مێدیای كوردی و واقیعی خه‌ڵكی كوردستان ….ئیبراهیم مه‌لازاده
مێدیای كوردی و واقیعی خه‌ڵكی كوردستان *
ئیبراهیم مه‌لازاده
له ساڵیادی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه كوردییه‌كاندا، به‌تایبه‌تیش كوردستانی نوێ و كوردسات، ئه‌و هه‌ڵه به ده‌رفه‌ت ده‌زانم له دووڕیانێكی تره‌وه، له دوڕیانێكی زانستیه‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ میدیا بكه‌م به شێوه‌یه‌كی گشتی. بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه تێبگه‌ین داخۆ میدیا چۆن كار ده‌كات؟ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟ كاریگه‌ریه‌كانی چین و له‌سه‌ر كێن؟
ژان بۆدریارد "Jean Baudrillard"، یه‌كێكه له فه‌یله‌سوف و سۆسیۆلۆگه ناوداره‌كانی فه‌ره‌نسا و شان به‌شانی دۆلۆز و مێشێل فۆكۆ و دورێدا حیسابی بۆ ده‌كرێت. ئه‌و به خاوه‌نی تیۆری تایبه‌ت به خۆی و سۆسیۆلۆگێكی ڕخنه‌گر ناسراوه به‌تایبه‌تیش له ته‌كنۆلۆژیای كۆمۆنیكێیشندا و باس له كاریگه‌ریه‌كانی پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیا ده‌كات له‌سه‌ر گۆڕانی كۆمه‌ڵگادا. ئه‌و له كتێبی "هه‌واڵگریی شه‌ڕدا" باس له هایپهرڕیالیتی "hyperreality" ده‌كات. هایپه‌ر "hyper" پێشگرێكه به مانای ئێجگار یا له ئه‌ندازه به‌ده‌ر، به‌و مانایه‌ش بێت هایپهرڕیالیتی واته واقیعێتی له ئه‌ندازه به‌ده‌ر. چه‌مكی هایپهرڕیالیتی به‌وه پێناسه ده‌كرێت كه هوشیاری توانای له‌یه‌كتر جیاكردنه‌وه‌ی نێوان واقیع و فه‌نتازیای نامێنێت و ده‌ست به مامه‌ڵه‌كردن ده‌كات له‌گه‌ڵ فه‌نتازیا به‌بێ ئه‌وه‌ی لێی تێبگات، به‌تایبه‌تیش له ته‌كنۆلۆژیای پێشكه‌وتووی كولتوری پۆستمۆدێرنه‌دا.
لێره‌دا "ژان بۆدریارد" دێت هایپهرڕیالیتی وه‌كو كۆنسێپتێك ده‌كاته چوارچێوه‌یه‌ك بۆ ڕۆڵی میدیا له كۆمه‌ڵگادا. ئه‌و لێره‌دا مه‌به‌ستی ئه‌وه نیه بڵێت جیهان بۆته ناواقیعی، به‌ڵكو هایپهرڕیالیتی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایێكی خێراتر و فراوانتر دروست بكات، ده‌ست به كۆكردنه‌وه‌ی واقیعه‌كان ده‌كات و بۆ یه‌كیان ده‌هێنێته‌وه و ده‌یانخاته یه‌ك وێنه‌ی داخراوه‌وه. تا لهئاكامداكۆمهڵگا زیاتر به‌ره‌و نائارامی و ناسه‌قامگیری ببات، كه ترسی به‌سه‌ردا زاڵ ببێت. لێره‌دا هایپهرڕیالیتی چیتر كۆنسێپتێك نیه بۆ ئه‌وه‌ی كه میدیا ته‌نها په‌نجه‌ره‌یه‌ك بێت به‌ره‌و ڕووی كۆمه‌ڵگا و جیهانه‌وه، به‌ڵكو ده‌بێته به‌شێك له واقیع، بۆیه ده‌توانێت كاریگه‌ریه‌كانی خۆی ڕاسته‌وخۆ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه دروست بكات.
ئه‌وه‌ی له هایپهرڕیالیتیدا ده‌خوێندرێته‌وه، توانای ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه بۆ گۆڕان و بردنی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ی كه ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن خۆیان ده‌یانه‌وێت، بۆ دروستكردنی ڕای گشتی له‌سه‌ر هه‌ر كێشه‌یه‌ك له كێشه‌كان، بۆ جۆشدانی جه‌ماوه‌ر به‌ره‌و ئامانجێك له ئامانجه‌كانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی كه له پشت ئه‌و ئامرازانهوهیه. به‌و مانایه‌ی كه ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن توانایێكی ڕیشه‌یی و باڵایان هه‌یه له فلته‌ر كردن و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی ڕووداوێكی ڕاسته‌قینه. بۆنمونه ماگدۆناڵد به لۆگۆی "M" و چه‌ماوه‌كه‌ی، جیهانێكی داهێناوه، به‌ڵێن به‌خه‌ڵك ده‌دات ئه‌گه‌ر خواردنه‌كه‌ی ئه‌وان بخۆی پاره‌كه‌ی تۆش كۆتایی پێنایه‌ت، وه‌كو هێمایه‌ك بۆ هه‌رزانی و باشی خواردنه‌كه‌یان، به‌ڵام له ڕاستیدا نه پیتی "M" شتێكه و نه خواردنه‌كه‌ی ئه‌وانیش نموونه‌ییه و نه كۆتاییشی پێدێت.
بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له هایپهرڕیالیتی ناچار ده‌بم بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر واقیعی كۆمه‌ڵگا و جۆر و قه‌باره‌ی پێكهاته‌كان، تێگه‌یشتن له هه‌یمه‌نه‌داره‌كان و ههیمهنهلهسهركراوهكان، تێگه‌یشتن له‌و لایه‌نانه‌ی ده‌زگاكانی میدیایان به‌ده‌سته‌وه‌یه، پێكهاته ئابوورییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه و كاراییان له‌سه‌ر ده‌زگاكانی میدیا و بهكۆنسۆمهركردنی تاكه‌كان. له‌هه‌مووش گرنگتر به‌تایبه‌تیش له‌واقیعێكی وه‌كو باشووری كوردستاندا ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵگا و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ئاست كێشه‌كانیان و ئه‌ركی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندندا.
زێده‌ڕۆیی نیه ئه‌گه‌ر بڵێم كورد یه‌كێكه له‌و میلله‌تانه‌ی درێژترین خه‌باتیان بۆ ئازادی و ڕزگاری كردووه و ده‌یكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڵ و مه‌رجانه‌ی كه له ڕابردوو و ئێستاشدا تێی كه‌وتووه كه گرنگترینیان له‌ده‌ستدانی خاوه‌ندارێتی خۆیه‌تی له‌سه‌ر خۆی وه‌كو پێكهاته و له‌سه‌ر نیشتمانه‌كه‌شی، بۆیه واقیعێكی ئاوا كاری كردۆته سه‌ر له‌ده‌ستدانی جڵه‌وی ده‌ستپێشخه‌ریكردن و دیتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی وه‌كو كه هه‌ن نه‌ك وه‌كو كه قه‌واره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ویستویانه و دیانه‌وێت. ئه‌م خواسته ئاڵۆز و بارگاوی و ناته‌ندروست و كارتكێراوهی كه قه‌واره سیاسیه‌كانی كورد هه‌ڵیان گرتووه، به‌شێوه‌یه‌كی ناهۆشیارانهش له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی خۆیاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. لێره‌دا مه‌به‌ستم تاوانباركردن نیه و كاری منیش نیه، به‌ڵكو باسكردنی واقیعه وه‌كو خۆی، بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وان دروستكراوی زه‌مه‌نێكی درێژی ئه‌و واقیعه‌یه كه له كوردستاندا پێڕه‌وی لێ كراوه، یه‌كێك له ده‌ره‌نجامه‌كانیشی دروستكردنی ناهۆشیاری بووه، ناهۆشیاری به‌مانای "گێـلكردن". ئێستاش ئه‌م سیاسه‌ته له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه پێڕه‌وی لێده‌كرێت. تا ئێستاش قه‌واره سیاسیه‌كانی كورد له‌ئاستی كاراییه‌كانی داگیركه‌ردا نین، نه له‌ڕووی كردار و نه‌له‌ڕووی وتاریشدا. به‌و مانایه‌ی به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی كورد ناچێته ئه‌و ئاسته میتۆدیهی كه داگیركه‌ر كاری له‌سه‌ر ده‌كات. ده‌زگاكانی میدیاش له‌هه‌مان پێگه‌دا ده‌وه‌ستن به به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی میدیای سه‌رده‌سته‌كان.
داگیركه‌رانی كوردستان دروست توانیویانه هایپهرڕیالیتی له كوردستان پێڕه‌و بكه‌ن، له هه‌ر پارچه‌یه‌كیش به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز. كاریگه‌ری ڕاگه‌یاندنی سه‌رده‌می به‌عس وه‌كو ههیمهنهدارێك به‌سه‌ر هه‌موو گه‌وره و بچوكێكی واقیعی كورددا، تا ئه‌و چركه‌ساته‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر حه‌ز و خواسته‌كانی خه‌ڵكی كورد هه‌یه له باشووری كوردستاندا. بۆیه كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان له دانیشتنێكی په‌رله‌مانیی كراوه‌دا ده‌ڵێت "ئێمه خه‌تای خۆمان نیه كوردی نازانین" بێجگه له‌وه‌ی كه ڕاست ده‌كات، ڕێك ئه‌و واقیعه‌یه كه به‌عس دروستی كردبوو، ئه‌و واقیعه‌ی كه ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. مه‌به‌ستیش له كوردی نه‌زانیندا ته‌نها ڕیزكردنی وشه‌كان نین به ڕێزمانێكی ته‌واو و بێ هه‌ڵه، به‌ڵكو مانا و لێكدانه‌وه‌یه‌كی زۆر قوڵی هه‌یه و ڕوودهچێت بۆ ناخی ویست و كه‌سایه‌تی و ته‌نانه‌ت بوێریشهوه. ئه‌مه هه‌ر كه‌سایه‌تی سه‌رۆكی په‌رله‌مان نیه كه چۆته ژێر باری ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه پێڕه‌وی لێكراوه، به‌ڵكو گومان هه‌یه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌رپرسێكی سیاسی ئه‌مڕۆی كوردستان له‌و فه‌نتازیایه ڕزگاری بووبێت.
كێشه‌كه‌ش له‌وه‌دا نیه كه داگیركه‌ر توانیویه‌تی بۆ زه‌مه‌نێك واقیعی میلله‌تێك بگۆڕێت بۆ شتێكی تر و بڕوا به‌خه‌ڵك بكات كه ئه‌و شته‌ی ئه‌و هێناویه‌تی واقیعه، حه‌ز و خواسته‌كانی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كورد به‌خۆیه‌وه په‌یوه‌ست بكات و ته‌نانه‌ت سیاسیهتمهدارهكانیشی نه‌توانن بێی ئه‌و پێتهختانهی كه پلانی "گێلكردن"یان پێڕه‌و كردووه، بژین و لێی دووربكه‌ونه‌وه. به‌ڵكو كێشه‌كه له كۆتایی نه‌هاتنی ئه‌و "گێلكردن"ه دایه، له درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌و ناهۆشیاریه دایه كه ئێستاش له‌لایه‌ن خودی ده‌سته‌ڵاتی كوردیه‌وه پێڕه‌وی لێده‌كرێت، وه‌كو درێژبوونه‌وه‌ی هایپهرڕیالیتێی داگیركه‌ر. كێشه‌كه له‌وه دایه كه هاوڵاتیێكی كورد له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا پێی وابێت زمانی سه‌رده‌ست، زمانی زانست و ڕۆشنبیرییه و شه‌رمی به‌زمانی خۆی بێت.
فه‌یله‌سوفی كه‌نه‌دی مارشال ماكلۆهان له كتێبی "تێگه‌یشتن له میدیادا" ده‌ڵێت "میدیا په‌یامه". كه‌واته په‌یام یه‌كێكه له‌گرنگترین ئه‌ركه‌كانی میدیا. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و قالبانهی كه له واقیعی كوردستاندا دروستكراون و تا ئێستاش نه‌توانراوه ئه‌و قالبانه بشكێنرێن و هایپهرڕیالیتێی داگیركه‌ر هه‌لا بهههلا بكرێت، خودی ئه‌و په‌یامه‌ش به‌هه‌ڵه ده‌گه‌یه‌نرێت. من پێم وایه ئه‌مه وه‌كو ماتماتیك وایه و هه‌ڵه قبوڵ ناكات. عه‌قڵێكی دهقخوارد و له واقیعێكی بارگاوی وه‌كو كوردستاندا ئه‌سته‌مه بتوانێت بنه‌ما ڕاسته‌قینه‌كانی میدیا دابین بكات. كه یه‌كێكیش له‌و بنه‌ما گرنگانه ئازادی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنه و نهبهستنهوهیانه به په‌یامێكی لۆكاڵی و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی سنوورداردا. به‌ڵام لێره‌دا هه‌ر حیزب نیه كه په‌یامی سیاسی خۆی هه‌یه، به‌ڵكو خودی كۆمه‌ڵگا بارگاوی كراوه به سیاسه‌ت، له‌ژێر كارایی ئه‌و "گێلكردن"هشدا كه داگیركه‌ر پێڕه‌وی لێكردووه، هایپهرڕیالیتێی دروستكردووه، به‌مانای بچووك كردنه‌وه‌ی واقیع له‌یه‌ك وێنه‌دا، كه ئه‌ویش "گێلكردنه"، ده‌ره‌نجامه‌كانیشی ئێستا له‌به‌رچاون. هه‌ندێك جار له شێوه‌ی "سه‌رلێشێوانی سیاسی"دا ده‌یبینین.
ئێستا ئه‌و هایپهرڕیالیتێیهی كه ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی كوردی به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، هه‌ڵبه‌ت له ئاماده‌نه‌بوونی ستراتیژیه‌ت، جهختنهكردنهوه له‌سه‌ر مانا و گه‌ڕه‌لاوژێ له‌زماندا، نه‌بوونی ئازادی و پاشانیش غه‌شیمی و ناهۆشیاری كۆنترۆڵی پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاینیه‌كان، پاشكۆیی ده‌سته‌ڵات و ئازادنه‌بوونی له بڕیاردان و كاریگه‌ریی هۆكاره هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، هه‌موو ئه‌وانه وای كردووه ڕاگه‌یاندنی كوردستانی هێشتا نه‌گاته ئاستی ڕاگه‌یاندنی نه‌ته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكان و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.
دیموكراتیزه كردن و نوێبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاش به‌ده‌ر نیه له‌و هۆكارانه‌ی كه هایپهرڕیالیتێ دروستیان ده‌كات. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه بڕه‌خسێت بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ده‌توانن بگه‌نه ئه‌و ئاسته، ده‌توانن ڕای گشتی به‌ره‌و خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ببه‌ن كه گرنگترینیشیان له‌و قۆناغه‌دا ئازادی و دیموكراسی و خۆنوێكردنهوهن به‌مانا عهقڵانیهكهی. به‌ڵام هه‌ندێك گۆڕان زه‌مه‌ن و خواستێكی جیددیان ده‌وێت. تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان فێری كوردی ده‌بێت، زه‌مه‌نی ده‌وێت و كاركردنیشی ده‌وێت، به‌و مه‌رجه‌ی له‌مپه‌ره‌كان لاببرێن، یه‌كێكیش له‌و له‌مپه‌رانه ناهۆشیاری سیاسییه. ڕۆڵی میدیاش زوم خستنه سه‌ر ئه‌و ناهۆشیاریهیه، وه‌كو بنه‌مایێكی هه‌نوكه‌یی حه‌تمی.
به‌داخێكی زۆره‌وه تا ئێستاش له په‌رله‌مانی كوردستان زمانی یه‌كه‌م و كاریگه‌ر، زمانی گه‌لی سه‌رده‌سته، به‌تایبه‌تیش زمانی قانونه‌كان. قانوندانان به‌شێكی چاره‌نوسسازی ژیان و واقیعی ئێستا و داهاتووی كۆمه‌ڵگایه، په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به بنه‌ما شارستانی و دیموكراسی و عهقلانیهتهكانهوه هه‌یه، زمان یه‌كێكه له‌و بنه‌مایانه‌ی كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر شێوه‌ی ده‌ربڕین و هه‌ست و نه‌سته‌وه هه‌یه، كاتێك ته‌نێكی نامۆ به‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی هاوڵاتیدا ده‌كه‌وێت كارلێكی نێگه‌تیف دروست ده‌كات و درێژه به سیاسه‌تی "گێلكردن" ده‌دات. كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان كوردی نه‌زانێت كه نموونه‌ی ئێلیته و بژارده‌ی كۆمه‌ڵگایه و ده‌بێت له ڕه‌فتار و ئاكاره‌كانیدا پیشه‌نگی كۆمه‌ڵگا بێت، كه میدیا به‌شێوه‌یه‌كی كراوه ئه‌و واقیعه ده‌گوازێته‌وه و خۆی لێگێل ده‌كات و زومی ناخاته سه‌ر، له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی كه خۆلێلادانیان ئاسان نیه، شه‌رعیه‌تێك بۆ هاوڵاتی ئاسایی دروست ده‌كات بۆ هه‌وڵ نه‌دانی خۆلێگێلكردنی ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ی كه له‌خودی خۆیدا هه‌ن. به‌و مانایه‌ی مادام سه‌رۆكی په‌رله‌مان كوردی نه‌زانێت با هاوڵاتیش نه‌یزانێت. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو خودی میدیاكان له‌و بهواقیعكردنهی "نازانم ئاسووده‌یی گیانم" ڕزگاریان نابێت، بۆیه حاڵی زمانی كوردی له میدیاكاندا له‌حاڵی ده‌واری شڕی به‌رده‌می ڕه‌شه‌با باشتر نیه.
بۆ ده‌ربازبوونی میدیاكان له‌و واقیعه‌ی كه تا ئێستاش درێژكراوه‌ی خواست و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی سه‌رده‌سته و كاركردن له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌و واقیعه‌ی كه هێشتا لای سه‌رۆكی په‌رله‌مان قابیلی خۆلێقوتاركردن نیه، هه‌ر له‌سه‌ر پێڕه‌وكردنی ئه‌و ڕۆتینه‌ی كه پێی ده‌ڵێن بنه‌ماكانی ڕاگه‌یاندن، ناوه‌ستێت. واته كێشه‌كه له فۆرمه‌كاندا نیه، به‌ڵكو له ئه‌خلاقی پراكتیزه‌كردنی فۆرمه‌كان دایه، له‌و به‌رپرسیاریه‌ته دایه كه هه‌موو تاكێكی كورد له‌سه‌ر شانیه‌تی بۆ دابینكردنی داهاتووێكی ڕاسته‌قینه، نه‌ك داهاتوێك له‌سه‌ر وههم و ناعه‌قلانیه‌ت و پاشكۆیه‌تی بیناكرابێت. ئه‌ركی هه‌ره گه‌وره‌ی میدیاكان كۆتایی هێنانه به پڕۆسه‌ی گێلكردن، واته گرتنه‌به‌ری پڕۆسه‌یه‌كی تر بۆ ناساندنی ڕاستیه‌كان وه‌كو خۆی كه هه‌یه، نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندی باڵای داگیركه‌رانی كوردستان ده‌یانه‌وێت و به قه‌واره سیاسیه‌كانی كورددا تێپه‌ڕ ده‌بێت و له میدیاكانیشدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.
* ئه‌م بابه‌ته له ژماره (4784) ی كوردستانی نوێ بڵاو بۆته‌وه