
هه‌ڵه‌بجه زامێكی ساڕ‌ێژ نه‌كراو له جه‌سته‌ی مرۆڤایه تی
هه‌ڵه‌بجه زامێكی ساڕ‌ێژ نه‌كراو له جه‌سته‌ی مرۆڤایه تی *
حه سه ن رحمان په ناه21 ساڵ له‌وه پێش، له كاتێكدا كه كۆمه‌ڵانی سته‌م لێكراوی خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕێی هاتنی گوڵ و سه‌وزه‌ڵانی و شنه‌ی بای به‌هاریان ده‌كرد، له كاتێكدا ده‌شتی جوان و سه‌رسه‌وزی شاره‌زوور به‌رگی ره‌نگاوره‌نگی له‌به‌ر كردبوو و ئامێزی پڕ له بۆن و به‌رامه‌ی بۆ نه‌ورۆز و ساڵی تازه كردبووه، له ئاوا رۆژێكدا، رق و قینی ئه‌ژدیهای حكومه‌تی به‌عس و دیكتاتۆره خوێن رێژه‌كه‌ی بۆ له‌ناوبردنی به‌هار و گوڵ، شادی و خۆشی، مرۆڤ و په‌له‌وه‌ر، ئاسمانی شینی هه‌ڵه‌بجه‌ی بۆ هه‌میشه ژاراوی كرد و گوڵاڵه سووره‌كانی ده‌شتی شاره‌زووری ژاكاند و باڵنده‌كانی له خوێندن لاڵ كرد و گریانی منداڵی ساوای بۆ هه‌میشه له گه‌رویدا به‌ند كرد.
به‌ڵێ! له ئاوا رۆژێكدا بوو كه دوو حكومه‌تی به‌عس عیراق وكۆماری ئیسلامی ئیران له درێژه‌ی شه‌ڕی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی خۆیاندا هه‌ڵه‌بجه‌یان كرد به گۆڕه‌پانی ئه‌و شه‌ڕه و زیاتر له 5 هه‌زار ژن و پیاو و پیر و لاوی ئه‌م ناوچه‌یه‌یان قه‌تڵ و عام به هه‌زاران كه‌سی دیكه‌شیان بریندار كرد و به‌و چه‌شنه یه‌كێك له دزێوترین و ره‌شترین لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی پڕ له سه‌ركوت و جه‌نایه‌تی خۆیان تۆمار كرد. كێ بێ وێنه‌ی عومه‌ر خاوه‌ر له بیر بكات كه بۆ پاراستنی كۆرپه‌كه‌ی، خۆی به‌سه‌ریدا داوه؟ كێ بێ وێنه‌ی ئه‌و منداڵه‌ی له پێش چاو نه‌بێت كه له كاتی كایه و گه‌مه به چركه‌یه‌ك كۆتایی به دنیای منداڵیی دێت و سه‌راپای ته‌رمی بێ گیانی پرسیاری بۆچی، بۆچی، بۆچی، لێ ده‌بارێ، له پێش چاو ون بێت؟
دۆا رۆژه‌كانی مانگی ره‌شه‌مه و نزیك بوونه‌وی به‌هاری 88 بوو. شه‌ڕی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی ئێران و عێراق 8 ساڵی ره‌به‌ق درێژه‌ی كێشابوو. به سه‌دان هه‌زار مرۆڤ له‌م شه‌ڕه بێ ئاكام و كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌دا كوژراو بریندار و ملیۆنها كه‌س ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بوون. ده‌سه‌ڵاتدارانی شه‌ڕخواز له به‌غدا و تاران خوێن تێری نه‌كردبوون. ئه‌ژدیهای شه‌ڕ هه‌روا له به‌ره‌كانی كاولكاری و ماڵوێرانیدا جه‌سته‌ی ئینسانه‌كانی هه‌ڵده‌لووشی. ناڕه‌زایه‌تی ده‌رهه‌ق به‌و شه‌ڕه له ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌كی رۆژ به رۆژ په‌ره‌ی ده‌ستاندن. هه‌وڵه‌كان له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و دیپلۆماتیكدا بۆ كۆتایی شه‌ڕ چڕتر ببونه‌وه. ماندوویه‌تی به جه‌سته‌ی زامداری سه‌ربازانی شه‌كه‌ت له شه‌ڕ له هه‌ردوو لا رۆژ به رۆژ زیاتر په‌ره‌ی ده‌ستاند. ناسیۆناڵیزمی ره‌گه‌ز په‌ره‌ستی عه‌ره‌ب و فارس به پاڵپشتی ئایینی سوننه و شیعه شاخیان له شاخی یه‌ك ئاڵاندبوو و شكست و سه‌ر كه‌وتنی هه‌ركامه‌یان له به‌ره‌كانی شه‌ڕ، ئه‌وی دیكه‌ی هار و دڕنده‌تر ده‌كرد و تاوان و جه‌نایه‌تی گه‌وره‌تریان ئه‌نجام ده‌دا. هه‌ر چه‌ند به كرده‌وه له به‌ره‌كانی شه‌ڕدا بۆن به‌ست دروست ببوو، به‌ڵام تاوانبارانی شه‌ڕ حازر به كۆتایی هێنان به كوشتاری ئینسانه‌كان نه‌بوون. نه خومه‌ینی و دار و ده‌سته‌كه‌ی توانی به وته‌ی خۆیان "رێگای قودس له كه‌ربه‌لاوه ببڕن" و نه دیكتاتۆره‌كه‌ی به‌غدایش ده‌یتوانی، سه‌ركه‌وتنی "عه‌ره‌ب به سه‌ر فارس‌دا" جێژن بگرێت.
هێزه ئه‌مپریالیسته‌كان كه به كرده‌وه و بۆ فرۆشتنی چه‌ك و چۆل و به‌ره‌و پێش بردنی هێژمۆنی پاوانخوازانه‌ی خۆیان به سه‌ر ناوچه‌كه‌دا، ئاگری ئه‌و شه‌ڕه‌یان خۆش ده‌كرد، ئه‌وانیش به كرده‌وه تووشی نائومێدی و بێ هیوایی هاتبوون. "پان ئیسلامیزم"ی خومه‌ینییان كۆنتڕۆڵ و له "پان عه‌ره‌بیزم"ی سه‌دام ده‌ترساند. هه‌ست به كۆتایی شه‌ڕ ده‌كرا، به‌ڵام هه‌ر دوو هه‌وڵیان ده‌دا كه له به‌ره‌كانی شه‌ڕدا سه‌ركه‌وتنی زیاتر به ده‌ست بێنن تا له سه‌ر مێزی وتووێژ ئیمتیازی زۆرتر وه‌ر بگرن. سه‌ركه‌وتن به بێ كوشتار و خوێن رێژی زۆرتر به ده‌ست نه‌ده‌هات.
كۆماری ئیسلامی كه هه‌ر له رۆژه‌كانی پاش هاتنه سه‌ر كاری، له خه‌ڵكی كوردستان تووڕه و دل پڕ له قین بوو، زۆری پێ خۆش بوو كه ئاگری شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێراق له به‌ره‌كانی كوردستان گه‌رم راگرێت، به‌ڵام به هۆی خه‌بات و مه‌قاومه‌تی جه‌ماوه‌ر و هێزی پێشمه‌رگه‌وه زۆرجار ناكام مابوه‌وه. حیزبی به‌عس و دیكتاتۆره جه‌لاده‌كه‌یشی كه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی سته‌م لێكراوی كوردستان به‌شێك له ناسنامه‌یان بوو و تا پێش كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه به ده‌یان تاوان و كاره‌ساتی دیكه‌ی دژی مرۆڤایه‌تیان به‌رانبه‌ر به‌م خه‌ڵكه ئه‌نجامدا بوو، له‌وانه به ده‌یان نموونه قه‌تڵی عامی شار و گونده‌كانی كوردستان، ئیعدام و تیرۆری رۆژانه له شار و شارۆچكه‌كان، به كرده‌وه ده‌رهێنانی قه‌رارداده شووم و به‌د ناوه‌كه‌ی ئه‌لجه‌زایر كه له به‌ینی شای ئێران و سه‌دام حوسێن دا مۆر كرابوو، وێران كردنی چوار هه‌زار گوند و شارۆچكه و خۆئاماده كردن بۆ پڕۆژه‌ی به‌رنامه بۆ داڕێژراوه‌كه‌ی ئه‌نفال كه زیاتر له 180 هه‌زار ئینسانی بێ تاوانیان تێدا بێ سه‌ر و شوێن كرد، نموونه‌گه‌لێك له هه‌وڵی سازمان دراو و به‌رنامه بۆ داڕێژراوی ده‌وڵه‌تی به‌عس بۆ ژینۆسایدی خه‌ڵكی كوردستان، له‌م وڵاته بوو. هه‌ڵه‌بجه یه‌كه‌م تاوان و كۆتایی باقی تاوانه‌كانی حیزبی به‌عس و ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی كوردستان نه‌بوو، به‌ڵكوو ئاڵقه‌یه‌ك له‌و زنجیره تاوانانه بوو كه 5 هه‌زار ئینسانی بێ تاوانی له چه‌ند چركه ساتدا تێدا ژه‌هر خوارد و به هه‌زارانی دیكه‌یش تێدا زامداری چاره‌هه‌ڵنه‌گر كرد.
په‌لاماری ئه‌رته‌ش و سپای پاسدارانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و شاره‌زوور به هێزی زۆر و زه‌به‌ند و شكستی ئه‌رته‌شی عێراق له به‌رانبه‌ر وه‌ها په‌لامارێكدا و داگیر كردنی هه‌ڵه‌بجه و ده‌ور و به‌ری له لایه‌ن ئێران، بیانووی دایه ده‌ست سه‌رانی تاوانباری حیزب و ده‌وڵه‌تی به‌عس تا له‌وپه‌ڕی دڵڕه‌قیدا تۆڵه‌ی شكست و ناكامی خۆیان له خه‌ڵكی ئازار چێشتووی هه‌ڵه‌بجه بكه‌نه‌وه. رۆژی 16ی مانگی مارسی 1988 فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌رته‌شی عێراق بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی ژه‌هراوییان له فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك و شوێنه‌كانی دیكه هه‌ڵگرت و به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه فڕین. فڕۆكه‌كانی مه‌رگ له ده‌شتی سه‌رسه‌وزی شاره‌زوور نزیك بوونه‌وه و شاری هه‌ڵه‌بجه و ده‌ور و به‌ریان به ئاگر و بۆمب و ژه‌هر داپڵۆسی. له چه‌ند چركه‌ساتدا شارێك خاپوور بوو. 5 هه‌زار ئینسانی بێ تاوان به تاك و به كۆمه‌ڵ بوون به قوربانی دوو تاقمی نه‌خۆشی رۆحی و سادیسم و جنوونی ده‌سه‌ڵات له تاران و به‌غدا. هه‌زاران جه‌نازه كه‌وت به سه‌ر یه‌كدا و ویژدانی ده‌سه‌ڵاتدارانی زاڵ به سه‌ر دنیادا به‌وپه‌ری بێ ته‌فاوه‌تی و بێ ئه‌خلاقییه‌وه چاویان له‌م تراژدیا ئینسانییه نوقاند.
به‌م شێوه‌یه ئه‌ژدیهای خۆێنمژی به‌عس به بۆمباران كردن و رژاندنی ژه‌هری ئینسان كوژ، هه‌زاران ئینسانی سته‌ملێكراوی له ژیان بێ به‌هره كرد و مۆری جینایه‌ت و دڕه‌ندیی به له‌ش و جه‌سته‌ی هه‌زاران ئینسانی ئازار چێشتووی دیكه‌وه به‌جێ هێشت. هه‌زاران دایك و باوكیان جه‌رگ سوتاو كرد و گه‌رمی خۆشه‌ویستی و ئه‌وینداری ئه‌وانیان له هه‌زاران منداڵ زه‌وت كرد.
به‌ڵام ئه‌وانه كێ بوون كه ئه‌م ئینسان كوژانه‌یان به چه‌كی كۆمه‌ڵ كوژ ته‌یار كرد، هانیان دان و تاوانه‌كانیان شاردنه‌وه و وشه‌یه‌كیشیان له‌م باره‌یه‌وه نه‌ده‌دركاند؟ كێ بوون ئه‌وانه‌ی كه له‌م رۆژانه‌دا دێموكراسییه درۆیینه‌كه‌یان ره‌نگی نه‌مابوو و دا‌موده‌زگای ته‌بلیغاتی و هه‌واڵنێرییه‌كانیان له ئاست ئه‌م تاوانه گه‌وره كپ و بێده‌نگ بوون؟ دۆناڵد رامسفێڵد وه‌زیری به‌رگری پێشووی ئه‌مریكا، كه له شه‌ڕی داگیر كردنی عێراقدا زۆری پێی خۆش بوو وه‌ك نه‌جاتده‌ری عێراق له چنگ سه‌دام بناسرێت و له كاتی رووداوی هه‌ڵه‌بجه، وه‌ك نوێنه‌ری شه‌ریكه نه‌وتییه‌كانی ئه‌مریكا له به‌غدا بۆ به‌ستنی قه‌راردادی نه‌وتی هه‌رزان هاتبوو، بۆنی نه‌وت وه‌ها سه‌رمه‌ستی كردبوو كه بۆنی خوێنی ٥ هه‌زار مرۆڤی بێ تاوانی هه‌له‌بجه و گازی ژه‌هراوی رژاو به‌سه‌ر ناوچه‌ی شاره‌زوریدا هه‌ست پێ نه‌كرد و له گه‌ڵ باقی ده‌سه‌ڵاتدارانی دیكه بێدنگیان راگه‌یاند. وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا و سۆڤیه‌تی ئه‌وكات به پڕ چه‌ك كردنی سه‌دام حسێن و خومه‌ینی، به كرده‌وه بوون به هۆكاری درێژه‌ی شه‌ڕی ئێران و عێراق و تاوانباری كوشتن و بریندار بوونی ملیۆنێك ئینسان له‌و شه‌ڕه و به تایبه‌ت 5 هه‌زار قوربانی هه‌ڵه‌بجه. ئه‌مڕۆ ئیتر هه‌ڵه‌بجه شارێكی بێ ناونیشان نییه، به‌ڵكوو ناوێكی ناسراوه كه به‌داخه‌وه به هۆی 5 هه‌زار قۆربانیه‌كه‌یه‌وه ده‌ناسرێته‌وه.
بۆمبارانی شیمیایی هه‌ڵه‌بجه، ئه‌مڕۆ ناوی ئه‌و شاره‌ی له گه‌ڵ ناوی شاره‌كانی ناكازاكی و هیرۆشیما كه به بۆمبی ئه‌تۆمی ئه‌مریكا له پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی خاپوور كران، برده نێو مێژووی تاوان و جینایه‌ته‌كانی سیسته‌می دژی به‌شه‌ری سه‌رمایه‌داری.
ئه‌مڕۆ له كاتێكدا پاش 21 ساڵ یادی كاره‌ساتی دڵته‌زێنی هه‌ڵه‌بجه رێز لێ ده‌گرین و سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ ئه‌و 5 هه‌زار مرۆڤه بێ تاوانه داده‌نه‌وێنین، كه ته‌بلیغاتێكی درۆیینه و بێ شه‌رمانه له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه وه‌ك نه‌جات ده‌ری خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه له كاتی بۆمبارانی شیمایی ئه‌م ناوچه‌یه له‌و رۆژه‌وه تا ئێستا به به‌رده‌وامی ده‌رخواردی جه‌ماوه‌ر دراوه و ده‌درێت. حه‌ق وایه هه‌موو ئینسانێكی ئازادیخواز و بێزار له سته‌م و كوشتار ئه‌و راستییه بزانێت كه كۆماری ئیسلامی ئێران نه‌ك نه‌جاتده‌ری خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی هه‌ڵه‌بجه نه‌بوون، به‌ڵكوو یه‌كێك له تاوانبارانی سه‌ره‌كی ئه‌و تراژدییه ئینسانییه بوو كه له‌و ناوچه‌یه روویدا. ده‌ستی كۆماری ئیسلامیش وه‌ك ده‌ستی كاربه‌ده‌ستان و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌ت و حیزبی فاشیستی به‌عس به خوێنی ئه‌و منداڵه سووره كه ده‌یویست بژی و نه‌مرێ، به خوێنی ئه‌و باوكه سووره كه هه‌وڵی دا به جه‌سته‌ی خۆی كۆرپه ساواكه‌ی له ئامێز بگرێ و بیپارێزێ، به خوێنی ئه‌و لاوه سووره كه پێش له مردنی گوێی له ئاخرین ترپه‌ی دڵی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بوو، به خوێنی ئه‌و دایكه سووره كه رێگای نه‌جاتی كۆرپه‌كه‌ی له گازی ژه‌هراوی به پێدانی شیری مه‌مكه‌كانی ده‌زانی و له یه‌ك وشه‌دا، ده‌ستی ئه‌م تاوانبارانه به خوێنی هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی ئێران و ناوچه‌كه سووره.
كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له هه‌مان كاتدا بۆ كۆمه‌ڵه (رێكخراوی كوردستنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)یش رووداوێكی دڵته‌زێن و گورچكبڕ بوو. له‌و رووداوه‌دا 72 كادر و پێشمه‌رگه و تێكۆشه‌ری ماندوویی نه‌ناسی ناو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له گوردانی شوان، كه‌وتنه ناو مه‌یدانی شه‌ڕ و خوێنیان تێكه‌ڵ به خوێنی 5 هه‌زار مرۆڤی بێ تاوانی شاری هه‌ڵه‌بجه و ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور بوو. لێره‌دا پێویسته ئه‌م راستییه دووپات كه‌ینه‌وه كه به درێژایی شه‌ڕی ئێران و عێراق هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه هه‌وڵی ده‌دا كه خۆی له به‌ره‌كانی ئه‌م شه‌ڕه كۆنه په‌ره‌ستانه‌یه بپارێزێ. هه‌وڵی ده‌دا سه‌ر به‌خۆیی خۆی له‌م كێشه‌یه‌دا رابگرێ و نه‌هێڵێ به هیچ له‌ونێك و هیچ لایه‌نێك كه‌ڵك له چالاكی و له هه‌ڵسووڕانی له ماوه‌ی 8 ساڵ شه‌ڕی ئێران و عێراقدا وه‌ربگرێت.
به درێژای ئه‌و ساڵانه كۆمه‌ڵه هاوبه‌شی ژیان و هاوبه‌شی خه‌بات و تێكۆشانی خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی كوردستانی عێراق بووه و له ره‌نج و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌رییه‌كانیاندا شه‌ریك بوو و هه‌وڵی ده‌دا چی له توانایدا هه‌یه له ئازاره‌كانیان كه‌م بكاته‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌میشه به قیمه‌تێكی گرانیش بۆی ته‌واو ده‌بوو. به‌ڵام كۆمه‌ڵه له په‌یڕه‌و كردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی خۆیدا هه‌رگیز كوڵی نه‌ده‌دا و سه‌ربه‌رزی پاراستنی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی له دوو به‌شی كوردستان له مێژووی خۆیدا تۆمار كرد. یه‌كه‌م شه‌هیدی كۆمه‌ڵه كاك خانه‌ی موعینی له 31ی جۆزه‌ردانی 79ی زایینی له ناو ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی له نزیك ماوه‌ت شه هید بوو ، تۆپبارانی باره‌گاكانی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه له نزیك ئاوایی مالومه و گیان له‌ده‌ست دانی چه‌ند كادێر و پێشمه‌رگه، بوردومانی شیمیایی مه‌قه‌ڕه‌كانی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه له دۆلی بۆتی و گیان به‌خت كردنی ٢٤ كادێر و پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران به تاوانی هاوكاری پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی كوردستانی عێراق له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی به‌عسه‌وه و هه‌روه‌ها گیانبه‌خت كردنی ٧٢ قاره‌مانی گوردانی شوان له نزیك هه‌له‌بجه و چۆمی سیروان، ئه‌دای سه‌هم و به‌شداری كۆمه‌ڵه له شۆڕشی خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی كوردستانی عێراقه.
ئه‌مڕۆ له كاتێكدا یادی قوربانیانی كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه و گوردانی شوانی كۆمه‌له، رێز لێ ده‌گرین، كه ده‌وڵه‌تی زاڵم و فاشیستی به‌عس له ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه، به‌ڵام به داخه‌وه هێشتا ویست و ئاواته‌كانی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌یش به‌دی نه‌هاتوون.
هه‌روه‌ها له كاتێكدا یادی هه‌ڵه‌بجه رێز لێ ده‌گرین كه حكومه‌تی كۆنه‌په‌ره‌ستی ئیسلامی ئێران وه‌ك لایه‌نێكی ئه‌و تاوانه، هێشتا له ده‌سه‌ڵات دایه و ئێران هه‌روا قه‌تڵگه‌ی رۆژانه‌ی مرۆڤه‌كانه. به‌ڵام كۆمه‌ڵگای ئێران له هه‌موو كات زیاتر له‌ناخه‌وه ده‌كوڵێت و خۆ رێكخستن بۆ خه‌باتی لێبڕاوانه دژ به كۆماری ئیسلامی له لایه‌ن كریكاران، ژنان، روناكبیران و سه‌رجه‌م جه‌ماوری وه‌گیان هاتوو، به به‌رینی ئێران له ئارادایه و هیوادارین مژده‌ی نه‌مانی ئه‌م رژیمه دیكتاتوره‌ش له ئاكامی وه‌ها خه‌باتێكدا جێژن بگرین.*ئه م بابه ته له ژماری 507 ی رۆژنامه ی هاولاتی به ریكه وتی 15/3/2009 بلاوكراوه ته وه