ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سیسته‌می فێرکاری
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سیسته‌می فێرکاری
هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده له سویدگۆڕانکاری، زۆربه‌ی کات، له شوێنێکه‌وه و له تاکه‌که‌سێکه‌وه ده‌ستپێده‌کات. کات ده‌چێته مێژووه‌وه و شوێنه‌که فراوانتر ده‌بێت و تاکه‌که‌سه‌که ده‌بێت به گروپ. گۆڕانکاریه‌که ده‌بێته نوێخوازی، ڕیفۆرم ده‌بێته دیارده. دڵسۆزی و به‌توانایی ده‌بنه دوو مه‌رجی سه‌ره‌کی بۆ سه‌رکه‌وتنی کاره نوێیه‌که. دڵسۆزی به‌بێ به‌توانایی، یا به‌توانایی به‌بێ دڵسۆزی، پرۆسه‌که به ناته‌واوی به‌جێدێڵێت.
هه‌موو بڕیارێکی سیاسی ده‌بێت له‌لایه‌ک به‌توانایی تێدا به‌دیبکرێت، له‌لایه‌ک دڵسۆزی و سوتان بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامی ئه‌رێنی. بڕیاری سیاسیش ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ژێرخانی کۆمه‌ڵگه‌وه بۆ ئامادهنهکرابێت، یا کۆمه‌ڵگه خۆی به‌شێوه‌یه‌کی سوبیهکتیڤی ئاماده نه‌بێت، ئه‌وا سه‌رکه‌وتنی بڕیاره‌که زۆر ئاسته‌م ده‌بێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه هه‌ست نه‌کات که بڕیاره‌که دڵسۆزی پێوه‌دیاره و تواناکان ئاماده‌کراون بۆی، ئه‌وا بڕیاره سیاسیه‌که متمانه لای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و ماسسا دروستناکات. نه‌بوونی متمانه‌ی خه‌ڵک له سیسته‌مێکی دیموکراتیدا وه‌ک به‌ریتانیا ده‌بێته هۆی سه‌ره‌کی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا و هه‌ڵبژاردنی که‌سانی لێهاتووتر بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات.
به‌ڵام له سیسته‌می دیکتاتۆری‌دا یا زاڵبونی تاکه حیزبی‌دا وه‌ک سۆڤێت و ئێراقی کۆن، نه‌بونی متمانه بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی لای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ده‌بێته سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ناڕه‌زایی و به‌ره‌نگاری شاراوه که زوو یا دره‌نگ زه‌بروزه‌نگ و توندوتیژی دوو لایه‌نه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه. هه‌موو مێژووی سیسته‌مه سیاسیه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌یان چه‌ندین جار دووپاتکردۆته‌وه.
ئه‌رکی سه‌ره‌کی سیسته‌می فێرکاری ئه‌وه‌یه که مرۆڤی بیرکه‌ره‌وه و داهێنه‌ر دروستبکات. مرۆڤێک که توانای دانانی نیشانه‌ی پرسیاری له‌سه‌ر دیارده‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه هه‌بێت. بوون و نه‌بوونی مرۆڤی خاوه‌ن داخوازی له کۆمه‌ڵگادا، ده‌ستنیشانی به‌ره‌وپێشه‌وه چوون یا وه‌ستانی پرۆسه‌ی دیموکراتی ده‌کات.
بێهۆ نیه که ڕێژه‌ی ده‌خل له ساڵێکدا له سعودیه‌ی عه‌ره‌بی، بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نۆزده هه‌زار دۆلار بووه، ئێستا هه‌زار و نۆسه‌د دۆلاره له ساڵێکدا. واته له ساڵێکدا نزیکه‌ی ده ئه‌وه‌نده هاتۆته خواره‌وه له هه‌مان کاتدا مافه‌کانی ژن و منداڵ زیاتر پێشێلده‌کرێن. ڕه‌وته ئیسلامیه توندڕه‌وه‌کان گه‌شه‌یان کردووه و مه‌ترسین نه‌ک هه‌ر بۆ سه‌ر سعودیه خۆی به‌ڵکو بۆ سه‌ر وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ڕۆژئاواش. هۆی سه‌ره‌کی ئه‌م چوونه دواوه‌یه، خراپی و سستی سیسته‌می فێرکاریانه که ڕیفۆرمێکی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه. کچان به شێوه‌یه‌کی گشتی له‌لایه‌ن سیسته‌مه‌که‌وه پشتگوێخراون و ڕه‌وشی خوێندنیان ته‌نیا له ته‌مه‌نێکی که‌می منداڵیدایه.
له وڵاتی ئێراقی ژێرده‌ستی ڕژێمه‌که‌ی سه‌دامدا، سیسته‌می بیرکردنه‌وه و فێرکاری، ساڵانه به‌ره‌و دواوه ده‌ڕۆیشت. هیچ گرنگیه‌ک به به‌هره‌داره‌کان نه‌ده‌درا. هیچ ڕێزێک بۆ مرۆڤه ئه‌کادیمیه‌کان دانه‌ده‌نرا. له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام ، ره‌وشه‌که بۆ به‌هره‌داره‌کان خراپتر بوو. تێرۆڕیستان که‌وتنه کوشتنی که‌سانی ئه‌کادیمی و خاوه‌ن بڕوانامه به‌رزه‌کان. ده‌سه‌ڵاتی ئێراقیش له ساڵی 2003 وه تا ئێستا ڕیفۆرمێکی نه‌کردوه له سیسته‌می فێرکاریدا که بۆنی ڕیفۆرمی لێبێت. به پێچه‌وانه‌وه، ژماره‌ی حیجاب به‌سه‌ر له زانکۆکان‌دا زیادیکردوه. ڕێکخراوه دینیه‌کان، به‌تایبه‌تی شیعیه‌کان له زانکۆکانی به‌غدا و شاره‌کانی باشووری ئێراقدا به تایبه‌تی به‌سره زۆر به‌هێزن. زۆربه‌ی ده‌زگا ئه‌کادیمی و پۆسته به‌رزه‌کانی خوێندن یا به‌ده‌ست که‌سانی دینیهوهن یا که‌سانی سه‌ر به حیزبه دینیه‌کانی وه‌ک ره‌وتی سه‌در و حیزبی ده‌عوه‌ن.
ده‌ستوری وڵاته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به شێوه‌یه‌کی گشتی لایه‌نی مرۆڤدۆستی زۆری پێوه‌دیاره، به‌ڵام کاری پێناکرێت. بۆ نموونه ده‌ستووری ئێراق به شێوه‌یه‌کی گشتی لایه‌نی پڕشنگداری تێدایه به‌ڵام هیچ داموده‌زگایه‌کی یاسایی به‌هێز نیه که گه‌ره‌نتی سنووردانان، بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌رپێچی ده‌ستوور ده‌که‌ن، دابینبکات. هه‌ر بۆیه دوورنیه که زه‌مینه خۆشبکرێت بۆ دروستبونی سیسته‌مێکی دیکتاتۆری سه‌دام ئاسا که پێشێلی ده‌ستوور بکات و له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکدا له لایه‌ک شه‌ڕی ناوخۆی ئێراق و له لایه‌ک شه‌ڕی گه‌لی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا ده‌ستپێبکاته‌وه.
له ئه‌مڕۆدا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌ر کورد باس له ده‌ستوور و مادده‌ی 140 ده‌کات و رێزی ده‌گرێت. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێراق له به‌رزی و پانیدا، له مالیکیه‌وه بۆ سه‌دریه‌کانی سه‌رشه‌قام ده‌یانه‌وێت ده‌ستوور بگۆڕن. سوننه‌کان بۆ ته‌نیا ڕۆژێکیش باوه‌ڕیان به ده‌ستوور نه‌بووه و له‌گه‌ڵ ده‌نگدان له‌سه‌ریدا، داوای گۆڕینیان کرد.
خۆبه‌ستنه‌وه‌ی تاک لایه‌نه به ده‌ستووره‌وه ده‌بێت یه‌کێک بێت له ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌کان. له‌به‌رامبه‌ریدا گرنگه به‌هێزکردن و سه‌ربه‌خۆکردنی داموده‌زگا په‌روه‌رده‌یی و ئابووریه‌کان ببنه ئه‌ڵته‌رناتیڤی سه‌ره‌کی و ئاسۆی دواڕۆژ.
له هه‌موو کارێک‌دا، تایبه‌ت به تاکه‌که‌سه‌وه، یا به به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتێکه‌وه، ده‌بێت تاکه‌که‌س یا ڕێبه‌ره‌کان توانایان هه‌بێت که نیگای بینینی پاشه‌رۆژیان بڵند بکه‌ن، بیناییان به‌رزڕاگرن و سه‌یری ئاسۆ بکه‌ن. له ورده‌کاریه‌کاندا گیرنه‌خۆن. بۆ گه‌یشتن به ئاسۆ ده‌بێت چه‌ند ئامانجێکی کورت و درێژخایه‌ن دیاریبکه‌ن. بێگومان له‌و ڕێگه‌یه‌دا ده‌یان ههڵهدهکرێت، ڕاڕایی به‌هه‌ندێ بڕیاری تاکتیکیه‌وه دیار ده‌بێت به‌ڵام نابێته کێشه چونکه ستراتیجی دوور ده‌ستنیشانی شاڕێگا به‌ره‌و ئاسۆ ده‌کات.له‌سه‌ر ئاستی تاکه‌که‌س، ئه‌و مرۆڤانه‌ی که توانای بڵندکردنی نیگایان هه‌یه، مرۆڤی خاوه‌ن به‌های به‌رزن. ویژدانێکی توندی مرۆڤدۆستیان هه‌یه. هاوکات له‌سه‌ر ئاستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له وڵاتێک‌دا، ئه‌و ڕێبه‌ره سیاسیانه‌ی بڵندنیگان، ئاسۆ ده‌بینن و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن له ڕێگه‌ی ده‌ستنیشانکردنی کۆمه‌ڵێک ئامانجگه‌لی ڕۆشنه‌وه. به‌پێی ستراتیجێکی دوور کاری بۆ ده‌که‌ن.
نیڵسۆن ماندێلا گه‌وره‌ترین بڵندنیگا و ئاسۆبینی سه‌رده‌مه. له بڵندترین کاتی ده‌سه‌ڵاتیدا، یه‌کێک بوو له هه‌ست ناسکترین که‌سی وڵاته‌که‌ی. ئاسۆی ئه‌و نه‌مانی ئهپارتهید بوو. له‌بنه‌وه به بڵندی نیگای خۆی، ڕووباری خوێن و هه‌ستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و ڕقی وه‌ستان. له‌جێگایدا کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی بێ ئهپارتهیدی دروستکرد.له کاتیکدا که به‌ده‌سه‌ڵاترین که‌سی وڵات بوو، خۆی ماڵئاوایی له ده‌سه‌ڵاتکرد و به ئاشتیانه ده‌سه‌ڵاتی گوێزایه‌وه ده‌ست ڕێبه‌ره نوێیه‌کان. ماندێلا به‌م کارانه‌ی ناوی خۆی له مێژووی ڕێبه‌ره نه‌مره‌کانی جیهاندا تۆمارکرد.
ئه‌مڕۆ ئاسۆ بینین له کوردستان، ده‌بێت ههوڵدانبێت بۆ ئه‌وه‌ی کوردستان ببێته خاوه‌ن ئابوریه‌کی خۆماڵی سه‌ربه‌خۆ که بتوانێت گه‌لی کوردستان پێی بژی. له‌و ڕێگه‌یه‌دا له‌وانه‌یه هه‌ڵه‌بکرێت به‌ڵام ئامانجه‌که ئه‌وه‌نده به‌رزه که لێبوردن له هه‌ڵه‌کانیش ده‌کرێت. گه‌یشتن به لوتکه گرنگه، به‌ڵام پارێزگاریکردن له لوتکه زۆر گرنگتره. هه‌ر که‌سێک یا هه‌ر گه‌لێک ئابووری خۆی به‌ده‌ستی خۆیه‌وه نه‌بێت، هه‌رگیز سه‌ربه‌ست نابێت. سه‌رۆکی کۆنی سۆسیال دیموکراته‌کانی سوید، تاگێ ئێرلانده‌ر، ده‌ڵێت هه‌ر که‌سێک قه‌رزاربێت ئازاد نیه.
ئه‌مرۆ له کوردستان هه‌رچه‌نده کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وتی باش به‌ده‌ستهێنراوه، به تایبه‌تی له بواره‌کانی ئاسایش و په‌روه‌رده‌دا به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌وه‌یه‌کی هوشیار له سیسته‌مێکی فێرکاری خاوه‌ن به‌هادا به‌رهه‌م نه‌یه‌ت که ئابوریه‌کی سه‌ربه‌خۆی کوردستان له ده‌ستبگرێت ئه‌و کات ئه‌وه‌ی به‌رهه‌میش هێنراوه له ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا له دهستدهدرێت. دروستکردن سه‌خته و کاتی ده‌وێت به‌ڵام تێکدان ئاسانه و زوو ده‌کرێت. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه له کوردستان گرنگیدان به چاکسازی له سسیته‌می فێرکاریدا بۆ به‌دیهێنانی نه‌وه‌یه‌کی بیرکه‌ره‌وه و ئابووریه‌کی سه‌ربه‌خۆی کوردستانی مه‌رجی سه‌ره‌کی خۆشبهختیاری گه‌لی کوردستان و ئاوه‌دانی وڵاته.کێشه‌ی نه‌خوێنده‌واری له کوردستاندا، که له ئه‌مڕۆدا له 20% ی دانیشتوانی کوردستان نه‌خوێنده‌وارن، واته له هه ر پێنج که‌س یه‌ک که‌س نه‌خوێنده‌واره، کێشه‌یه‌کی گه‌وره و تراژیدیایه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه که ده‌یان کێشه‌ی گه‌وره و بچووکی به‌دوای خۆیدا هێناوه. گه‌نده‌ڵی و پێشێلکردنی مافه‌کانی ئافره‌ت له هه‌ستی شانازیی کردنمان به کوردستانه‌وه که‌مده‌کاته‌وه. نه‌خوێنده‌واریش هه‌ر ئه‌و له سه‌دا بیسته نیه، به‌ڵکو نه‌خوێنده‌واری به‌پێی ئاستی پێشکه‌وتنی وڵاته‌کانی دنیا، پێناسه‌ی جیاوازی بۆ ده‌کرێت. هاوکات یۆنسکۆ پێناسه‌ی خۆی بۆ نه‌خوێنده‌واری هه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر کورددا جێبه‌جێبکرێت ئه‌وه ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌وارمان له له 20% زۆر زیاتره. به‌ڵام هه‌ر لێره‌دا گرنگه جارێکی ئاسۆ ببینرێت و نیگا بڵندبێت. واته ئامانجگه‌له دوورخایه‌نه‌کان ببینرێن، به‌بێ ئه‌وه‌ی سازش له‌سه‌ر که‌موکوڕیه‌کان بکرێت.
پێویستیه‌کانی مرۆڤ به پێی کات و شوێن ده‌گۆڕدرێن و به‌پله‌ی جیاواز دێن. پله‌ی یه‌که‌م بریتیه له گرنگترین و ساده‌ترین پێویستی مرۆڤ که بریتیه له دابینکردنی خواردن و شوێنی نوستن. بۆ نموونه له هه‌ندێ وڵاتی ئه‌فه‌ریقادا ئه‌و پێویستیانه ئامانجی سه‌ره‌کین. که ئه‌و پێویستیانه دابینکران، مرۆڤ سه‌یری به‌رزتر ده‌کات و ئامانجی بڵندتر ده‌خاته به‌رده‌می. پله‌ی دووه‌م بریتیه له دابینکردنی هه‌ستکردن به ئارامی و دڵنیایی و پاراستنی ڕۆح و جه‌سته. باشوور و ناوه‌ڕاستی ئێراق نموونه‌ن بۆ هه‌وڵدان بۆ دابینکردنی ئه‌و ئامانجانه. که مرۆڤ پله‌ی یه‌که‌م و دووه‌می بڕی نیگای بڵندتر ده‌بێت و حه‌ز و ئاواته‌کانی ده‌چێته پله‌ی سێیه‌م که بریتیه له به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌گه‌لی سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆیی له ڕێگه‌ی به‌رزکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی خوێنده‌واری و ڕیفۆرم و گۆڕانکاری له سیسته‌می فێرکاری وڵات و نوێخوازی له په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا، کوردستان نیمچه نموونه‌یه‌کی کامڵنهبووی ئه‌م پله‌یه‌یه. له‌دوای ئه‌وه پله‌ی چواره‌م دێت که بریتیه له به‌رجه‌سته‌کردنی خه‌و و خه‌یاڵی تاکه‌که‌س له به‌ده‌ستهێنان و دابینکردنی ئه‌تمۆسفێرێک که تاکه‌که‌س تیاییدا به حه‌ز و ئاواته تاکه‌که‌سیه‌کانی بگات له پێناوی گه‌شه‌کردنی ڕۆحی‌دا له‌و بواره‌ی که خۆی مه‌به‌ستێتی. ئه‌م پله‌یه به شێوه‌یه‌کی گشتی مرۆڤه‌کانی وڵاتانی دیموکراتی و ڕۆژئاوایی ده‌گرێته‌وه. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه داواکاریه‌کان له‌سه‌ر ژیان زیاتر ده‌بێت و هه‌سته‌کان له ئاستێکی به‌رزتردا ده‌بن. پێناسه‌کان ده‌گۆڕدرێن و مانای ژیان پێناسه‌ی جیاوازی بۆ ده‌کرێت. پرسی بۆ ده‌ژین و مانای ژیان چییه ده‌بنه پرسه سه‌ره‌کیه‌کانی ژیان و مرۆڤ به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، نه‌ک جێگای نوستن و ئازادی ده‌ربڕین چونکه ئه‌وانه پێشکات دابینکراون. هه‌ر بۆیه پرسه‌کانی نه‌خوێنده‌واری له کوردستان و به‌رز ڕاگرتنی به‌هابنه‌ماییه‌کان پێناسه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که ئایا کوردستان هه‌نگاوی به‌ره‌و پێشه‌وه ناوه یان نا. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا هه‌نگاوی زۆر گرنگی تریش له‌به‌رده‌مدا ماوه.
حیزبه‌کانی کوردستان، له‌به‌ر ڕۆشنایی پله‌کانی پێویستی ژیان، ئه‌مڕۆ داواکاری زیاتریان لێده‌کرێت و ده‌بێت سیسته‌می فێرکاری و پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌ی کوردستان بکه‌نه یه‌کێک له ئامانجه سه‌ره‌کیه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی تاکه‌که‌سی کوردستانی هه‌ستبکات که بواری گه‌یشتن به ئامانجه تایبه‌تیه‌کانی بۆ ڕه‌خساوه. مرۆڤ ئه‌گه‌ر ههستنهکات که ده‌بینرێت و ڕێزی لێده‌گیرێت وه‌ک تاکه‌که‌س، ئاسته‌مه به‌لایه‌وه بتوانێت دیارده جوانه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ ببینێت و هه‌ست به به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر داموده‌زگاکانی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات بکات . له ڕێگای به‌هێزکردنی سیسته‌می فێرکاریهوهیه مرۆڤ بیر له ماف و ئه‌رکه‌کانی ده‌کاته‌وه و ناخی ئاسووده ده‌بێت. ئه‌و کات به‌شداریه‌کی چالاکانه ده‌کات له پێناوی پێشکه‌وتنی وڵات‌دا.