Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
پارچه‌كانی نیشتمان له‌ ئاوێنه‌یه‌كی شكاودا ….عومه‌ر جه‌لال

پارچه‌كانی نیشتمان له‌ ئاوێنه‌یه‌كی شكاودا ….عومه‌ر جه‌لال

Closed
by March 15, 2009 هۆنراوە
پارچه‌كانی نیشتمان له‌ ئاوێنه‌یه‌كی شكاودا

عومه‌ر جه‌لال    

شه‌پۆلێك به‌فر به‌ گریانه‌وه‌
رووبارێك ئاو به‌ ره‌نگ و ده‌نگه‌وه‌
وه‌رزێك به‌ به‌رگی ره‌شه‌وه‌
برینی گه‌ڵایه‌ك به‌ خوێنه‌وه‌
به‌دوای نیشتماندا وێڵن
له‌ پیاوێكی به‌ساڵاچوو  ده‌پرسن
ته‌ماشای ئاوێنه‌یان بۆ بكات
نیشتمانی ونبوویان بدۆزێته‌وه‌
په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌ك به‌ گۆرانییه‌كی غه‌مگینه‌وه‌
هه‌تا هێلانه‌یه‌ك درووست ده‌كات
نیشتمانمان لێ ون ده‌بێت
شاعیرێك هه‌تا جگه‌ره‌یه‌ك ده‌كێشێت
كوكوختییه‌ك هه‌تا ئاوازێك داده‌نێت بۆ مردن
جه‌لادێك هه‌تا خوێنی قوربانییه‌ك ده‌رژێت
نبشتمان به‌ جێ ده‌هێڵین
قوتابییه‌كان چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی نمره‌كانیان ناكه‌ن
كێڵگه‌كان بێ كه‌س ده‌مێنن
باخه‌وانه‌كان ده‌كه‌ونه‌ رێ
باخچه‌كان خۆیان ده‌كوژن
گۆڕستانه‌كان ئیدی زیندووه‌كان نابینن
شه‌قامه‌كان ده‌ڕشێنه‌وه‌
یاده‌وه‌ری نێوان خۆیان و
  پێڵاوه‌ لاستیكه‌كانی منداڵه‌كان هه‌ڵدێننه‌وه‌
نیشتمان ده‌كه‌ینه‌ كۆلاره‌یه‌كی منداڵانه‌ و
ده‌زووه‌كه‌ی ده‌ده‌ینه‌ ده‌ستی دایكمان تا دێینه‌وه‌
نیشتمان ده‌كه‌ینه‌ تۆپێكی پێ
گۆڵی خۆمان له‌ ژیان ده‌كه‌ین
به‌ر له‌ به‌هار
نسێی مردن دێت
نیشتمان نابینا ده‌بێت
داگیركه‌ره‌كانی به‌خته‌وه‌ری دێن
نیشتمان باوه‌شیان بۆ ده‌كاته‌وه‌
پاسه‌وانه‌كانی باران به‌ سه‌ماوه‌ دێن
رووخساری نیشتمان ره‌ش داده‌گه‌رێت
سێڵاوی خۆین
كۆڵانه‌كانی نیشتمان سوور ده‌كات
كڕنووشی سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌به‌ین
ره‌زو باخه‌كان كۆچ ده‌كه‌ن
ئێواره‌ شه‌رمنه‌كان نایه‌نه‌وه‌
گۆرانییه‌ میهره‌بانه‌كان نابیستینه‌وه‌
نوێژ بۆ درۆ ده‌كه‌ین و
به‌مه‌رگی گوڵ پێده‌كه‌نین
نیشتمان ده‌كه‌ینه‌ له‌ش فرۆشێك
هه‌ر كه‌س ویستی پێشكه‌شی ده‌كه‌ین
دیوانی شاعیره‌ كلاسیكه‌كان ده‌سوتێنین
دیوانی شاعیره‌ گه‌نجه‌كان ده‌كه‌ینه‌
لوله‌ی گوڵه‌به‌رۆژه‌ی نه‌فرۆشراو
به‌فری لوتكه‌كان به‌ گڕی خیانه‌ت ده‌توێنینه‌وه‌
شاخه‌ قه‌شه‌نگه‌كان بۆ دوژمنان چۆڵ ده‌كه‌ین
نیشتمان ده‌كه‌ینه‌ مه‌زه‌ی سه‌رمێزی جه‌لادێك
ئاوێته‌ی خواردنه‌وه‌ی شه‌وانیان ده‌كه‌ین
به‌ پێی په‌تی هه‌ڵدێین
ته‌نیا خۆمان و یاده‌وه‌رییه‌ ناشرینه‌كانمان
گۆڕی ئازیزانمان جێده‌هیڵین
تف له‌ رۆژه‌ ئاسووده‌ییه‌كانمان ده‌كه‌ین
نیشتمان بۆ مردووه‌كان جێده‌هێڵین
باڵنده‌یه‌ك وه‌ڕس له‌ فڕین
چه‌مێك سه‌رخۆش به‌ لێڵی
باخێكی هه‌نار نامۆ به‌ مزری
گۆرانییه‌كی قه‌یره‌ و شیعرێكی نه‌زۆك
بارانێك شه‌رمنتر له‌ ئاوێنه‌
سێوێك خامۆشتر له‌ بێده‌نگی
ده‌رگایه‌ك ره‌نگینتر له‌ تابلۆیه‌ك
سیمایه‌ك ره‌شتر له‌ ره‌ژوو
نه‌فره‌ت له‌ نیشتمان ده‌كه‌ن
ده‌ست له‌ ملی منداڵیكی بێكه‌س ده‌كه‌ن
به‌یه‌كه‌وه‌ میز به‌ سروودی ئه‌ی ره‌قیبدا ده‌كه‌ن
فرمێسك پێده‌گرێت و كۆچ ده‌كات
بۆ  نا كۆتا
نیشتمان ده‌كاته‌ ته‌نه‌كه‌ی زبڵه‌وه‌ فرێی ده‌دات
عه‌شقی جه‌نگ ده‌بین و وه‌ك مه‌رگ ئه‌زبه‌ری ده‌كه‌ین
ئاشتی له‌ نێو پێڵاوه‌كانماندا ده‌شارینه‌وه‌
ده‌ست ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ چۆله‌كه‌ كوشتنی منداڵی
ده‌چینه‌وه‌ یه‌كه‌م وانه‌ی قوتابخانه‌
له‌بری ده‌ست هه‌ڵبڕین بۆ مامۆستا
ته‌خته‌ره‌ش ده‌شكێنین
وێنه‌ی سه‌رۆك له‌پۆله‌كان داده‌گرین و ده‌یسوتێنین
نیشتمانی ئێمه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ هه‌تیو بوو
كچه‌كه‌ی به‌ منداڵی له‌ كه‌سێكی گه‌وره‌ ماره‌ كرا
بۆنی ده‌می نیشتمان كاسمان ده‌كات
بۆگه‌ن به‌ ئه‌ندازه‌ی بۆنی ده‌می دیكتاتۆره‌كان
نیشتمان وه‌ك گه‌مه‌یه‌كی منداڵانه‌
كێ بیه‌وێت گه‌مه‌ی خۆی پێده‌كات
پرچی نیشتمان هه‌ر رۆژه‌و به‌ده‌ستی كه‌سێكه‌وه‌
لاشه‌ی بریندار وه‌ك شه‌هیدێكی سه‌رخۆش خۆینی لێ ده‌چۆرێت
جه‌لاده‌ نه‌ناسراوه‌كان دێن نیشتمان ده‌به‌ن
ئێمه‌ فه‌رشی سووریان بۆ رێكده‌خه‌ین
دوژمنه‌كانی خه‌نده‌ دێن و
ئێمه‌ش ئاڵای مه‌رگ هه‌ڵده‌كه‌ین
جه‌نگاوه‌ره‌كانی ئه‌ودیو سه‌ربه‌ستی دێن
كۆدی كردنه‌وه‌ی دڵی نیشتمانیان پێ ده‌به‌خشین
شوێنه‌وارناسه‌ تڕۆكان دێن
به‌رده‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌كانی چه‌مه‌ قه‌شه‌نگه‌كانیان پێ ده‌فرۆشین
دڵ ره‌شه‌كان دێن میهره‌بانی به‌فریان بۆ رۆ ده‌كه‌ین
قاچاخ  چییه‌كانی دۆزه‌خ و به‌هه‌شت دێن
ئاینده‌یان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین
گوێ له‌ گه‌مژه‌كان ده‌گرین و تێیان ناگه‌ین
ته‌ماشای وێنه‌ستۆكه‌كانی شێوه‌كاره‌ ده‌به‌نگه‌كان ده‌كه‌ین
 به‌نرخی رۆح ده‌یكڕینه‌وه‌
ده‌كه‌وینه‌ دوای پاسه‌وانه‌ نه‌زۆكه‌كان
به‌ ئومێدی درووست كردنی نه‌وه‌یه‌ك له‌ منداڵی ئه‌رخه‌وانی
پارچه‌كانی نیشتمان پارچه‌ ده‌كه‌ین
به‌ئه‌ندازه‌ی رووبارێك له‌ خوێن
غه‌م له‌ رۆحی نیشتمان ده‌چۆرێت
غه‌م ده‌كه‌ینه‌ جلك و له‌به‌ری ده‌كه‌ین
به‌غه‌مه‌وه‌ له‌ باخه‌كاندا خۆمان ده‌كوژین
به‌غه‌مه‌وه‌ پریاسكه‌یه‌ك له‌ یادگار هه‌ڵده‌گرین
غه‌م ده‌كه‌ینه‌ سه‌رین و ده‌نووین
به‌غه‌مه‌وه‌ هه‌ڵده‌سین و به‌غه‌م چاومان ده‌شۆین
شه‌قامه‌ ته‌نیاكانی نیشتمان به‌ ناوی غه‌مه‌وه‌ ده‌نێین
هۆڵی ئاهه‌نگه‌كان ناو ده‌نێین غه‌مگینترین غه‌مگین
نیشتمان به‌غه‌مه‌وه‌ ده‌نێَژین
ورده‌ شووشه‌ی ئاوێنه‌ شكاوه‌كانی جه‌نگه‌كان كۆده‌كه‌ینه‌وه‌ و
به‌ پیریًتی , نیشتمان ده‌دۆزینه‌وه‌
پۆرترێتێكی ئه‌فسانه‌یی له‌ نیشتمان
له‌ ئاوێنه‌ دروست ده‌كه‌ین
نیشتمانی گوڵ و نیشتمانی پارچه‌بوو
ئاوێته‌ ده‌كه‌ین و ده‌یخۆینه‌وه‌
سه‌رخۆش ده‌بین تا سنووری گریان
له‌نیشتمانی غه‌مگیندا

     omerjelal@yahoo.com

*له‌ گۆڤاری (ئاینده‌) ژماره‌ (83) ی ئازاری 2009 بڵاوبووه‌ته‌وه‌

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.