ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی….
ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی
خه‌ونه‌کانی خالید ره‌سولپور
و
میوه حه‌رامکراوه‌کان…
دارامه‌حمود
darachimen@hotmail.com
چیرۆکنوسی ئێرانی (کوردزمان) خالید ڕه‌سولپور، یه‌ک له‌و چیرۆکنوسه به‌توانایانه‌یه که ئه‌مڕۆ به‌سه‌بک و شێوازێکی نوێ و جیاواز له‌شیوازی باو،و تایبه‌ت به‌خۆی ده‌نووسێت. ئه‌م شێوازه‌ش بریتییه له ئاڵۆزی و گه‌یاندنی په‌یام له‌ڕێگای مه‌جازو ئیستیعاره‌و سیمبولگه‌لێکه‌وه. دیاره به‌کارهێنانی مه‌جازو ئیستیعاره‌و سیمبول له‌ئه‌ده‌بیاتدا به‌تایبه‌تی شیعر‌و چیرۆک شتێکی نوێ نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازی به‌و سه‌بکه‌ی خالید به‌خشیوه تێکه‌ڵکردنی ساده‌ییه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له‌سه‌ره‌تادا له‌گه‌ڵ ئاڵۆزییه‌کی سه‌رشێوێنه‌ر له‌کۆتاییدا. له‌مه‌گرنگتریش ده‌قه‌کان به‌ڕواڵه‌ت بریتین له ده‌ربڕینێکی عه‌فه‌ویانه، یان کۆمه‌ڵێک شه‌پۆلی ناڕێک و پێکی ڕووداوی بێسه‌روپا یان سه‌ربه‌خۆو داپچڕاو له‌یه‌کتر. که نووسه‌ر حاڵه‌تێکی خه‌ونئاسایان پێ ده‌به‌خشێت. ئه‌مه‌ش شێوازێکه به‌زانابوون، یان به‌ئاگادارییه‌کی ته‌واوه‌وه ده‌یکات. مه‌به‌سته‌که‌ش ئه‌وه‌نده‌ی من بۆی بچم: کردنه‌وه‌ی ده‌رگای فره‌یی و جۆراوجۆری واتا، و ئاواڵه‌کردنی بواری لێکدانه‌وه‌و ڕاڤه‌کردن. بۆئه‌وه‌ش ئه‌مه به‌ده‌ست بێت خۆی له‌گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوی نزیک له‌واقیع، زنجیره‌یی په‌یوه‌ندار به‌یه‌کتر ده‌بوێرێت و ڕێگا به‌خه‌یاڵێکی سه‌رکێش و بێ باک ده‌دات بۆکوێ ده‌چێت بچێت و له‌چ ده‌رگایه‌ک ده‌دات بدات و ئه‌ویش تۆماری بکات. ئه‌مه‌ش ده‌کرێ بڵێین به‌دیوێکدا جۆره ئاوڕدانه‌وه‌یه‌که به‌ره‌و سوریالیزم.. یانیش به‌دیوێکی دیکه‌دا یاریکردنێکی شیاو،و له‌زه‌تبه‌خشه به‌خه‌یاڵی خوێنه‌ر. ئه‌و به‌ئه‌نقه‌ست سه‌ر له‌خوێنه‌ر تێکده‌دات. به‌ڵام ڕاسته‌وڕاست ئه‌مه‌ی پێ ناڵێت و لێیده‌گه‌ڕی چۆنی ده‌بینێ باوای ببینێ. خوێنه‌ر هه‌وڵده‌دات که‌په‌یامی شاردراوه‌ی نووسه‌ر ببینێته‌وه‌و په‌یوه‌ندیی لۆژیکی نێوان تابلۆ‌و دیمه‌ن و ڕووداوه‌کان په‌یدا بکات. که‌ڕه‌نگه نووسه‌ر مه‌به‌ستێکی وای هه‌ر نه‌بووبێ. و یانیش هه‌رله‌بناغه‌وه په‌یامێک له‌ئارادا نه‌بێت و واتای جیرۆکه‌که بریتی بێت له‌و واتایه‌ی که خه‌ونێک ده‌یبێت. به‌ڵام خۆ خه‌ونیش بێ واتا نییه. واتاکه‌ش په‌یوه‌ندییه‌کی فه‌رهه‌نگی، و سایکولوژی هه‌م به بینه‌ری خه‌ون و هه‌م به لێکده‌ره‌وه‌وه هه‌یه.
چیرۆکی (ڕه‌نگه هه‌مان سێ‌و) یه‌ک له‌و چیرۆکه خه‌ون، یان خه‌ونه چیرۆکانه‌یه که هه‌ڵمانبژاردووه بۆ لێکدانه‌وه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی چیرۆکه‌که خۆی به فارسی بڵاوبۆته‌وه، ناچارین سه‌ره‌تا بیکه‌ین به کوردی و پاشانیش ده‌چینه سه‌ر لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی:ڕه‌نگه هه‌مان سێ‌و
ژنێکی جوان، دووکورسی پێکه‌وه گرتبوو، و منیش له کورسیه تاکه‌که‌ی ئه‌و‌به‌ری هه‌مان ڕیزی ئه‌و دانیشتبووم. هه‌ردوو له‌ڕیزی شه‌شه‌می کورسییه‌کانی ئۆتوبوسه‌که‌دابووین. و له‌ڕیزی ئێمه به‌ره‌وپشت که‌سێک نه‌بوو. ئوتوبوسه‌که نیوه‌پڕ بوو. له‌سه‌عات حه‌وتی عه‌سره‌وه که به‌ڕێ که‌وتبووین، توانیبووم، یه‌ک دوو جار‌و له‌ناو ڕووناکایی سووری گڵۆپه‌کانی ناو ئوتوبوسه‌که‌وه بیبینم. جوان بوو. و کاتێک که ئوتوبوسه‌که بۆ خواردنی نانی ئێواره ڕاوه‌ستاو گڵۆپه ئه‌سڵییه‌کانی ناوی هه‌ڵکران، و پاشتریش که له ناو رستورانه‌که‌دا باشتر دیتم. تێگه‌یشتم که گه‌لێک جوانه. جوانتر له‌وه‌ی که به‌بیرمدا ده‌هات. هێنده دڵڕفێن، یان هه‌ر به‌ڕاستی فریشته‌ی به‌هه‌شتی بوو. و پێموابوو سه‌رتاپا نازو جوانییه.
نانی ئێواره‌مان که‌خوارد دووباره سواری ئوتوبوسه‌که بووینه‌وه. و هه‌مان کات بوو که ڕێبوارێکی تر به‌کۆمه‌ڵی نیوه‌خاڵی ئێمه زیادبوو: پیاوێک هه‌روه‌ک خۆی به‌شوفێره‌که‌ی گوت که له‌ئۆتوبوسی پێش ئێمه به‌جێ مابوو.. هات و دوو کورسییه‌که‌ی پشته‌وه‌ی گرت و یه‌کسه‌ریش خه‌وی لێکه‌وت. ته‌نانه‌ت جارجاره پرخه پرخیشی ده‌کرد. پاش ده‌رچوون له رستوران و وه‌ڕێکه‌وتنی ئوتوبوسه‌که، ژنه جوانه‌که جانتایه‌کی گه‌وره‌ی که‌له‌ژێر کورسییه‌که‌ی بوو، و من تائه‌وکاته نه‌مدیبوو، ده‌رکێشاو سێوێک. و پاشانیش چه‌قۆیه‌کی میوه‌خۆری ده‌سکسپی پلاستیکی لێوه ده‌رهێنا. گڵۆپه ئه‌سڵییه‌کانی ناو ئوتوبوسه‌که کوژانه‌وه. و به‌هه‌ڵکرانی گڵۆپه سووره‌کان. ژنه ده‌ستی به پاککردنی سێوکرد. نه‌مده‌زانی چی بکه‌م. و منیش خۆم له‌خه‌وکرد. و پاشانیش بیرمکرده‌وه که‌هه‌ر به‌ڕاستی باشره بخه‌وم.
ڕه‌نگه پتر له‌نیوسه‌عات به‌سه‌رچووبێ به‌ڵام ده‌نگی کردنه‌وه‌و داخستنه‌وه‌ی زنجیری جانتاکه له‌لای کورسییه‌که‌وه هه‌روا ده‌هات. ژنه به‌رده‌وام ده‌یخواردو جارجاره مڵچه‌مڵچیشی ده‌کرد. له ژێره‌وه چاوم لێکرد. قاشه سێ‌و، بچوک و گه‌وره له‌نێوان جووڵه‌ی خه‌یاڵبزوێنی لێوانیدا ده‌توانه‌وه. هه‌موو جووڵه‌یه‌کی جوان بوو. له ناو ڕوناکی گڵۆپه سووره‌کانی ناو ئوتوبوسه‌که‌دا ئه‌و وه‌ک خه‌یاڵێکی دوورده‌ست خۆیده‌نواند. ئاره‌زووم ده‌کرد شیعرێک بنوسم. و له‌مه به‌ولاوه‌تریش دڵم ده‌یخواست له ته‌نیشتییه‌وه دابنیشم و لێوانی له‌هه‌مان کاتی قوتدانی قاشه سێوه‌کاندا، ماچ بکه‌م. پاشان به‌خۆم پێکه‌نیم. ژنه جگه له‌خواردنی سێ‌و خه‌ریکی شتێکی تر نه‌بوو. چاوه‌کانی خۆم نوقاندو ژنه دیسان هه‌ر ده‌یخوارد. پێموابوو له ناو ئه‌و جانتا گه‌وره‌دا، جگه له‌سێو، سێوی سوور، که‌له‌ژیر سوورایی گڵۆپه‌کانی ناو ئوتوبووسه‌که‌دا، سوورتر خۆیان ده‌نواند، شتێکی تر نه‌بوو.
ڕه‌نگه خه‌وتبم، و خرمه‌خرمی سێوخواردن وه‌ک لایلایه‌یه‌کی شیرین خه‌وی له‌من خستبێ. ده‌مزانی که‌ژنه هه‌روا ده‌خوات. خه‌ونێکم نه‌دیت، ڕه‌نگه دیتبیشم و بیرم نه‌مابێ. پاش چه‌ند له‌حزه‌یه‌ک بێداربوومه‌وه و دیسان وه‌ک بڵێی دووباره خه‌وم لێکه‌وته‌وه. له‌نێوان خه‌و،و بێداریدا دیسان خرمه‌خرمی سێوخواردنم بیسته‌وه. به‌ڵام له‌وحاڵه‌دا هه‌ستمکرد که ده‌نگه‌که که‌مێک دوورکه‌وتۆته‌وه. زۆرم خه‌و ده‌هات. گێژبووم، به‌ڵام به‌باشی هه‌ستم پێ‌کرد ئه‌مجاره‌یان خرمه‌خرم له‌پشته‌وه‌دێت. ڕه‌نگه له‌کورسی ئه‌و ڕیبواره‌ی له ئوتوبوسی پێشتر به‌جێمابوو، و ئه‌مه‌ش هه‌رگیز سه‌رسامی نه‌کردم، وڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که زۆر خه‌واڵوبووم. دڵنیابووم که ئه‌مجاره‌یان خرمه‌خرمی سێوخواردن شیرینی خۆیان له‌ده‌ست داوه. ئه‌مجاره‌یان قاشه سێوه‌کان به‌زبری و هه‌ڵپه‌وه، وڕه‌نگه له‌ده‌می پیاوێکدا داده‌خرمان.
شه‌و، درێژده‌بۆوه و من جاری وابوو خه‌وم لێده‌که‌وت جاری واش بێ‌دار. و ڕه‌نگه هه‌رهه‌مووشی خه‌وبووبێ. سه‌رم به شووشه‌ی ئوتوبوسه‌که‌وه نووسابوو، و له‌رینه‌وه‌ی ساردی شوشه‌که تاقوڵایی خه‌ونم ده‌ڕۆیشت. دڵم تێکه‌ڵ ده‌هات. بێداربوومه‌وه دوو سێ ده‌قیقه‌ی مابوو بۆ سه‌عات سێی به‌یانی. پێموابوو دره‌نگتره. گێژی خه‌وبووم، ده‌مویست دیسان بخه‌ومه‌وه که هه‌ستمکرد ده‌نگ و خرمه‌ی سێوخواردن ئیتر نایه‌ت. ئاوڕم دایه‌وه‌و سه‌یری ژنه‌که‌م کرد. به‌ڕواڵه‌ت له‌سه‌رکورسی لای شووشه‌که‌وه خه‌وتبوو سه‌ری به شووشوکه‌وه نووساندبوو، و ژێر کورسییه‌که‌ی پڕله توێکڵه سێ‌و، و جانتاکه‌شی. له‌نێوان لاقه‌کانیدا نیوه‌کراوه. و هه‌مان کات بوو که ده‌سکی سپی چه‌قۆ میوه‌خۆرییه‌که‌م دیت له که‌له‌که‌ی ڕاستی که له‌به‌ری من بوو هه‌ڵچه‌قیوه. پاڵم به‌کورسییه‌که‌م دایه‌وه‌و چاوانی خۆم نوقاند.. ژنه‌یان کوشتبوو. سه‌رم بۆلای چه‌پ وه‌رگێڕابوو، و به‌تیله‌ی چاو ده‌مڕوانی و ئه‌مجاره شله‌یه‌کی به‌ڕه‌نگی تۆخیشم له‌ژێر کورسییه‌که‌وه دیت. خوێن بوو. خوێن له‌که‌له‌که‌ی ده‌هات. ڕه‌نگه چه‌ند سه‌عات به‌سه‌ر مه‌رگیدا تێپه‌ڕیبێ. پاشان یه‌کسه‌ر ئه‌وپیاوه‌ی پشته‌وه‌م بیرکه‌وته‌وه که له ئوتوبوسی پێشتر به‌جێ مابوو. به جووڵه‌یه‌کی خێرا ئاوڕم دایه‌وه. پیاوه‌که هه‌روا به‌ئارامی خه‌وی لێکه‌وتبوو. له‌میانی تاریکایی سووری گكڵۆپه‌کانی ناو ئوتوبوسه‌که‌وه، جووڵه‌ی سینگیم بۆ سه‌ره‌وه‌وخواره‌وه ده‌دیت. چه‌ند له‌حزه‌یه‌ک تێی ڕامام. جووڵه‌ی لێوه نه‌هات، به‌ڕاستی خه‌وی لێکه‌وتبوو. سووڕامه‌وه‌و چاوانی شوفێره‌که‌م له ئاوێنه‌ی به‌رانبه‌ریدا دیت که له‌جاده تاریکه‌که ڕامابوو. به‌ڕواڵه‌ت جگه له‌من و شوفێره‌که که‌سێک بێ‌دار نه‌بوو. دووباره پاڵم به‌کورسیه‌که‌م دایه‌وه‌و خۆم له‌خه‌وکرد. جارجاره که خێرایی ئوتوبوسه‌که که‌مده‌بۆوه، ژنه‌که به‌ئارامی به‌ره‌و پێش ته‌کانی ده‌خوارد، و پاشانیش دیسان بۆپشته‌وه‌ی کورسیه‌که‌ی ده‌کشایه‌وه. گومانم نه‌بوو که ژنه مردووه. ده‌سکه‌سپییه‌که‌ی چه‌قۆکه هه‌روا به‌که‌له‌که‌یه‌وه‌بوو. چاوانم داخسته‌وه، ئایا کاره‌ساته‌که به شوفێره‌که بڵێم…؟ به‌ڵام ڕه‌نگه شوفێره‌که‌ش ده‌ستی تێدابێ! ئاخر ئه‌و که له ئاوێنه‌که‌یه‌وه ناو ئوتوبوسه‌که به‌باشی ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر ڕێبواره‌کان بێدارکه‌مه‌وه… چه‌ندکه‌سێکیان هاوبه‌شی تاوانن؟ .. و ئه‌وپیاوه‌ی پشته‌وه؟ جێگای باوه‌ڕ نییه که ئه‌و شتێکی نه‌دیتبێ. ناکا هه‌ر به‌ئه‌نقه‌ست خۆی له‌خه‌وکردبێ! ئاخر، کار؟ ده‌ستگیرکردن، لێپرسینه‌وه… ئه‌سڵه‌ن ڕه‌نگه تاوانه‌که هه‌ر بخه‌نه ئه‌ستۆی من ! ئاخر بۆچی من؟ ده‌ی… چونکه من ڕووبه‌ڕووی ئه‌وم و که‌س باوه‌ڕ ناکات که شتێکم نه‌دیتبێ… و به‌ڕاستیش هیچم نه‌دیتبوو. نیوه‌ی ڕێگا له‌شارێکی دیکه بێمه خوارێ! به‌ڵام نا… پاشان پتر ده‌که‌ونه گومانه‌وه‌و ده‌مبیننه‌وه. له‌لیستی ڕێبوارانیشدا ناوم هه‌یه. دیاره جگه‌له‌وه‌ی هه‌روه‌ک باقی ڕێبوارانی تر ئارام له‌جێگای خۆم بمێنمه‌وه‌و خۆم له‌خه‌وکه‌م و پاشان به‌یانی که گه‌یشتینه جێ دابه‌زم چاره‌یه‌کی ترم نییه. ئه‌سڵه‌ن کێ ده‌ڵێ که باقی ڕێبوارانی تریش به کاره‌ساته‌که‌یان نه‌زانیوه‌و له‌ترسان خۆیان له‌خه‌و نه‌کردووه.؟ ده‌ی منیش هه‌روه‌ک ئه‌وان! ده‌خه‌وم و ته‌نانه‌ت خه‌ونیش ده‌بینم. چ خه‌ونێک ببینم؟ خه‌ون، سێ‌و، سێوه‌سووره، خه‌ریکی سێوخواردنم. نازانم له‌کوێم. هه‌وا سارده. سه‌رمامبووه‌و به‌رده‌وام ئاوی لووتم هه‌ڵده‌کێشمه‌وه. ڕووناکاییه‌کی به‌هێز له‌پشت سه‌رمه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه‌و ناتوانم ئاوڕ بۆ پشته‌وه بده‌مه‌وه. سێ‌و، نه‌رمه، وه‌ک گۆشت، گۆشتی ئاده‌میزاد، گۆشتی ژن. سه‌رم ده‌خورێت و من له‌سه‌رخۆ بیرده‌که‌مه‌وه که سێ کچی بچکۆلانه به‌قه‌ده‌ر مێرووله، رووت و قووت، له‌سه‌رسه‌رم سه‌ماده‌که‌ن. و جارجاریش سمتی ڕووت و بچووکیان له قژه‌کانم هه‌ڵده‌سوون. سێ‌و له‌ده‌ستی چه‌پمدا ده‌گوشم، سێوه‌که ده‌فلیقێته‌وه و خوێن به که‌لێنی په‌نجه‌کانمدا دێنه‌ده‌رێ. و پشیله‌یه‌کی سپی و گه‌وره لای دووپه‌نجه‌ی ئیشاره و په‌نجه گه‌وره‌م له‌نێوان سێوه فلیقاوه‌که‌وه دێته ده‌رێ. بازده‌داته سه‌ر ئه‌ژنۆکانی من و هه‌رله‌وێ ده‌مێنێته‌وه. ده‌ڵێی پارچه ئاگرێکه ده‌مسوتێنێ. ده‌مه‌وێ هاوار بکه‌م ناتوانم. پاڵم به‌دره‌ختێکه‌وه‌داوه که پێموابێ دره‌ختی سێوه. دره‌خته‌که بۆته هاوسه‌رم ومن ده‌ڵێم که ئه‌مشه‌و جه‌ژنی یه‌که‌مین ساڵیادی زه‌ماوه‌ندمان بگێڕین. و یه‌کێک ده‌ڵێت که نرخی دوکه‌ڵ چۆته سه‌رێ. باران ده‌بارێ و له گوێی پشیله‌که‌وه دووکه‌ڵ دێته ده‌رێ. و منیش هه‌روا خه‌ریکی سێوخواردنم. دوو له کچه بچووکه و ڕووته‌کان چوونه ناو گوێم و لایلایه‌م بۆده‌که‌ن. به‌ڕێدا ده‌ڕۆم. خه‌ریکم له‌هۆش خۆم ده‌چم. به‌سێ لاق به‌ڕێدا ده‌ڕۆم و لاقی نوێی ناوه‌ڕاستم بێ پێڵاوه. مردووم. مردبووم. ده‌تگوت ساڵه‌های ساڵه که مردووم… خۆم خڕکردبۆوه. بوێری خۆ ڕاوه‌شاندنم نه‌بوو. شوشه‌ی ئوتوبوسه‌که نه‌ده‌له‌رزییه‌وه. به‌ئارامی ئاوڕم دایه‌وه. به‌یانی بوو. ڕێبواره‌کان ده‌هاتن و ده‌چوون. خه‌ریکی پێڕاگه‌یشتن به‌که‌لوپه‌له‌کانی خۆیان بوون. ئوتوبوسه‌که له‌ناو گه‌راجدابوو، و دووکورسییه‌که‌ی ده‌ستی چه‌پم که‌سی له‌سه‌ر نه‌بوو. هه‌روا کورسی پشته‌وه‌شم. به‌ڵام ژێرکورسی ئه‌وپیاوه‌ی له‌ئوتوبوسی پێشتر به‌جێمابوو پڕ له توێکڵه‌سێوبوو. به‌ڵام به‌رده‌می دووکورسی ژنه‌که نه خوێن و نه چه‌قۆی میوه‌خۆری. و نه ژن و پیاوێک. گێژو وڕبووم و میزڵدانم وه‌خته‌بوو بته‌قێ. ده‌نگی شوفێره‌که به‌رزبۆوه. به‌ڕێزان خواتان له‌گه‌ڵ. پاشان بۆخۆی ڕۆیشت و به‌دوای ئه‌ویشدا ڕێبواره‌کان. و من که‌ته‌نیا ئامانجم گه‌یشتن به ئاوده‌ستخانه‌بوو. و له‌حاڵێکدا که هه‌رچی هه‌وڵمده‌دا به‌خۆمی دانه‌که‌م، له‌به‌رده‌رگا گه‌وجانه له‌شاگردی شوفێره‌که‌م پرسی که ئه‌و پییاوه‌ی له ڕێگا دوای نانخواردنی ئێواره سواربوو به ئوتوبوسه‌که‌ی خۆی گه‌یشت یان نا. وه‌ڵامی دایه‌وه که ئه‌و توڵه‌سه‌گه له‌گه‌ڵ ئه‌و خانمه جوانه له‌یه‌کێک له‌گونده‌کانی سه‌ر ڕێگا دابه‌زین.
دابه‌زیم و جانتا به‌ده‌سته‌وه له‌حاڵێکدا که‌له‌پشته‌وه ده‌نگ و ته‌په‌ی ڕێگاڕۆیشتنم ده‌بیست. وته‌واوی ڕێبواران به‌ره‌و ئاوده‌ستخانه غاریان ده‌دا، بۆ ئه‌وسه‌ری گه‌راج ، به‌ره‌و ئاوده‌ستخانه غارم دا.
******************
ئه‌وه‌ی له تابلۆی یه‌که‌می ئه‌م چیرۆکه‌دا دێته به‌ر سه‌رنجمان، خه‌ونی هه‌میشه‌یی و خولیایی هه‌ره‌گه‌وره‌ی پیاوی ڕۆژهه‌ڵاتییه، که‌بریتییه له‌گه‌یشتن یان به‌ده‌ستهێنانی ژن. له‌م خه‌ون و خولیاییه‌شدا ژن له‌ژنبوونی ساده‌وئاسایی ده‌رده‌چێت و حاڵه‌تێکی فریشته ئاسا به‌خۆی ده‌گرێت. ئه‌مه‌ش ئاکامێکی سروشتی ئه‌و هه‌موو قه‌ده‌غه‌کاریی و تابووه مه‌زهه‌بی و کولتووری و یاساییانه‌یه که‌له‌ڕێگای په‌یوه‌ندییه‌کانی نێرومێدا قوتده‌کرێنه‌وه. و ئیتر هه‌روه‌ک چۆن ڕووتێک خه‌ون به‌دووگه‌ز جا‌و، و برسییه‌ک به‌له‌تکه‌نانێک، هه‌رئاواش پیاوی دووره‌په‌رێزو دابڕاو له‌ژن و ژنی دابڕاو له‌پیاو به‌یه‌کترییه‌وه ده‌بینن. ئه‌م دابڕان و مه‌حرومییه‌ته ده‌گاته ئاستێک که ئیتر به زه‌ماوه‌ندو ژیانی هاوسه‌رگیریی و پێکهێنانی خانه‌واده‌ش کۆتایی نایه‌ت. چونکه کاتێک نێرومێ له‌یه‌کتر ده‌بنه فریشته‌و پاشانیش دوای هاوسه‌رگیریی ده‌رده‌که‌وێ که هاوسه‌ر فریشته نییه‌و به‌ڵکو مرۆڤێکی ساده‌و ئاساییه و هه‌روه‌ک ئه‌وانه‌یه که له‌ده‌وروبه‌رو خزم و فامیلدایه، دڵی هێشتا ئاو ناخواته‌وه‌و له‌هه‌ستی ناخودئاگایدا پێیواده‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌خه‌ونیدایه هاوسه‌ره‌که‌ی نییه. به‌ڵکو که‌سێکی تره‌و ته‌نانه‌ت ده‌توانێ هه‌رکه‌سێک که‌له‌سه‌رجاده و ڕێگاوبان ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه یان له‌درزی ده‌رگای ماڵێکه‌وه به‌رچاوی ده‌که‌وێت و یانیش وه‌ک قاره‌مانی چیرۆکی ئێمه له ئوتوبوسێکدا بێت. و هه‌ربۆیه‌ش زۆر ره‌فتارو هه‌ڵس و که‌وتی ناجوانیشی لێ ده‌بن به‌جوان. مڵچه‌مڵچی خواردن… به‌لای پیاوه‌وه له‌ژن جوان نیه . به‌ڵام قاره‌مانی ئه‌م چیرۆکه ئه‌مه‌شی پێ جوانه‌و به‌ڵکو پتر بۆلای خۆی په‌لکێشی ده‌کات. هه‌روا له‌خه‌ونی پیاودا ئاره‌زووی قۆرغکردنی ژنه بۆخۆی. هه‌ربۆیه پیاو ته‌نانه‌ت له‌ئوتوبوسێکیشدا به‌ژنێک ڕه‌وانابینێت له‌گه‌ڵ پیاوێکی تردا بێت. به‌ڵکو ئاره‌زووی ئه‌وه‌ده‌کات لای ئه‌و ژنه هه‌میشه جێگای ئه‌و خاڵی بێت. هه‌موو ئه‌و هه‌سته‌ش گرێکوێره‌ی دابڕانی نێر‌و مێیه له‌یه‌کتر.
له به‌هه‌شت وه‌ک ئه‌فسانه‌ی ئاده‌م و حه‌وا بۆمان ده‌گێڕێته‌وه: ئاده‌م یه‌ک حه‌واو. حه‌واش یه‌ک ئاده‌می هه‌بوو. و ئه‌سڵه‌ن مرۆڤی تر له‌بووندا جگه له‌وان نه‌بوون. ئه‌وان له‌جۆری خۆیان تاک و ته‌نیابوون. بۆیه ئه‌وکات نه دڵپیسی هه‌بوو، نه ئیره‌یی و نه کێشه‌و ململانێ له‌بن نه‌هاتووه‌کانی تر. به‌ڵام ئه‌وان زاوزێیان کرد‌و بێ ژمار نێرومێیان لێ که‌وته‌وه. له‌وکاته‌وه تا ئه‌مڕۆ، هه‌رئاده‌مه به‌دوای حه‌وایه‌ک و هه‌ر حه‌وایه‌ش به‌دوای ئاده‌مێکدا ده‌گه‌ڕێت… ئه‌وانه‌ی یه‌کتر ده‌بیننه‌وه زۆرکه‌من و که‌متریش وا هه‌یه به‌خۆیان بزانن که یه‌کرتریان دیتۆته‌وه.
له‌به‌هه‌شت دره‌ختێک هه‌بوو که خواردنی میوه‌که‌ی قه‌ده‌غه بوو، پاشان نه‌وه‌کانی ئاده‌م و حه‌وا له‌یه‌کتر وه‌ها نامۆبوون که گه‌یشتنه ئاستی له‌یه‌کتر حه‌رامبوون. جێگای ئه‌و میوه قه‌ده‌غه‌کراوه‌یان گرته‌وه..
هه‌ر ئه‌مه‌شه که خالید ڕه‌سولپور له‌دیمه‌نه‌کانی دواتری ئه‌م چیرۆکه‌دا به خواردنی سێ‌و وه‌بیرمان دێنێته‌وه. له‌و ئه‌فسانه‌یدا خوا خواردنی میوه‌ی سێوی له‌وان حه‌رامکرد به‌ڵام حه‌وا به‌هاندانی ئاده‌م بۆخواردنی ئه‌و میوه‌یه له فه‌رمانی خوا یاخی ده‌بێت و ده‌که‌وێته داوی شه‌یتان که هه‌ڵپه‌ی حه‌زو ئاره‌زووه‌کانییه‌تی.
هه‌روا به‌پێی هه‌مان ئه‌فسانه‌ی ئاده‌م و حه‌وا، ژن بوونه‌وه‌رێکی گه‌وج، ناته‌واو، نه‌زان و پاشکه‌وتوویه. زوو فریو ده‌خوات. که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا توانای فریودانی پیاوی هه‌یه. له‌به‌هه‌شت حه‌وا شه‌یتان فریوی دا ئه‌ویش ئاده‌می فریوداو ئه‌م فریودانه تا ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌رده‌وامه. ئه‌وه‌تا، ژنه جگه له‌سێوخواردن شتێکی تر نازانێت و به‌هره‌یه‌کی تری لێ به‌دیار ناکه‌وێت. به‌ڵام ئه‌مه بۆ پیاو گرنگ نییه‌و ئه‌وه‌ی گرنگه ڕواڵه‌ته‌که‌یه‌تی. بۆیه قاره‌مانی چیرۆک هێشتا پێێ وایه له‌فریشته‌کانی به‌هه‌شته.
ناوی چیرۆکه‌که (ڕه‌نگه سێوێکی تر) ه که ئاماژه‌یه به دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕۆڵی سێ‌و وه‌ک سیمبۆلێک له ئه‌فسانه‌ی ئاده‌م و حه‌وادا. له‌وێدا حه‌وا به‌خواردنی سێوی حه‌رامکراو ئاده‌م هه‌ڵده‌فریوێنێ و دووچاری ده‌رکردن له‌به‌هه‌شت و سه‌رئه‌نجامیش سزای مه‌رگی ده‌کاته‌وه. لێره‌شدا ڕه‌نگه سێوێکی تر: واتای حه‌رامکردنێکی تر، فریودان و یاخیبوونێکی تر، و سزایه‌کی تریش بێت..
به‌ڵام له پرسی هه‌ڵفریواندندا کێ کێ هه‌ڵده‌فریوێنێ؟ دانه‌ری ئه‌فسانه‌ی ئاده‌م و حه‌وا که پیاوه، یان هه‌ڵگری ئایدیۆلۆژیای پیاوسالارییه ژن تۆمه‌تبارده‌کات. له‌م چیرۆکه‌داشدا گه‌رچی به‌ڕوونی دیارنییه‌و نووسه‌ر ده‌یخاته گومانه‌وه‌و و دیتنه‌وه‌ی وه‌ئه‌ستۆی خوێنه‌ردا ده‌دات. به‌ڵام واژه‌ی ڕه‌نگه ئه‌و ئیماگۆیه ده‌داته خوێنه‌ر که ئه‌مه‌ش هه‌روه‌ک سێوه‌که‌ی به‌هه‌شت و دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان تابلۆیه. ئه‌مه‌ش دووپاتکردنه‌وه‌ی دیدی پیاوی ئه‌مڕۆییه که بریتییه له تۆمه‌تبارکردنێکی پێشوه‌ختی ڕه‌گه‌زێک، له‌حاڵێکدا هه‌م نێر‌و هه‌م مێش وه‌ک یه‌ک ده‌توانن فریوده‌ر، یانیش فریودراو بن. چیرۆکه‌که‌ش هه‌ر به‌وجۆره کۆتایی دێت که ژنه‌که له‌گه‌ك ئه‌و ڕێبواره‌دا ده‌ڕوات که له نیوه‌ی ڕێگادا سواری ئوتوبووسه‌که بووه‌و هیچ دیار نییه که کێ کێی فریوداوه‌و یان چۆن ڕێکه‌وتوون و یه‌کتریان ڕازی کردووه.
له ناوه‌ڕاستی چیرۆکه‌که‌دا واتا له‌نێوان تابلۆکانی سه‌ره‌تاو کۆتاییدا بێژه‌ری چیرۆک خه‌وی لێده‌که‌وێت، و خه‌ون ده‌بینێت. خه‌ونێکی واقیعی که‌هه‌رکه‌س به‌تایبه‌تی له‌هه‌لومه‌رجێکی وه‌ک ناو ئوتوبوسدا که‌جۆره ڕاژاندنێکی تێدایه‌و هه‌رجۆره ده‌نگ، بۆن، ساردی و گه‌رمی ئامێته‌ی خه‌ون ده‌بن و ده‌بنه‌هۆی دروستکردنی تابلۆکانی خه‌ونێک. پاشان له‌خه‌ونیدا جارێکی تر خه‌ون ده‌بینێته‌وه و ئه‌مجار تووشی مۆته‌که ده‌بێت: کوشتنی که‌سێک، خوێن، تۆمه‌تبارکردن، سزادان، زیندان…که ئه‌مانه له‌خه‌ودا ئاسایین و هه‌رکه‌س ده‌کری له‌ناو هه‌لومه‌رجی نائاسایی ده‌ره‌وه‌و ئاڵۆزیی خه‌یاڵیدا.. خه‌ونی مۆته‌که‌دارو ئه‌زمونگه‌لێکی له‌مجۆره له ژیانیدا هه‌بن. به‌ڵام مه‌به‌ستی چیرۆک‌نووس چییه..؟ ئایا ئه‌و خه‌ونێکی ئاڵۆزی دیتوه‌و بۆ ئێمه‌ی ده‌گێڕێته‌وه..؟ نه‌خێر..! ئه‌گه‌ری شتێکی وا زۆرکه‌مه. به‌ڵکو ئامانجی گه‌یاندنی په‌یامێکه که به‌م شێوازه ده‌یگه‌یه‌نێت. په‌یامه‌که‌ش گرێدانی ئه‌فسانه‌و واقیع، مه‌رگ و ژیان، خه‌وو بێداریی، تاوان و سزا، باشی خراپی… پێکه‌وه.
مۆته‌که‌و ڕووداوه‌کانی ناو خه‌ون، زۆربه‌یان دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕووداوه به‌ئازاره‌کانی ژیانن. مه‌رگ و نه‌خۆشی، پیریی و ئێش و ئازاره‌کانی تر.. سزای خواردنی میوه‌ی یاساغی به‌هه‌شتن بۆ ئاده‌م و ته‌واوی به‌ره‌ی ئاده‌میزاد. و به‌درێژایی دیرۆک یاساغکارییه‌کان هێنده زۆربوون که نیرومێ له‌یه‌کیر بوونه گه‌وره‌ترین یاساغ. هه‌ربۆیه‌ش ماهییه‌تی خانمی ناو ئه‌م چیرۆکه‌ش له‌ناو چه‌مکی سێودا ده‌توێته‌وه. و قاره‌مانی چیرۆکیش که نوێنه‌رایه‌تی پیاوده‌کات، خه‌ون به‌به‌هه‌شتێکه‌وه ده‌بینێت. به‌ڵام جارێکی تر پاڵ به‌هه‌مان دره‌ختی سێ‌و ده‌داته‌وه‌و فریشته بچوکه‌کانی ئه‌وێ که به‌پێی ئه‌فسانه‌و خه‌یاڵی پیاو هه‌موو له‌ڕه‌گه‌زی مێینه‌ن ختوکه‌ی ده‌دن و لایلایه‌ی بۆده‌که‌ن. سێ‌و،و جه‌سته‌ی مێینه‌ی لێ تێکه‌ڵ به‌یه‌کتر ده‌بێت. له‌به‌هه‌شت سێ‌و میوه‌ی حه‌رامکراو. و لێره‌ش جه‌سته‌ی مێینه. و له‌وێش له ده‌ست مه‌کرو جادووگه‌ریی که لێره‌دا سیمبۆله‌که‌ی پشیله‌و چڕه‌دووکه‌ڵه ڕزگاری نابێت.
له‌یه‌کێک له تابلۆکانی خه‌ونه‌که‌دا بێژه‌ر (چیرۆک‌نووس) باس له لاقی ناوه‌ڕاستی خۆی ده‌کات. که ئه‌میش هێمایه بۆ ئه‌ندامی سێکسی پیاو، ئه‌و لاقه‌ش به بێ پێڵاوه، واتا بێ به‌شه له‌ئه‌ندامی سێکسی ژن.. تابلۆکه هه‌مووی ده‌ربڕینی موعاناتێکی سروشتی پیاوه‌و ڕه‌نگه هی ژنیش بێت.
نووسه‌ر له‌کۆتایی چیرۆکه‌که‌یدا، به پێچه‌وانه‌ی کۆتاییهێنانێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر، یان گه‌یشتن به لوتکه ئاسا، خوێنه‌ر سارد ده‌کاته‌وه به‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و کێشه‌وبه‌ره‌یه له‌خه‌ون و مۆته‌که‌ی خه‌ون به‌ولاوه شتێکی تر نه‌بوون. به‌ڵام خوێنه‌ری به‌سه‌لیقه‌و زیره‌ک زوو، یان به‌که‌مێک زه‌حمه‌ته‌وه بۆی ده‌رده‌که‌وێت. که چیرۆکه‌که ته‌نیا خه‌ون و مۆته‌که دیتن و گێڕانه‌وه‌یان نه‌بووه. باس له‌مۆته‌که‌ی خه‌و هه‌وڵێکی خۆده‌ربازکردنه له مۆته‌که‌ی ژیان. و گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونی ناو ئوتوبوسێکیش به‌شێکه له‌خه‌ونی ژیان. ئاخر مه‌گه‌ر کێ ده‌ڵێت که ژیانیش بۆ خۆی هه‌ر خه‌ونێک نییه، به‌ڵام پرسیارێک که صۆم وه‌ڵامه‌که‌ی نازانم ئه‌مه‌یه: ئه‌گه‌ر ژیان خه‌ون بێت ئه‌ی بێدارییه‌که کامه‌یه..؟9/2/2009