دوا چرپه‌ی ژیان …هه‌ژێن
دوا چرپه‌ی ژیان
هه‌ژێن
08ی مارچی 2009
پێشکه‌شه به «سیمۆن» –
هاوه‌ڵی کوڕه‌که‌م- که ناچاری گێڕایه‌وه جامایکا و له‌یه‌کی دابڕین…
پێش ئه‌وه‌ی په‌نجه‌ی تاوان
په‌له‌پیتکه‌ی چه‌که‌که‌ت فشار دا
دوا مۆڵه‌تم به‌رێ و
دوا خۆزگه‌م به‌جێ بێنه؛
گوێت به سنگمه‌وه نێ و
دڵه‌خورپه‌ی ترس،
دڵه‌ترپه‌ی ئاره‌زووم بۆ ژیان ..
بژمێره و
له‌ته‌ك دڵه‌خورپه‌ی دڵداره‌که‌ت ..
دڵه‌ترپه‌ی خۆت، به‌راوردیان که
کاتێ من، لووله‌ی مه‌رگ
ڕوو له لانکی ساواکه‌ت
یا له نێوچه‌وانی خۆت
نیشانه بگرم..
ئه‌وسا، به دڵنیاییه‌وه
په‌نجه‌ت بنووشتێنه‌وه
پێش ئه‌وه، چرکه‌کانی ته‌مه‌ن ..
ڕاگری و
له زبڵگه‌یه‌کا جه‌سته‌م فڕێ ده‌ی
گوێ له خۆزگه‌کانم ڕادێڕه؛
منیش وه‌ك تۆ
خه‌می ژه‌مه‌شیری سبه‌ینێی ساوا‌که‌مه
خه‌ون به‌و ساتانه‌وه ده‌بینم،
که ده‌ستم له‌نێو ده‌ستی هاوسه‌ره‌که‌ما
به شه‌قامه‌کانی «کینستن*»دا شۆڕ بینه‌وه
یا له که‌ناری نێگریل**
تاوێك گوێ بۆ «بۆب مارلی***» ڕادێرین و
به ماچ ئه‌شکه‌کان بسڕینه‌وه ..
یا له کۆڕی ئێوارانا
له‌ته‌ك تۆ یا دراوسێکه‌مان
به‌ده‌م ئاوابوونی خۆره‌وه،
یاداوه‌ری بۆ یه‌کتر، بگێڕینه‌وه
جارێ بووه‌سته، پێش ئه‌وه‌ی
خه‌ونه‌کانم له گۆڕ نێی
پێم بڵێ؛
حه‌زت له ده‌نگی بۆبه*** یا بۆمب؟
له خۆشاردنه‌وه یا سه‌ما له‌که‌ناری ده‌ریا؟
تاوێ ئارام بگره و وێنای که
به هه‌ژماری گوله‌کان، گوڵ بچێنی
به هه‌ژماری کوژراوان،
منالانی بێ سه‌رپه‌نا
گوڵت بۆ هه‌ڵده‌ن
له بری چه‌ك،
وێوڵه‌یه‌کی**** ڕه‌نگین، له ده‌ستا بێ و
کوڕه‌که‌ی من و کیژۆڵه‌که‌ت
له سه‌کۆی کۆڵانێکا، بێنیته خه‌نین..
ئه‌وسا ئه‌گه‌ر، خه‌ونه‌کانت جیاواز بوون
ئه‌گه‌ر خۆزگه‌کانت خراپ نیاز بوون
ئه‌گه‌ر گۆرانییه‌کانت، جه‌نگ ئاواز بوون
ئه‌گه‌ر ویسته مرۆییه‌کانت، لاواز بوون
وه‌ره، شه‌رم مه‌که و
فه‌رمانی سه‌ره‌وه، به‌جێ بێنه
وه‌ره، خۆزگه‌ی سه‌رخه‌وێکی ئارام ..
بۆ هه‌میشه له سه‌رما بتاسێنه
* Kingston: پایته‌ختی جامایکا، شارێك که ئارامی و ساتێ ئاشتی، خه‌ونی گه‌ڕه‌که هه‌ژاره‌کانییه‌تی.
** Negril یه‌کێکه له شوێنه توریستییه‌کانی جامایکا.
*** Bob Marley، گۆڕانیبێژی به‌ناوبانگی جامایکیایی، یه‌کێك له گۆرانییه‌کانی به‌ناوی „No, Woman, Nuh Cry“ ه.
****وێوڵه: له زاراوه‌ی هۆرامیدا، به بووکه‌شووشه و ئه‌و کارکته‌ره بێگیانانه‌ی له شانۆیی بووکه‌شووشه‌ییدا به‌کار ده‌برێن، ده‌وترێت، لێره‌دا مه‌به‌ست له‌و وێوڵانه‌یه که ده‌کرێنه ده‌ست یا به په‌ت و ته‌ل ده‌بزوێنرێن.