ئایا کورد قوربانییه، جه‌للاده یا هه‌ردووکیان
ئایا کورد قوربانییه، جه‌للاده یا هه‌ردووکیان
ئه‌مجه‌د شاکهلیله به‌شێکی دادگایی سه‌رانی رێژیمی به‌عسدا، که له‌م ڕۆژانه‌دا له‌مه‌ڕ گرتن و له‌نێوبردنی بارزانییانه‌وه، به‌ڕێوه ده‌چێت، ڕۆژی 2/3/2009، هه‌م تاریق عه‌زیز و هه‌م عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید، تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی، ئه‌وان دژه‌کورد بوون و دژه کوردن و به‌عس وه‌ک حیزب دژه کورد بووه، که له لایه‌ن پارێزه‌رانی شکاتکارانه‌وه وه‌پاڵیان درابوو، ڕه‌تکردوه‌وه. تاریق عه‌زیز، باسی ئه‌وه‌ی کرد، که ئه‌گه‌ر ئه‌وان دژه‌کورد بووبێتن، چۆن له ساڵی 1996دا هه‌ولێریان بۆ پارتیی گرته‌وه. عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جیدیش، ده‌یگوت، که ئه‌و سه‌رکردیه‌تیی دووسه‌د و ئه‌ونده هه‌زار چه‌کداری کوردی کردووه کاتێک دژی ئێران جه‌نگاون و ئه‌و چه‌کدارانه هاوکاریان بوون، ئیدی چۆن کورد ده‌کوژن!
تاریق عه‌زیز، مه‌به‌ستی 31/8/2009 بوو، کاتێک، به کۆمه‌ک و پاڵپشتی له‌شکری عیراق و له سه‌ر داوای سه‌رکردیه‌تیی پارتیی دیموکراتیی کوردستان، هێزه‌کانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، له هه‌ولێر وه‌ده‌رنران و هه‌ولێر که‌وته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیی. عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جیدیش، مه‌به‌ستی ئه‌و دووسه‌د و ئه‌وه‌نده هه‌زار جاش(سووکه‌جاش)ه کورده بوو، که ئه‌وده‌م له ژێر سه‌رکردیه‌تی و فه‌رمانی ئه‌ودا بوون و ئاماده‌ی جێبه‌جێکردنی هه‌موو فه‌رمان و کارێکی ئه‌لمه‌جید و ڕێژیمی به‌عس بوون.له‌وه‌تی دادگایی سه‌رانی ڕێژیمی به‌عس ده‌ستیپێکردووه و تا ئه‌مڕۆ، بێجگه له دۆسێی دوجێل، که سه‌ددام حو‌سه‌ینی له سه‌ر هه‌ڵواسرا، و دامرکاندنه‌وه‌ی ڕابوون و کۆکوژی شیعه، له خوارووی عیراق، دۆسێیه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک، هه‌ڵه‌بجه، ئه‌نفال، کوردانی فه‌یلی و بارزانییه‌کان، هه‌ر هه‌موویان دۆسێگه‌لێکن پێوه‌ندیان به کورده‌وه هه‌ن. کورد وه‌ک قوربانی سه‌یر ده‌کرێت ده‌ژمێردرێت و سه‌رانی ڕێژیمیش وه‌ک جه‌للاد و تاوانبار.
تۆ ڕوواڵه‌تیانه، هه‌ڕه‌مه‌کی، هاکه‌زایی، سه‌رپێی، بێلێکدانه‌وه و وردبوونه‌وه و به چاوێکی خه‌ستی ناسیۆلیستانه‌وه، ته‌ماشایه‌کی ئه‌و دادگاییانه‌ی له‌مه‌ڕ کورده‌وه‌ن بکه‌یت، هاوكێشه‌که‌ت هه‌ر به‌و جۆره دێته به‌رچاو و کوردت پێ قوربانیین و سه‌رانی ڕێژیمیش، جه‌للاد. هیچ یه‌کێک له ئێمه لاری له‌وه نییه، که سه‌رانی ڕێژیمی به‌عس، جه‌للاد و تاوانبار و مرۆڤ‌کوژ و دڕنده بووبن، لێ دانان و سه‌یرکردنی کوردیش ته‌نێ وه‌ک قوربانی، به بڕوای من، گاڵته‌جاڕییه و کارێکی ڕاست نییه.
ئه‌و دووسه‌د و ئه‌وه‌نده هه‌زار جاشه کورده‌ی، عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید، باسیان لێوه ده‌کات، هی ساڵی 1983ێن، چونکه له‌و ساڵه‌دا بارزانی‌یان گیران و له‌نێوبران. ژماره‌ی ئه‌و جاشانه، له دوای ئه‌و ساڵه‌وه تا ساڵی 1991، که ڕاپه‌ڕین ڕوویدا، گه‌لێک له دووسه‌د و ئه‌وه‌نده هه‌زار زیاتر بوون و تا نێزیکه‌ی سێسه‌د و سێسه‌دوپه‌نجا هه‌زاریش چووبوون. گریمان ئه‌گه‌ر ژماره‌یان ته‌نیا سێسه‌د هه‌زار جاشیش بووبێت و دانیشتووانی ئه‌وده‌می باشووری کوردستانیش به شه‌ش میلیۆن که‌س بقرسێنین، ئه‌وا ڕێژه‌ی جاش ده‌بێته5%ی دانیشتووان، ته‌واوی دانیشتووان(به ژن و منداڵ و پیریشه‌وه)، واته: له هه‌ر بیست که‌س، یه‌کێکیان جاش بووه! دیاره ته‌واوی ئه‌و جاشانه، نێرینه بوون و تاکه یه‌ک مێینه‌یان تێدا نه‌بووه، چونکه ژن نه‌ده‌بوو و نه‌ده‌کرا به جاش.
بێجگه له‌و ژماره زۆره‌ی جاشه، کوردێکی زۆر له نێو له‌شکر و له‌شکری گه‌لێر و ده‌سگای هه‌واڵگری و ئاساییش و حیزبی به‌عسی عیراقدا، نه‌ک هه‌ر تا ساڵی 1991، به‌ڵکه تا ڕووخانی رێژیمی به‌عسیش، سه‌رباز و پله‌دار و چه‌کدار و هه‌واڵگر و سیخوڕ و ئه‌ندامی حیزب بوون. دیاره ئه‌وانه‌ش، سه‌رباز و پله‌دار و چه‌کداره‌کان، هه‌موویان نێرینه بوون، چونکه ژن کاری به‌وانه‌وه نه‌بوو، لێ هه‌واڵگری و سیخوڕی و ئه‌ندامیه‌تی حیزبی به‌عس، به مێینه‌ش ده‌کرا و مه‌رج نه‌بوو ته‌نیا نێرینه بێت.ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ژن و زارۆک و پیر و په‌ککه‌وته‌ی ئه‌وده‌می باشووری کوردستان له‌به‌رچاو بگرین و له ته‌واوی دانیشتووانی که‌مکه‌ینه‌وه و ده‌ریان بهێنین و ژماره‌ی سه‌رباز و پله‌دار و چه‌کداری له‌شکری گه‌لێر و هه‌واڵگر و سیخوڕ و ئه‌ندامانی حیزبی به‌عس بخه‌ینه سه‌ر سێسه‌د هه‌زار جاشه‌که، ئه‌وده‌می ژماره‌ی خه‌ڵکانی کارای سه‌ر به حوکوومه‌ت و له خزمه‌تی حوکوومه‌ت و به‌عسدا بوو، له نێو کورددا، خۆی ده‌دا له نیو میلیۆن که‌س و پتریش و ڕێژه‌که‌یش ده‌بێته پیچه‌ک زیاتر له 8%. خۆ ئه‌گه‌ر مێینه(ژن) و منداڵ و پیران، که جاشایه‌تی و سه‌ربازی و چه‌کداریه‌تیی به‌عسیان پێ نه‌ده‌کرا، به بڕیک زیاتر له نیوه‌ی کوردی ئه‌وده‌می باشووری کوردستانی بژمێرین، ئه‌وا ڕێژه‌ی جاش و خۆفرۆش و چه‌کدار و نۆکه‌ری به‌عس، له نێو نێرینه( لاوان و پیاوان)ی کورددا، که نیوه یا بڕێک که‌متری دانیشتووانی باشووری کوردستان بوون، خۆی ده‌دا له نێزیکه‌ی 16% و زیاتر.
بێجگه له‌و جۆره خه‌ڵکانه(جاش و چه‌کدار و سیخوڕ)، هه‌زاران خه‌ڵکی دیکه‌ی سه‌ر به حیزبه کارتۆنییه کوردییه‌کان و هه‌زاران وه‌زیر و جێگری وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و کارمه‌ند و به‌رپرسانی ده‌سگاکانی ده‌ڤه‌ری ئۆتۆنۆمی و ئه‌نجومه‌نی ڕاپه‌ڕاندن و قانووندانان و هی دیکه، له نێو ده‌سگا حوکوومه‌تییه‌کانی به‌عسدا هه‌بوون، که پڕانییان نۆکه‌ر و سه‌ر به ڕێژیم بوون.ته‌واوی ئه‌و جۆره خه‌ڵکانه‌ی له‌ته‌ک ڕێژیم‌دا بوون، وه‌ک ڕه‌گه‌ز کورد بوون و به کوردی ده‌په‌یڤین و له سه‌ر خاکی کوردستان ده‌ژیان، به‌ڵام ئه‌وان دژ به کورد بوون و کاریان بۆ ڕێژیمی به‌عس ده‌کرد. ئه‌وان پێش له‌شکری به‌عس ده‌که‌وتن، کوردیان ده‌کوشت، گوندی کوردیان ده‌سووتاند و وێران ده‌کرد، ئه‌نفالیان ده‌کرد و کوردیان زیندانی ده‌کرد. ئه‌وان، که ئێستا به‌شێکی زۆریان دۆست و نێزیکی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشووری کوردستانن و له‌نێو ده‌سگاکانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندان، چه‌نده عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید و سوڵتان هاشم و تاریق عه‌زیز، تاوانبارن، ئه‌وان دوو هێنده و پتر تاوانبارن، چونکه ئه‌وان چاوساغ و ڕێنیشانده‌ری ڕێژیم بوون و ده‌ستی ڕێژیم بوون بۆ قڕان و ئه‌نفالی کورد.
به بڕوای من، تاریق ڕه‌مه‌زان و وه‌فیق ئه‌سسامه‌ڕائی و نه‌زار ئه‌لخه‌زره‌جی، که سه‌رانی کورد دوای خزمه‌تکردن و ڕێزلێگرتنێکی زۆر، به ده‌ستی خۆیان، به‌ره‌ڵایان کردوون و کارئاسانی‌یان بۆ کردوون، بۆ چوونه هه‌نده‌ران و سوڵتان هاشمی، وه‌زیری جه‌نگیی عیراقی به‌عس و ڕێبه‌ری ئه‌نفال، که سه‌رانی کورد، به بیانووی ئه‌وه‌ی، فه‌رمانی سه‌ره‌وه‌ی خۆی جێبه‌جێ کردووه، به بێ‌تاوان، به خه‌ڵکی کوردی ده‌ناسێنن، له‌و سه‌رانه‌ی ڕێژیم، که ئێستا وه‌ک تاوانبار له نێو قه‌فه‌زدان و دادگایی ده‌کرێن و له‌وانه‌یشی، که پێشتر دادگایی کران و هه‌ڵواسران، که‌متر تاوانبار نین، به‌ڵکه ڕێک هاوتای ئه‌وانن، ئه‌گه‌ر تاوانبارتر نه‌بن. هه‌ربۆیه ده‌بوو ته‌واوی ئه‌وانه و ته‌واوی سه‌رۆک جاش و ڕاوێژکار و ته‌واوی سه‌ره زله‌کانی کورد، که هاوکار و هاوسه‌نگه‌ری به‌عس بوون، له‌گه‌ڵ سه‌رانی به‌عسدا، له قه‌فه‌زی دادگادا بووایه‌ن و ڕێک وه‌ک سه‌رانی به‌عس داگایی کرابان. وه‌نه‌بێ په‌رێزی حیزبه کوردی و کوردستانییه‌کانیش، هێنده خاوێن و بێگه‌رد بێت، به‌شێکی زۆری ئه‌وانیش، هه‌رچه‌نده ئه‌وده‌می له چیا بوون و به حیساب، شه‌ڕی دژی رێژیمی به‌عسیان ده‌کرد، به‌ڵام له کاره‌ساته‌کانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالدا، نۆره‌یه‌کی که‌متریان له جاش و سیخوڕ و چه‌کداران و نۆکه‌رانی به‌عس نه‌بینیوه، به‌ڵکه گه‌لێ کارا و بێشه‌رمانه، لێزانانه کۆمه‌کیان به به‌عس و ڕێژیمه‌که‌ی کردووه. ئه‌وان بێجگه له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ به‌عسدا و ڕاپۆرتنووسین بۆ هه‌واڵگریی و ئاساییشی به‌عس و جێبه‌جێکردنی فه‌رمانه‌کانی ڕێژیمی به‌عس، ده‌ستی به‌عس و چاوی به‌عس و جێگر و له‌بری به‌عس بوون له‌نێو چیاکانی کوردستاندا و به سه‌ر خه‌ڵکی کورده‌وه. ئه‌گه‌ر به‌عس هه‌ڵه‌بجه‌ی گازباران کرد، ئه‌وان ڕێگه‌خۆشکه‌ر بوون بۆ وه‌ها کارێک و ئه‌وان هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کانیان تاڵان کرد و قامکی شه‌هیده‌کانیان بۆ ئه‌نگوستیله‌یه‌کی زێر، ده‌بڕییه‌وه. ئه‌گه‌ر به‌عس و جاش کوردیان ئه‌نفال کرد، ئه‌وان ڕێگه‌خۆشکه‌ری ئه‌نفال بوون و بۆ خۆیان پێشی پاسداری ئێران که‌وتن و ڕه‌وشه‌که‌یان به‌ره‌و ئه‌و ئاقاره برد، که ئه‌نفال ئه‌نجام بدرێ. ده‌بوو زۆرێک له‌وانیش له نێو قه‌فه‌زی دادگادا به‌ته‌نیشت سه‌رانی ڕێژیمه‌وه بووایه‌ن.
که‌وابوو، ته‌نێ سه‌رانی ڕێژیم، دژ به کورد نه‌بوون و ته‌نێ سه‌رانی ڕێژیم، کوردکوژ نه‌بوون، به‌ڵکه کوردێکی زۆر هه‌بوون، گه‌لێک له سه‌رانی ڕێژیم گورجوگۆڵتر، ڕاوه کوردیان ده‌کرد و له‌وان زیاتریش خزمه‌تیان به پرۆسێسی، عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و وێرانکردنی کوردستان ده‌کرد. چه‌نده سه‌رانی ڕێژیم شایسته‌ی سزان، دوو هێنده کوردانی خۆفرۆش شایسته‌ی سزان. کورد، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی جار قوربانی بووبێت، هه‌موو جارێک قوربانی نییه، کورد، ته‌نێ قوربانی نییه، به‌ڵکه زۆرجاران جه‌للادیشه.
11/3/2009