دیمانه‌ی گۆڤاری نێوه‌ند له‌گه‌ڵ حه‌مه غه‌فور
ته‌وه‌ره: گۆڤاری (نێوه‌ند) ئاماده‌ی ئه‌کات.
پاشه‌ڕۆژی یه‌كێتی دوای مام جه‌لال،یه‌كێتی دوای مام جه‌لال بۆ نه‌وشیروانه یان كۆسره‌ت ره‌سوڵ؟
1-پرسی پاشه‌ڕۆژی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان دوای مام جه‌لال،یه‌كێكه له‌و پرسه هه‌ره گه‌رمانه‌ی ناوه‌ندی سیاسیی ورۆژنامه‌وانی كوردیی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش به‌خۆیه‌وه خه‌ریك كردووه، بێگومان دره‌نگ بێت یان زوو واقیعی دوای مام جه‌لال بۆ پارتێكی وه‌ك یه‌كێتی هه‌ر دێته پێشه‌وه. هه‌ندێك لهشرۆڤهكاران وه‌های بۆ ده‌چن دوای مام جه‌لال یه‌كێتی به‌ره‌و پارچه پارچه‌بوون ولێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكی دوور نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر شێمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین یه‌كێتی وه‌ك ریزێكی یه‌كگرتوو ته‌نانه‌ت پته‌وتر له‌وه‌ی كه‌ئێستا هه‌یه، ده‌مێنێته‌وه، ئایا به‌بێ بوونی مام جه‌لال ده‌توانێت هه‌مان ئه‌و یه‌كێتییه به‌هێزه‌ی ئێستا بێت؟ ئایا یه‌كێتی دوای مام جه‌لال "یه‌كێتی"یه‌كی لاواز نابێت به‌تایبه‌ت له‌به‌رامبه‌ر پارتیدا؟.حه‌مه غفور: دیالۆگ، به تایبه‌ت دیالۆگی ڕۆژنامه‌وانی سه‌باره‌ت به هه‌ر دیارده‌و ئه‌رگومێنتێکی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌م ویقارێکی ئاسوده‌به‌خشی له خۆدا هه‌ڵگرتوه، هه‌م ئه‌ته‌کێتێکی ویژدانی له ڕاده به‌ده‌ر شیرین له ڕۆحی‌دا جێکراوهتهوهو جێشئهکرێتهوه! بابه‌تی ته‌وه‌ره‌که‌ی ئێوه‌ش پرسێکه پرسیاری زۆری له‌باره‌وه هه‌یه وه ئه‌شێ چه‌ندین لایه‌نی تریش له‌و ڕاستایه‌دا بوروژێنرێو هه‌ڵبدرێنه‌وه. ڕێگام بده‌ن من بیروڕای تایبه‌تی خۆم له‌و باره‌وه، هێنده‌ی وتووێژێکی له‌مجۆره بوار ئه‌دات، بڵێم.
پرسی پاشه‌ڕۆژی یه‌کێتی نیشتمانی دوای مام جه‌لال، یاخود قهیرانو کوتلهبهندیهکانی ناو ئه‌م حیزبه باشتره وه‌کو پێودانگێک بۆ له مهحهکدانو هه‌ڵسه‌نگاندنی دیموکراسی،یه‌کتر قبوڵکردن، فره‌یی، پلورالیزم‌و ململانێی دیموکراسیانه له‌م ناوچه‌یه ته‌ماشای بکه‌ین. من واییبۆئهچم یهکێتیو پارتی هێنده‌ی هه‌ڵگری سیما‌و وێنا‌و ستراکتوری سوننهتو فهرههنگو کولتوری ڕابردوون، له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا نایه‌نه‌وه. هێنده‌ی وه‌کو کارگایه‌کی بهرههمهێنانو نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ڕهسمو یاسا‌و نه‌ریته عه‌شیره‌یی‌و دواکه‌وتوانه‌و دهستوپاگیرهکان ئه‌نوێنن، که‌متر له چوارچێوه‌ی حیزبی سیاسی هاوچه‌رخدا حسابیان له‌سه‌ر ده‌کرێت، وه ده‌ره‌قه‌تی نوێبونه‌وه‌و سکۆلاریزم نایه‌ن وه ئاره‌زوشی ناکه‌ن. شانازی به کۆنه‌وه ئهکهنو شه‌رم له نوێبونه‌وه‌و شارستانیه‌ت ده‌که‌ن. یهکێتیو پارتی له سیسته‌می ئه‌حزابی سیاسی هاوچه‌رخ دابڕاون‌و گۆڕاون بۆ حیزبی بنه‌ماڵه یان ده‌سته‌یه‌کی دیاریکراو که به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێرێن.
ئه‌م حیزبانه بیانه‌وێ یان نه‌یانه‌وێ به‌جۆرێک میراتی حیزبی به‌عس له بونیانیاندا جێگیربووه که نه شه‌هامه‌تی تێپه‌ڕاندنیان هه‌یه‌و نه ئینێرژی بهلاداخهریان به ده‌سته‌وه‌یه بۆ وه‌ستانه‌وه به دژی، بۆیه له ڕه‌وشتی سیاسی ڕۆژانه‌یاندا به کرده‌وه ڕه‌نگئه‌داته‌وه. ڕه‌هه‌ندی ئاسایی ژیانی کۆمهڵایهتیو پێداویستیه‌کانی که‌ڵچه‌ری سیاسی‌و دیموکراسی‌و سه‌رده‌میانه تا دێت ته‌کان به‌م دوو حیزبه ئه‌دات بۆ که‌ناری بێزران‌و بێمتمانه‌یی جه‌ماوه‌ری. پرسی ته‌وه‌ره‌که‌ی ئێوه‌ش به‌بڕوای من لێره‌وه سه‌ری ده‌رهێناوه‌و ئاستهنگو ته‌نگژه‌کانی ناو یه‌کێتیش خۆی ده‌رهاویشته‌ی هه‌مان قه‌یرانی متمانه‌و ئوتوریته‌ی گشتیه. ئه‌و نه‌ریته‌ی له دهنگانهکاندا هه‌میشه ئه‌م دوو حیزبه زۆرینه به ده‌ست دێنن، له‌وێوه نیه که قاعیده‌ی جه‌ماوه‌ریان هه‌یه‌و وه‌ک مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێ؛ په‌رێزیان پاکه! به‌ڵکو له سایه‌ی بیرۆکراتیهتێکی میلیشیایی‌و بهعسیانهدایه که دوو جه‌مسه‌ری هه‌یه؛ هه‌م هاوڵاتیان ئه‌م حیزبانه به خه‌ته‌ر دائه‌نێن‌و لێیان ده‌ترسن، وه هیچ کات هه‌ست به ئازادی‌و سهربهستیو ئاسایش ناکه‌ن له په‌نای ئه‌واندا،هه‌م نان‌و دابینی ژیانی ڕۆژانه‌یان ڕه‌هنه له ده‌ستی ئه‌و حیزبانه‌دا.
بۆیه مه‌سه‌له‌ی پاشه‌ڕۆژی ینک دوای مام جه‌لال بازنه‌یه‌کی بچوکه‌و هه‌ژمونی نیه به‌سه‌ر ژیانی ئاسایی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵی کوردستانه‌وه‌و زه‌ینی گشتیه‌وه. خه‌ڵکی زیاتر وه‌کو مه‌سه‌له‌یه‌کی سرف حیزبی‌و ناوخۆیی حیزبه‌کان خۆیان ته‌ماشای ئه‌و پرسه دهکهنو به‌لایدا تێئه‌په‌ڕن.
کۆمه‌ڵگاکانی ڕۆژهڵات بۆیه داخراون‌و زیاتر له زیندان ئه‌چن بۆ ئه‌وه‌ی بگۆڕێن بۆ کێڵگه‌یکی به پیت‌و که‌ره‌سه‌ی به‌رهه‌مهێنانی کاریزمای چه‌شنی سه‌دام حسێن‌و ئیمام خومهینیو یاسر عهرهفاتو شیخ یاسین‌و مام جهلالو مه‌سعود به‌رزانی تیا سه‌وزببێت! کاریزمای ترس‌و تۆقاندن، کاریزمای میلیتاریزم، جه‌نگ، فاشیزم‌و قه‌ومپه‌رستی! من خۆم تێڕوانینی تایبه‌تم هه‌یه سه‌باره‌ت به ئه‌رگۆمێنتی کاریزما. من بڕوام به‌وه هه‌یه که یاسا‌و پره‌نسیپی سۆسیۆلۆژی، وه سیسته‌می ژیان‌و ماته‌ریالیزمی مێژوویی وه به‌ریه‌ک کهوتنو کێبه‌رکێی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان زه‌مینه‌و بواری سیاسی‌و کۆمهڵایهتیو ته‌نانه‌ت حقوقی‌و ویژدانیش ههموارئهکهن هه‌تا کاریزمای چه‌شنی بوزا، مه‌سیح، پێغه‌مبه‌ری ئیسلام‌و زۆری تریش سه‌رهه‌ڵده‌ن. وه‌ک چۆن کۆمه‌ڵگا سهرهتاییو دهردناکو زهجراویو قهبیلهییهکان هه‌وێنی شکڵدانیان به کاریزماکانی سه‌رده‌می خۆیان داوه، عه‌سری ته‌نویرو سه‌رده‌می ڕێنسانسیش پێویستی‌و زه‌روره‌تی سه‌رهه‌ڵدانی هیگڵو فیورباخو مارکس‌و لینینی ئاماده‌کرد!
وێڕای ڕێزی بێپایانم بۆیان، به داخه‌وه مام جهلالو به‌رزانی به‌رله‌وه‌ی شه‌خسیه‌تی پڕکاریگهری سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی بن،ڕابه‌ری به‌ده‌سهێنانی مافێکی زه‌وتکراوی میلله‌تێک بن، وه یان پێشڕه‌وی شۆڕشگێڕ‌و لێهاتووی خه‌باتی دیاریکردنی مافی چاره‌نووس بن، کاریزمای تهبهلوهری داماوی‌و ژێرده‌سته‌یی‌و پله‌دوویی خه‌ڵکی کوردستانن! ڕابه‌ری مامه‌ڵه‌و ساتوسه‌ودان به‌سه‌ر خواستی جیابوونه‌وه‌ی کوردستان‌و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆه، نه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی سه‌رڕاست‌و به‌وه‌فاو جێمتمانه‌ی میلله‌تی کوردزمان بن له‌پێناو سهروهریو سهفرازیو سه‌ربه‌خۆییدا!
من پێموایه خه‌ڵکی کوردستان حه‌ساسیه‌تیان به‌م پرسه نیه‌و سه‌رنجیشی ڕانه‌کێشاون. ئه‌و مه‌سه‌له‌ی یه‌کێتی دوای مام جه‌لال زیاتر له چواردیواری تۆڕی میدیادا هه‌ڵبه‌زودابه‌ز ئه‌کات. به‌مپێیه‌ش نه کۆسره‌ت ڕه‌سوڵی پارتیزان له باسی کاریزمادا جێی ئه‌بێته‌وه، نه نه‌وشیروان مسته‌فای تۆراو له یه‌کێتی! هه‌ردوکیان خۆیان به قه‌د لێوه‌شاوه‌یی تایبهتیو پێشمه‌رگانه‌یان ده‌وریان بوه له تهجسیدبونی ئه‌و جۆره له کاریزمای باسم کرد له شه‌خسیه‌تی تاڵه‌بانیدا. له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئه‌و دوو زاته خۆشیان به جۆرێک حه‌په‌ساوی مه‌سه‌له‌ی یه‌کێتی دوای مام جه‌لالن، ئیتر له‌کوێ په‌سه‌نده که‌سێک بێت‌و باسی پێشبڕکێی ئه‌وان بکات له‌م ڕووه‌وه.
به‌ڕای من یه‌کێتی به هه‌موو سه‌رکردایه‌تیه‌وه، به پارتیشه‌وه، هه‌قه تێفکرینێکی زیاتر بکه‌ن سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی کوردستان. ئه‌م دوو حیزبه به هه‌ر کاریزمایهکیانهوه تائێستاش جورئه‌تی ئه‌وه ناکه‌ن سه‌ربه‌رزانه بێنهپای خواستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان. مام جه‌لال له هه‌ر که‌سێکیان زیاتر خۆی به دوور ئه‌گرێت له مه‌سه‌له‌ی جیابوونه‌وه‌ی کوردستان‌و پرسی سه‌ربه‌خۆیی! ئه‌ڵێی به‌ڵێنی به که‌سێک داوه که تا مردن باس له جیابوونه‌وه نه‌کات، جا چ بگات به سهربهخۆییو دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت! ئیتر کاریزمای چی! ئه‌وان که‌سایه‌تی گاریگه‌ری ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایین. ئه‌گه‌ر یه‌ک ڕۆژ خه‌ڵکی کوردستان به ڕاستی ئازاد بن‌و ترسی ئه‌م حیزبانه‌یان له‌سه‌ر نه‌بێت، نه‌ک کاریزماکانیان، به‌ڵکو په‌روه‌نده‌ی سیاسیشیان بلۆک ئه‌که‌ن.
نێلسۆن ماندیللا نزیک به نیو سه‌ده ته‌مه‌نی له زینداندا برده سه‌ر، به‌ڵام یه‌ک له‌حزه‌ش له خه‌باتی سه‌رفرازانه‌ی له دژی ئاپارتایدی ڕه‌گه‌زی له ئه‌فریقیای خوارو په‌شیمانی نه‌نواند. به‌ڵام ئه‌م حیزبانه‌و ئه‌م کاریزمایه‌ی مام جه‌لال له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی حیزبه‌کانیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی درواسێو ته‌نانه‌ت بێگومان له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عسیش ده‌ستیان تێکه‌ڵ کردوه‌و کاره‌ساتیان بۆ خه‌ڵکی کوردستان پێشهێناوه. که‌چی سه‌ره‌نجام جیهان ملیدا به ئامانجه‌کانی ماندێلا‌و سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناو وه‌کو کاریزمایه‌ک که ئینسان به ئینسافه‌وه هه‌قه سه‌ری ڕیزی بۆ دابنه‌وێنێت، له مێژوودا جێگای خۆی گرت.مام جه‌لال چی بۆ کورد کردووه؟ وه‌ڵامی کامه‌یه بۆ بێ ووڵاتی خه‌ڵکی کوردستان، وه‌ڵامی بۆ بێ ده‌وڵه‌تی ئه‌م سه‌رزه‌مینه چیه، وه‌ڵامی بۆ هه‌ڵواسراوی چاره‌نووسی کوردستان کامه‌یه؟ فیدڕاڵیه‌ت؟! فیدراڵیه‌ت ته‌واو وه‌کو ماده‌ی 140 چووه خانه‌ی له‌بیرچوونه‌وه‌وه. ئه‌وه‌تا تازه مه‌لا به‌ختیار له وتارێکیدا له چاودێردا باسی خه‌ته‌ری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کورد‌و عه‌ره‌ب دهکاتو داوا ئه‌کات پێشوه‌خت خۆیانی بۆ ئاماده بکه‌ن. سه‌رکرده کورده‌کان ئێستا به‌جلی پێشمهگانهوه ده‌رئه‌که‌ون، ئایا ئه‌وه هێما نیه بۆ مه‌ترسیه‌کی تر دوای زیاتر له پێنج ساڵ شێروڕێوی هێنانه‌وه سه‌باره‌ت به برایه‌تی کورد‌و عهرهبو بنیاتنانی عێراق!؟ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی هه‌ر جاره نا جارێک دیموکراسی تیا تاقی ئه‌که‌نه‌وه، سه‌باره‌ت به‌مه‌ی ئاخرینیان مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێ؛ لیسته‌که‌ی نوری مالکی له پێشی پێشه‌وه‌یه‌و ئه‌مه ده‌ستی سه‌رۆک وه‌زیران واڵاده‌کات که ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌ربڵاو بکاته‌وه‌و سنوور بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی دابنێت. ئه‌مه بوو ئه‌و دیموکراسیه‌ی باسیان ده‌کرد؟! ده‌ی باشه مه‌لا بهختیارو حیزبه‌کان بۆ قبوڵی ناکه‌ن وه‌کو نه‌ریتێکی دیموکراسی که مالکی لیسته‌که‌ی له‌سه‌ره‌وه‌یه!؟ ئه‌ی بۆچی شانازیه بۆ لیستی کوردی که ده‌ڵێن له فڵان‌و فیسار جێگا زۆرینه‌ی ده‌نگیان هێناوه، به‌ڵام بۆ مالکی شوره‌ییه‌و مه‌ترسی به دواوه‌یه!؟ ده‌ی که‌وابێت نوری مالکیش به ئێوه ده‌ڵێت که به ناشه‌رعی ده‌نگتان به‌ده‌ست هێناوه‌و هه‌قیشی پێیه!؟
2-راستییه‌كی به‌ڵگه‌نه‌ویسته به‌شێك له‌سه‌ركرده به‌هێزه‌كانی ئه‌مێستای یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان هه‌ر له‌نهۆوه له‌هه‌وڵدان بۆئه‌وه‌ی بتوانن ببنه ئه‌ڵته‌رناتیڤی مام جه‌لال وبه‌ئاشكراش زه‌مینه‌سازیی بۆ ئه‌و مه‌به‌سه‌ته ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ره‌نگبێ نه‌وشیروان مسته‌فا وكۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌هێزترین دوو ركابه‌ر بن بۆ جێگرتنه‌وه‌ی مام جه‌لال، به‌بڕوای ئێوه دوای مام جه‌لال نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌توانێت ئه‌و پارته له‌ژێر كاریزمای خۆی كۆبكاته‌وه یان كۆسره‌ت ره‌سوڵ؟ ئایا چاره‌نووسی پۆستی دووه‌م سكرتێری یه‌كێتی كه‌بێگومان دوای "مام جه‌لال"ه، به‌كام له‌م سه‌ركرده ركابه‌رانه ده‌به‌خشێت؟.
حه‌مه غفور: من له وه‌ڵامی پرسیاری پێشودا ڕوونمکردۆته‌وه که پرسی یه‌کێتی دوای مام جه‌لال چۆنه. بۆیه بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش هه‌ر له‌وێوه دهرئهکێشم. من خۆم تێبینی ناکه‌م ململانێیه‌ک هه‌بێت بۆ پۆستی جێگرتنه‌وه‌ی مام جه‌لال. نه‌وشیروان مسته‌فا به‌هیوایه حیزبێکی تر یان لیستێکی نوێ بۆ خۆی دروست بکات له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی عێراق. ئه‌و ئه‌گه‌ر پێشتر بڕێک بۆنی کوردستانیه‌تی لێئههاتو ژماره‌یه‌ک خه‌ڵکی خۆشباوه‌ڕ کردبو، ئه‌مێستا خه‌ریکه به‌شداری سیاسی خۆی له ئاستی عێراقدا ڕابگه‌یه‌نێ. ئه‌مه له‌لایه‌ک، له‌ولاشه‌وه مسته‌فا یه‌کێتی به‌جێهێشتوه به‌ڵام له‌به‌ر خاتری نفوزی تایبه‌تی خۆی وه له به‌رامبه‌ر هه‌ژمونی پارتیدا ئستیقالهی ته‌واوی نه‌داوه له یه‌کێتی. کۆسره‌ت ڕه‌سوڵیش زیاتر سه‌رکرده‌یه‌کی سه‌ربازی خه‌باتی شاخ‌و پێشمه‌رگانه بووه‌و پلانی سیاسی تاڵه‌بانی جێبه‌جێکردوه‌و که‌متر به ڕابه‌رێکی سیاسی ده‌چێت. له‌سه‌ر خشته‌ی سیاسی هیچ میلێکی ئاماژهکار نایخوێنێته‌وه هه‌تا باس له کاریگه‌ری که‌سایه‌تیه‌که‌ی بکه‌ین. پاشه‌ڕۆژی یه‌کێتیش به‌سراوه به ئاڵوگۆڕه‌کانی داهاتوی عێراقه‌وه‌و وه‌کو حیزبێک تا له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه سه‌رمایه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ده‌سته‌وه ده‌بێت که له به‌رامبه‌ر پارتیدا وه‌کو جیناحێکی دیکه‌ی جوڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی خۆی ئابده‌یت بکاته‌وه سه‌ره‌ڕای جیاوازی‌و ته‌نانه‌ت ڕێککه‌وتنه ستراتیژیه‌که‌ی نێوانیشیان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی کێ کام پۆست‌و مه‌قام وه‌رئه‌گرێ یاخود ئه‌یگێڕێت، وه‌ڵامی هیچ گرفت‌و پرسیارێکی خه‌ڵکی ناداته‌وه. ئه‌وه‌ش زیاتر به‌نده به ناوخۆی یه‌کێتی خۆیه‌وه. به‌ڵام من پێموایه مه‌لا بهختیارو به‌رهه‌م ساڵحیش ههنو له‌م پرسه‌دا ده‌وریان هیچی له نهوشیروانو کۆسره‌ت که‌متر نیه.
5فێبروه‌ری2009