چێژی ئه‌ده‌بی خوێنه‌ر كێ دروستی ئه‌كات .. كێ ئه‌یشێوێنێت ؟ ….محه‌مه‌د حسێن
چێژی ئه‌ده‌بی خوێنه‌ر
كێ دروستی ئه‌كات .. كێ ئه‌یشێوێنێت ؟زه‌وق و چه‌شه‌ی ئه‌ده‌بی خوێنه‌ر , ئاستی چێژبینین له پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌دا , به‌شێكه له‌و په‌یوه‌ندیه هه‌ستیار و ئاڵۆزه‌ی له ئه‌نجامی كارلێكی نێوان خوێنه‌ر و ده‌قدا دروست ئه‌بێت , زۆرجار هه‌ر ئه‌م زه‌وق و مهیلهیشه بڕیاری پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌دات , بڕیاری هه‌ڵبژاردنی ده‌قێك و فه‌رامۆشكردنی ده‌قێكی تر ئه‌دات , وا ئه‌كات نوسه‌رێك پڕفرۆش بێت و یه‌كێكی تر نه‌ناسرا و .. چونكه نهێنی سه‌ركه‌وتنی زۆربه‌ی نوسه‌ره پڕفرۆشهكانیش له‌و ساته وهختهوهدێت كه هێڵه گشتیه‌كانی مه‌یل و چاوه‌ڕوانی و زه‌وقی گشتی خوێنه‌ران ئه‌دۆزنه‌وه , چونكه چێژ و زه‌وق له‌پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌دا ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زی ( سۆز و خه‌یاڵ ) ه‌وه هه‌یه كه دووان له‌ڕه‌گه‌زه زۆر هه‌ستیار و پێكهێنه‌ره‌كانی ده‌قن . ئه‌م زه‌وق ومه‌یله چۆن دروست ئه‌بێت , چۆن گه‌شه ئه‌كات و چۆن په‌ره‌وه‌رده ئه‌كرێت ؟ , ئه‌ده‌ب و كاڵچه‌ری كوردی چی كردووه‌و چی پێیه له‌م بواره‌دا بیكات ؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیارانه‌یه كه‌ئه‌م نوسینه به‌شوێن وه‌ڵامه‌كانیدا ئه‌گه‌ڕێت .
له‌كتێبی ( چه‌ند نامه‌یه‌ك بۆ ڕۆماننوسێكی لاو ) نوسه‌ری پیرۆیی ماریۆ ڤارگاس یۆسا باس له پێداویستی و گرنگی مه‌یلی ئه‌ده‌بی ئه‌كات بۆ نوسه‌ر , ئه‌و پێی وایه ئه‌م مه‌یله وه‌ك ئاماده‌گیه‌كی خۆڕسك و نادیار , هه‌میشه له‌شێوه‌ی په‌یامێكی سهرچاوهنادیاردا بانگی مرۆڤ ئه‌كات بۆ به‌ده‌نگه‌وه هاتنی به‌هره و ئاره‌زوه‌كه‌ی .* ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچونه‌دا مه‌یلی ئه‌ده‌بیمان لای نوسه‌ران به شتێكی خۆڕسك زانی , بێگومان به‌و مانایه نایه‌ت هه‌مو خوێنه‌رێكیش بۆئه‌وه‌ی مه‌یل و ئاره‌زوی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌بێـت , پێویستی به مه‌یلێكی خۆڕسكه , نه‌خێر , مه‌یل و چێژ و ئاره‌زوی ئه‌ده‌بی لای خوێنه‌ر به‌شی هه‌ره زۆری ده‌ره‌نجامی ئه‌و چالاكیه ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریانهیه كه به شێوه‌ی جیاجیا كار له‌سه‌ر زه‌وقی خوێنه‌ر ئه‌كه‌ن . به‌واتایه‌كی تر : زه‌وق و مه‌یلی خوێنه‌ر (1) دروست ئه‌كرێت , (2) په‌روه‌رده ئه‌كرێت , (3) ئاراسته ئه‌كرێت , (4) كار له‌سه‌ر ئاستی جوانناسی و ناسكچێژی ئه‌كرێت , نه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكی پێشوه‌خت ئاماده‌بێت و ئه‌ركی ده‌قه‌كان ته‌نها وروژاندنیهتی .. دیاره ئه‌و بۆچونانهیش ئه‌بینین كه زه‌وق و چێژی ئه‌ده‌بی به ئۆنتۆلۆجیای مرۆڤه‌وه گرێ ئه‌دات , پێی وایه له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ كاڵچه‌ری قسه‌كردنی داهێناوه , چێژی حكایه‌ت و گێرانهوهیشی لا دروست بووه , هه‌میشه شیعر تام‌و چێژێكی به‌خشیوه‌ته ئه‌و مرۆڤه كڵۆڵانهی نه‌هامه‌تیه‌كانی ژیان گیرۆده‌ی كردون . به‌ڵام له‌م نوسینه‌دا (زه‌وق و مه‌یلی ئه‌ده‌بی ) به‌شێوه‌یه‌كی ورد تر و دیاریكراوتر كاری له‌سه‌ر ئه‌كرێت , زیاتر مه‌به‌ست له‌و ئاره‌زوه ئه‌ده‌بیه‌یه له‌ساتێكی دیاریكراودا خوێنه‌ر كه‌مه‌ندكێشی لای ده‌قێك ئه‌كات , ئه‌كرێت بڵێین ئه‌و حه‌زه‌یه كه خوێندنه‌وه‌ی شیعرێك , یان چیرۆكێكی له ته‌ماشاكردنی یاریه‌كی تۆپی پێی نێوان به‌رازیل و ئه‌رجه‌نتین پێ خۆشتره .
هه‌ر یه‌كه له ئێمه هاوڕێیه‌كی خوێنه‌رمان هه‌یه كه له دوای ساڵی 1991 له‌دایك بووه و زمانی كوردی ته‌نها زمانی خوێندنه‌وه‌یه‌تی , ئه‌م خوێنه‌ره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاره‌زوی ژیانی هه‌یه له‌ناو جیهانه فانتازی و خهیاڵكردهكانی ئه‌ده‌بدا , بێگومان پێی خۆشه دید و سه‌رنجی ڕه‌خنه‌گران بزانێت له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قانه‌ی كه ئه‌یخوێنێـته‌وه , چونكه هه‌موو ده‌قێكی سه‌رسامكه‌ر , هاوكات هانده‌ریشه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچون و ڕاڤه‌و لێكدانه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌گران و ڕانان نوسه‌كان له‌سه‌ری بڵاو ئه‌كه‌نه‌وه , به‌شێكی زۆری زه‌وق و سه‌لیقه‌ی خوێنه‌ر لێره‌دا گه‌ڵاڵه ئه‌بێت . ئێستا بابپرسین , ئایا ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری كوردی هیچی به‌خشیوه‌ته ئه‌م خوێنه‌ره , هێنده‌ی پێیه هۆشیاریه‌كی زیندوی هاوچه‌رخ و زه‌وق و سه‌لیقه‌یه‌كی دروستی ئه‌ده‌بی لا بخوڵقێنێت ؟ بێگومان گه‌ڕان بۆ وه‌ڵامه‌كانی ئه‌م پرسیاره توشی چه‌ند گرفتێكی نا‌ئومێد كهرمان ئه‌كات .
دیاره له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌گران و ڕانان نوسهكاندا , هاوكات ده‌قی جوان و داهێنه‌رانه‌یش ئه‌كرێت چاوه‌ڕێی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زه‌وق وچێژی خوێنه‌ری لێ بكه‌ین , زۆر جار جوانی ده‌قه‌كانیش هه‌ر وا ئه‌بێـته هۆی گۆڕینی ئاستی چێژبینین و و زه‌وق و سه‌لیقه‌ی ئه‌ده‌بی خوێنه‌ر , وه‌ك ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی ڕۆژگارێك شیعره‌كانی گۆران له‌سه‌ر خوێنه‌ری كورد دایئه‌نا , یان ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی سادقی هیدایه‌ت و فازڵ عه‌زاوی و هاوڕێكانی له سه‌ر خوێنه‌رانی فارسی و عه‌ره‌بی هه‌یانبو . به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا مه‌به‌سته ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گران و ڕانان نوسه‌كانه له‌م بواره‌دا , چونكه ئه‌م دوو پۆله‌ی نوسه‌ران , جگه له به‌رهه‌مهێنانی یه‌كێك له‌ماناكانی ده‌ق , خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌وتراو و نه‌نوسراوانه‌ی له‌دوتوێی ڕسته‌كانیدا په‌نهانه , یان دۆزینه‌وه‌ی به‌های ستاتیكی ده‌ق و شه‌ن و كه‌وكردنی لایه‌نه هونه‌ریه‌كانی , به‌شداریه‌كی چالاك ئه‌كه‌ن لهگهڵاڵهكردنی زه‌وق و سه‌لیقه‌و چێژی ئه‌ده‌بی خوێنه‌ردا , كاریگه‌ریه‌كی باشیان هه‌یه له په‌روه‌رده كردنی هه‌ست و زه‌وقی جوانناسانه‌ی خوێنه‌ر . به‌ڵام مه‌رج نیه هه‌مووكاتێك ئه‌م ئه‌ركه‌ی ڕه‌خنه‌گران و ڕانان نوسه‌كان ئاوه‌ها ڕۆلێكی پۆزه‌تیڤ بگێڕێت , چونكه ئه‌مڕۆ به‌جۆرێك تێكه‌ڵی بزنس و سه‌رمایه‌داری چاپ و بڵاوكردنه‌وه بووه , هێنده تێكه‌ڵی ئامانج و مه‌به‌ستی نائه‌ده‌بی و سیاسی و ئایدۆلۆجی و ده‌سته‌گه‌ری و شارچێتی و ناوچه‌گه‌ری بووه , كه له دواجاردا ڕۆڵی شێواندن و بازاڕیكردنی زه‌وقی خوێنه‌ر ئه‌گێڕێت , نه‌ك خوڵقاندنی كه‌شێكی دروست بۆ تێگه‌یشتن و چێژبینینێكی باشتر له ده‌ق , ئه‌ومه‌به‌سته‌ی كه قه‌ت ناكرێت دابڕاو بێت له ئامانجی هه‌موو ڕه‌خنه‌گر و ڕانان نوسێك .
ئه‌م كێشه‌یه ( یاریكردن به‌زه‌وق و سه‌لیقه‌ی ئه‌ده‌بی خوێنه‌ر ) , بێ زیاده ڕۆیی ئهكریـَت وه‌ك یه‌كێك لهقهیرانهكانی ئه‌مڕۆی ده‌قی كوردی بیبینین , به‌و چاویلكه تهڵخنهی بزانین كه ئه‌یه‌وێـت جوانی و ناشیرنیهكانی تێكستمان لا تێكه‌ڵ بكات , ده‌قی كرچ و كاڵی ساویلكه‌مان وه‌كو هونه‌ری مه‌زن پێ ئه‌ناسێنێت , سه‌رنجی خوێنه‌ر به‌ره‌و هه‌ندێك ڕه‌گه‌ز و دیمه‌نی نائه‌ده‌بی ئاراسته ئه‌كات كه دورو نزیك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ئه‌ده‌به‌وه نیه , بۆ په‌لاماردانی كه‌سایه‌تی نوسه‌ر درۆر و تۆمه‌ت و ناتۆره‌ی بێ بنه‌ما دروست ئه‌كات , كه له‌ده‌رئه‌نجامدا جگه له كات به‌فیڕۆدان و ڕه‌شكردنه‌وه‌ی وهرقهسپیهكان هیچی تر له‌م جۆره نوسینانه ناچنینه‌وه .
بۆچی ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گران و ڕاناننوسهكان له‌م بواره‌دا گرنگه ؟ بێگومان هه‌ر خوێنه‌رێك ده‌قێكی ئه‌ده‌بی خوێنده‌وه , شتێكی ئاساییه چاوه‌ڕێی بیستنی دید و بۆچونی ڕه‌خنه‌گران بكات له‌سه‌ر ده‌قه‌كه , ئه‌مه به‌شێكه له‌و فزوڵیه‌ت و حه‌زی زیاترزانینهی له سروشتی هه‌مو كه‌سێكدا هه‌یه . ئه‌م هاوكێشه‌ی ( ده‌ق – خوێنه‌ر – ڕه‌خنه‌گر ) ه , بزاوت و دینامیكیه‌تی هه‌موو ئه‌ده‌بێكی زیندوی ئه‌مڕۆمان بۆدیاری ئه‌كات , كه جگه له‌پێداویستی داهێنه‌ر بۆ ئه‌م ڕه‌خنه‌گره , جگه له‌و ڕۆڵه گرنگه‌ی له‌په‌روه‌رده كردن و په‌ره‌پێدانی به‌هره و وزه‌ی داهێنه‌رانه‌ی نوسه‌ران و ئه‌دیباندا ئه‌یگێڕێت , ڕه‌خنه‌گر ئه‌ركی په‌وه‌رده كردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زه‌وق و چێژی خوێنه‌ریشی له‌ئه‌ستۆیه , پێویسته یارمه‌تیده‌رێك بێت بۆ به‌هێزكردنی توانای خوێندنه‌وه‌ی داهێنه‌رانه و ماناسازی لای خوێنه‌ر .. به‌كورتی له‌دروستبونی سه‌لیقه‌ی باشخوێندنهوه , ماناسازی و به‌شداریكردن له‌به‌رهه‌مهێنانی یه‌كێك له‌ماناكانی ده‌ق , گه‌ڵاڵه بونی تێگه‌یشتنێكی تایبه‌ت لای خوێنه‌ر, ڕه‌خنه گران چاوه‌ڕوانیه‌كی زۆریان لێ ئه‌كرێت . كێشه‌ی ئه‌ده‌بی ئێمه‌یش ئه‌وه‌یه زۆربه‌ی ئهونوسینانهی دواتر له‌سه‌ر ده‌قێك ئه‌نوسرێت , جگه له چه‌ند هه‌وڵێكی تازه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی , نه‌ك هه‌ر یارمه‌تی ده‌ر نه‌بووه له گه‌شه‌پێدانی زه‌وق و جوانناسی خوێنه‌ری كوردا , ته‌نانه‌ت شێواندویشیهتی , یاخود ڕۆڵی ڕێگومكهرهیهكی خراپی گێڕاوه . ڕه‌خنه‌ی كوردی نه‌ك هه‌ر كه‌مته‌رخه‌م بووه له ناسین و دۆزینه‌وه و نیشاندانی ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌ق , ته‌نانه‌ت ڕۆڵێكی چهواشهكارانهیشی گێڕاوه له‌وه‌ی هه‌ندێك جار ده‌قی نزم و ئاسایی وه‌كو شاكاری مه‌زن پێ ناساندوین , یان له‌سه‌ر حسابی فه‌رامۆشكردنی ده‌ق و ئه‌ده‌بیه‌تی نوسینه‌كه په‌لاماری نوسه‌ره‌كه‌و هه‌ندێك لایه‌نی كه‌سایه‌تی نوسه‌ری داوه كه دور و نزیك هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌و ده‌قه‌وه نیه كه بۆ قسه له‌سه‌ر كردن هه‌ڵبژێردراوه . هه‌ڵبه‌ته له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا تاك و ته‌را ڕه‌خنه‌سازی شاره‌زا و لێزانمان هه‌بووه , له‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بهئاسۆیهكی فراوانه‌وه ئه‌چونه ناو گفتوگۆمهعریفیهكانی ده‌قه‌وه , بۆنمونه نیو سه‌ده لهمهوپێش هه‌وڵه‌كانی مه‌سعود محه‌مه‌د و مه‌لا عبدالكریمی موده‌ریس هاتۆته ناو ئه‌ده‌بی كوردیه‌وه .. كه بێگومان هه‌تا ئه‌مڕۆیش هه‌ر ئه‌شێت بخوێنرێنه‌وه‌و سود و كه‌ڵكیان لێوه‌ر بگیرێت , به‌ڵام گرفته‌كه له‌وه‌دایه كه ئه‌م هه‌وڵه جدیانه به‌راورد ئه‌كه‌ین به‌و نوسینانه‌ی هه‌ر به مردویی له‌دایك ئه‌بن , یه‌كسه‌ر بڕی نائومێدیهكانمان زیاتر ئه‌بێت .
له‌به‌ر چی و بۆچی ڕخنه‌گران ئه‌م ڕۆڵهخراپهیان گێڕاوه ؟ ئایا ئه‌كرێت هه‌ر وا به‌سانایی به‌و هه‌موو لاپه‌ڕه‌ی له‌م بواره‌دا نوسراوه بڵێین ڕۆڵێكی خراپ و چه‌واشه‌كارانه ئه‌گێڕێت ؟ پیاچونه‌وه‌یه‌كی ورد به ئه‌رشیفی ڕه‌خنه‌ی كوردیدا گومانی پشت ئه‌م پرسیاره تاڵانه‌مان بۆ پشتڕاست ئه‌كاته‌وه و لانی كه‌م لهوهڵامێكمان نزیك ئه‌كاته‌وه . ئه‌وه‌ی ئه‌رشیفی ڕه‌خنه‌ی كوردی نیشانمان ئه‌دات , چوار ته‌رزی سه‌ره‌كی ڕه‌خنه‌گرتنه :-
(1) ئه‌وجۆره‌ی ڕه‌خنه‌گرتن كه له هاوسۆزی سیاسیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه :- لێره‌دا نوسه‌ر هاتۆته شان و باڵی په‌یامه سیاسیه‌كه‌ی ده‌قه‌كه‌دا و له‌وێیشه‌وه دیمه‌نه چینایه‌تی و نیشتمانیه‌كانی ناو ده‌قه‌كه‌ی كردۆته ته‌وه‌ری چڕبونه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌كه‌ی , هه‌میشه ئه‌م پیاهه‌ڵدانه له‌سه‌ر حسابی بینین و خوێندنه‌وه‌ی لایه‌نه هونه‌ری و جوانناسیهكهی ده‌قه‌كه بووه . ئه‌مه گرفتی زۆربه‌ی ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌یه كه له‌ژێر ناونیشانی ڕیالیزمی شۆسیالیستی و ئه‌ده‌بی شۆڕشگێڕی و به‌رگریكردن كۆئهكرانهوه .
(2) ڕه‌خنه‌گرتنه به‌كۆمه‌ڵێك بڕیار و حوكمی پێشوه‌خته‌وه : لێره‌دا یان ته‌نها لایه‌نه خراپه‌كانی ئایدۆلۆجیاو په‌یامی نوسه‌ر و بڕێك له كێشه تایبه‌تیه نائهدهبیهكانی نوسه‌ر زه‌ق ئه‌كرێته‌وه‌و ئه‌بێـته جێ نیشانی ڕه‌خنه‌گر , یان پیاهه‌ڵدان و وه‌سفكردنێكی تاك ڕه‌هه‌ندانه‌یه بۆ نوسه‌ر و نوسینهكهو ئه‌و په‌یامه‌ی نوسه‌ر ویستویه‌تی بیگه‌یه‌نێت . گه‌لێك نمونه له‌به‌رده‌ستدان كه چۆن ئه‌م په‌لامار و زمان زبریه ئه‌گاته ئاستی هێرشكردنه سه‌ر كه‌سایه‌تی نوسه‌ر و ناو ناتۆره‌ی عوسابیانه , كه له‌ته‌واوی پرۆسه‌كه‌دا ده‌قه‌كه‌و ئه‌ده‌بیه‌تی ده‌قه‌كه فه‌رامۆشكراوه . دواین نمونه‌ی ئه‌م ته‌رزه گرفته‌ی ڕه‌خنه‌ی كوردی , ئه‌و كێشانه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی به‌ختیار علی دا سه‌ری هه‌ڵدا , هه‌مومان ئه‌زانین هه‌ركاتێك به‌ختیار ڕۆمانێكی بڵاوكردبیـَتهوه , یه‌كسه‌ر توشی ئه‌و جۆره نوسینانه بووه كه به‌بڕیاری پێشوه‌خت و بێ لانی كه‌می خوێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتنی ده‌قه‌كه ڕه‌تكراوه‌ته‌وه , تۆمه‌تی بۆ دروستكراوه .. هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی به‌ختیاردا ئه‌و جۆره ڕهخنهیشمان بینیوه كه به‌سه‌رسامی و شاگهشكهیهكی بێ سنوره‌وه هه‌ر خه‌ریكی پیاهه‌ڵدانی ده‌قه‌كه بوون , بێ ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی پێویست گه‌ڕابێتنه‌وه بۆ ئارگیومینت كردنی ئه‌و وه‌سف و پیاهه‌ڵدانه‌ی له‌سه‌ر ده‌قه‌كه وتویه‌تی , بۆنمونه : له‌به‌رچی به‌م ڕۆمانه ئه‌ڵێت شاكار و نهێنیه‌كانی شاكاربونی له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه , ئه‌و پێوه‌رانه چیه ئه‌م شاكاره‌ی له‌ڕۆمانه‌كانی تری به‌ختیار , یان هه‌ر ڕۆماننوسێكی تری كورد پێ جیائه‌كاته‌وه .
(3) ڕه‌خنه‌گرتنێكی لاوازی بێ میتۆدی تاكڕه‌هه‌ندی هه‌ژار : له‌به‌ر بچوكی و به‌رته‌سكی ئاسۆی بینین و خوێندنه‌وه‌كانی نوسه‌رو ئه‌و باكگراوه‌نده لاوازه‌ی له‌پشتی خوێندنهوهكهیه , نه‌ك هه‌ر مه‌دلول و نیشانه په‌نهانه‌كانی ده‌قمان بۆنادۆزێـتهوه , ته‌نانه‌ت خۆیشی كێشه‌ی تێگه‌یشتنی هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كه‌دا . له‌م تهرزهیاندا ڕه‌خنه‌گر ده‌ست بۆدهقێك ئه‌بات سه‌ركه‌وتن و ناوبانگی باشی به‌ده‌ست هێنابێت , ئیتر ئه‌ویش دێت تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌و بۆچون و قسانه‌ی پێشتر له‌سه‌ر تێكسته‌كه وتراوه دوباره‌ی ئهكهتاوه . بێ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ی باش خوێندبێـتهوه , ئاگای له‌به‌رهه‌مه‌كانی تری نوسه‌ره‌كه هه‌بێت , هێنده ئاگای له‌قوتابخانه هاوچه‌رخه‌كانی فكری ئه‌ده‌بی و تیۆریه ڕه‌خنه‌ییه‌كان هه‌بێت , ئاشنای ئه‌و چه‌مكه ڕه‌خنه‌ییانه بێت ئه‌مڕۆ ڕه‌خنه گران ده‌قی پێ شیكارئهكهن , توانای تێگه‌یشتنی ئه‌و كۆنتێكسته ئه‌ده‌بی و ڕوناكبیریهی هه‌بێت ده‌قه‌كه‌ی تیا له‌دایك بووه , دێت ئهكهوێـته ئیسقاتكردن , جارێك بهڕیالیزمی جادوگه‌ری ناودێری ئه‌كات , جارێك باسی دهقئامێزانی بۆ ئه‌كات , بێ ئه‌وه‌ی لانی كه‌می ئاگاداری هه‌بێت له سه‌ر چۆنێتی به‌كار هێنانی ئه‌م چه‌مكانه له‌و سیاقه ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بیه‌ی تیا به‌رهه‌مهاتووه , یان له‌ناو ئه‌ده‌بی میلله‌تانی تری نزیك له‌خۆمان چۆن به‌كار ئه‌هێنرێت . چه‌مكه‌كان هه‌ر وا وه‌ك قاڵبی ئاماده‌باش ده‌خوازرێن و به‌كارئه‌هێنرێن بێ ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتن و لێزانی پێویست هه‌بێت بۆئه‌م به‌كار هێنانه , بۆنمونه چه‌مكی دهقئامێزان intertextualite و گرفت وئاڵۆزیهكانی زۆرترین قسه‌و باسی له‌سه‌ر كراوه له‌م ساڵانه‌ی دوایدا , كه‌چی تا ئێستا ڕه‌خنه گرێكی كوردمان نه‌بینیوه وه‌ك (ئیبراهیم عریس و عبده وازن ) , به‌ئاسۆ و هزرێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێكی كوردیدا به‌كاری بهێنن , ئاستی دهقئامێزانی ئه‌م ڕۆمانه‌مان پێ نیشاندات له‌گه‌ڵ ئه‌و باكگراوه‌نده ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی كه‌له‌پوری ڕۆمان نوسینی ئه‌مڕۆ خستویه‌تیه به‌رده‌ستمان , چونكه تێگه‌یشتن له‌م كۆنسێپتانه دهوڵهمهندیهكی هزری و ئه‌زمونێكی باشی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وێت كه به‌دڵنیاییه‌وه لای ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه مه‌یسه‌ر نابێت كه ته‌نها پشتیان به‌كتێبخانه‌ی كوردی به‌ستووه .
(4) تێكه‌لكردنی ڕه‌خنه به‌هه‌ندێك شتی ناپێویست به‌ڕه‌خنه : بۆنمونه حاڵه‌ت هه‌یه ڕه‌خنه‌گر قسه له‌سه‌ر ده‌قی نوسه‌رێكی ئه‌مریكایی ئه‌كات , كه‌چی باسی سروشت و جوگرافیای قاڕه‌ی ئه‌مریكا و كێشه‌و ئاژاوه سیاسیه‌كانی ئه‌و وڵاتانه ئه‌كات . ڕاسته ئه‌ده‌بی ههرنوسهرێك هه‌ڵقوڵاوی ئه‌زمونی ڕۆحی و هزری مرۆڤانه‌ی نوسه‌ره‌كه خۆیه‌تی , له‌ناوئه‌و كۆنتێكسته ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه‌نوسه‌ره‌كه‌ی تیا ژیاوه , هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌و كۆنتێكسته تایبه‌تیه و به‌شی زۆری به‌رهه‌مه‌كانی تری نوسه‌ر بناسیت له‌كاتی ئیشكردنی ڕه‌خنه‌گرانه له‌سه‌ر هه‌ر ده‌قێك , به‌ڵام ئه‌مه جیایه لهونوسینانهی كه ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی كێشه نائهدهبیهكانی نوسه‌رن , ده‌قه‌كه‌یان به‌لاوه گرنگ نیه . له‌م ساڵانه‌ی دوایدا براده‌رێك زۆر به په‌رۆشه‌وه بابه‌تێكی له‌سه‌ر بێ ئاگایی ڕه‌خنه‌ی كوردی نوسی بوو به‌رامبه‌ر نوسه‌ری داهێنه‌ری سوری زه‌كه‌ریا تامر , كۆی نوسینه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه بوو زه‌كه‌ریا تامر پشتگیری به‌عسی عێراق ئه‌كات و دژی ئابڵوقه‌ی ئابوری سه‌ر عێراق قسه‌ی كردووه و پیاوێكی به‌عسیه , بۆیه ئه‌و كه‌سانه‌ی چیرۆكه‌كانیان كردۆته كوردی و ئه‌وانه‌یش شتێكیان له‌سه‌ر نوسیوه به‌قسه‌ی ئه‌م به‌ڕێزه , كارێكی خراپیان كردووه و پێویسته له‌ئه‌مڕۆوه لێی به‌ئاگابن .. دیاره له چه‌ند شوێنێكی تر و لای خه‌ڵكانی تریش هه‌ر وا گێچه‌ڵ و كێشه‌ی سیاسی بۆنوسهران دروستكراوه , ئه‌مه‌یش ڕه‌هه‌ندێكی تری ئه‌و قه‌یرانه‌یه ڕه‌خنه‌ی كوردی توشی بووه , ئه‌ویش پێوانه كردنی هونه‌ر و داهێنانه به‌پێوه‌ری سیاسسهت و هه‌ڵوێستی ئایدۆلۆجی , یان پێوانه كردنی ئه‌ده‌ب , به‌پێوه‌ری نائه‌ده‌بی , ئه‌گینا چ كێشه‌یه‌كه با زه‌كه‌ریا تامر به‌عسی بێت ( كه له‌ڕاستیدا وانیه و ئه‌م پیاوه نزیكه‌ی 30 ساڵه له‌ده‌ست حیزبی به‌عسی سوریا وڵاته‌كه‌ی خۆی جێهێشتووه و له‌به‌ریتانیا ئه‌ژی ) , وه‌ك چۆن هاوسۆزی له‌گه‌ڵ فاشیه‌كان هیچی له‌به‌های ئه‌ده‌بی شیعره‌كانی ئه‌زرا پاوه‌ند كه‌م نه‌كرده‌وه , به‌عسی بونیش كێشه‌یه‌ك نابێت بۆ ئه‌ده‌بی زه‌كه‌ریا تامر , كه جدیترین و وردترین ده‌نگی چیرۆكبێژی و تهنزنوسی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی ئه‌مڕۆیه ..
هه‌ڵبه‌ته له‌گه‌ڵ ئه‌م گرفتانه‌دا كێشه‌یه‌كی تری زۆر سه‌ختی ڕه‌خنه‌ی كوردیمان له‌به‌ر چاوه كه كاریگه‌ریه تاڵه‌كانی هیچی كه‌متر نیه له‌م كێشانه‌ی تر , ئه‌ویش ئه‌و خزمخواهی و مه‌حسوبیه‌ت و پێڕایهتی و شارچێتیهیه , كه ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی تری دیمهنهگهورهكهی گه‌نده‌ڵی وڵاته‌كه‌یه , وێنه‌یه‌كی بچوككراوه‌ی ئه‌و مهحسوبیهتهیه nepotism وڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و داوه‌شان بردووه , ئه‌م گرفته تا ڕاده‌یه‌ك قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه (**) , به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ئه‌كرێـت ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ جێگیرتر و چه‌سپاوتر ئه‌بێت . له‌ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیدا ئه‌م گرفته وه‌ك داهێنراوی سیسته‌مه سیاسیه دیكتاتۆریه‌كان و ئۆرگانه مخابهراتیهكانیان تهماشائهكرێت , به‌ڵام له ڕۆشنبیری كوردیدا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه نوسه‌ران خۆیانن مه‌یلی ئه‌م جۆره یاریه‌یان هه‌یه .……………………………………………………………………………………………………………………
* . ماریو فارگاس یۆسا , رسائل الی روائی الشاب , ت . صالح علمانی , دارالمدی \2005
** . له‌وتارێكیدا به‌ناونیشانی (پێڕگهرایی ڕه‌خنه‌گر : ئه‌فراندنی گه‌نده‌ڵی ) هندرێن به‌تێر و ته‌سه‌لی له‌م گرفته‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه بڕوانه http://www.dengekan.com/doc/2007/12/handren18.pdf
محه‌مه‌د حسێن