![هاوسۆزییه‌ک: بۆ کاک ئه‌مجه‌د شاکه‌لی… هاوسۆزییه‌ک: بۆ کاک ئه‌مجه‌د شاکه‌لی…](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/hakimKakawais_735609157.jpg)
هاوسۆزییه‌ک: بۆ کاک ئه‌مجه‌د شاکه‌لی…
هاوسۆزییه‌ک: بۆ کاک ئه‌مجه‌د شاکه‌لی…
حه‌کیم کاکه‌وه‌یس
پشیله‌که‌ی ماڵی بووش تۆپی. ئه‌وه ڕسته‌یه‌کی خه‌به‌رییه و لای ماڵباتی بووش خه‌مناکه و له لای من هیچ! پشیله‌یه و وه‌ک هه‌زاران پشیله‌ی تر، مادام هاتۆته دنیاوه ده‌بێ لێشی ده‌ربچێ و بتۆپێ. ده‌زانم تۆپین نه‌ختێ سووکایه‌تییه بۆ گیاندار، به‌ڵام ده‌ڵیم "تۆپی" چونکه وا ڕاهاتووم بۆ مردنی هه‌ر ئاژه‌ڵێک که گۆشتی نه‌خورێ، بڵێم تۆپی و ئه‌وه‌ی گۆشتیشی بخورێ و چه‌قۆی پێڕا نه‌گا، مرداره و گۆشتی حه‌رامه. که‌ر و هێستر چی بکه‌ن من تۆپێنیان بۆ به‌کار دێنم؟ ئه‌وه منی مر‌ۆڤم بڕیار ده‌ده‌م چی ده‌تۆپێ و چی ده‌مرێ، چی پیرۆزه و چی پیرۆز نییه. منیش، هه‌ندێ یاسام بۆ ئه‌و ناونانه، له ئاسمانه‌وه بۆ هاتوون و هه‌ندێکیش هی نه‌ریتن و هه‌ندێکیش له خۆڕا دروست بووه. چۆن له ده‌ست ئه‌و یاسایانه ده‌رباز بم؟ ده‌رباز نابم ئه‌گه‌ر خۆم نه‌خه‌مه به‌ختی هه‌ندێ یاسای تره‌وه: یاساکانی ئاژه‌ڵدۆستی، ژندۆستی، سروشتدۆستی… مه‌سه‌له چاکی یا خراپی ئه‌و یاسایانه نییه. منی تاکه مرۆڤێک به هه‌زار زنجیری نه‌ریت و ئاین و بۆماوه‌ی ده‌روونی و بایۆلۆژییه‌وه به‌ستراومه‌ته‌وه و له ناو بازنه‌یه‌کدام، ئه‌گه‌ر ده‌ریشم بێنن، به په‌له‌پڕووزێ خۆمی تێ ده‌خزێنمه‌وه. به بێ ئه‌و یاسایانه هه‌ڵناکه‌م و که‌س نه‌بێ یاسا و سنوورم بۆ دانێ، خۆم بۆ خۆمی داده‌نێم. حوسێن غه‌دری لێ کراوه. دوێنێ ئه‌و غه‌دره‌ی لێ کرابێ یا به‌ر له هه‌زار ساڵ، خوێنی حوسێن وشک نابێته‌وه. نه‌وه‌کانی یه‌زید چی بکه‌ن ئه‌گه‌ر من وا بیر بکه‌مه‌وه و له‌و خوێنه خۆش نه‌بم؟ شیعه و سوننه چی بکه‌ن تا خوێنی حوسێن ئه‌وه‌نده نه‌هێنێ ئێستاش شه‌ڕی له سه‌ر بکه‌ن؟. سوننه‌کان، له‌م لایه‌نه‌وه نه‌ختێ زۆرزانن و هه‌م کوژراو به شه‌هید داده‌نێن هه‌م بکوژ به غه‌زاکه‌ر! فه‌لسه‌فه‌یه‌کی باشه! وه‌ک ئاگره‌که‌ی ئیبراهیم، هه‌م ئاگره و هه‌م سارده.
له ململانێی حیزبه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ی خۆماندا، کێشه‌که ئه‌مه‌یه: ئه‌وه‌ی لای ئه‌م پیرۆزه، لای ئه‌و مه‌لعوونه. ئه‌وه‌ی لای ئه‌و پیرۆزه، لای ئه‌م مه‌لعوونه. ته‌نها ئه‌و مه‌لعوونییه لابه‌رن، کێشه‌یان نامێنێ. به‌ڵام هه‌ردوو لایان، بوونیان له سه‌ر ئه‌و نه‌فره‌ته‌یه که له پیرۆزیی یه‌کتری ده‌که‌ن. ئه‌و نه‌فره‌ته ئه‌وه‌نده ڕه‌گداکوتاوه، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ببنه شه‌ریکه‌دزیش، لاینابه‌ن!! وه‌ک ئه‌وه‌یه دوو دین هه‌بن، یه‌کێکان خوا به خوا بزانێ و شه‌یتان به شه‌یتان، ئه‌وی تر شه‌یتان به خوا بزانێ و خواش به شه‌یتان! ئاخر ئه‌م دووه چۆن پێکده‌گه‌ن و چۆن له یه‌کتر تێده‌گه‌ن و چۆن به یه‌که‌وه هه‌ڵده‌که‌ن؟!
موسوڵمانه‌کانی هندستان و هیندۆسه‌کان چی بکه‌ن تا کێشه‌یان نه‌بێ؟. خوایه‌ک مانگای له لای هندۆسه‌کان پیرۆز کردووه و خوایه‌ک گۆشتی مانگای له لای موسوڵمانه‌کان حه‌ڵاڵ کردووه. به لای موسوڵمانه‌کانه‌وه ئاساییه پیوی گا بۆ چه‌ورکردنی هه‌ر شتێک به‌کار بێنن، به تفه‌نگیشه‌وه. ئه‌وه به لای هیندۆسه‌کانه‌وه کفره و ده‌بێته شه‌ڕیان. هیندۆس و موسوڵمان هه‌ر له سه‌ر ئه‌و چه‌وری و گۆشته، هه‌زارانیان له یه‌کتر کوشتووه. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، مادام مانگا لای هیندۆس پیرۆزه، موسوڵمان جگه له‌وه‌ی گۆشتی ده‌خوا و پیوه‌که‌ی به‌کار دێنێ، له ڕقی ئه‌وان سووکایه‌تیشی پێ ده‌کا. هندۆس چ ده‌که‌ن با بیکه‌ن!. کێشه‌که ئه‌وه نییه مانگا لای هندۆسه‌کان پیرۆزه، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه که له لای موسوڵمانه‌کان پیرۆز نییه. ئێمه چۆن بڕیار ده‌ده‌ین فه‌له‌ستینیه‌کان شایانی کوشتنن یا نا؟ بۆجی هه‌ر یه‌که‌مان به جۆرێ بڕیار ده‌دا و ناتوانین یه‌ک بڕیاریان له‌باره‌وه بده‌ین؟ جووله‌که، بڕیار ده‌دا کوشتنی فه‌له‌ستینی ڕه‌وایه و عاره‌ب و موسوڵمان بڕیار ده‌ده‌ن ناڕه‌وایه؟ ئه‌م جیاوازییه له کوێوه دێ؟! ئایه ڕاسته لایه‌کیان غه‌در ده‌کا و ئه‌وی دی نایکا؟ ئه‌وه‌ی ئێستا غه‌دری لێ ده‌کرێ، ده‌ستی بڕوا غه‌در ناکا، یا کاتێ ده‌ستی ڕۆیشتبێ غه‌دری نه‌کردووه؟ ئه‌دی جوو که‌میان غه‌در لێ‌کرا وا ئێستا غه‌در ده‌که‌ن؟ فه‌له‌ستینیه‌کان له بن زه‌بری جووله‌که ده‌ناڵێنن، که‌چی یه‌ک تۆز ده‌رفه‌تیان هه‌بێ غه‌درێ ده‌که‌ن مێژوو نه‌یدیبێ. جووه‌کان داستانیان له سه‌ر غه‌دری فه‌له‌ستینییه‌کان هه‌یه. چه‌ندین داستانیان له سه‌ر ئه‌و غه‌درانه هه‌یه که‌لێیان کراون. که‌چی وا داستانی غه‌در به‌رهه‌م دێنن!
ئێمه، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌ک ئه‌و هۆشه په‌ره‌سه‌ندووه له مرۆ نه‌سێنینه‌وه، لێی تێناگه‌ین، چونکه ئه‌وه عه‌قڵ نییه که‌تن و غه‌دری پێ ده‌کا، به‌ڵکو هه‌سته شاراوه‌کانێتی… لایه‌نی نائاگاییه فه‌رمانی ده‌داتێ. ئه‌وه ترس و نامۆییه له‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی جغزی خۆیدان که‌تنی پێ ده‌که‌ن… به‌رگریکردنه له خۆ.
ته‌ماشای بڕبڕه‌دار و شیرده‌ر و هاوسه‌رچاوه‌کانی مرۆڤ بکه‌ین، ده‌بینین بۆ دابینکردنی زۆرترین ژماره‌ی مێینه و زۆرترین ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵات و زۆرترین گیانه‌وه‌ری ڕاو، ئه‌و غه‌دره‌یان له ناودا هه‌یه و له یه‌کتری ده‌که‌ن. که‌ڵ کاتێ ده‌بێته سه‌رقافڵه و سه‌رگه‌وره، هه‌موو که‌ڵه‌کانی تر ببه‌زێنێ. عه‌قڵ به‌شێر ناڵێ یه‌ک ئاسک بخۆ و ده‌ستبه‌ردار به و پاڵ بکه‌وه، به‌ڵکو غه‌ریزه و پێکهاته‌ی بایۆلۆژی و سروشت ئه‌وه‌ی پێ ده‌که‌ن. گورگ یه‌ک مه‌ڕی لێ زیاده، به‌ڵام مێگه‌لێک له‌توپه‌ت ده‌کا. ئه‌مه‌شیان غه‌ریزه‌ی زه‌خیره‌خستنه‌وه‌یه بۆ سبه‌ینێ و ڕۆژانی تر. له هه‌مان کاتدا، بۆ گۆشتخۆره بچووکه‌کانیش ده‌ستکه‌وته. گورگ ئه‌و کاره نه‌کا، زۆر گیانله‌به‌ری گۆشتخۆری ده‌ستوپێ سپی له‌ناوده‌چن. ئه‌گه‌ر سمۆره گوێز له بن خاک‌دا نه‌شارێته‌وه و دوایی جێیه‌که‌ی له‌بیر نه‌کا، گوێز به زه‌حمه‌ته‌وه زیاد ده‌کا.
ماڵباتی جۆرج بووش، بۆ پشیله‌که‌ی خۆیان پرسه‌یان هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێ چه‌ند پشیله‌یان له به‌غدا کوشتبێ! جیاوازییه‌که ئه‌وه‌یه، پشیله‌ی یه‌که‌م هی خۆیانه و پشیله‌کانی تر هی خۆیان نین. ئه‌گه‌ر بووش له به‌ر خاتری پشیله‌کانی عیراق ده‌ستی پاراستبا، ده‌بووه هه‌را: ئه‌و کابرایه پشیله په‌رسته! ئه‌گه‌ر ده‌ستیشی له کوشتنی مرۆ بپاراستبا، نه‌ده‌بووه ئه‌و بووشه. که‌واته سۆز و دڕنده‌یی له بووشدا هه‌ن. نه‌ک وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا، به‌ڵکو وه‌ک مرۆڤ… وه‌ک که‌ڵه‌گایه‌ک که نێره‌کانی تر ده‌به‌زێنێ.
ئه‌رێ که‌س هه‌یه هێنده‌ی جوو غه‌دری لێ کرابێ؟! که په‌تایه‌کی وه‌کو تاعوون له ئه‌وروپادا بڵاو ده‌بووه‌وه، ده‌یانگوت له ڕێی مشک و جووله‌که‌وه بڵاو ده‌بێته‌وه: مشک دروستی ده‌کا و جوو بڵاوی ده‌کاته‌وه. هه‌ردووکیشیان به ترسنۆک ناویان ده‌رچوبوو. ڕاوی مشک و جووله‌که‌یان ده‌کرد و ده‌یانسوتاندن. خۆ هێشتا بابی هیتله‌ریش له‌دایک نه‌ببوو ئه‌وه‌یان به جوو ده‌کرد. هیتله‌ر ئه‌و ڕاوه‌ی گه‌یانده چڵه‌پۆپه. گوتی: ئه‌مانه شه‌یتان له جه‌سته‌یاندا هه‌یه و کیژه‌کانمان هه‌ڵده‌خڕێنن تا منداڵیان لێ بخه‌نه‌وه و خوێنمان پیس بکه‌ن و نه‌وه‌کانی داهاتوومان قژیان زه‌رد نه‌بێ! جوو، چی‌یان له شکسپیر کردبوو سوکایه‌تی پێ ده‌کردن؟ هیچ! ته‌نها ناویان زڕا بوو.
نازانم کێ گوتوویه‌تی: شێر له‌و کۆمه‌ڵه ئاژه‌ڵه پێک دێ که ده‌یانخوا. واته، هه‌ندێ ئاسک و چه‌ند که‌روێشکێک و هه‌ندێ مه‌ڕ، که که‌وتوونه‌ته ناو ورگی شێره‌وه، بوون به شێر. چۆنه بڵێین: چاره‌نووسی ئه‌م مه‌ڕه ئه‌وه‌یه ببێته گورگ؟ چاره‌نووسی ئه‌و به‌رخه و ئه‌و کودییه و ئه‌و باینجانه ئه‌وه‌یه ببنه جاش یا باش؟! سووڕانه‌وه‌ی سروشت و یه‌کترخواردن بۆ خزمه‌تی سروشته و ده‌بێ غه‌ددار و غه‌درلێکراو هه‌بن و به‌رده‌وامی سروشت باجی خۆی ده‌وێ. من ده‌مردم، به‌ڵام نابڕێمه‌وه. ده‌بمه خۆراکی ڕووه‌ک و ڕووه‌ک ده‌بێته خۆراکی ئاژه‌ڵێک و ئاژه‌ڵه‌که ده‌بێته خۆراکی ده پانزه نه‌وه‌ی دوای خۆم. هه‌رچی ئاسن و فۆسفۆر و مادده‌یه‌کی کیمیاوی تر له جه‌سته‌مدا هه‌یه، له خاکم خواستوونه‌ته‌وه و خاک پێی ده‌وێن و خاکیش بۆ نه‌وه‌کانی دواتر ژیانه. که‌واته مردنم بۆ نه‌وه‌کانی دوای خۆم پێویسته. مرۆ جگه له‌وه‌ی کارگه‌ی په‌ین بێ بۆ سروشت هیچی تر نییه. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی دروست ده‌بێ په‌ین دروست ده‌کا تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌مرێ. ئه‌وجا، بۆ دواجار، به‌خۆشی ده‌بێته په‌ین. ئه‌وه ئه‌رکێتی و ناشتوانێ ئه‌نجامی نه‌دا.
پێم وایه (ئه‌حمه‌د ئه‌مین)ه که ده‌ڵێ: "من ئه‌نجامی باوک و دایک و باپیر و نه‌نکه‌کانی خۆمم. باری ده‌روونیش وه‌ک باری جه‌سته‌یی له‌وانه‌وه ده‌مێنێ. شتێ ڕوو نادا ئه‌گه‌ر کاریگه‌ری له سه‌ر ده‌روونمان نه‌بێ و ڕۆژێ له ڕۆژان له هه‌ڵوێستێکدا کارێکمان پێ ئه‌نجام نه‌دا… باش یا خراپ". ئێمه‌ی مرۆڤیش گوناحین. وه‌ک به‌رخ گوناحین. وه‌ک پشیله‌که‌ی ماڵی بووش. وه‌ک فه‌له‌ستینییه‌کان و وه‌ک کورد گوناحین. من تاقه‌تم نییه گاڵته‌شم به پشیله‌که‌ی بووش بێ. ئه‌ویش تاقه‌تی نییه ناوی من بژنه‌وێ. ئه‌وان پرسه‌ی بۆ داده‌نێن و له هه‌ندێ جێی جیهاندا ده‌ستیان بکه‌وێ ده‌یخۆن. ئه‌م گاڵته‌جاڕییه‌ی به‌شه‌ر چییه؟! که‌س نییه له جیهاندا قسه بداته به‌ر قسه‌ی بووش، به‌ڵام بووش، ناتوانێ ڕۆژی میقدارێ په‌ین بۆ زه‌وی دانه‌نێ و ناتوانێ له ئه‌نجامدا نه‌بێته په‌ین.
به‌زه‌ییم به پشیله‌دا نایێ چونکه پشیله به‌زه‌ییان به نه‌جمه‌دین مه‌لادا نه‌هاته‌وه و خواردیان. ده‌ستیانکه‌وم منیش ده‌خۆن. یا له به‌ر هۆیه‌کی تر به‌زه‌ییم به پشیله‌دا نایه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی تاقیبی کوشتنیشیان ناکه‌م و بۆ سروشت به پێویستیان ده‌زانم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌وه ده‌گه‌م کاک ئه‌مجه‌د به‌زه‌یی به هه‌موو گیاندارێکدا دێته‌وه و زه‌ره‌ر به هیجیان ناگه‌یه‌نێ. ئه‌ویش له هه‌ناوی خاکێک که‌وتۆته‌وه و زادی فکریی جۆرێکه ئاوها بێ. کاک ئه‌مجه‌د له‌خۆڕا ئه‌و بۆچوونانه‌ی له لا دروست نه‌بوونه. ئاخر بۆ ده‌بێ خه‌م له‌وه بخوا که بووش خه‌ڵک ده‌کوژێ و پرسه بۆ پشیله‌ش داده‌نێ. چی تێدایه که‌سێک تانک بفرۆشێ و بۆینباغ بکڕێ؟ ئاخر پاره‌ی تانک نه‌بێ، بۆینباغ به چی بکڕێ و ئه‌و پشیله‌یه به چی نازدار بێ؟! ئه‌و، ئاوها ته‌ماشای فرۆشتنی تانک ده‌کا و ئێمه به جۆرێکی تر ته‌ماشای ده‌که‌ین. جیاوازی ئێمه و بووش ئه‌وه‌یه، ئه‌و بۆ خۆی و وڵاتی خۆی ده‌ژێ و هه‌موو شتێ بۆ خۆی و وڵاتی خۆی و پشیله‌ی خۆی به ڕه‌وا ده‌زانێ، به‌ڵام ئێمه، بێ ئه‌وه‌ی سوودێکمان بۆ غه‌ززه و پشیله و کووبا و لوبنان و نازانم کوێ هه‌بێ، بۆیان ده‌ژێین و ده‌ستکه‌وتیشمان هه‌ر ئه‌وه ده‌بێ خۆمان و وڵات و پشیله‌ی خۆمان له‌بیر نه‌بێ، ئه‌وانه‌ی بۆشیان ده‌ژێین، ئاگایان له بوونمان نییه، جا چ پشیله و چ غه‌ززه و چ سۆمال! هه‌ر کاتێ وه‌ک بووش توانیمان دنیا بکه‌ینه قوربانی پشیله نازداره‌که‌مان، هه‌مو جیهان ده‌مانناسێ و له غه‌ززه‌ش حیسابمان بۆ ده‌کرێ و گوێ له ڕاگه‌یاندنمان ده‌گیرێ.
سه‌رانی کورد، هه‌موو کورد ده‌که‌نه قوربانی بێگانه‌یه‌ک. له کاتێکدا خه‌ڵکی کورد هه‌ن شه‌وگاری زستان به هه‌ڵله‌رزین به سه‌ر ده‌به‌ن، مێوانی کوردکوژ، له ئوتێله پێنج ئه‌ستێره‌کانی کورددا ده‌ژین و ئه‌وپه‌ڕی خزمه‌تیان ده‌کرێ. به‌رانبه‌ر ئه‌وه، بووش دنیا ده‌سووتێنێ تا خزمه‌تی پشیله‌که‌ی خۆی بکا. تا وابین، که‌س حیسابی فلسێکمان بۆ ناکا. جا بۆ بییکه‌ن؟
فه‌له‌ستینی بۆچی گوناحن؟ ئایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جوانن یا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی موسوڵمانن یا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عاره‌بن؟ نا، له به‌ر ئه‌وانه نا، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤن. که‌واته هاوسۆزیمان بۆ مرۆڤ هه‌یه. ئایه هه‌موو مرۆڤێک ئه‌و هاوسۆزییه‌ی به‌رانبه‌ر مرۆڤی تر هه‌یه؟ نه‌خێر! که‌واته عه‌شقی من بۆ فه‌له‌ستینی یا جووله‌که یا سۆمال، ده‌بێته عه‌شقی یه‌کته‌ره‌فه. ئه‌وان له حاڵه‌تی به‌شه‌ربوونی ئێمه‌دا باکیان نییه. که‌چی ئیمه بۆ ئازاری به‌شه‌رییان ده‌بینه چه‌ندین ده‌سته‌وه. ئه‌گه‌ر به‌رانبه‌ر ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی به سه‌رماندا دێ بێمبالات بن، یا لایه‌نه به‌شه‌رییه‌که‌یان لاوازه، یا مرۆڤ خۆی هاوسۆزیی بۆ یه‌کتر نییه و ئه‌وه‌ی باسی ده‌که‌ین ده‌ستکردێکی ناسروشتییه. وه‌ک چۆن پشیله په‌کێ به‌وه ناکه‌وێ کورد یا فه‌له‌ستینی چی به‌سه‌ردا دێ، ئه‌وانیش په‌کیان پێ ناکه‌وێ چیمان به سه‌ردا دێ. ئێمه‌ش بۆ ئه‌وان واین یا داش به داش یا چی؟ ته‌نها یه‌ک ده‌روازه‌ی ده‌رچوون له‌م کێشه‌یه‌دا، له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو یاساکانی ئه‌رز و ئاسماندا ده‌بینم، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه که ده‌سته‌یه‌ک مرۆڤ ڕقیان به‌رانبه‌ر ده‌سته‌یه‌کی تر هه‌یه نه‌ک سۆز. واته له ڕقی بووش، یا له ڕقی جوو لایه‌نگری فه‌له‌ستینم، نه‌ک له خۆشه‌ویستی فه‌له‌ستینییه‌کان و هاوسۆزیم بۆی.