نه‌قاری كۆتایی لێده خودام ….شه‌ماڵ ڕه‌شید
نه‌قاری كۆتایی لێده خودام
شه‌ماڵ ڕه‌شید
وه‌خته له‌م مله‌ی ژیانه به‌رببمه‌وه
ده‌سته‌كانم بگره خودام
ده‌سته‌كانم بگره
تۆ مه‌هێڵه له‌م لیته‌ی بێزاریه‌دا نغرۆ ببم
ده‌رم بێنه‌و بمخه‌ره سه‌ر باڵی فریشته‌یه‌كی بێ گوناه
بمخه‌ره ئاسمانێكی دی
ئاسمانێك،
هه‌ور زوڵم له‌خۆر نه‌كاو
ئه‌ستێره‌كانی به‌خیلی به مانگ نه‌به‌ن .
ئاسمانێك
واشه چنگی نه‌چه‌قێنێته دڵی پاساری و
كۆتره باریكه‌كان په‌رته‌وازه‌نه‌كا .
ئاسمانێك،
دوور له هه‌ر باڵنده‌یه‌كی گۆشت خۆر
دوور له هه‌ر بروسكه‌و چه‌خماخه‌یه‌ك
ئاسمانێك، هه‌میشه شین
شین وه‌ك گوڵه‌كانی نیشتیمان و
چاوی دایكم
ئاسمانێك ،پڕ له وه‌رزی په‌لكه زێڕینه
پڕَ له هه‌وری په‌شمه‌كی
ئاسمانێك ،
هه‌میشه مانگ
حزوری هه‌بێ له كۆڕی ئه‌ستێره‌كانا
شه‌و تروسكه‌ی خۆر نه‌كوژێ
غه‌رقی نه‌كا له تاریكی
ئاسمانێك ،
باڵنده‌كان له سه‌ر هه‌ورو له‌چاوی مانگدا
له ناو پرچی خۆردا لانه بكه‌ن
تا هه‌تایه ڕاوچی
چنگی نه‌یان گاتێ و
قه‌فه‌ز هه‌ڕه‌شه یان لێنه‌كات
ئاسمانێك،
ماسی مه‌له‌ی تێدا بكا‌و
فریشته‌كان ده‌ست بگرن
به باڵی په‌ڕه‌سێلكه مه‌زڵومه‌كانه‌وه
یاخود خودام
عه‌رشه‌كه‌ت بپێچه‌ره‌وه‌و
كۆتایی به‌م گه‌مه‌یه بێنه
كه‌ناوت لێناوه ژیان
ئیدی خودام
واده‌ی حه‌شره‌كه‌ت كه‌نگێیه؟
هه‌موو حه‌واكانت بوون به قه‌ره‌برووت
هه‌رچی ئاده‌می مه‌زڵومت هه‌بوو
بونه كۆیله
عه‌رشه‌كه‌ت پڕ بوو له قابیل
ئه‌م هێلكه ده‌ڵه‌مه‌یه‌ی
ناوت لێناوه گۆی زه‌وی
داڵه كه‌ر خۆره‌كان
له‌سه‌ری كڕ كه‌وتوون ئیدی پیس بوو
مرۆڤێكی لێ هه‌ڵنایه
ئیدی خودام
له‌بن هه‌وره قێزه‌ونه‌كانه‌وه سه‌ر ده‌ربێنه
تۆ ته‌ماشا
ته‌ماشایه‌كی ئه‌م حه‌شامه‌ته برسیه‌ت كه
تۆ ته‌ماشا
ئه‌و باڵنده هه‌ڵكوڕماوانه ته‌ماشا كه
چریكه‌یان لێ ئه‌چۆڕێ و
ئاوازێكیان نیه بۆ فڕین
بێز له سروشتت ئه‌كه‌نه‌وه‌و
دوعا له ئاسمانت ئه‌كه‌ن خودام
ئه‌و شاعیره ڕه‌شتاڵانه‌ت ته‌ماشاكه
شیعریان لێ ئه‌بارێ و
دێڕێكیان نی یه بۆ ژیان
به‌هارت پڕه له سیس بوون
هه‌ر چرۆیه‌و بۆ شه‌ونمێ خۆی ئه‌كوژێ
هه‌ر گه‌ڵایه‌و به‌ر له سه‌وز بوون ملی ئه‌شكێ
هه‌ر هه‌ناره‌و به‌ر له سوربوون دڵی ئه‌ته‌قێ
كانیله‌كانت بۆ قومێ ئاو به چۆكدا دێن
خودام ده‌ورانت وا بڕوا
ئیدی گوڵه به‌ڕۆژه‌كانت ڕوو له خۆر ناكه‌ن
نه‌قاڕه‌ی كۆتایی لێده خودام
له‌م وێرانه پڕ زوڵمه‌دا
تا هه‌موو ئایه‌ته‌كانت نه‌دۆڕاون
تا هه‌موو ده‌ریاكانت له زوڵمه‌تدا نه‌خنكاون
نه‌قاڕه‌ی كۆتایی لێده
كه سۆڵۆیه‌كت نه‌ماوه بۆ ژیان
پڕمان كه له نۆته‌ی مردن
ئێمه به‌م هه‌موو زه‌لیلیه‌وه
به میهره‌بانیت ڕاناگه‌ین
چی له‌و هه‌موو ڕه‌حمه‌ته‌ت كه‌م خودایا ؟
من بۆ قوتێ ئێواره‌یه‌ك تا خۆر ئاوا
گۆرانی بۆ مردن ئه‌ڵێم
له‌م وه‌رزی گه‌زۆ بارینه‌دا
ئێمه مانان ده‌ممان هه‌ر تاڵه
له‌م ئاوازی سروشته‌دا
ئێمه پڕین له گۆرانی هه‌ڵكڕوزاو
پڕ پڕین له ئه‌دای لیخن
ئاخر خودام
سه‌رم به به‌رماڵه‌كه‌وه جێ‌ما
ده‌سته‌كانم له ڕوتا هه‌ڵوه‌رین
زه‌ڕنه‌قوته‌ی نزاكانم
هه‌ر باڵه فڕه نه‌بون
ئێمه گوێمان پڕبوو له له ناڵه ناڵی دۆزه‌خیه‌كان
بۆنی ئه‌م ته‌رمانه هه‌ر نه‌گه‌شتنه لای تۆ
خودایه ببوره له‌م ووشه نه‌شازانه‌م
تۆ به‌م متی و بێده‌نگیه‌ت
ئێمه‌ت پڕ كرد له قیژه قیژی ژان گرتوو
خودام تاكه‌ی
واقه واقی ئه‌م زه‌ڕنه‌قوتانه نات جوڵێنێ
قروسكه قروسكی
ئه‌م توتكه سه‌گانه ناتجوڵێنێ
نه‌قاڕه‌ی كۆتایی لێده خودام
تا له سێبه‌ری حه‌شرتدا
هه‌رچی بنیاده‌می لاڵ هه‌یه بێنه گۆ
تا ئه‌م هه‌موو په‌ڕپوتیه‌م كۆكه‌مه‌وه‌و
هه‌رچی دێڕی دۆزه‌خیمه بیكه‌مه
مانشێتی حه‌شر
هه‌رچی گۆرانی مه‌راقه بیكه‌مه كۆتایی حه‌شر
كه‌سۆڵۆیه‌كت نه‌ماوه بۆ ژیان
پڕمانكه له نۆته‌ی مردن
نه‌قاڕه‌ی كۆتایی لێده خودام .
كانی خان/مانگی /8/2007
تێبینی / ئه‌م شیعره به‌شداری یانزه‌هه‌مین ڤێستیڤاڵی گه‌لاوێژی كردوه