كرد بوركانێك لە كاسەى سەریدا تەقیەوە و ..تەنانەت زەویەكەیش بە زەحمەت توانى ڕایبگرێت ..
 
  nawzadbandy@yahoo.com
 
             
 

Previous
Next