Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
لەنیشتمانێكى سەیردا هەموو شتێك پێچەوانەیە !!!…..بەهرەوەر مەرزانى

لەنیشتمانێكى سەیردا هەموو شتێك پێچەوانەیە !!!…..بەهرەوەر مەرزانى

Closed
by February 13, 2009 گشتی

 لەنیشتمانێكى سەیردا هەموو شتێك پێچەوانەیە !!!
  بەهرەوەر مەرزانى
 

  ماوەیەك بوو لەنووسینى وتارو بابەتى سیاسى و رەخنەیى دوور كەوتبومەوەو  خومم بە كارەكانى رۆژانەى خۆمەوە خەریك كردبوو هەر بۆ ئەوەى كەمێك ئەو جەنجاڵیەى مێشكم پەرش و بڵاو بكەم و گوزەرێك بەنێو دونیاى رازەكانى ژیانمدا بكەم, كەچى هەمدیس نەمتوانى بەسەر خۆما زاڵبم و رێگە لەویژدانم بگرم و بێدەنگى بكەم لەبەرامبەر ئەو هەموو نا یەكسانى و نا یاساییەى لەكوردستاندا دەكرێن و كەسیش خۆى بەخاوەنیان نازانێت.
 لەنیشتمانێكدا كە هەموومان بانگەشەى ئازادى بیروڕاو دیموكراسیەت و یەكسانى بۆ دەكەین هەر لەو نیشتمانەشدا بەقەد كیشوەرێك یاسا پێشێل دەكرێت و نا یەكسانى تێدا بەدیدەكرێت, كەچى بەپێى میزاج و بەرژەوەندییە تایبەتیەكان یاسا هەڵگێڕو وەرگێڕى پێدەكرێت و نایەكسانى بۆتە بەشێك لەكولتورى خەڵكى ئەم وڵاتە بەتایبەتیش لەناوەندە سیاسیەكان و خوێندنى باڵا كەئەمانەش هۆكارى سەرەكى پێشنەكەوتن و چەق بەستوویى بیرو هزرى تاكى كوردن.
 لام سەیرە كە دەبینم دوور لەهەموو پێوەرەكانى جیهان و بەپێچەوانەى یاساى خوێندنى باڵاى وڵاتەكەى خۆم قوتابیەكى دەرچووى ئامادەیى پیشەسازى ( ێناعە ) بەشى كارەبا لەبەشى راگەیاندنى پەیمانگادا وەردەگیرێت و هەر بەمەش ناوەستێت و دواى ئەمیش دەچێتە كۆلێژى یاسا بەشى رامیارى و هەر خواش دەزانێت لەدواى ئەو كۆلێژەوە بەرەو كوىَ ئۆغر دەكات و لەكام كۆلێژو بەكام بڕوانامەى بەرزەوە لەیەكێك لە فەرمانگەكان دەگیرسێتەوە, لەوەش سەیرتر قوتابیەكى كۆلێژى كشتوكاڵ دەگواسترێتەوە بۆ كۆلێژى پزیشكى و دواى چەند ساڵێكى تریش ئەو خەڵكە بەستە زمانە دەكەونە بەردەستى ئەو دكتۆرە بەرێزەو ئەوكاتیش هەر خوا بەخۆى بزانێت چۆن چارەسەرێكیان بۆ دەكات, ئاخر چۆن دەتوانم چیتر نەنووسم بەرپرسێكى حزبى لەبرى خانووێك ( حەڤدە ) خانوو بۆ خۆى گلدەدااتەوەو دەیانكڕێت لەكوێش لەو خانووانەى وەك كۆمەڵگایەك بۆ لاوان دروستكراون كەچى ئەو بەرپرسە بەرێزەش نەك هەر لاو نییە بەڵكو مافى ئەوەندە لاوەش پێشێل دەكات كەسیش پیچى ناڵێت بۆچى ئەم كارە دەكەیت.
 زەمەنێكى سەیرە ساڵێكى پڕ لەكێشمەكێش و بێنەو بەردەى قوتابیان و وەرنەگرتنیان لەكۆلێژو پەیمانگاكان قوتابیەك بەكۆ نمرەى ( 56 ) لە كۆلێژى یاسا وەردەگیرێت تەنها لەبەر ئەوەى ساڵانە سىَ ملیۆن و نیو دەدات بەو زانكۆیە كە حكوومەت مافى خوێندنى لەپەیمانگاش پێڕەوا نەبینیوە بەبیانووى ئەوەى ئاستى خوێندنى لاوازە.
 ئاى كە زەمانێكى سەیرە تێكەوتووین ئاخر چۆن نەنووسم و چۆن رەخنە نەگرم كە دەبینم لە ناوەڕاستى هەولێرى پایتەختدا جێگرى بەڕێوەبەرى قوتابخانەیەك عەرەب بێت و هەر لەناوەڕاستى ئەو پایتەختەشدا ئەفسەرێكى فڕۆكەوان قاچى لەسەر قاچى دانابێت و بەئارەزووى خۆیشى هاتوچۆى شارەكانى عێراق بكات كە هەر خۆى و خوا دەزانێت چەند جاروو چەند بۆمبى بەسەر خاكى نیشتمانەكەماندا باراندووەو چەند مرۆڤى بێتاوانى كوردى كردۆتە قوربانى حەزوو نیازەكانى رژێمى عێراق.
 ئەم نیشتمانە بۆتە نیشتمانى خەیاڵ و بەشى هەمەڕەنگى وڵاتانى دونیاو پڕ بووە لەرووداوو پێشهاتى سەیر سەیر ئەگەر تازووە بەرى پینەگیرێت رەنگە لەداهاتوودا لەپێشى پێشەوەى سەیرو سەمەرەو دەگمەنەكانى دونیاوەبێت.
 Bahrawar_s@yahoo.com
 
 

Previous
Next