كورته‌یه‌ك له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ژنان و (8 ی مارس) له ئێران‌دا
كورته‌یه‌ك له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ژنان و (8 ی مارس) له ئێران‌دا
بایز ئه‌فروزی
ژنانی ئێرانی له شۆڕشی مه‌شروته‌دا ده‌ورێكی به‌رچاویان هه‌بوو. به‌ڵام له‌و قۆناغه‌دا ژنان له گشت بواره‌كاندا شوێن كه‌وتووی پیاوان بوون خواسته‌كانیان هه‌مان خواست و داواكارییه‌كانی پیاوانی شۆڕشگێڕ بوو كه به گشتی له دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی پێڕه‌وی (یاسا) و پارلمان‌دا خۆی ده‌نواند و به‌ده‌گمه‌ن باس له خواست و داوای ژنانه ده‌كرا.
به واتهیكی تر ژنان له ده‌ورانی شۆڕشی مه‌شروته‌دا، هێشتا نه‌گه‌یشتبوونه قۆناغی ڕۆشنبیری ڕه‌گه‌زی. بۆ نموونه یه‌كێك له ژنانی شۆڕشگێڕ به ناوبانگی ئه‌و ده‌ورانه، به ناوی (زه‌ینه‌ب پاشا) به‌و په‌ڕی فه‌خر و شانازییه‌وه جلی پیاوانه‌ی له بهركردبوو و (وه‌ك پیاوێك)، هاوشانی موجاهدینی مه‌شروته له ته‌بریز شه‌ڕی ده‌كرد.
هه‌ر چه‌ند شۆڕشی مه‌شروته نه‌یتوانی ئامانجه‌كانی بپێكێت و مێوهیكی تاڵی وه‌ك ڕژێمی دیكتاتۆری ڕه‌زاشای لێكهوتهوه، به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌ك ژنانی له چوار دیواری ماڵه‌كان ئازاد كرد و ڕێگه خۆشكه‌ری هه‌نگاونانی ئه‌م به‌شه له كۆمه‌ڵگا بوو به‌ره‌و چالاكی سیاسی، فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
له ساڵی1299 ی هه‌تاوی (1920ی زایینی) دا حیزبی كۆمۆنیستی ئێران یه‌كه‌م كونگره‌ی خۆی له شاری ئه‌نزه‌لی به‌ڕێوه برد. ئه‌م حیزبه ته‌نها حیزب و ڕه‌وتێك بوو كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا تا ڕاده‌یه‌ك ئاوڕی له (ژنان) و تایبه‌ت مه‌ندییه‌كانی ئه‌م به‌شه له كۆمه‌ڵگا ده‌دایه‌وه و ژنانی به ئه‌ندامه‌تی وه‌رده‌گرت.
كۆنگره‌ی ئه‌نزه‌لی، جێگه‌و پێگه‌ی ژنانی له ناو حیزبی كۆمۆنیست دا به‌هێزتر و پته‌وتر كرد و هه‌ر ئه‌مه‌ش بوه هۆی ئه‌وه كه ڕێبه‌رانی حیزب به گشتی و ئه‌ندامانی ژنی حیزب به تایبه‌تی، بیر له دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌ی تایبه‌ت به ژنان بكه‌نه‌وه و له‌م بواره‌دا چالاكتر و جیدی تر بن.
له ساڵی 1300 هه‌تاوی دا، یهكساڵا دوای كۆنگره‌ی ئه‌نزه‌لی، له شاری ڕه‌شت، به هیمه‌ت و كۆششی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی ژنی ئه‌ندام و لایه‌نگری حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، له‌وانه جه‌میله‌ی سدیقی و شه‌وكه‌تی ڕوستا، یه‌كه‌م ڕێكخراوه‌ی تایبه‌تی ژنان له ئێران‌دا، به ناوی "پیك سعادت نسوان" ( په‌یكی به‌خته‌وه‌ری ژنان) دامه‌زرا.
جه‌میله‌ی سدیقی و شه‌وكه‌وتی ڕوستا،10 ساڵا دواتر به فه‌رمانی ڕه‌زاشا و به پێی یاسای دژهكۆمۆنیستی، ناسراو به( یاسای ڕه‌ش) به تۆمه‌تی كۆمۆنیست بوون و ڕێكخستنی ئه‌نجومه‌نی "پیك سعادت نسوان" ده‌سبه‌سه‌ر كران و چوار ساڵا له زینداندا ڕاگیران!
ڕێكخراوه‌ی پیك سعادت نسوان له سه‌رده‌مێكدا دامه‌زراندنی خۆی ڕاگه‌یاند كه ته‌نانه‌ت ئه‌ژماركردنی "ژن" به "مرۆڤ " له لایه‌ن زۆرینه‌ی پیاوانی ئایینی و بگره جه‌ماوه‌ریشه‌وه به "كوفر" و بێشه‌رمی له قه‌ڵه‌م ده‌درا !
ڕێكخراوه‌ی پیك سعادت نسوان، دوای ورد بوونه‌وه و ناسینی كێشه‌و گرفته ڕاسته‌قینه‌كانی ژنانی ئێران به دوور له هات و هاوار و به‌رز كردنه‌وه‌ی درووشمی بێ بنه‌ما و توندڕه‌وانه، ده‌ستی دایه دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ی تایبه‌ت بۆ كچان، خوێنده‌واركردنی ژنان و ئاشنا كردنیان به سه‌ره‌تایی ترین مافه مرۆڤیهكانیان و تێگه‌یاندنیان له‌وه‌ی كه ئه‌وانیش، وه‌ك ڕه‌گه‌زی پیاو، مرۆڤن! چۆنكا به داخه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نانه‌ت خودی ژنانیش باوه‌ڕیان به‌وه نه‌بوو مرۆڤی ته‌واون.
ئه‌نجومه‌نی"پیك سعادت نسوان"، گۆڤارێكیشی به ناوی "پیك سعادت نسوان" نه‌شر ده‌كرد كه ئه‌م گۆڤاره‌ش یه‌كه‌م گۆڤاری تایبه‌تی ژنان له ئێراندایه.
هه‌روه‌ها بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی 1300 دا ئه‌م ڕێكخراوه ڕۆژی (8 مارس) ی وه‌ك ڕۆژی جیهانی ژنان له ئێران‌دا به‌ڕێوه برد.
چالاكیه‌كانی "پیك سعادت نسوان"، وه‌ها كاریگه‌رییه‌كی له سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێران و به تایبه‌ت ژنانی ئێران هه‌بوو، له ماوه‌یه‌كی كورتدا ژنانی شاره‌كانی تریش ده‌ستیان دایه دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌ی تایبه‌تی خۆیان و له تاران و ته‌برێز و ئیسفه‌هان و چه‌ند شارێكی تر، ئه‌نجومه‌ن و ڕێكخراوه‌ی ژنان دامه‌زرا و چه‌ندین گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی تایبه‌ت به ژنان (وه‌ك ئورگانی ئه‌نجومه‌نه‌كان) ده‌ستیان به وه‌شان كرد.
به‌م شێوه دیارده‌یك به ناوی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، له كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا ده‌ستی پێكرد و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه و كه‌س، ته‌نانه‌ت دوژمنان و نه‌یارانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ش ناتوانن نكۆڵی له‌وه بكه‌ن كه بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ئێران، هه‌میشه و له هه‌موو كاتێكدا بزووتنهوهیكی پێشكه‌وتنخواز و پێشڕه‌و بوه و به پێچه‌وانه‌ی خواست و كۆششی فیمینیسته بورژواكانی ئه‌م سه‌رده‌مه، قه‌ت هاوپه‌یمانی له گه‌ڵا بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تی و شۆڕشگێرانهكانی تر، وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی كرێكاران و خوێندكاران و… دوورنهكهوتوهتهوه و گیرۆده‌و ئالووده‌ی گه‌مه‌ی لاده‌رانه‌ی (دژایه‌تی كردنی پیاو) وه‌ك ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر نه‌بوه‌ته‌وه.
له سه‌رده‌می ڕژێمی ره‌زار شادا، هاوكات له گه‌ڵا سه‌ركوتكردنی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و دیموكراتی خوازی ئێران، بزووتنه‌وه‌ی ژنانیش كه‌وته به‌ر په‌لاماری ڕژێم و له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا گشت ڕێكخراوه سه‌ربه‌خۆكانی ژنان نایاسایی له قه‌ڵه‌مدران و چالاكوانانی ژن قوڵبه‌ست و ڕه‌وانه‌ی زیندانه‌كانی ڕه‌زاشا كران. بۆ نموونه گروپی ناسراو به 53 نه‌فه‌ر (دوكتۆر ته‌قی ئه‌رانی و هاوڕێكانی) و گروپی (22 نه‌فه‌ر) كه له چالاكوانان و تێكۆشه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان پێك هاتبوون.
ڕژێم به‌مه‌ش ڕازی نه‌بوو و له ساڵی 1310 ی هه‌تاوی دا له قانوونی هه‌ڵبژاردنی گشتی دا ژنانی له ڕیزی مناڵانی پێنه‌گه‌یشتوو و شێته‌كاندا دانا‌و مافی هه‌ڵبژاردن و خۆپاڵاوتنی بۆ مه‌جلیس پێنه‌دان. ئه‌مانه له حاڵێكدا بوو كه ڕه‌زا شا و دهموودهزگاكهی فریوكارانه بانگه‌شه‌ی ڕزگاری ژنانیان ده‌كرد و شانۆگه‌ری "گهشفی حیجاب" یان به‌ڕێوه ده‌برد و (حیجاب) یان به گه‌وره‌ترین و بگره ته‌نها كۆسپی سه‌ر ڕێگه‌ی پێشكه‌وتنی ژنانی ئێران داده‌نا!
دوای ڕوخانی ڕژێمی ڕه‌زاشا له 1320 ی هه‌تاوی بۆ جارێكی تر بزووتنه‌وه‌ی ژنان سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌و له‌م ساڵانه‌دا به پشت به‌ستن به ئه‌زموونی ساڵانی ڕابردوو و هه‌روه‌ها به پشت گیری و پشت گه‌رمی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و دیمۆكراتێكی گه‌لانی ئێران، هه‌نگاوگه‌لێكی به‌رچاوی هه‌ڵگرت. له‌م قۆناغه‌دا، به تایبه‌ت به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی قوتابخانه‌كانی كچان و زۆربوونی ڕێژه‌ی ژنانی به‌هره‌مه‌ند له توانایی خوێندن و نوسین و هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له بۆچوونه‌كانی پیاوانی كۆمه‌ڵگادا ڕووی دابوو، بزووتنه‌وه‌ی ژنان پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی به خۆوه بینی.
به‌هێزترین و به‌ناوبانگ ترین ڕێكخراوه‌ی ژنانی ئه‌م سه‌رده‌مه (ته‌شكیلاتی دێمۆكراتیكی ژنان) بوو. ئه‌م ڕێكخراوه گۆڤارێكی به ناوی (جهان زنان) نه‌شر ده‌كرد كه ڕۆڵێكی گرینگی له به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیری ژنان و پیاواندا بینی.
له ساڵه‌كانی 24 ـ 1323 ی هه‌تاویدا له ناوچه‌ی ئازه‌ربایجان حكومه‌تی كۆماری ئازه‌ربایجان دامه‌زرا. بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی ئێران‌دا، ئه‌م كۆماره مافی ده‌نگدان و خۆپالاوتنی بۆ ژنان په‌سه‌ند كرد. دواتر، ئه‌م مافه له لایه‌ن كۆماری كوردستانیشه‌وه په‌سه‌ند كرا. به‌ڵام نه ژنانی كوردستان له‌و ئاسته‌دا بوون كه ئه‌م مافه به كار بێنن و نه ته‌مه‌نی كورتی كۆماری كوردستان مه‌جالی ئه‌وه‌ی پێدان كه له هه‌ڵبژاردن دا به‌شداری بكه‌ن.
له‌م ساڵانه‌دا بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ئێران وێڕای هه‌وڵدان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی یه‌كسانی مافی ژنان و پیاوان و چالاكی بێ وچان له بواری ئاگاكردنه‌وه‌ی ژنان له مافه‌كانیان، به شێوه‌یكی به‌رچاو به‌شداری بزووتنه‌وه‌ی خۆماڵی كردنی پیشه‌سازی نه‌وت بوو.
دوای كۆده‌تای سه‌ربازی 1332 ی هه‌تاوی و به‌هێز بوونی ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی په‌هله‌وی بۆ جارێكی تر بزووتنه‌وه‌ی ژنان كه‌وته به‌ر په‌لامار و هێرشی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی ڕژێم و سه‌دان ژنی تێكۆشه‌ر ده‌ست به سه‌ر كران و ڕووبه‌ڕووی زیندان و ئه‌شكه‌نجه و ئێعدام كرانه‌وه.
هێرشی ڕژێمی كوده‌تا ئه‌وه‌نده به‌ربڵاو و دڕندانه بوو كه هه‌ر ڕێكخراو و بزووتنهوهیكی كۆمه‌ڵایه‌تی ،سیاسی، ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی و ته‌نانه‌ت هه‌ر تاكه كه‌سێكیش كه گومانی "چه‌پ" یان هاوخه‌می ڕه‌وتی چه‌پی لێبكرایه بێڕه‌حمانه سه‌ركوت و ڕه‌وانه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌گاكان ده‌كرا.
ڕێكخراوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، له‌م ساڵانه‌دا وه‌ها گورزێكی كوشه‌نده‌یان به‌ركه‌وت كه تا سه‌رده‌می هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ساڵی 1357ی هه‌تاوی نه‌یانتوانی به ته‌واوه‌تی پێشت ڕاست بكه‌نه‌وه.
به‌ڵام ئاشكرایه كه تا دیارده‌ی بێبه‌شی و سته‌م مابێت، داواكاری و به‌رخۆدان و مقاومهتیش هه‌ر ده‌مێنێت و هیچ ڕژێمێك نه‌یتوانیوه به پشت به‌ستن به سه‌ركوت و به‌ندیخانه و له سێداره دان كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ڕ و كوێر و بێده‌نگ بكات.
بزووتنه‌وه‌ی ژنانیش، به هه‌موو ئه‌و گورزانه‌ی كه به‌ری كه‌وتبوو، سه‌رله‌نوێ سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌و به كه‌ڵك وه‌رگرتن له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، به تایبه‌ت چاپه‌مه‌نییه‌كان، ده‌ستی دایه چالاكیه‌كی ڕووشنبیرانهی به‌ربڵاو و له‌م ڕێگه‌وه بیری یه‌كسانی خوازی و خواستی یه‌كسانی حقووقی ژن و پیاوی كرده خواست و داواكارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه.
هه‌ر ئه‌مه‌ش ڕژێمی ناچار كرد كه له ساڵه‌كانی 43 ـ 1342 ی هه‌تاویدا مافی ده‌نگدان و خۆپاڵاوتن بۆ ژنان به ڕه‌سمیه‌ت بناسێت و هه‌ندێك گۆڕانكاری تریش له به‌رژه‌وه‌ندی ژناندا، قه‌بووڵا بكات. ته‌نانه‌ت بۆ بێده‌نگ كردن و فریودانی ژنان ژنێك (فرخ رو پارسا) بكات به وه‌زیری په‌روه‌رده.
هه‌ڵبه‌ت هه‌روه‌ها كه پێشبینی ده‌كرا، ئه‌م ژنه وه‌زیره نه ته‌نها نه‌ی ویست و نه‌یتوانی هیچ گۆڕانكاریێك له‌و وه‌زاره‌ته‌دا بكات، به‌ڵكوو به هۆی لێنههاتووییهوه بوو به نموونه‌یه‌كی سه‌لبی و بێبایه‌خ له مودیرییه‌تی ژنان و ئه‌مه‌ش ڕێك ئه‌و شته بوو كه ڕژێم ده‌یویست.
له‌م ساڵانه‌دا، له 1332 وه تا 1357 ی هه‌تاوی واته ساڵی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و ڕووخانی ڕژێمی شا، ئه‌و ڕژێمه، به سه‌ر گشت ئه‌و بانگه‌شه‌و درووشم و هات و هاوار و شانۆگه‌رییانه‌ی كه سه‌باره‌ت به مافی ژنان و پێشكه‌وتنی ژنان له ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا به‌ڕێوه‌ی ده‌برد. ژنانی ئێران نه‌ته‌نها له پێك هێنان و بونیات نانی هه‌ر چه‌شنه ڕێكخراوهێكی سه‌ربه‌خۆ و ڕاسته‌قینه بێبه‌ش كرابوون. به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت ڕێگه‌یان پێنه‌ده‌درا كه مه‌راسمی ڕۆژی (8 ی مارس) یش به‌ڕێوه ببه‌ن.
به‌ڵام به هییمهت و كۆششی ژن و پیاوانی خه‌باتگێر و پێشكه‌وتنخواز، به تایبه‌ت شۆڕشگێڕان و لایه‌نگرانی ڕه‌وتی چه‌پ، هه‌موو ساڵێك (8 مارس) له كۆڕ كۆبوونه‌وه هونه‌ری، ئه‌ده‌بی و خانهوادهییهكاندا پیرۆز ده‌كرد و نه‌یهێشت ئه‌م ڕۆژه پیرۆزه له یاد بكرێت. له‌م سه‌رده‌مه‌دا به تایبه‌ت چاپه‌مه‌نییه‌كان ڕۆڵێكی گرنگیان بینی و به نووسین و چاپی وتار و هه‌واڵا له سه‌ر 8ی مارس ئه‌م ڕۆژه‌یان به جه‌ماوه‌ر به گشتی و به ژنان به تایبه‌تی ناساند و بویرانه له سه‌ریان نووسی و خواستی یه‌كسانی مافی ژنان و پیاوانیان كرده خواستێكی جه‌ماوه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی.
له ساڵه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری له ئێران‌دا ( ساڵه‌كانی 47 به‌م لاوه) ژنانی ئێران ڕۆڵێكی به‌رچاویان بینی و ده‌یان ژن چوونه ناو ڕیزی ئه‌و ڕێكخراوه‌و ڕه‌وتانه‌ی كه باوه‌ڕیان به خه‌باتی چه‌كداری هێنابوو.
چه‌ند كه‌سێك له‌و ژنانه، تا ئێستاش وه‌ك نموونه‌ی خۆڕاگری و پاڵه‌وانیتی ناویان لێده‌برێ، له‌وانه شه‌ره‌ف دێهقانی و هایده‌ی ئه‌حمه‌دزاده و…. جێگه‌ی ئاماژه‌ن.
له ده‌ورانی شۆڕشی ساڵی 1357 ئێران‌دا، ژنان به‌و یهڕی خۆبه‌خشییه‌وه به‌شدارییان كرد و جێگه و پێگه‌و قورساییان له‌م شۆڕشه‌دا تا ڕاده‌یك بوو كه ته‌نانه‌ت خومه‌ینی و مه‌لا دژه ژنه‌كانی تریش ناچار بوون ئیعترافی پێبكه‌ن. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد كه داروده‌سته‌كه‌ی خومه‌ینی، هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژانی ده‌سه‌ڵاتدارییاندا به‌و په‌ڕی ڕق و قینه‌وه هێرش بكه‌نه سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ژنان و گشت تواناكانیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ ناو چواردیواری ماڵه‌كان.
خومه‌ینی به پشت به‌ستن به دواكه‌وتوانه‌ترین و دژه ژن ترین ئه‌حكامی ئیسلامی ڕاسته‌وخۆ هاته مه‌یدانه‌وه‌و (حیجاب) و (خانه‌نشین) كردنی ژنانی وه‌ك حوكمێكی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای ئیسلامی ڕاسته‌قینه ڕاگه‌یاند.
وڵامی ژنان بۆ خومه‌ینی، به‌ڕێوه بردنی بێ وێنه‌ی ڕۆژی 8 ی مارسی 1357 بوو.
له مه‌راسیمی 8ی مارسی 1357دا له تاران و چه‌ند شارێكی تر ده‌یان هه‌زار ژن به‌شدار بوون و خواست و داواكارییه ڕه‌واكانی خۆیان كه به تایبه‌ت له وه‌ده‌ست هێنانی مافی یه‌كسان و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی (حیجابی ئیجباری) دا خۆی ده‌نواند خسته ڕوو. هه‌روه‌ها له وڵامی خانه‌نشین كردنیاندا، له ماوه‌یكی كه‌مدا ده‌یان و سه‌دان ڕیكخراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌ده‌بی، هۆنه‌ری و ماف پارێزییان پێك هێناو به‌م شێوه به‌ره‌نگاری خومه‌ینی و داروودهستهكهی بوونه‌وه.
به‌ڵام ڕژێمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی ئیسلامی له هێرشی خۆیدا بۆ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ژنان به‌رده‌وام بوو و به كه‌ڵك وه‌رگرتن له فه‌رهه‌نگی پیاوسالار و دوا كه‌وتوی جه‌ماوه‌ر له لایه‌كه‌وه‌و له لایه‌كی تره‌وه به به‌هره گرتن له كه‌مترخه‌می هه‌ندێك له هێزه سیاسیه‌كان پاشه‌كشێی به بزووتنه‌وه‌ی ژنانی كرد و دوای لاواز كردنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هێرشی به‌ربڵاوی كرده سه‌ر گشت هێزو لایه‌نه پێشكه‌وتنخوازه‌كان و ده‌یان هه‌زار تێكۆشه‌ری سیاسی، مه‌ده‌نی، هۆنه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی قوڵبه‌ست و ڕه‌وانه‌ی زیندانه‌كانی كردن و هه‌زاران تێكۆشه‌ری ئه‌م بوارانه‌ی ئیعدام یان مه‌حكوم به سزای چه‌ندین ساڵا زیندان كرد.
دوای ئه‌مانه ڕژێمی كۆماری ئیسلامی په‌لاماری (قانوونی حمایه‌ت له خانواده) ی دا و گشت ئه‌و ماده و بڕگانه‌ی كه تا ڕاده‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی ژنان دا بوون و ژنانی ئێران به قیمه‌تی ده‌یان ساڵا تێكۆشان و پێشكه‌شكردنی سه‌دان قوربانی به ده‌ستیان هێنابوو، هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و له ڕووی یاساییه‌وه وه‌زعییه‌تی ژنانی برده‌وه بۆ ساڵه‌كانی پێش له سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی مه‌شروته!
هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ر چه‌شنه مه‌راسمێك له 8ی مارس و ڕێزگرتن له‌م ڕۆژه به توندی قه‌ده‌غه كرا.
به‌ڵام ڕژێمی دژه ژن و دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی هه‌ر ئه‌وه‌نده له‌م بواره‌دا سه‌ركه‌وتنی به ده‌ست هێنا كه ڕژێمی شا به ده‌ستی هێنابوو.
سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی سه‌ر له نوێی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی 70دا به باشی ده‌ریخست كه ڕژێمی كۆماری ئیسلامی نه‌ته‌نها نه‌یتوانیوه كۆتایی به بزووتنه‌وه‌ی ڕه‌وای ژنان بهێنێت و ڕۆژی(8ی مارس) یان له بیر بباته‌وه، به‌ڵكو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، دوور له چاوی مه‌لاكان و به بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن هیچ ڕێكخراوهیكی دیار و ناسراو بێت به شێوه‌یكی سه‌ر سووڕهێنه‌ر په‌ره‌ی سه‌ندوه و توانیویه‌تی له ناو كۆمه‌ڵگادا ڕیشهیكی به‌هێز و پته‌و داكوتێت و ده‌یان هه‌زار تێكۆشه‌ری ژن و پیاوی تازه نه‌فه‌س بهێنێته ناو ڕیزه‌كانی خۆیه‌وه.
ساڵی 1387، بۆ جارێكی تر لافیته‌ی "پیرۆز بێت 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان" به ئاشكرا به‌رز كرایه‌وه‌و مه‌راسمی 8ی مارس، به شێوه‌یكی عه‌له‌نی و به به‌شداری سه‌دان ژن و پیاوی ڕۆشنبیر و یه‌كسانی خواز له تاران به‌ڕێوه چوو.
مۆڵه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م مه‌راسمه له لایه‌ن 3 ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نییه‌وه له ده‌وڵه‌تی خاته‌می وه‌رگیرا بوو.
ساڵێك دوای ئه‌وه (ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگی ژنان) وه‌ك یه‌كه‌مین ڕێكخراوه‌ی سه‌ربه‌خۆی ژنان له كۆماری ئیسلامی دا، به بۆنه‌ی (8ی مارس)ه‌وه له خانه‌ی هونه‌رمه‌ندان كۆ بوونه‌وه‌یكی هونه‌ری ڕۆشنبیری سازدا.
له ساڵی 1381دا ( 8ی مارس) گه‌ڕایه‌وه بۆ شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ـ سه‌رشه‌قام و ناوجه‌رگه‌ری كۆمه‌ڵگا ـ و مه‌راسمی ئه‌م ساڵه له پاركی لاله‌ی تاران به‌ڕێوه چوو و جه‌ماوه‌رێكی زۆر به‌شدارییان تێدا كرد. به‌شدار بوانی ئه‌م مه‌راسمه درووشمی (یه‌كسانی مافی ژنان و پیاوان) و (دێمۆكراسی) یان به‌رز كرده‌وه.
ساڵی 1382، هه‌ر له‌و شوێنه، مه‌راسمی ڕۆژی جیهانی ژن، له سه‌ر درووشمی (دژایه‌تی توند و تیژی به‌رانبه‌ر به ژنان) به‌ڕێوه چوو. به‌ڵام كه‌وته به‌ر په‌لاماری توندی هێزی ئینتزامی و بهسیجییهكان.
ساڵی 1384 مه‌راسمی 8ی مارس له (پاركی دانشجو) و ساڵی دواتر له به‌رانبه‌ر مه‌جلیس دا كۆبوونه‌وه‌یكی ژنان ساز كرا‌و هه‌ر دوو ساڵه‌كه هێرشیان كرایه سه‌ر و ده‌یان كه‌سیان لێ قۆڵبه‌ست و ڕه‌وانه‌ی زیندان كران.
هه‌ر له‌م ساڵانه‌دا مه‌راسمی ڕۆژی 8ی مارس له ده‌یان زانكۆ و شار و شارۆچكه‌ی ئێران‌دا به‌ڕێوه بردرا.
له كۆتایی دا پێویسته بوترێت كه هه‌ر چه‌ند بزووتنه‌وه‌ی یه‌كسانی خوازی ژنانی ئێران، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا سه‌رده‌می شۆڕشی 1357ی هه‌تاوی، یه گشتی ته‌نها و ته‌نها له لایه‌ن ڕه‌وتی چه‌پ و كۆمۆنیسته‌وه پشت گیری لێده‌كرا و زۆرینه‌ی چالاكوانان و تێكۆشه‌رانی ئه‌م بواره ژنان و پیاوانی كۆمۆنیست بوون، به‌ڵام له دوای شۆڕی 57وه، به تایبه‌ت له ده ساڵی ئه‌خیردا هه‌زاران تێكۆشه‌ری غه‌یری كۆمۆنیستی گرتوه‌ته‌خۆ و له ئێستادا به‌ره‌و پێش چوونی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌و ده‌سكه‌وته‌كانی به‌رهه‌می تێكۆشانی گشت چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا و پێڕه‌وانی و لایه‌نگرانی چه‌ندین ڕه‌وتی سیاسی و فه‌لسه‌فی و ئایینی جیاوازه.
به‌م پێیه ده‌توانین بڵێین له‌م ساڵانه‌دا بزووتنه‌وه‌ه‌ی یه‌كسانی خوازی ژنان بوه‌ته بزووتنهوهیكی كۆمه‌ڵایه‌تی گشت گیر و هه‌مه‌لایه‌نه.
گومان له‌وه‌دا نییه كه ژنانی ئێران و هه‌موو ژنانی جیهان له داهاتوویه‌كی نه چه‌ندان دووردا ده‌گه‌نه گشت مافه‌كانی خۆیان و دیارده‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی ده‌بێته به‌شێك له مێژووی ڕابردووی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی.(كۆتای)