 
	قه‌راغه‌کان…..سه‌لام محه‌مه‌د
قه‌راغه‌کان
سه‌لام محه‌مه‌د
رۆژگار وه‌کو دیناسۆرێکی هار و هاج
به دوو تایه‌ی  ئاسنینه‌وه  بێ راوه‌ستان
رێگا ئه‌بڕێت 
که‌س نازانێ له که‌یه‌وه ئه‌م ده‌عبایه رێی گرتووه و
بۆ کوێ ئه‌ڕوا و كه‌ی ئه‌وه‌ستێت 
هه‌ست به سووڕانه‌وه‌ی  ناکه‌ین
هه‌ر ئه‌ڕوات و ئه‌ڵێی له شوێنه‌که‌ی خۆیدا
په‌نچه‌ر بووه
چی هاته به‌رده‌می  گسکی ئه‌دات و
به هه‌ردوو قه‌راغی رێگادا رۆی ئه‌کات
قه‌راغه‌کان .. پڕن له که‌لله‌سه‌ر
قه‌راغه‌کان … گۆڕستانی بێژماره‌ن
قه‌راغه‌کان … پاشماوه‌ی سه‌دان و هه‌زاران جه‌نگن
هه‌ر له جه‌نگی تیروکه‌وانه‌وه بۆ جه‌نگی نه‌وه‌وی
قه‌راغه‌کان … پڕن له لاشه‌ی مرۆڤ و مێرووله و
پووش و په‌ڵاشی یادگار و بیره‌وه‌ری
پڕن له ورده ئاوێنه‌ی شکاوی به‌سه‌رهات
قه‌راغه‌کان … به تۆز‌و گه‌ردی ( کات ) 
روخساریان ژه‌نگی مێژووی لێنیشتووه
مه‌کینه‌ی زلی رۆژگاریش به بێ وچان
وه‌ك دیناسۆرێکی که‌ته
   به بۆڵه بۆڵ  ئه‌ڕوا … ئه‌ڕوا
ئه‌گه‌ر یه‌کێك له پڕێکدا  هات و وتی :
 نۆره‌ی تۆیه
سبه‌ینێ رێك له سه‌عات دوانزه‌دا ئه‌مریت 
چیت به خه‌یاڵدا دێت و چی ده‌که‌یت؟
سبه‌ینێ  مه‌کینه‌ی مه‌رگ ده‌گاته سنووری وڵاتی زاتی تۆ
وه‌ك باگردێن ده‌تشێلێت و ده‌تهاڕێت و..
 فڕێت ده‌داته قه‌راغه‌وه
چرکه‌یه‌ك راوه‌ستانی بۆ نییه
تۆ بمریت یا نه‌مریت …  ئه‌و ئه‌ڕوا
تۆ هه‌بیت یا نه‌بیت …  ئه‌و ئه‌ڕوا
که تۆیش ئه‌مریت
چه‌ند دڵۆپه فرمێسکێکت بۆ ده‌ڕێژن و
  ژیان به‌ردوام ده‌بێت
هیچ دایره‌یه‌ك له کار ناوه‌ستێت
هیچ ئیزگه‌و ته‌له‌فیزیۆن و گۆڤارێك
مان ناگرێت و داناخرێت
ره‌نگه له سووچێکی ره‌شی رۆژنامه‌یه‌کی خۆماڵیدا
( به داخ و په‌ژاره‌ی زۆره‌وه چه‌ند دێڕێك سه‌ره‌خۆشی بنووسرێت )
له پرسه‌که‌تیشدا باسی سیاسه‌ت و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌که‌ن 
که ده‌ڕۆن ده‌ڵێن مردن رێگای هه‌موومانه
نوێژه‌کان ، له کاتی دیاریکراوی خۆیاندا ده‌کرێن 
هه‌مه‌چه‌شنه خه‌ڵکی بۆ که‌لێسا و په‌رستگاکانی تر ده‌چن
فه‌رمانبه‌ران پێنج ده‌قیقه له ده‌وام دواناکه‌ون
قوتابخانه و زانکۆکان له کاتی خۆیاندا ده‌کرێنه‌وه
هه‌روه‌ها دوکانه‌کانیش ،
مه‌له‌وانگه‌کانیش ،
مه‌یخانه‌کانیش .
به‌فر وه‌ك جاران ئه‌بارێ
باران وه‌ك خۆی دێته خوارێ…
که تۆ ئه‌مریت  ،
 وه‌ك ملیۆنێ ساڵ له‌وه‌به‌ر
خۆر له کاتی خۆیدا هه‌ڵدێ و … ئاوا ده‌بێ
شاخه‌کان 
دارستانه‌کان
ده‌ریاکان
ته‌نانه‌ت په‌پووله‌کانیش ، په‌ڕه‌سێلکه‌کانیش
هه‌ست به مردنی تۆ ناکه‌ن
ئه‌م مه‌کینه هار و هاجه ، ئه‌م دیناسۆره برسیه
له شۆفڵی  رۆبۆت ده‌چێت
هێواش هێواش بۆ پێشه‌وه ته‌کان ئه‌دات و 
 کتێبی قه‌ڵه‌و قه‌ڵه‌وی مێژوومان بۆ جێده‌هێڵێت
هه‌رگیز فریای خوێندنه‌وه‌یان ناکه‌وین
مێژووی رق و خۆشه‌ویستی
مێژووی دڕك و گوڵ 
که به هه‌ردوو قه‌راغی رێگای ژیانه‌وه
له گه‌ڵ پووش و په‌ڵاش و لاشه‌ی مرۆڤ و مێرووله‌دا
گردۆلکه‌یه‌ك دروست ئه‌که‌ن
 باران و لافاویش
به زه‌ویه‌وه ته‌خت ته‌ختی ده‌که‌نه‌وه
ده‌بن به تارمایی
بیره‌وه‌ری و یادگاری زه‌مه‌نه به‌سه‌رچووه‌کان….
سبه‌ینێ سه‌عات دوانزه تۆ ئه‌مریت
چۆن ئیمشه‌و به سه‌رده‌به‌یت و بیر له چی ده‌که‌یته‌وه
بشێ بۆ مزگه‌وت بچیت و له دڵه‌وه تۆبه بکه‌ی ؟
خۆ ته‌نها به یه‌ك تۆبه
منداڵ منداڵ ئه‌بیته‌وه و گشت گوناهه‌کانت هه‌ڵده‌وه‌رێن
پاشان شه‌هاده‌یه‌ك ئه‌هێنیت و
ده‌سبه‌جێ ئه‌گه‌یته که‌ناری جۆگه‌له شه‌رابیه‌کان
له‌وێ دائه‌نیشیت و نۆش ئه‌که‌یت و
 له گه‌ڵ حۆریه‌کانی به‌هه‌شتدا
کاتی ره‌نگاوڕه‌نگ  به‌سه‌رده‌به‌یت 
ته‌نها به تۆبه‌یه‌ك و شه‌هاده‌یه‌ك
له مرۆڤه‌وه ناوت ئه‌بێت به ئه‌به‌دییه‌ت
ئیمشه‌و چی ده‌که‌یت و بیر له چی ده‌که‌یته‌وه
له سه‌عات دوانزه‌دا ئه‌مریت
کاتێ ئه‌مریت
 پاشه‌ڕۆژیش ئه‌مرێت
هه‌وا ، سه‌وزایی ، رووناکی ،  هه‌موو ئه‌مرن
که تۆ ئه‌مریت گه‌ردوون ئه‌مرێت
ئه‌ی خۆت حه‌ز به چی ده‌که‌یت و 
ده‌خوازی چۆن دوا شه‌وی ژیانت به‌ڕێکه‌یت ؟
به هۆشیاری
یا به سه‌رخۆشی..
ئه‌ی بۆ دواجار بیر له کامیان ده‌که‌یته‌وه
تۆبه و شه‌هاده
یا تریفه سپیه‌که‌ی تاریکایی عه‌ده‌م ؟
سوید / 17 / 12 /2008
له ژماره 142 ی گۆڤاری رامان بڵاوکراوه‌ته‌وه

 
			 
			 
			