لە كۆیەوە بۆ كەركوك……سالار بابەشێخ
لە كۆیەوە بۆ كەركوك
سالار بابەشێخدوای خۆپیشاندانە جەماوەرییەكەی دانیشتووانی باشووری كوردستان لەدژی پیلانەكەی نێوپەرلەمانی عێراقی فیدرال بۆ لە گۆڕنانی ماددەی 140، كە هەموو شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، دوێنێ و پێری جەماوەری خانەقینیش لە دژی هاتنە ناوەوەی سۆپای عێراقی فیدرال، شەقامەكانی شارەكەیان وەلەرزە خست. تا ئێرە دەكرێ ئاماژە بەوە بكەین، كە بە پێچەوانەی خواستی نەیارانی كورد كە بەردەوام پڕوپاگەندە بۆ ئەوە دەكەن كە گوایە تاكی كورد لە باشووری وڵاتەكەی لە هەست و هۆشی نەتەوەیی داماڵدراوە، یان ئینتیمای نیشتمانی نەماوە!!، شەقامی كوردی سەلماندی كە وێڕای هەموو كەموكورتییەك و سەرەڕای بێزاری و دڵتەنگی خەڵك لە ئاستی خزمەتگوزارییەكان و بەربڵاوبوونی گەندەڵییەكان، بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین خاك و وڵاتی خۆیان هەرزانفرۆش بكەن و سەلماندیان كە ئامادەن لە پێناوی پاراستنی دەستكەوتەكانی نەتەوەییاندا گیانبازی بكەن و پێوەروپێوانە شارستانییەكانیشیان لە جۆری ناڕەزایەتی دەربڕیندا رەچاو كرد. ئەمە هێمایەكی بەرچاوە بۆ ئەوەی بیسلمێنێت كە نەك تاكی كورد بەرامبەر بە چارەنووسی سیاسی خۆی و وڵاتەكەی كەمتەرخەم نییە، بەڵكو ئاستی بیر و هەست و هۆشی نەتەوایەتی وردبیانەترو زۆر بەرزترە لەوەی كە نەیارانی چەواشەی بكەن.
جەماوەر بە ئەركی نیشتمانی خۆی هەستاو شانی وەبەر باری مێژوویەك دا، كە بەردەوام لێپێچینەوەمان لەگەڵ دەكات و لەم ئەزموونەش سەرفراز دەرچوون، هەر ئەمەش باری سەركردایەتی سیاسی كورد بە گشتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی گەلێك قورستتر دەكات.
ئەز بەپێچەوانەی هەندێك لەو چالاكوانە سیاسیی و مەدەنییانەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەكەم بیر دەكەمەوە، كە خوازیارن هەردوو حزبی سەرەكی و زلهێزی باشووری كوردستان وەلا بنرێن، چونكە جەماوەرە حزب دروست دەكات و حزب پێكهاتەیەكی جەماوەرییە، نەك خالقی جەماوەر، واتە حزب ئامێرێكە بۆ پێشەوەبردنی ئامانجە دیاریكراوەكانی بەشێك لە پێكهاتەی هەر كۆمەڵگەیەك. ئەو دوو حزبەش رێژەیەكی بەرچاو و نزێك بە دوولەسەر سێی كۆی جەماوەریان لەگەلە. كە واتە كەمبایەخ كردنیان، رێزنەگرتنە لەو جەماورە زۆر و بەرینەی كە لێیان كۆ بوونەتەوە و تەریك خستن و حیساب نەكردن بۆ ئەو پێگە جەماوەرییەش، نەشیاوترین خواستە. رێژەیەكی نزیك بە گشتی لە خۆپیشاندەرانیش لە ژێر رێكخستنەكانی ئەو دوو حزبەدا هاتنە سەر شەقامەكان و دەنگی ناڕەزایی خۆیان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رای گشتی گەیاندو نەفرەتیان لە كورد قڕانێكی دیكە كرد، كە لە دسەر دەستی حكومەتی نوێی عێراق خەریكە دروست دەبێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، كورد گوتەنی سەربان هەرچی بەرینتر بێت، بەفری زیاتر دەگرێت و ئەركی خاوەن ماڵ گرانتر دەكات. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە، پارتی و یەكێتی لەسەر هەنگاوی خێراتر ئەو توانجانەشمان لەسەر بڕەوێننەوە، كە هەتا هەنووكەش بەردەوام باسی چارەسەرنەكردنی كێشەی كۆیە دەكرێت و تەنانەت نەتوانراوە گرفتی ئەم شارەی بەرفەرمانی خۆیان چارەسەر بكەن، چ بگا بە كەركوكی هەمیشە فرە كوێخوا، كە لە بەغدا و وڵاتانی دەرەوە بە هەموو هێز وتوانایەكیانەوە، هەوڵی تەعریب كردن و راماڵینی كوردیان تێدا داوە!!
زەرووری ترین و هەستیارترین ئەولەوییەت، بنبڕكردنی ناكۆكییەكانی هەولێر و سلێمانییە و یەكخستنەوەی هەر سێ وەزارەتەكە و دیاریكردنی دەستووری هەمیشەیی هەرێمی كوردستانە، ئەوكات چارەسەركردنی چارەنووسی شارەكەی (حاجی) نەمریش ئاسان دەبێت، بە پێچەوانەوە دەبێت بەردەوام پرسیار بكەین ئایا كۆیە كەی دەخرێتەوە سەر پارێزگای هەولێر؟ ئایا كەی یەك لەشكری كورد و یەك سندوقی داهاتی گشتی و یەك وەزارەتی داراییمان دەبێت؟ بۆیە گەڕانەوەی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان بەیەكبوونێكی قایم و هاوهەڵویستییەكی مكۆم و نەگۆڕی كورد بە هەموو رەنگەكانیەوە، گرێ دراوە. بێگومان هەڵپەی پلە و دەسەڵات و كۆكردنەوەی ماڵ و سامان لەسەر حیسابی خەڵكیش، نەك تەنها چارەنووسی كەركوك، بەڵكو هەموو دەستكەتەكانی نەتەوەیی كوردیش دەخاتە مەترسییەوە.