وەهمی ریفۆرم و راپۆرتی چوار حیزبەكە
وەهمی ریفۆرم و راپۆرتی چوار حیزبەكە
ستیڤان ئەحمەد "شەمزینانی"
خەریكە نزیك دەبینەوە لەهەژدە ساڵی تەواو بەسەر راپەڕینی جەماوەری گەلی كوردستان لەئاداری ساڵی 1991، كەلەئاكامداو پاش ساڵێك بووە هۆی دروستبوونی یەكەمین حكومەتی خۆبەڕێوەبەریی لەباشووری كوردستاندا، دیارە هەر لەسەرەتاوە ئەم دەسەڵاتە ئیداریی وسیاسییەی باشووری كوردستان دەرگیری كۆمەڵێك قەیرانی قووڵ بووەو رۆژ لەدوای رۆژ، بەیارمەتی بارودۆخی شێواوی ناوخۆ قەیرانەكان قووڵتر بوونەتەوە، تا دەگات بەوەی ئەمڕۆ گەندەڵیی وكەموكورتییە ئیدارییەكان بوون بەهەڕەشەیەكی گەورە لەسەر پاشەڕۆژی ئەزموونەكە. رەنگبێ هۆكارەكانی خوڵقانی ئەم قەیرانە قووڵانە زۆر بن وپێویستیی بەلێكۆڵینەوەی مەیدانی وئەكادیمی هەبێت، بەڵام دەتوانین بڵێین نەبوونی ئەزموون لەبواری ئیدارەو زاڵبوونی كەشێكی حیزبی بەسەر كۆی كایەكانی بەڕێوەبردن وشەڕی براكان "براكوژیی"، لەسەرەكیترین ئەو ئامڕازانەن بەرپرسیارن لەم دۆخە تژ لەكەموكورتییەی ئەمڕۆكە لەئارادایە. ئەو بارەی لەكوردستان هەیە زۆر لەمێژە پێویستی ئەوەی هێناوەتە پێشەوە، پرۆسێسی ریفۆرم لەسەرجەم كایەكانی بەڕێوەبردن وژیانی رامیارییدا لەكوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام هەتا ئێستا ریفۆرم وەك هەڵمەتێكی سەرتاسەریی نیشتمانیی بەمەبەستی پاكژكردنەوەی بواری ئیدارە ورامیاریی لەكوردستان هەرجارە بەبیانوو وپاساوێكەوە دوادەخرێت، هەر دواخستنێكیش جیا لەوەی درێژەدەدات بەتەمەنی گەندەڵیی، برینەكان زێدەتر قووڵ وبەسوێ دەكات، تا ئەو جێگەیەی گەندەڵیی دەبێتە لوویەكی سەرەتانیی چارەسەرنەكراو.
پڕۆژەكەی تاڵەبانی وئەگەرەكانی جێبەجێبوونی
جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەقی پڕۆژەیەكی بڵاوكردەوە، وەك نەخشەی رێگا بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە. پڕۆژەكەی مام جەلال یەكێك لەدەگمەنترین ئەو پڕۆژانەیە لەلایەن كەسانی هەڕەمی دەسەڵاتی كوردستانەوە پێشكەش وپێشنیار كرابێت، لەهەمان كاتدا گەڵاڵەنامەیەكی تێروتەسەل وهەمەلایەنەیەو پەنجە بۆ سەرجەم بوارە لەیەكتر جوداكان رادەكێشێ كەجێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە لەیەكێك لەرهەندەكانیدا واتای چارەسەرییەكی رادیكاڵیی كێشەو قەیرانەكانی حكومەتی هەرێم ودەسەڵاتی سیاسیی كوردستان دەگەیەنێت. بەڵام تاچەند پڕۆژە پێشنیاركراوەكەی مام جەلال دەبێتە واقیع، ئەوەیان جێگەی گەشبینییەكی زۆر نییە. چونكە هیچ گرانتییەك نییە خودی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كەخاوەندارێتی لەو پڕۆژەیە دەكات بتوانێت پێوەی پابەند بێت وهەنگاو بەو ئاقارەدا بنێت. جیا لەوەش یەكێتی تەنیا هێزی گۆڕەپانەكە نییە، لەپاڵ ئەودا پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، پێشوازیی پارتیش لەم پڕۆژەیە ئێجگار گرنگە، بەبێ رەزامەندیی وپێشوازیكردنی پارتی لەو چەشنە پڕۆژانە مەحاڵە هیچ گۆڕانێك لەو راستایەدا رووبدات. هەرچەندە ناوەندە میدیاییەكانی یەكێتی بانگەشەی دەستبەكاربوونی چەند لیژنەیەك دەكەن بۆ بەدواداچوونی ئەو بڕگەوبەندانەی لەپڕۆژەكەی تاڵەبانیدا هاتوون، كەسانی شارەزاو چاودێر لەو بڕوایەدان ئەگەر ئەم پێشنیارەی مام جەلال جۆرێكیش نەبێت لەئیحتواكردن، ئەوە بێگومان هەرگیز ناچێتە واری جێبەجێكردنەوە. تەنانەت هەندێك لەكاربەدەستانی نێو خودی یەكێتی وئیدارە، بێ ئومێدو رەشبینن لەهەمبەر ئەم پڕۆژەیەو وایدەبینن جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەو پێشنیارانە، فۆرمێكە لەكردەوەی خۆكوژیی پارتەكانی كوردستان، چونكە ئاوێتەبوونی پارتەكان وحكومەت بەراددە وئەندازەیەكە لەیەكتر جیاكردنەوەیان وەك بڕینی رەگی حەیات وایە. ئەمە لەلایەك ولەلاكەی دیكەوە، تائێستا حكومەت بەهیچ شێوەیەك وەڵامی بۆ ئەو پڕۆژەو پێشنیارانە نەبووە بەمەبەستی چاكسازییكردن لەسیستمی بەڕێوەبردن پێشكەشكراون، هەروەك "فەرید ئەسەسەرد" سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان دەڵێت "حكومەت تائێستا بەرەسمی باسی لەوە نەكردووە ئەو پڕۆژانەی بۆ چاكسازیی دەخرێنە روو بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، پڕۆژەكانیش خۆیان زیاتر بۆ رای گشتیی وكاركردنی حیزب بوون وبەرەسمی ئاڕاستەی پارلەمان نەكراون". ئەم بێدەنگییەی حكومەت كەبەشی شێر وهەرە گرنگی چاكسازییەكان رووبەڕووی ئەو دەبێتەوە، یەكێكە لەو فاكتۆرانەی وایكردووە پڕۆژەكان هەروەك مرەكەبی سەر كاغەز بمێننەوەو لەبچووكترین ئاستدا پراكتیك بەخۆیانەوە نەبینن. رۆشنبیرانی كوردیش هەر لەبنەڕەتەوە بەگوومانن وزۆریان بڕوایان بەپڕۆژەكان نییەو وەك چاوبەستێك دەیبنین، "د.كەمال میراودەلی" لەنموونەی ئەم رۆشنبیرانەیەو رایدەگەیەنێت شتێك بەناوی ریفۆرمەوە لەكوردستاندا نابینێت. بەكورتییەكەی بەدەر لەوەی پڕۆژە پێشنیاركراوەكەی تاڵەبانی لەرووی ناوەڕۆكەوە خاڵی زۆر گرنگی تێدایەو دەتوانین بەپڕۆژەیەكی گرنگ ناوزەدی بكەین، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی وەها دەبینرێت پڕۆژەكە هەر تەنێ بۆ رای گشتییە، ئەگینا بەو حاڵەی هەنووكەوە مەحاڵە تەنیا یەك بڕگەشی لێ جێبەجێ بكرێت.راپۆرتی چوار حیزبەكەو كاردانەوەكانی
رۆژی 10-1-2009 چوار پارتی كوردستانی "پارتی زەحمەتكێشان، پارتی سۆسیالیستی دیموكرات، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی" راپۆرتێكیان بڵاوكردەوە وەك رێگەچارەسەرێك بەمەبەستی دەربازبوون لەو قەیرانانەی حكومەتی هەرێم وسەركردایەتی سیاسیی كوردستان تێیكەوتووە. پڕۆژەكە دەكرێت بەجیددترین پڕۆژەی پێشنیاركراو لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بێتە هەژمار، بەتایبەتی ئەو بڕگانەی پابەندە بەحكومەت ودەسەڵاتی قەزایی ودەزگای چاودێریی ونەزاهە. لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەكرێت تا وادەی هەڵبژاردنی دادێ لەحكومەت بكشێنەوەو لیستێكی هاوبەش درووستبكەن بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی كوردستان. ئەو چوار پارتە داوای گۆڕینێكی بناغەیی لەسیستمی ئیداریی وسیاسیی كوردستاندا دەكەن وداوا دەكەن لەپێش هەر كارێكدا هەردوو دەزگای حیزب وحكومەت لەیەكتر جیابكرێنەوە.لەو رووەوە "زانا رۆستایی" ئەندامی مەكتەبی سیاسیی وپارلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامیی رایدەگەیەنێت "خاڵی هەرە گرنگی چاكسازیی ئەم دامەزراوانە خۆی لەجیاكردنەوەی حزب لەدامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمدا دەبینێتەوە". هەرچەندە بەشێك لەچاودێران رایدەگەیەنن ئەم هەڵوێستەی ئەو چوار پارتە هەڵوێستێكی درەنگوەختە بەڵام بەجیددی كاركردنی ئەو پارتانەو بەكارنەهێنانی ئەمجۆرە پڕۆژانە بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسیی وحیزبی دەبێتە سەرەتایەكی نایاب بۆ گۆڕان لەپێكهاتەو سیستمی بەڕێوەبردندا. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بردنەوەی متمانەی جەماوەر وقورسایی پڕۆژەكانی ئەو چوار پارتە، دەبێت ئەو پارتانە خۆیان یەكلایی بكەنەوە، چون ناكرێت لەسەرێكەوە لەحكومەت هاوبەش وبرابەش بن ولەولایشەوە وەك ئۆپۆزیسیۆن خۆیان نمایش بكەن، ئەمەش یەكێكە لەو رەخنە جیددییانەی لەلایەن پارتە باڵادەست وهەندێك ناوەندی میدیاییەوە لەهەریەك لەو پارتانە دەگیرێت. بەڵام لەباری عەمەلییەوە ئەو پارتانە ئەگەر بەشداریش بووبن لەحكومەتدا، رەنگبێ سەنگی ئەوان لەگەندەڵیدا بەبەراورد بەهەردوو پارتی سەرەكیی جێگەی باسكردن نەبێت. لەوبارەوە "سەلاحەدین بابەكر" ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئێمە هەر چوار حیزبەكە بەقەدەر بەشداربوونمان لەحكومەت تەحەموولی ئەو گەندەڵییە دەكەین، بەڵام هەموو كەس باش دەزانێ بڕیارو دەسەڵات لای كێیە؟ جگە لەوەش بەشداربوونی ئێمە لەحكومەتدا بەپێی ئارەزوو وخواستی پارتی ویەكێتییەو خۆیان چۆنیان ویستووە ئەوەیە". لەهەموو ئەمانە بترازێت، تاچەندە پڕۆژەو راپۆرتی چوار پارتەكە دەتوانێت گۆڕان و كاریگەریی دروستبكات؟، تاچەندە دەتوانێت هەردوو پارتی باڵادەستی كوردستان بهێنێتە ژێر بارەوە؟، هیچ گرانتییەك نابینرێت پڕۆژەكە سەركەوتن بەدەستبهێنێت ویەكێتی وپارتی پێشوازیی لێبكەن! جیا لەوەی بەشێك لەسەركردەكانی دوو پارتییە سەرەكییەكە رایدەگەیەنن بیروڕاو راپۆرتی چوار حیزبەكە بەهەند وەردەگرن، وەك ئەوەی "سەفین دزەیی" لەپارتی، "سەعدی ئەحمەد پیرە" لەیەكێتی روونیان كردەوە راپۆرتی چوار پارتییەكە جێگەی بایەخی پارتەكانیان دەبێت،بەپێچەوانەوە لەلایەكی ترەوە ژمارەیەك لەسەركردەو كاربەدەستی هەردوولا بەراستەوخۆ وناڕاستەوخۆ هێرشی ئیعلامیی دەكەنە سەر پڕۆژەكەو خودی ئەو چوار پارتییە. بۆ نموونە "ئارێز عەبدوڵڵا"ی پارلەمانتاری فراكسیۆنی كەسك پێیوایە چوار پارتەكە هێندەی گەمەیەكی سیاسیی وحیزبی دەكەن بەچارەگی ئەوە مەبەستیان چاكسازیی نییە، ناوبراو رایدەگەیەنێ "چوار پارتەكە لەبڵاوكردنەوەی راپۆرتەكەیان ئەوەندەی مەبەستیان یارییەكی سیاسییە، ئەوەندە مەبەستیان چارەسەركردنی كێشەكان نییە، پێویستبوو پێش ئەوەی ئەو هەنگاوە بنێن، دەبووایە لەحكومەت بكشانایەتەوەو بەرەیەكی ئۆپۆزیسیۆنیان رابگەیاندایە". لەلایەن پارتیشەوە "سەرۆ قادر" بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی راگەیاندنی پارتی هەڵوێستی ئەو چوار پارتە بەناڕاست وقسەی دووبارەو كاڵوكرچ ناوزەد دەكات ولەگۆشەیەكی رۆژنامەی "هەولێر"دا دەنووسێت "ئەم چوار حزبە بۆیان هەیە رای خۆیان دەرببڕن، بەڵام خەڵكی كوردستان ئەوانی بەهیچ كارێك رانەسپاردووە تا ناچاربن راپۆرت بدەنە رای گشتیی. بۆیە لەرووی ماناو ئەو ئەركەی بەملی خۆیان سپاردووە جۆرێك لەبێ دیققەتی و ناراستگۆیی هەیە". خولاسە نەك دوو پارتە باڵادەستەكە بەدەنگەوە نایەن بەڵكو بەرێگەی جیاجیا دژایەتی پڕۆژەكەو خودی چوار پارتییەكە دەكەن، ئەمەش ئەوەندەی تر هیواكانمان كزو لاوازتر دەكەن بەوەی ئەم پڕۆژەیەش تەكان بدات بەسیستمی بەڕێوەبردن و گەندەڵی بنەبڕ یان كەمبكاتەوە.چارەسەر چییە؟
لێنین نزیكەی سەدەیەك بەر لەنهۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی كۆمەڵی رووسیی ویەكخستنەوەی نێوخۆی پارتەكەی، پرسیاری "چارەسەری چییە؟"ی كردو لەئاكامدا بووە هەوێنی یەك لەدانراوەكانیشی. دۆخی ئێمەی كوردیش لەم چركەساتەدا پێویستی بە"لێنین"ێكە پرسیار بكات "چارەسەر چییە"و "چی بكەین؟". تائەوەی وەڵامی دروست چنگ بخات وبەوپەڕی لەخۆبردنەوە كاربكات بۆ چارەسەكردنی كێشەو قەیرانەكان. چارەسەری ئەو قەیرانە قووڵ وخنكێنەرانەی كوردستان پێویستیی بەئیرادەیەكی بەهێز هەیەو پێویستی بەكاری زۆر وپڕۆژەی هەمەجۆر هەیە، ئەگینا ئەم دۆخە بەرەو خراپ وخراپتر وخراپترین هەنگاو هەڵدەگرێت وكاتێك ئاوڕ دەدەینەوە لەكەناری مەرگێكی ئەبەدیی لەنگەرمان گرتووەو ئەوكاتەش هیچ شتێك دادمان نادات، تەنانەت تەوبەی كاتی غەرغەرەی مەرگ یەك پوولێك ناكات وكەڵكێكی نییە.