Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
نه‌ورۆز و عاشوورا …سه‌لام محه‌مه‌د

نه‌ورۆز و عاشوورا …سه‌لام محه‌مه‌د

Closed
by March 21, 2009 گشتی

نه‌ورۆز و عاشوورا

سه‌لام محه‌مه‌د

هه‌ر که‌سێك ته‌ماشای چۆنیه‌تی ده‌ربڕینی هه‌ستی جه‌ماوه‌ر بکات له‌ رۆژانی نه‌ورۆز و عاشوورادا یه‌کسه‌ر بیری بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت که‌ ئایا چۆن ئه‌م دوو که‌لتووره‌ جیاوازه له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك وڵات  و یه‌ك ده‌ستوور و یه‌ك قانوندا جێگایان ده‌بێته‌وه‌ ؟
تۆ بڕوانه‌ جه‌ماوه‌ری کورد چۆن چۆنی هه‌ستی خۆیان ده‌رده‌بڕن له‌ شاره‌کانی کوردستاندا له‌ هه‌مان کاتیشدا هه‌ر له‌ رێگای سه‌ته‌لایته‌وه‌ کورته‌ سه‌ردانێکی شاره‌کانی تری عیراق بکه‌ و ئه‌وجا قه‌واره‌ی جیاوازیه‌که‌ت بۆ ده‌رده‌که‌وێت . به‌ هه‌مان شێوه‌ جیاوازیه‌کی بنه‌ڕه‌تیش ده‌بینرێت له‌ نێوان چۆنیه‌تی یادکردنه‌وه‌ی عاشوورا له‌ نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا و کوردستاندا . هه‌رگیز به‌ ئه‌قڵه‌وه‌ ناچێت که‌ ئه‌وانه‌ی له‌ کوردستاندا ئه‌ژین سه‌ر به‌و وڵاته‌ بن و خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ بن تا بخرێنه‌ ژێر ره‌شماڵی قانون و ده‌ستووری عیراقه‌وه‌ چونکه‌ جیاوازیه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ نه‌ سیاسه‌ت و نه‌ باوکی سیاسه‌تیش ناتوانێ بیشارێته‌وه‌.
خه‌ڵکی نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا و شاره‌کانی تری عیراق سه‌ربه‌ست و ئازادن له‌ چۆنیه‌تی ده‌ربڕینی هه‌ستی خرۆشاویان به‌ زنجیر و دار و به‌رد و هه‌رچی شتێکی دیکه‌ی که‌خۆیان حه‌زی پێ ئه‌که‌ن . گه‌لی کوردیش خۆی چۆنی پێ خۆشه‌ ئاوه‌ها به‌ جلوبه‌رگی ره‌نگاوره‌نگ و گۆرانی و خواردنی خۆش و شیرینی و سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕکێ یادی نه‌ورۆز ئه‌کاته‌وه‌ . من ناچمه‌ ناو ره‌گ و ریشه‌ی نه‌ورۆز له‌ مێژوودا که‌ تا چه‌ند جه‌ژنی کورده‌ یا فارس یا ئه‌فغان و خه‌ڵکی تر . گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ نه‌ورۆز بووه‌ته‌ سیمبولێکی نه‌ته‌وه‌یی و خۆمان چۆنمان پێ خۆشبێت به‌و جۆره‌ یادی ده‌که‌ینه‌وه‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت نیمچه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ رۆژ و سیمبۆلی تایه‌تی خۆی هه‌یه‌ . ئاشکراشه‌ که‌  هیچ هێز و ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێ تا سه‌ر خسووسیه‌تی که‌لتووری کورد به‌ داگیرکه‌رانیه‌وه‌ گرێ بدات ،  به‌ تایبه‌تی له‌م سه‌رده‌مه‌دا که‌ مافی گه‌لان له‌ دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیاندا مه‌حاڵ نییه‌ و وه‌ك جاران ئاڵۆزیش نییه‌ .
له‌ گه‌ڵ رێزمدا بۆ که‌لتوور و زمان و خواست و ئیراده‌ی گشت گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ڵام هه‌موو جیهانیش ناتوانن بڕیار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بده‌ن هه‌تا هه‌تایه‌ کورد نه‌بێته‌ ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ .  وه‌ك رۆژی رووناك له‌ به‌رچاومه‌ که‌ ئه‌و رۆژه‌ هه‌ر دێت .
کاتی خۆی که‌ گالیلۆ وتی زه‌وی خڕه‌ به‌ مردن سزا درا ئه‌گه‌ر له‌و بۆچوونه‌ی  په‌شیمان نه‌بێته‌وه‌ که‌چی له‌ وه‌رامدا وتی من نه‌موتووه‌ زه‌وی خڕه‌ به‌ڵکو هه‌ر خۆی خڕه‌ .
نه‌ورۆزی خۆمان بۆ خۆمان و ئه‌وانیش عاشوورای خۆیان بۆ خۆیان. ئێمه‌ هیچ ئه‌گه‌ری دروستبوونی  ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستانمان نییه‌  چونکه‌ له‌ حه‌قیقه‌تدا خۆی  دروست ئه‌بێت .
      
                                                                              سوید – نه‌ورۆزی 2009-03-20
     ‌

Previous
Next