هه‌ڵه‌بجه…خه‌بات لاوباخ
هه‌ڵه‌بجه
هه‌ڵه‌بجه نمونه‌ی کاره‌ساته ، مێژوویه‌کی پڕ مه‌رگه‌ساته ، هاوشیوه و نه‌وه‌ی هێرۆشیمایه ،دووباره بونه‌وه‌ی له ئانوساتدایه ، به‌ڵام بۆ جیهان زۆر بێمانایه ،چونکه بێ هاوڕێ و بێ برایه ، خاوه‌نی نیه و به‌ڕه‌ڵایه ، بۆته سه‌رچاوه‌ی سه‌رمایه ، بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له ده‌ستدایه ، په‌یمانه‌کانیان هه‌ر له‌سه‌ر زارایه ، پاش بیست ویه‌ك ساڵ هه‌روایه، ژیانی دانیشتوانی ده‌رد و به‌ڵایه ، خه‌مه وئازاره‌کانیان له بن نایه ،چونکه عه‌لی کیمیاوی و هاشم له ژیاندایه ،که‌چی ڕای سه‌رکرده‌ی کورد وایه ، به‌زه‌ییان بۆ دوژمن له دڵدایه ، بۆ سه‌لماندنی بێتاوانی ئه‌و به‌ڵایه ، هه‌ر له هه‌وڵ و ته‌قه‌لادایه.
کاره‌سات و تراژیدییه‌کانی کورد ته‌نها خۆیان له هه‌ڵه‌بجه‌دا نابیننه‌وه ، به‌ڵکو به سه‌دان نمونه‌مان له لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی کوردستاندا دێنه به‌ر‌چاو ، نوێترینیان له هێرشه ڕه‌شه‌کوژییه‌کانی سوپای تورك بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ، به‌کارهێنانی چه‌کی ڕێپێنه‌دراو له دژی سڤیلی بێ‌تاوان ، بێگومان ئه‌مانه نه سه‌ره‌تا ده‌بن نه کۆتایی ، تا کوردستان هه‌روا ژێرده‌ست بێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجمان ڕاده‌کێشیت ، ووشه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌یه ،که ساڵانه دوای کوژانه‌وه‌ی بیست و یه‌ك مۆمی ته‌مه‌نی ژیانی یادی ده‌کرێته‌وه و بۆته سیمبوڵی چه‌وسانه‌وه و له‌ناوبردن و جینۆساید ، ئه‌گه‌ر زۆرتر نه‌بێت له جینۆسایدی جوله‌که و ئه‌رمه‌ن و کۆسۆڤۆییه‌کان ، بێگومان که‌متر نیه ، به دڵنیاییه‌وه کورد یه‌که‌م نه‌ته‌وه‌یه له‌سه‌ر ڕووی زه‌مین ، که تاوان و نادادپه‌روه‌رییه‌کی بێهاوتای به‌رامبه‌ر کراوه و ده‌کرێت ،به‌رده‌وامیش له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه ، به ده‌گمه‌ن توانیومانه له ووڵاتانی جیهان دۆست و خه‌مخۆرێك یا ووڵاتێك بۆ دۆزه‌که‌مان بدۆزینه‌وه ،که یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ هه‌نگاونان بۆ کۆتایی هێنان به‌م نه‌هامه‌تیانه‌ی کورد ، هه‌ر ووڵاته‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کاریان هێناوین و بوینه‌ته قوربانی سیاسه‌تی ناوچه‌یی و جیهانی ، بێ ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانمان بیر له ستراتیژییه‌کی نوێ بکه‌نه‌وه و خۆیان نه‌ده‌نه ده‌ست ڕۆژگار و چاره‌نوس و دوژمنان.
له دوای جینۆساید کردنی جوله‌که و ئه‌رمه‌ن و بۆسنه و کۆسۆڤۆ ، پاداشت درانه‌وه و بوون به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان و له زۆرلاوه یارمه‌تی دران و قه‌ره‌بوو کرانه‌وه و هه‌وڵدرا ماف وئازادی یه‌کانیان مسۆگه‌ر بکه‌ن ، ئه‌مه‌ش له خۆڕا نه‌هاته دی ،به‌ڵکو سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رکرده‌کانیان له هه‌وڵی بێوچاندا بوون تا گه‌یشتنه ئامانجه نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانیان .
به‌ڵام سه‌رکرده‌ی ئێمه نه‌ك هه‌رهیچیان بۆ هه‌ڵه‌بجه نه‌کردووه ،به‌ڵکو هه‌وڵیش نه‌دراوه ئه‌م هه‌له بقۆزنه‌وه بۆ به جیهانی کردنی ، تا وه‌رگرتنی پاداشتی ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و نادادپه‌روه‌رییه‌ی کراوه له دژمان .ده‌بوایه داوای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆییان بکردایه ، نه‌ك 16-3 بکرێت به ڕۆژی جیهانی چه‌کی قه‌ده‌خه‌کراو ، یان بچنه تورکیا و سوێندی مانه‌وه‌ی ئێراق به یه‌کگرتووی بخۆن بۆ دوژمنان و بچنه سه‌ر گۆڕی کوردکوژێك ، له هه‌ولێری پایته‌ختی کوردانیش ،په‌رله‌مانتاری عه‌ره‌ب کۆ بکرێته‌وه و له‌به‌رده‌میاندا پاکانه بکرێت و په‌یمانی مانه‌وه‌مانیان پێ بدرێت له ئێڕاقی عه‌ره‌بی ،دڵسۆزی خۆیان ده‌ربخه‌ن تا دڵییان نه‌ڕه‌نجێت لێمان.
ئیمڕۆ به چوونی 30 تا 40 که‌سی کورد بۆ سه‌ر شه‌قامی شاره‌کانی ئه‌وروپا نامانگه‌یه‌نێته ئامانج ، چونکه تاکی ئه‌وروپی به‌ده‌گمه‌ن حه‌زی گوێگرتنی ئه‌و بابه‌ته‌ی ماوه ، ژیان له گۆڕاندایه ، ئه‌مه بۆ 21 ساڵ له‌مه‌وپێش سودی زۆربوو ،که‌س نه‌یده‌زانی کورد کێیه و هه‌ڵه‌بجه له کوێیه ،هه‌رێمی کوردستان‌مان نه‌بوو ، نوێنه‌ری کوردمان له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان نه‌بوو ، به‌ڵام ئیمڕۆ لای زۆر که‌س ئاشکرایه کورد کێن و په‌رله‌مانمان هه‌یه و نوێنه‌رمان له زۆر ووڵاتی جیهان و ڕیکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا هه‌یه ، که ده‌بێت کاره‌کانیان به هه‌ند وه‌ربگرن و چالاك بن له بواره‌دا تا بتوانین له به‌رهه‌مه‌که‌ی بخۆین.
به‌داخه‌وه دوای 21 ساڵ ،هه‌ڵه‌بجه هه‌ر وێرانه‌یه ، پاشماوه‌ی برینه‌کانیان ساڕ‌ێژ نه‌بۆته‌وه ، لایه‌نی خزمه‌تگوزاری به‌و شێوه‌یه نیه که شایانی ستایش بێت و ئازاره‌کانیان که‌م بێته‌وه و ده‌روازه‌ی ژیانێکی به‌خته‌وه‌رییان لێ بکرێته‌وه .
ده‌با خزمه‌تکردنی ئه‌و شاره هه‌ر به ووتار و په‌یمانی دره‌وشاوه نه‌بێت ،به‌ڵکو به کردار بێت ، نه‌ك ته‌نها هه‌ڵه‌بجه به‌ڵکو هه‌موو کون و قوژبنێکی کوردستان بگرێته‌وه ، له‌گه‌ڵ دانانی بناغه‌ی کۆشك و ته‌لاره‌کان ، با بیر له چاندنی تۆوی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و کوردایه‌تی و خۆشه‌ویستی بۆ کوردستان بکرێته‌وه ، با ئێمه‌ش وه‌ك نه‌ته‌وه‌کانی سه‌ر زه‌مین به ئاواته‌کانمان بگه‌ین و به هزروبیری گه‌نجه سه‌رلێشێواوه‌کانی نه‌زانین.
خه‌بات لاوباخ